riklam

یەكێتی ماڵی پەرتكراوی كورد یەكدەخاتەوە

کوردستان 09:48 AM - 2022-12-01
یەكێتی ماڵی پەرتكراوی كورد یەكدەخاتەوە

یەكێتی ماڵی پەرتكراوی كورد یەكدەخاتەوە

پشتیوانی لە یەكهەڵوێستی و یەك دەنگی لایەنە كوردستانییەكان دەكرێت و بە یەكێك لەفاكتەرە گرنگەكانی پێشكەوتن و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتی زیاتر لەبەغدا دادەنرێت.
 
كۆبوونەوە باڵاكەی دوكان كە بە دەستپێشخەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رێكخرا، 20 حزب و پارتی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان بەشدارییان تێداكردو ماڵی سەرۆك مام جەلال جارێكی دیكە بوەوە بە چەتری كۆكردنەوەی هێزە سیاسییەكان، كە رێرەوی راستی سیاسەتە بۆ یەكڕ‌یزی و یەكهەڵوێستی لەسەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان و پێشهاتە سیاسییەكان، بەتایبەتی رێكخستنەوەی پەرتەوازەیی ماڵی سیاسیی كورد.
 

كورد بەدەست لەتبوونی ماڵەكەیەوە دەناڵێنێت

ناسك تۆفیق ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA دەڵێت: "یەكێك لە فاكتەرە گرنگەكان بۆ پێشكەوتن و سەقامگیربوونی هەرێمی كوردستان چ وەكو قەوارەیەكی سیاسی یاخود وەكو ئاسایشی ئەمنی و كۆمەڵایەتی، یەكهەڵوێستی و یەكگرتنی هەموو لایەنەكانە، كاتێك كە دەڕۆنە عیراق بۆ داواكردنی مافەكانی كورد.
 
"ئەوەی كە 30 ساڵە پێوەی دەناڵێنین ئەم لەتلەتبوونەی ماڵی كوردە كە لەبەردەم عیراق-دا لاوازمان دەكات و زۆرجار بەرامبەر بەیەكتر بەكاردەهێنرێین"، ئەندامەكەی ئەنجومەنی جێبەجیكردنی یەكگرتووی ئیسلامی وادەڵێت.
 
دەشڵێت: "كاتێك یەكگرتوو نەبووین و لەتلەت بووین و لە هەڵوێستەكاندا دژ بەیەك مامەڵەمان كرد، بەدڵنیاییەوە وڵاتانی دراوسێ بەكارماندەهێنن بۆ دژایەتی یەكتر و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان.
 

هەرێم لەدۆخێكی هەستیاردایە

یەكهەڵوێستی لایەنەكان كاریگەری زۆری لەسەر قەواری هەرێمی كوردستان دەبێت و پارێزەری مافەكانی گەلی كورد دەبێت.
 
چۆمان محەمەد رێكخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان
بە PUKMEDIA ی وت:" دۆخی هەرێمی كوردستان زۆر هەستیارە، مەترسيیەكانی بەردەمی زۆر گەورەن، بۆیە چەند هەنگاوێك بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم پێویستە لەناوخۆدا، لەپێش هەموویانەوە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی لایەنە سیاسيیەكان و چاكسازی ریشەییە.
 
"بەم دۆخەوە بەردەوام بین و حزبەكان پەرتەوازەبن، زیانی گەورە بەر قەوارەی هەرێم دەكەوێت و لەئاستی عیراق رۆژ بەرۆژ لاوازتر دەبین و مافە دەستووری و یاساییەكانمان دەكەوێتە مەترسییەوە، لەسەر ئاستی ناوخۆش وادەكات ململانێی توندی حزبی ناپێویست دروست ببێت" چۆمان محەمەد وای وت.
 
دەشڵێت:" دەستپیشخەری یەكێتی بۆ یەكهەڵویستی گرنگە وپێویستە بۆ ئەم دۆخە هەستیار و مەترسيیەی رووبەڕووی هەرێم بۆتەوە، بەڵام بەمەرجێك بەئامانجی یەكخستنی نێوماڵی كورد بێت و یەكڕیزی بێت لە پرسە چارەنوسازەكان".
 

ئەنجومەنێك لەپێناو یەكهەڵوێستی

 
یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكان لەچوارچێوەی ئەنجومەنێكدا زامنی مافەكانی گەلی كورد دەكات.
 
سالار سەرحەد لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە كوردستانییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ PUKMEDIA وتی:" پێكهێنانی ئەنجومەنێك لەهەرێم یەك دەنگ و یەك هەڵوێستی زیاتری لایەنە سیاسییەكان لەهەرێم دەچەسپێنێت".

" دروستبوونی ئەنجومەنی سیاسی لەهەرێمی كوردستان هاوكارێكی باش دەبێت بۆ حكومەت و پەرلەمان، چونكە دەتوانرێت هەر كێشەو گرفتێك لەهەرێم هەبێت ئەم ئەنجومەنە گفتوگۆی لەسەر بكات و چارەسەری بكات" سالار سەرحەد وادەڵێت.
 
 

یەكڕیزی و دەستكەوتی زیاتر

 

هەر كاتێك لایەنەكوردستانییەكان یەكدەنگبوون لەسەر پرسە نیشتمانیيەكان لەبەغدا دەستكەوتی زیاتر بەدی هاتووە.
 
سادق جەباری ئەندامی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بۆ PUKMEDIA دەڵێت: "لەهەموو سەردەمێكدا كاتێك هێزە سیاسییەكانی كورد یەكڕیز بوون توانیویانە دەستكەوت بۆ گەلەكەمان بەدەستبهێنن، بەتایبەت لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ یەكدەنگی لایەنەكان هۆكاری سەركەوتنی هەر داوایەكی كورد بووە لە عیراق و لەبەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە".
 
"پەرتەوازەیی و یەكنەبوونی لایەنە سیاسيیەكان، لاوازی و پەرتبوونی نەتەوایەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەردەخات، ئەمەش هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ئەوەی نەیارەكانمان ئەوە بەهەل بزانن و بەشێوەیەكی لاواز مامەڵەمان لەگەڵ بكەن"، ئەندامەكەی دەستەی كارگێڕی سۆسیالیست وایوت.
 
سادق جەباری دەشڵێت:"حزبی سۆسیالیست لەهەموو كاتەكاندا و لەهەركوێیەك هەنگاو بۆ یەكڕیزی نرابێت لەگەڵی بووەو پشتیوان بووە".
 
بەسەركردایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵێك بۆ یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكان لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێم و خزمەتی زیاتری هاووڵاتیان لەئارادایە و لایەنەكانیش پشتیوانی دەستپێشخەرییەكەی یەكێتی دەكەن.
 
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket