riklam

هەولێر.. بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بەڕێژەیەكی بەرچاو سست بووە

کوردستان 08:47 AM - 2022-07-17

بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لەشاری هەولێر یەكێكە لەگرنگترین و فراوانترین بازاڕ لەو شارە كە رۆژانە هەزاران كەس بەمەبەستی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر رووی تێدەكەن كە لەسەدان پێشانگای ئۆتۆمبێل پێكهاتووەو رۆژ بەرۆژ بەهۆی دروستكردنی پێشانگای تازە رووبەری بازاڕەكە فراوانتر دەبێت و بەهەزاران كەس بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو بازاڕەیە ، بەڵام ماوەیەكە بەهۆی چەند رووداوێكی سیاسی و ئابووری هەرێم و عیراق و جیهان ، جموجۆڵی بەرەو سستی رۆیشتووەو كاسبكارانیشی بەو دۆخە نیگەرانن.

مەحمود بابەشێخ گەنجێكی كاسبكاری ئەو بازاڕەیە كاری كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەكات دەڵێت: ماوەی هەفتەیەك زیاترە بازاڕی ئۆتۆمبێل بەشێوەیەك سست بووە كە بەماوەی هەفتەیەك یەك ئۆتۆمبێل دەفرۆشم، لەكاتێكدا پێشتر لەماوەی ئەو حەوت رۆژەدا شەش ئۆتۆمبێلم دەفرۆشت.

حەیدەر عەباس یەكێكی تر بوو لەكاسبكارانی ئەو بازاڕە باسی لەهۆكارەكانی خراپی بازارەكە كردو وتی : بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلێكی زۆری لێدراوی ئەمریكی كە هێنراونەتە هەرێمی كوردستان لەلایەن هاتوچۆی هەرێم ژمارەیان پێنادرێت كە هەندێكیان (شاسی) یا (بەتانە) یان لێدراوی هەیە لەمەزرەكان پارەیان لێوەردەگرن ، بەڵام كە هاتە ناوەوە ژمارەیان پێنادەن ، هۆكاری تری سستیەكە بەهۆی خراپی دۆخی سیاسی هەرێم و عیراقە هەروەك بەهۆی كەمبوونی هێنانی ئۆتۆمبێل لەوڵاتی ئیماراتیش بازاڕی ئۆتۆمبێل سست بووە كە پێشتر لەهەفتەیەكدا دوو ئۆتۆمبێلم دەفرۆشت ، بەڵام ئێستا بەمانگێك دوو ئۆتۆمبێل نافرۆشم.
لەئێستادا جگە لەخراپی دۆخی بازاڕی ئۆتۆمبێل ، نرخیشیان گران بووە ، لەوبارەیەوە حەیدەر روونیدەكاتەوە كە كەمهێنانی ئۆتۆمبێل لەدەرەوە هۆكارە بۆ بەرزبوونی نرخەكەی ئەو وتی : لەدەرەوەی كوردستان نرخی ئۆتۆمبێل بەرزبۆتەوە ، بۆیە لەهەولێر هەر ئۆتۆمبێلێك 1000 تا 3000 هەزار دۆلار نرخەكەی بەرز بۆتەوە كە هەردوو جۆری ئۆتۆمبێلی سفر كیلۆمەتری كۆمپانیاكان و ئۆتۆمبێلە بەكارهاتووەكانیش گران بووینە ئەوەی من بیستووشمە دەڵێن هۆكاری بەرزبوونی نرخەكانیان بۆ گران بوونی نرخی ئاسن لەجیهان دەگەڕێتەوە.

لەبارەی پڕۆفرۆشترین ئۆتۆمبێل لەئێستادا ، ئەو كاسبكارە دەیوت : چەند جۆرە ئۆتۆمبێلێك لەئێستادا لەلای خەڵكی خواستی لەسەرە ، بەڵام زۆرترین خواست لەئێستادا لەسەر جۆری (نیسان – سەنی) یە كە بە لاكشمیبای بەناوبانگە ، چونكە نرخەكەی هەرزانە هەروەك ئۆتۆمبێلی چینیش خواستی لەسەرە بەهۆی هەزارنی نرخەكەی و بەرزی مۆدێلەكەیان و زۆری تایبەتمەندیەكانیان خەڵكی زیاتر دەیكڕن ، بەڵام ئەو بازاڕەی نیە وەكو ئۆتۆمبێلی وڵاتانی تر كاتێكیش مۆدێلەكەی كۆن بوو نرخێكی زۆر كەمتر دەكات.

وتیشی : لەئێستادا بازاڕی ئۆتۆمبێل زۆر قەرەباڵخە ، بەڵام كەس پارە بەئۆتۆمبێل نادات و تەنیا خەڵكی دێن پرسیاری نرخەكە دەكەن و دەڕۆن و پڕۆسەی كڕین و فرۆشتن زۆر كەم بۆتەوەو كاسبكارانی بازاڕەكە زۆربەیان ئۆتۆمبێلەكانیان وەستاندووەو پێیان نافرۆشرێت.
سەبارەت بەمامەڵەی تازەی بەناوكردن و تۆماركردنی ئۆتۆمبێل كە پێی دەوترێت ئەلیكرتۆنی ، ماوەیەك كێشەو دەنگدانەوەیەكی زۆری دروستكردبوو كە زۆربەی كاسبكارو پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل بەكارێكی خراپ بۆ كارەكانیان ئەژماردەكرد حەیدەر دەیوت : یەكەمجار ئێمە واماندەزانی ئەو پڕۆسەیە كاریگەری خراپی لەسەر كارەكەمان هەیە ، بەڵام دەركەوت شتێكی باشەو هیچ كێشەیەكی نیە ، چونكە كاتێك ئۆتۆمبێێك دەكڕیت گرێبەستێك لەگەڵ خاوەن ساڵنامەی ئۆتۆمبێلەكە دەكەیت راستەوخۆ لەبەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ مامەڵەت بۆ دەكەن و هیچ كێشەیەكی نابێت كارەكەش قورس نیە تەنیا ئەوەیە لەبەڕیوەبەرایەتیەكە 25 هەزار دینار دەدەیت كە ئەو پارەیە زیاد بووە. 

پشتیوان محەمەد یەكێك بوو لەخاوەن پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل لەهەولێر لەبارەی خراپی بازاڕەكە وتی : چەند هۆكارێك هەن وایان كردووە بازاری كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل خراپ بێت یەكێكیان بەهۆی گرانبوونی نرخی بەنزینە ، هۆكارێكی تری خراپی بازارەكە بۆ بەئامانجگرتنی كێڵگەكانی نەوت و گازی هەرێمە ، جگە لەئێمە بازرگانە عەرەبەكانی ئۆتۆمبێلیش ئێستا كەمتر دێن بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل لەكوردستان كە ئەمەش هۆكارێكی تری نەمانی بازاڕە كە ئەوانیش بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی سیاسی عیراق كەمتر ئۆتۆمبێل دەكڕن.

ئەو خاوەن پێشانگایە وتیشی : ماوەی 25 رۆژە بازاڕەكە وایلێهاتووە كە لەئێستادا لە 50% جموجۆڵی كەمبۆتەوە كە پێشتر رۆژانە لەپێشانگاكەمان 5 – 6 گرێبەستی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلمان دەنووسی ، بەڵام لەئێستادا ئەگەر یەك گرێبەست بنووسین كە 90% كڕیارەكانیش عەرەبن.

دەربارەی نرخەكانیش، پشتیوانی خاوەن پێشانگا دەیوت: ئۆتۆمبێل هەر لەكۆمپانیاكانیش نرخیان بەرز بووە جگە لەوە جۆری بەكارهاتووش گران بوون كە هەر ئۆتۆمَلێكی 500 تا 700 دۆلاری چۆتەسەر ئۆتۆمبێلی گرانبەهاش نزیكەی 10 هەزار دۆلار گران بووە كە هۆكارەكەی بۆ گرانی نرخی جیهانی دەگەڕێتەوە هەروەك هۆی تری گرانیەكەی بۆ نرخی پارچەكانی ئۆتۆمبێل دەگەڕێتەوە كە پێشتر نرخی گێڕی ئۆتۆمبێل 500 دۆلار بوو ، كەچی ئێستا بۆتە 700 دۆلار.

ئەوەشی ئاشكراكرد كە بازاڕی ئۆتۆمبێل بەردەوام پەیوەست بووە بەدۆخی سیاسی و ئابووری هەرێم و عیراق و جیهان هەر هەواڵێكی خۆش هەبێت راستەوخۆ بازاڕەكە باش دەبێت ئەگەر هەواڵەكانیش خراپ بن ، ئەوا بازاڕ نامێنێت هەرچەندە ئێستا مووچەش باشتر بووەو دواناكەوێت ، بەڵام بازاڕەكە هەر پەیوەست نیە بەمووچەوە.

ئاشكراشی كرد لەئێستادا پڕفرۆشترین ئۆتۆمبێل لەبازاڕەكە ئۆتۆمبێلی وڵاتی كۆریای باشوورە كە خواست و كڕین و فرۆشتنی زۆری لەسەرە ، دوای ئەو ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی خواستی زۆر لەسەرە كە لەوانیش جۆری (پرادۆ) و (لاندكرۆزەر) و (كڕۆلا) ، جۆری ئەمریكیش جۆرەكانی (دۆج) و (كەمارۆ) خواستیان زۆر لەسەرە.

جەمال عومەر یەكێكە لەو بازرگانانەی ئۆتۆمبێل كە لەوڵاتی ئیماراتەوە ئۆتۆمبێلی لێدراوی ئەمریكی دەهێنێتە هەرێمی كوردستان ، بەڵام لەئێستادا تووشی كێشەی پێنەدانی ژمارە بۆ ئۆتۆمبێلەكانی بووە لەلایەن هاتووچۆی هەولێرەوە كە وەك ئاماژەمان پێدا هۆكارێكە بۆ ئەوەی بازاڕی ئۆتۆمبێل سست بێت ، ئەو دەیوت : من خۆم 6 ئۆتۆمبێلم لەدوبەی هێناوەتە هەولێر بردم بۆ ئەوەی لەبەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر تۆماریان بكەم و ژمارەیان بۆ ببەستم ، بەڵام كارەكەمیان بۆ نەكردو وتیان (شاسی) ئۆتۆمبێلەكەت لێدراوی هەیەو ژمارەی بۆ ناكەن لەكاتێكدا یەك پارچەی ئۆتۆمبێلەكەم لێدراوی هەیە.

ئەو بازرگانە باس لەوتەی هاتووچۆی هەولێر دەكات و دەڵێت : پێیان وتم تۆماركردن و پێدانی ژمارە بەئۆتۆمبێلەكانت رەتكراوەتەوەو بڕۆوە تا بڕیاری تر دەدەین كە بەهۆیەوە زیانێكی زۆر دەكەم ئێستا تەنیا یەك ئۆتۆمبێلیان 18 هەزار دۆلارم لەسەرم كەوتووە ئەگەر بەو شێوەیەش بیفرۆشمەوە كەس لێمناكڕێت و پێیانم وت كە هێنام بۆچی رێگاتان پێدام بیهێنمە ناو هەرێم ، كەچی ئەوان هیچ وەڵامێكیان نەبوو تەنیا دەڵێن بەگوێرەی یاسا ناتوانین كارەكانت بۆ بەڕێبكەین كە ماوەی ساڵێك زیاترە ئەو كێشەیەم هەیەو چارەسەر نەكراوەو چارەنووسیشیان دیارنیە كە بەگوێرەی زانیاریەكان نزیكەی 6 هەزار ئۆتۆمبێلی ئەو جۆرە كێشەیەیان هەیە.

لەبارەی رایی نەكردنی ئەو ژمارە ئۆتۆمبێلە هاوردەكراوەی ئەمریكا ، عەبدولقادر عەزیز بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند : چارەنووسی ئەو ئۆتۆمبێڵانە لەم ماوەیەدا هیواخوازین یەكلایی بكرێتەوە بۆ ئەو مەبەستەش كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم ئەنجامداوە ، بەڵام لەئێستادا ناتوانین ناوەڕۆكەكەی رابگەیەنین كە چارەنووسیان چی لێدێت كە ژمارەیان 1000 تا 7000 ئۆتۆمبێلە لەهەموو هەرێم كە ئامارێكی دروستمان لەسەر ژمارەیان لەسەر نیە.

وتیشی : هۆكاری رایی نەكردنی مامەڵەكانیان لەلای ئێمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو ئۆتۆمبێڵانە لێدراویان هەیەو كاریگەریان لەسەر شاسی كردووەو هەندێكیان بڕاوەیەو لەحیمێكی زۆریان بۆ كردووە ، بۆیە پێشتر هێنراوەتە هەرێم و رێگریان لێ نەكراوە ، چونكە ئێمە پشتمان بەكۆمپانیاكانی COC كە بڕوانامەیان داوەتە ئەو ئۆتۆمبێڵانەو دەڵێن هەموویان بێ كێشەن دواتر كە دەهێنرێن لەلای ئێمە ئەو عەیبانەیان لێدەردەكەوێت لەسنوورەكان ئێمە پۆلیسی هاتووچۆمان هەیە ، بەڵام ئەوانیش بەهۆی كەشوهەوای گەرماو سەرما كارەكەیان قورسە كە ئۆتۆمبێلەكان هەموویان لەسەر لۆری بارهەڵگرەو لەوانەیە نەتوانن بەشێوەیەكی باش هەموو ئۆتۆمبێلەكان پشكنینیان بۆ بكەن.  
PUKmedia رەوەست نەوزاد- هەولێر 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket