riklam

وەزیری خوێندنی باڵا لەبارەی كەیسی دوو مامۆستا كوژراوەكەی زانكۆ روونكردنەوە دەدات

کوردستان 09:25 PM - 2022-07-04

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دڵنیایی دەدات، بەغەدر شەهیدكردنی مامۆستایانی زانكۆی سەڵاحەدین، هەرگیز كاریگەری نابێت لەسەر هەوڵەكانمان بۆ بەرزكردنەوەی كواڵتی و ریفۆڕم و چاكسازی لە سێكتەری خوێندنی باڵاو پێشخستنی ئاستی زانستی و مەعریفی  لە زانكۆكانی كوردستان.
ئەم لێدوانەی د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ 4-7-2022  لەمیانی سەرپەشتی كردنی كۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی زانكۆی سەڵاحەدین هات، دەربارەی كەیسی مامۆستایانی بەغەدر شەهیدكراو (د. كاوان ئیسماعیل) راگری كۆلێژی یاسا و (د.ئیدریس حەمە خان) مامۆستا لە كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سەڵاحەدین– هەولێر.
لە دەستپێكدا ئامادەبوان بۆ گیانی پاكی مامۆستایانی شەهید چەند ساتێك بەبێ دەنگی وەستان و پرسەو ماتەمیان بۆ گیانی پاكی مامۆستایانی شەهیدكراو دوپاتكردەوە، دواتر د. كامەران یونس، سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین – هەولێر، لە وتەیەكدا ئاماژەی بەدواین پەرەسەندنەكانی كەیسی بەغەدر شەهیدكردنی مامۆستایانی زانكۆ كردو رایگەیاند: ئەم تاوانە هەرگیز ساردمان ناكاتەوە لە خزمەتكردن بە زانست و پێشخستنی ئاستی زانكۆ لەسەرجەم بوارەكاندا.
لە وتەیەكدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی جارێكی تر پرسەو سەرەخۆشی ئاڕاستەی كەسوكارو بنەماڵەو سەرجەم مامۆستایان و خوێندكارانی هەردوو مامۆستای شەهید كردو رایگەیاند: مامۆستایانی بەغەدر شەهیدكراو دوو مامۆستای زانست پەروەر و دڵسۆز بەخاك و خەڵكی كوردستان بون كە هەموو تەمەنیان بۆ خزمەتی زانكۆ و پێشخستنی ئاستی زانستی كوردستانەكەیان تەرخانكردبو. بۆیە جارێكی تر لە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی سەڵاحەدین دوپاتیدەكەینەوە: بەزاندنی حەرەمی زانكۆ دەستبردنە بۆ پیرۆزییەكانی خوێندن و شێواندنی كلتور و بەها نیشتمانییەكان، بۆیە دڵنیایی دەدەین بەسەرجەم مامۆستایانی زانكۆكان و كۆمیونیتی ئەكادیمی و خەڵكی كوردستان كە پێكەوە كار دەكەین بۆ پاراستنی سەروەری یاساو بەدیهێنانی دادپەروەری.
هەر لە كۆبونەوەكەدا د.ئارام محەمەد قادر ئاماژەی بەهەوڵەكان كرد بۆ ئەم كەیسەو رایگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڕیاری پێویستی دەركردوە بۆ ئەنجامدانی رێكاری پەروەردەیی و زانستی و یاسایی، بۆ رێگەگرتن لە دووبارە بونەوەو تەشەنەسەندنی ئەم روداوە دڵتەزێنانە، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی پەروەردەیی و زانستی و یاسایی پێویستمان بۆ بەدواداچونی رەهەندە جیاجیاكانی ئەم روداوە نەخوازراوە پێكهێناوە.
لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا بریكاری وەزارەت و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی سەڵاحەدین، وێڕای جەختكردنەوە لەسەر سەروەری یاساو چەسپاندنی دادپەروەری لە كەیسی شەهیدانی مامۆستایانی زانكۆی سەڵاحەدین، دوپاتیانكردەوە دەبێت هەمو مامۆستایان و خوێندكاران و كۆمیونیتی ئەكادیمی و زانكۆكان پێكەوە هەماهەنگ بین بۆ ئەوەی ببینە بەربەست و نەهێڵین ئەم دیارەدە دزێوانە جارێكی تر بپەڕنەوە ناو حەرەمی زانكۆكانمان و پەرەبسێنێت.
PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket