riklam

یه‌كێتی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی سۆشیالیست ئینته‌رناشناڵ ده‌كات

کوردستان 04:09 PM - 2022-07-10

كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی سۆشیالیست ئینته‌رناشناڵ به‌به‌شداری وه‌فدی (ی. ن. ك) له‌ سویسرا به‌ڕ‌ێوه‌چوو.

له‌ رۆژانی ٧ و ٨ی ئه‌م مانگه‌ به‌به‌شداری وه‌فدو نوێنه‌رایه‌تی ده‌یان وڵات و پارتی جیهانیی كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی رێكخراوی سۆشیالیست ئینته‌رناشناڵ له‌ باره‌گای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ شاری ژنێفی سویسرا به‌ڕ‌ێوه‌چوو كه‌ تیایدا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ك ئه‌ندامێكی كارای ئه‌و رێكخراوه‌ به‌ وه‌فدێكی باڵاو به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مین بابه‌شێخ، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندیه‌كان، به‌شداربوو.

له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مساڵی سۆشیالیست ئینته‌رناشناڵ گفتوگۆ له‌سه‌ر چه‌ندین ته‌وه‌رو پرسی گرنگ و هه‌نوكه‌یی تایبه‌ت به‌و ئاڵنگاریانه‌ی كه‌ ئێستا رووبه‌ڕ‌وی جیهان بۆته‌وه‌،  له‌وانه‌ كێشه‌و ململانێ سیاسیه‌كان، بارودۆخی ئابوری جیهان و ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی كه‌ له‌ ئێستادا به‌رۆكی ژینگه‌ی هه‌ساره‌كه‌مانی گرتووه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ ته‌ئكید له‌ به‌رده‌وامی ئه‌و هه‌وڵانه‌   كرانه‌وه‌ كه‌ بۆ به‌دیهێنانی پره‌نسیبه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی سۆشیالیست ئینته‌رناشناڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و ئاڵنگاریه‌كان گیراونه‌ته‌ به‌ر.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كاندا وه‌فدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌شداریی كارای  له‌پانێل و گفتوگۆكاندا كردو له‌گه‌ڵ  نوێنه‌رانی  وه‌فدی پارت و حكومه‌ته‌كانی جیهاندا  كۆبۆوه‌،  به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ وه‌فدی پارته‌ كوردستانیه‌كان و وڵاتانی عه‌ره‌بی و ناوچه‌كه‌.

وه‌فدی یه‌كێتی وه‌ك ئه‌ركێكی نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌یی گرنگ یاداشتێكی تایبه‌تیان پێشكه‌شی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سۆشیالیست ئینته‌رناشناڵ كردو كه‌ تیایدا ته‌ئكید له‌وه‌  كرابۆوه‌ كه‌ پێویسته‌ سۆشیالیست ئینته‌رناشناڵ دان به‌ مافه‌ ڕ‌ه‌واكانی گه‌لی كورددا بنێت و به‌ گه‌وره‌یی و پێزانینه‌وه‌ له‌ رۆڵی ئه‌رێنیانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕ‌وانێت له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌تایبه‌ت هه‌وڵ و به‌ره‌نگاریه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ رووبه‌ڕ‌وبوونه‌وه‌ی داعش و تیرۆریزمی جیهانیدا، هاوكات هه‌وڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رز بنرخێنێت له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ رووداوو پێشهات و ململانێ سیاسیه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌دا، بۆ ئه‌وانه‌ش تیشك خرابوه‌ سه‌ر ئه‌وی كه‌  پێویسته‌ پره‌نسیبه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی سۆشیالیست ئینته‌رناشناڵ وه‌ك مافی مرۆڤ، دادپه‌روه‌ری، ئاشتی و ئازادی به‌رده‌وام بن بۆئه‌وه‌ی داهاتوویه‌كی گه‌شترو سه‌قامگیرتر بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست فه‌راهه‌م بكرێت، یاداشته‌كه‌ی یه‌كێتیی بۆ سۆشیالیست ئینته‌رناشناڵ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌نگدانی له‌سه‌ر كراوه‌و به‌كۆی ده‌نگی به‌شداربووان په‌سه‌ندكراوه‌. 

لای خۆشیانه‌وه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌جۆرج پاپاندریو، سه‌رۆكی رێكخراوی سۆشیالیست ئینته‌رناشناڵ، و لویس ئایالا، ئه‌منیداری گشتی رێكخراوه‌كه‌، به‌ گه‌وره‌ییه‌وه‌ باسیان له‌ رۆڵ و پێگه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كردو  له‌ رێكخراوی سۆشیالیست ئینته‌رناشناڵ و هه‌وڵه‌كانیان به‌رزنرخاند له‌ بره‌ودان به‌ پره‌نسیبه‌كانی سۆشیالیست ئینته‌رناشناڵ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ته‌واوی جیهاندا.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket