riklam

دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی رادەگەیەندرێت

ی ن ک 02:04 PM - 2022-09-28
باڵیۆز د.محەمەد سابیر كردنەوەی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی راگەیاند

باڵیۆز د.محەمەد سابیر كردنەوەی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی راگەیاند

ئەمڕۆ 28-9-2022، باڵیۆز د.محەمەد سابیر كردنەوەی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی راگەیاند و وتی، دامەزراوەكە بۆ دۆكیۆمێنت و پاراستنی ئەرشیفەكانی سەرۆك مام جەلالە و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو توانایەكی خۆمان دەخەینەگەڕ.

لە كۆنفرانسی رۆژنامەنووسیدا كە لە مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوەچوو، باڵیۆز د.محەمەد سابیر سەرۆكی دامەزراوەكە، كردنەوەی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی راگەیاند و وتی: لەدوای ماڵئاوایی كردنی سەرۆك مام جەلال لە ساڵی 2017 بیرۆكەیەك هاتەپێشەوە كە دامەزراوەیەك پێكبهێنرێت لە ئاستی خەبات و تێكۆشان و ژیان و فكری سەرۆك مام جەلالدا بێت و لە هەموو بوارەكانی ژیانی مام جەلال بكۆڵێتەوە و دامەزراوەیەكی خێرخوازیبێت.

وتیشی: لە سەرەتاوە دەستەیەكی یاساناسانمان بۆ داڕشتنی پەیڕەوی ناوخۆ و وەرگرتنی مۆڵەت داناوە تا بەگوێرەی مەرجەكانی رێكخراوە نا حكومییەكان بێت، لەدوای 3/10 ی ئەمساڵ كە ساڵیادی كۆچی دوایی مامە، یەكێك لە كارەكانی دامەزراوەكە لە هەركوێیەك بێت و لەلایەن هەموو كەسانی كورد و عەرەب و وڵاتانی ئیقلیمی ئەرشیفی مام جەلال كۆدەكەینەوە.

راشیگەیاند: مام جەلال لەو ئاستەدایە هەموو گەنجان و رۆشنبیران و ئەندامان و كادرانی یەكێتی هەموو توانایەكی خۆیان بۆ كۆكردنەوەی مێژوەكەی بخەنە گەڕ، چونكە مام جەلال تەنها موڵكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نییە بەڵكو موڵكی هەموو كورد و گەلانی عیراقیشە.

خۆشبەختانە تیمی قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال كۆمەڵێك پڕۆژەیان بۆ كردنەوەی یادی پێنج ساڵەی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال ئامادە كردبوو، بۆیە بڕیارمانداوە بە رێككەوتن لەگەڵ ئێمە و بە ناوی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی جەلالەوە یادێكی رەسمی لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بكەینەوە.

باڵیۆز د.محەمەد سابیر وتیشی: لەلایەكی دیكەوە ئەم یادە لەسەر مەزاری سەرۆك مام جەلال لە سلێمانی دەكرێتەوە و بەشی زۆری ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری دامەزراوەكە، لە سەعات 8ی بەیانییەوە تاكو دوای نیوەڕۆ لەوێ ئامادە دەبن و هاوكات بەشێكی زۆری ئەندامانی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێشوازی لە میوانەكان دەكەن.

راشیگەیاند: مێژوی سەرۆك مام جەلال بە درێژایی تەمەنی وەك سەروەتێكی نیشتمانی بپارێزرێت و كەسانی رۆشنبیر بۆ توێژینەوە سوودی لێببینن، ئامانجێكی دیكەی ئەم دامەزراوەیە پاراستنی ئازادی و مافی مرۆڤ و یەكسانی جێندەری و پاراستنی بەها مرۆڤایەتییەكانە. 

سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی ئەوەشی راگەیاند: ئەم دامەزراوەیە سێ ناوەند لەخۆ دەگرێت كە ناوەند كە بریتین لە:

ناوەندی یەكەم: ناوەندی مۆزە، كە مۆزەخانەیەك دەبێت لە سەر مەزاری سەرۆك مام جەلال و هەموو ئەو شتانەی تێدا دەپارێزرێت كە تایبەت بوون بە مام.

ناوەندی دووەم: كتێبخانەیەكە كە كتێبی سەرجەم تێبخانەكانی سەرۆك مام جەلال لە سلێمانی و قەڵاچوالان و بەغدا و دەرەوەی وڵات و یاخسەمەر و ناوزەندی تێدا كۆدەكرێتەوە.

ناوەندی سێیەم: ناوەندی چاپەمەنی و ئەرشیف، پێكدێت لە دۆكیۆمێنت كردن و بە ئەرشیف كردنی هەموو وتار و ڤیدیۆ و دەستنووسەكانی سەرۆك مام جەلال.

هاوكات یوسف زۆزانی ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: كارەكانی ئەم دامەزراوەیە جێگیر نابێت و بەپێی كات بەروەپێش دەبرێن، هەر پێشنیارێك كە پێمان دەگات بۆ بەرەوپێشبردنی كارەكانی دەیكەین، ویستێكی زۆریشمان هەیە كە بیكەینە دامەزراوەیەكی ئەكادیمی بۆ ئەوەی سەرجەم زانكۆكان بۆ توێژینەوە سوودی لێببینن.

سەرۆك مام جەلال هەمیشە پارێزەرێكی سەرسەختی مافەكانی ژنان بوەو ژنانی هانداوە كەخۆیان پارێزگاری لە مافەكانی خۆیان بكەن.

خاتوو كافییە سلێمان ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی لە وتەیەكیدا لەكۆنگرەی رۆژنامەوانی دەستەی دامەزرێنەری دامەزراوەكە كە ئەمڕۆ چوارشەممە 28-9-2022 لە مەكتەبی راگەیاندن لە شاری سلیمانی بەڕێوەچوو رایگەیاند: "سەرۆك مام جەلال لە هزر و بڕوای خۆی بەمافی مرۆڤەوە پشتگیری ژنانی دەكرد و كاری لەسەر مافەكانیان دەكرد و هانی دەدات. "

وتیشی: "لەهەموو سەردەمێكدا جوڵانەوەی ژن هەبووە بە كۆمەڵە و رێكخراو و هەموو جۆرەكانییەوە، بەڵام سەرۆك مام جەلال هەڵوێستی جدی هەبووەو هەموو كات پێی دەوتین ئەگەر ئێوە خۆتان رزگار نەكەن كەس رزگارتان ناكات ئەمەش وەك هاندانێكی بەردەوام بوو بۆ ئێمەی ژن."

لەبارەی دامەزراوەكەشەوە وتی: "هاوكارییەكانی هەموو كات بەردەوامە و داوا ئەكەین هەركەس ئەرشیفێكی مام جەلالی بەهەرجۆرێك لایە رادەستی ئەم دامەزراوەیەی بكار كەلەگەڵ پاراستنی سەرجەم مافەكانی لەم دامەزراوەیە بە پارێزراوی دەمێنێتەوە."

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket