riklam

"شەفافیەت" هیچی شاراوە لە داهاتی سلێمانیدا ناهێڵێت

کوردستان 09:39 AM - 2022-12-18
سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران

سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم پرۆژەی "شەفافیەت" بە هەنگاوی یەكەم دادەنێت و ئاشكرایدەكات كە لە هەنگاوی دووەمدا سەرجەم خەرجییەكانی سلێمانی بەڕوونی بڵاودەكاتەوە تا هاووڵاتیانی كوردستان راستییەكان بزانن. وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانیش دەڵێت:" بەهیواین لەپارێزگاكانی تریش سوود لەم ئەزموونە ناوازەیە ببینن".


"شەفافییەت لەداهات و چاكسازیكردن لە كەرتە جیاجیاكاندا یەكێك بووە لە ئەولەویاتی كارەكانی قوباد تاڵەبانی"


سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند:" شەفافییەت لەداهات و چاكسازیكردن لە كەرتە جیاجیاكاندا یەكێك بووە لە ئەولەویاتی كارەكانی قوباد تاڵەبانی هەر لەكابینەكانی پێشووترەوە و كاریتریشی لەوەبارەیەوە جێبەجێكراون".

"بەهیواین لەپارێزگاكانی تریش سوود لەم ئەزموونە ناوازەیە ببینن" وتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم وایوت.


هیچی شاراوە لەبارەی داهاتەكانەوە نابێت

 

ئەم پڕۆژەیە لەكابینەكانی پێشتریشدا لەسەر دەستی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم كاری لەسەركراوە و هەر لەو بوارەشدا چەندین كاری دیكەی دیجیتاڵی لە پێناوی خزمەتی خەڵكدا پێشكەش كراون.

سەمیر هەورامی لەوبارەیەوە ئاماژە بەنمونەكان دەكات و رایدەگەیەنێت:" تۆماركردنی مووچەخۆران لە سیستمی بایۆمەتری، پڕۆژەی خزمەت و بەدیجیتاڵكردنی كاروباری هاووڵاتیان لە بەشێك لە فەرمانگەكان و ژمارەیەكیتر لە پڕۆژە هاوشێوەكان جێبەجێكراون".

" ئەمەی قوباد تاڵەبانی رایگەیاند كە www.shafafiat.com، تەنها ماڵپەڕێك نییە بۆ خستنەرووی زانیاری، بەڵكو داڕشتنەوەی ژێرخانی ئابوری و دارایی و بانكییە و لەهەمان كات دا شەفافیەتە لە داهاتی دارایی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین، بۆ ئەوەی هیچی شاراوە نەبێت لەبارەی داهاتەكانەوە" وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران وایوت.


راستيیەكان بزانن


قوباد تاڵەبانی لە پەیامی راگەیاندنی شەفافیەتی داهاتدا رایگەیاند: "پلان و پڕۆژەمان لێرە ناوەستێت، هەنگاوی دووهەمی پڕۆژەكەمان كە سەرجەم خەرجییەكانی سلیمانی بەوپەڕی روونی و شەفافییەتەوە بڵاودەكەینەوە، ئەوكات هاووڵاتیانی كوردستان دەتوانن بەراوردی ژمارەكان بكەن و  راستییەكان بزانن".

"راستە ئەم پڕۆژەیەمان لە بەشێكی كوردستان جێبەجێ كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیوادارین ئەم پڕۆەژەیە لەم دەڤەرە نەوەستێت و لە هەموو كوردستاندا جێبەجێ بكرێت"، جێگری سەرۆكوەزیران وادەڵێت.

بەپێی زانیارییەكانی PUKMEDIA "رۆژانە و بە سەعات هاووڵاتیان دەتوانن سەرچاوەی داهات و بڕ و رێژەكەی ببین كە لە سایتی شەفافیەتەوە بڵاودەكرێتەوە و بەردەوام داتا و زانیارییەكان نوێدەكرێنەوە، تا ئەو كاتەی فەرمانبەران لە ئەركی رەسمیدان".

 

PUKMEDIA

بۆ خوێندنەوەی وردەكاری زیاتر و داتاكان كلیك لەم لینكە بكە:


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket