riklam

لیژنەی ئاسایش لەپەرلەمان:ئەركی وەزارەتی ناوخۆییە بەیاسا چەكی بێ مۆڵەت قەدەغە بكات

کوردستان 01:38 PM - 2022-06-30

تەنها لەماوەی دوو رۆژدا لەهەولێر بەهۆی چەكەوە دوو رووداوی خوێناوی روویاندا كە دوو مامۆستای زانكۆو ژن و مێردێك كوژران، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: ئەركی وەزارەتی ناوخۆو لایەنە پەیوەندیدارەكان یاسای هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت جێبەجێ بكەن و كڕین و فرۆشتنی چەك بەپێی یاسا بێت و كڕیارو فرۆشیار بزانرێت كێیە.
جەلال ئەحمەد ئەمین بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان، بە PUKmediaی راگەیاند: لە رابردوودا یاسای تایبەت هەڵگرتنی چەك هەبووە، دواتریش  یاساكە لە پەرلەمانی كوردستان هەمواركراوەتەوەو توندتریش كراوە، بەڵام پێمانوایە ئەوەی رێگرە لەجێبەجێكردنی یاساكەیە، ئەو شوێنانەیە كە مۆڵەتی چەكیان پێدەدرێت، واتە فرۆشتنی چەك و گوللە و هەموو ئەو شتانە دەبێت تۆماركراو بزانرێت بەكێ دەفرۆشرێت، هەروەها فۆڕمێكی تایبەت بەو كەسانە هەبێت كە هەڵگری مۆڵەتی چەكن پاشان چەکەکانیان پێ بفرۆشرێت.
وتیشی: دەبێت لە خاڵە سنووریەكانەوە رێگری لە بەقاچاخ هێنانی چەك لە دەرەوەی سنوورەكان بۆ ناو هەرێم بكرێت، لەناوخۆش دەبێت  بەردەوام هەڵمەتی پشكنین هەبێت بۆ ئەوەی بزانن كێ چەكی بێ مۆڵەتی پێیەو لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵدا بكرێت.
ئەوەشی وت: لە یاساكەدا هاتووە كە ئەو كەسەی چەكی بێ مۆڵەتی پێ دەگیرێت شەش مانگ  زیندانی بکرێت، بەڵام كەمترین جار ئەمە دەبینین، زیاتر پێبژاردن دەبینین.
بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند: ئەگەر یاساكە وەك خۆی جێبەجێ بكرایە، ئەوا  رێژەی تاوان كەمتر دەبوویەوە، چونكە رێژەی تاوان لە هەموو دنیا هەیە، بەڵام تا رێژەكە كەمتر بێت باشترە.
باسی لەوەشكرد: لە یاساكەدا هەموو ئەوانە دیاریكراوە كە كێ دەتوانێت چەك بفرۆشێت و كێش دەتوانێت چەك هەڵبگرێت، كەسێك تەمەنی 18 ساڵ بێت دەتوانێت چەك هەڵبگرێت، بەڵام دەبێت هۆكارێكی هەبێت داوای چەك بكات و رێكارەكانی توندبن، بەڵام زۆرینەی ئەوانەی تاوان ئەنجام دەدەن مۆڵەتی چەك هەڵگرتنیان نییە، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە نەتوانراوە بازاڕی چەك رێكبخرێت.
ئاماژەشی بەوەدا: دەبێت بازاڕی چەك رێكبخرێتەوە، لە هەندێك وڵاتانی پێشكەوتوو ئەو چەكانەی دەچێتە ناو وڵاتەوە و  دەنێردرێنە بازاڕ هەژمار دەكرێن، واتە دەزانن ئەو چەكە لای چ كەسێكە، تەنانەت ژمارەی گوللەكانیش دەزانرێت ، واتە ئەگەر كێشەیەك رووبدات تەنها بەوەدا پۆلیس دەزانێت ئەو گوللەیە هی كێیەو كێ فرۆشتویەتی، ئەگەر مامەڵەكە بەمشێوەیە بێت كەس ناتوانێت گوللەیەكی خۆی كە مۆڵەتی هەیە بیداتە كەسێك كە مۆڵەتی نییە.
جەلال ئەحمەد ئەمین باس لەوەشدەكات كە بە پەرەپێدان بەفكری تاكی كۆمەڵگە  وابكرێت كوشتن شتێكی خراپ بێت و نابێت ئەنجام بدرێت، وتی: ئەوانی تاوانی كوشتن ئەنجام دەدەن، لەڕێگەی مامۆستایانی ئاینییەوە هۆشداری بدرێت و لایەنە ئاینییەكان باس بكرێت كە ئەو تاوانانە رێگەپێدراو نیە.
دەشڵێت: ئەوانەی پشتگیری لەبكوژ دەكەن و دەیشارنەوەو هەندێك كەس داڵدەی بكوژ دەدەن پێویستە بەدواداچونی وردی بۆ بكرێت و هەموو هۆكارەكانیش دیاری بكرێن و كاری لەسەر بكرێت، پێویستە لە ماوەیەكی درێژخایەندا سیمیناری جۆراوجۆر هەبێت هەم بۆ هێزەكانی ناوخۆ هەم بۆ هێزە ئەمنیەكان تەنانەت بۆ خەڵك تا بتوانرێت ئەمانە رێكبخرێنەوەو بازاڕی چەك كۆنترۆڵ بكرێن و بەمشێوەیە دەتوانرێت ژمارەی تاوان كەمبكرێتەوە.
ئاماژەشی بەوەشدا: پەرلەمان یاسای دەركردووە و جێبەجێكردنی لە ئەستۆی هێزە ئەمنیەكان و دادگایە، پەرلەمان ئەوەنەی لەسەرە یاسایەكی بۆ دەربكات.
وتیشی: پێویستە وەزارەتی ناوخۆ پەیرەوێك دەربكات تا دوكانی كڕین و فرۆشتن رێكبخاتەوە، تەنانەت چ پێویستە دوكانی كڕین و فرۆشتنی چەك هەبێت بەو زۆریە، واباشترە لە شارێكدا دوكانێك یان دوو دوكان هەبێت و مۆڵەتیان هەبێت و فۆڕمی ئەلیكترۆنی تایبەتیان هەبێت لە وەزارەت و لە دامەزراوە ئەمنییەكان  و ئەو كەسەشی ئەو چەكە دەكڕێت هەموو زانیارییە كەسیەكانی لەگەڵ جۆری چەكەكە لای هێزە ئەمنیەكان هەبێت، ئێستا لەوانەیە وەزارەتی ناوخۆ نەزانێت چەند چەك هەیەو  لای چ كەسێكە.
بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند: دروستكردنی جبەخانە بۆ هێزەكانی پێشمەرگەو پیاوی پۆلیس كە لە كاتی گەڕانەوە بۆ ماڵ چەكەكانیان نەبەنەوەو لەجبەخانە جێیبهێڵن، واتە چەك بەئاسانی دەستناكەوێت، چونكە هەندێك حاڵەتی خۆكوشتن  هەیە بەچەكی باوك یان برایەك كراوە كە ئەو چەكە خاوەندارێتی بۆ فەرمانبەرێكی ئەمنی دەگەڕێتەوە، بۆیە دەبێت ئەمانە هەموو رێكبخرێنەوەو حكومەت بزانێت چەند چەكی هەیەو چەكەكان لای كێن.
PUKmedia تایبەت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket