riklam

لە هەولێر (هاملێت)ی كوردیم بینی

ئەدەب و هونەر 07:47 PM - 2022-06-26

هەمیشە دەق، یەكێك بووە لە توخمە سەرەكییەكان  بۆ سەركەوتنی هەرنمایشێك ،لە پاڵ ئەمیشدا هەردوو توخمی(دەرهێنان و نواندن)  بەتایبەتی ئەگەر هەرسێ هاوكێشەكە هاوتەریب و ململانێی یەكتری بكەن بۆ ئەوەی باشترین ئاست پێشكەش بكەن .
منیش هەمیشە ووتومە كاتی نووسەر دەقێك دەنووسێت ئەو دەقە خاوەن  فەلسەفە وبیرۆكەی تایبیەتە ،كە نووسەر دایڕشتووە،بۆیە تێكەڵكێش كردنی دەقێك یان دوو دەق ، دروستكردنی دەقێكی تر یاخود دەستكاری كردنی دەق بە زیاد كردن و كەمەكردنەوەی دەق جگە لەوەی غەدر لە نووسەرەكە دەكرێت،  بەرادەیەك ئەگەر یەك دەقیش بێت ولەلایەن دوونووسەرەوە نووسرابێت لە هەمان كاتدا زۆرێك لە نووسەرەكان قبوڵی ئەوەیان نییە تەنیا بەپیتێكیش دەستكاری دەقەكەیان بكرێت بێگومان ئەوەش مافێكی سروشتی خۆیانە چونكە نووسینی تێكستی شانۆیی پێویستی بە شەونخوونی و ماندووبوونێكی زۆر هەیە بۆیە زۆرێك لە نووسەرانیش هیچ دەستەواژەی وەكو ئامادەكردن دەق ، تێرامانی دەق ، خوێننەوەی دەق..قبوڵ ناكەن بەرامبەر دەقەكانیان بەكاربێت. 

 

ئەوەی من لە نمایشی شانۆیی (هاملێت)ی (ئەرسەلان دەروێش)م بینی هیچ هەستم نەكرد كە ئەوتێكەستەی نمایش لە ئاوێزان كردنی دوو دەق بێت یاخود تێكستەی كورت و پوخت كردبێت، بەتایبەتی بۆ كەسێك دەقی شانۆگەری (هاملێت)ی شكسپیری خوێندبێتەوە ئەوەی مەبەستمە ئاماژەی پێبدەم سەركەوتنی هونەرمەند ئەرسەلان دەورێش بوو لەوەی منێك نمایشی (هاملێت)م بینی كە هەموو روودا و ململانێ و كەسایتیەكان و بیرۆكەی شانۆیی شكسپیرم بینی، ئەوەش بۆ زیركی و دەرهێنەر دەگەرێتەوە بەوەی توانیبووی بە شێوەیەكی زانستی و ئەدەبی و هونەری بونیادی تێكستەكە ،هەرلە سەرەتا ،روداو ، ململانێ ، لوتكە ، تا چارەسەر بۆ دەقەكە بكات.

ئەگەر باس لە نواندنی نمایشەكە بكەیین ، سەرجەم ئەكتەرەكان لە ترۆپكی چەمكی شانۆگەرییەكەی و بیرۆكە فەلسەفیكەی شەكسپیر، گەیشت بوون، بۆیە نواندنەكەیان سەركەوتوو،چونكە حاڵی بوون لە ناوەرۆكی شانۆگەرییەكە خاڵێكی گرنگە بۆئەوەی ئەكتەر رۆڵی خۆی بەسەركەوتووی بەرجەستە بكات هونەرمەند "سەدیق حوسێن"  كە رۆڵی (هاملێت)ی بەرجەستە دەكرد بەجۆرێك لە كەساییەتییەكە حاڵی ببوو وەكو ئەوەی ستانسلافسكی جەختی لەسەر كردۆتەوە لەرێگەی بەكار هێنانی ئەگەری ئەفسوناوی ، رەهەندەكانی سروشتی ، كۆمەڵایەتی ،جەستەیی ، دەروونی، هەستی ناوەودەرەوە..توانی بووی بچێتە نێو قالبی كەسایەتی هاملێت بەهیچ جۆرێك هەستم نەدەكرئەوە خودی سەدیقە بە ڵكوو لەرێگەی فۆرم ، دەنگ،  هێما ،ئاماژە ، جووڵە ، دیالۆژەكان ، هەست و سۆزی دەرەوەو ناوە وەی، گوزارشتەكان ، جلوبەرەگ  ، ماكیاژ ..توانیبووی رێك بونیادی كەسایەتی (هاملێت)مان نیشان بدات  بەڵام (هاملێت)ی كوردی لێرەدا نامەوێت باس لە دیمەنەكانی بكەم كەئەو لە شانۆگەرییەكەدا دەركەوت ، تەنیا باس لە دیمەن و نواندنی  دیالۆژی (من هەم یانیم) دەكەم كەچەندین ماناو مغزا لە خۆدەگرێت بگرە چەندین لێكۆڵنەوەو توێژینەوەی لەسەر ئەم دەستەواژە كراوە بۆ گەیشتن بەچەمكەكەی بە تایبەتی لەرووی فەلسەفییەكەی زۆریك  وای بۆ دەچن  كەئەمە گوزراشت لە بوون و نەبوون  یان مردن و ژیان دەكات ئەوەی زۆر گرنگە ئەو مانا فەلسەفیەكە چۆن ئەكتەر دەگەیەنێتە بینەر، هەرلە رووی دەموو دوو تا نواندن ،هێما ،ئاماژە  بەهۆی ئەوەی سەدیق بە تەواوەتی خزا بووە نێو قالبی كەسایەتییەكە لە هەمان كاتدا خوێندنەوەی دەرهێنەر بۆ رۆڵی هاملێت  بەجوانی  بەرجەستەكردبوو بۆیە سەركەوتوانە بیرۆكەو چەمكی (من هەم یا نیم)ی گەیاندە بینەران لە بیرمان نەچێت كەسایەتی هاملێت  ئاڵۆزە بە تایبەتی لەو كاتەی خۆی وانیشانیان دەدات كە شێت بووە بەتایبەتی بەرامبەر بەخۆشەویستەكەی (ئۆڤیلیا)لێرەدا توانستی سەدیق لە نواندن گەیشتە لوتكە.

 

زیاد كەریم  دوو رۆڵی بینی هۆراشیۆ و حیكاتخوانیش بوو كەسایەتی هۆراشیۆ وەكو هاورێیەكی وەفادار هەمیشە لە هەوڵی ئەودا بوو هاملێت تۆڵەی باوكی بكاتەوە  دەتوانیین بڵین هۆراشی دەنگی گەلیش بوو ،هەر بۆیە زۆر هانی هاملێتی دەدات هەنگاوەكانی تۆڵەكردنەوە بەخێرایی جێبەجێ بكات  زیاد كەریم بەهۆی ئەو باگراوندە رۆشنبیرییەو ئەزموونی نواندنی  توانی رۆڵی هۆراشیۆ بە جوانی بەرجەستە بكات  ئەگەر چی لە هەندێك لە حاڵەتدا بەتایبەتی لەكاتی دیالۆژەكانی لەگەڵ هاملێت  زۆر رەق  بوو بەجۆرێك بەسەر هاملێتی هاواری دەكر د وەك ئەو هاملێت نەك هۆراشیۆ بێت .

پشكۆ شێخ عەلی لە رۆڵی پادشایەكی هێمن پیلان دارێژ  بۆگەیشتن بە مەرامەكەی هەموو رێگایەكی شرعی و نارشرعی بەكار هێنا  بۆ ئەوەی بگات بە عەرشی دەسەڵات ،بە رادەیەكی باش سەركەوتوو بوو لە بەرجەستە كردنی كارەئەكتەری پادشا .
ئاواز ئەحەمەد لە رۆڵی شاژن (دایكی هاملێت) هەرچەندە ماوەیەكی زۆرە لەسەر تەختەی شانۆ دووركەوتۆتەوە بەڵام تا رادەیەك لە نواندنەكەی سەركەوتوو بووبەتایبەتی لەرێگەی ئاماژە ودەمووەكەی ئەوەی مەبەست بوو دەگەیشتە بینەران ، هەرچەندە من هەستم دەكرد ئاواز ئەحمەد وزەی نواندنی لەوە زۆر ترە لەوەی  ئێمە مانان بینیمان لەگەڵ ئەوەش دا دەست خۆش لێدەكەم .

 

ریشوان ئەحمەد لە رۆڵی پۆلۆنیۆس ئەو باوكەی لە پێناوی بەرژەوەندی خۆی كچەكەی (ئۆڤیلیا) دەكاتەقوربانی ریشوانیش ماوەیەكی  زۆرە لە نواندنی سەرتەختەی شانۆ دوورە بەڵام بەهۆی هەوڵ وكۆششی زۆری لەبەكارهێنانی  توانیستی خۆی  جێبەجێكردنی پلانی دەرهێنەر،توانی تارادەیەك باوەڕ بەبینەران بكات ،كە (پۆلۆنیۆس)-ە.

 

وەیلاند سەدیق لە رۆڵی ئۆڤیلیا دەستی خۆشی لێدەكەم توانی لەنێوان خۆشەویستی  براو باوكی هەروەها عشاق بوونی بەهاملێت  ببێتە قوربانی شێت بوون لە كۆتاییشدا گۆڕ دوامەنزڵگا بوو ، وەیلاند توانی ئەو راستگۆی و نەرم و نیانی خۆی لە كەسایەتی ئۆڤیلیا بوونی هەیە پیشانی بینەران بدات. 

 

كارمەند خدر لەرۆڵی لێرتس  هەمان هەست سۆزی باوكی(پۆلۆنیۆس) هانی خوشكی خۆی (ئۆڤیلیا) دەدات بۆ ئەوەی زانیاری لە هاملێت وەرگرێت كاتێ باوكی لەسەر دەستی هاملێت دەكوژرێت هەموو هەوڵێكی ئەوەیە تۆڵەی خۆی لە هاملێت بكاتەوە  كارماند لەرێگەی جووڵەو نواندنەكەی توانی كارەكتەری (لێرتس)ی  شكسپیریمان نیشان بدات.

 

ئەرسەلان دەروێش لە رۆڵی تارمەیی ئەگەرچی راستەوخۆ لە سەر تەختەی شانۆ دەرنەچوو،تەنیا لەرێگەی داتاشۆ دەرچوو، بەڵام لەرێگەی رووناكی ، هێما ، تەكنیك ..كەساییەتی (تەرمایی)مان بینی. 

 

 ئەگەر ئاوڕێكی خێرا لە لایەنی دەرهێنانیش بدەینەوە، وەكو زانراوە شانۆگەری (هاملێت)-ی شكسپیر دەقێكی كلاسیكە، زیاتر لە (15) كارەكتەری سەرەكی لە خۆ دەگرێت بەڵام  هونەرمەند ئەرسەلان دەروێش توانی لەرێگەی هەشت  كارەكتەرەوە لەماوەی (75) خوولەك دانمایشێكی جوان و پڕچێژمان پێشكەش بكات ، بێ ئەوەی بینەر تووشی وەڕزبوون ببێت  دەروێش لە نمایشەكەیدا هەردوو زەمەنی ئێستاو رابردوو لەگەڵ یەكتری گرێ دابوو بەتایبەتی لەرووی ململانێی دەسڵاتی  كورسی لەلایەك و دەسەڵاتی گەلیش لەلایەكی تر وەكو زانراوە ئەو جۆرە شانۆگەریانە پێویستی بە پانتاییەكی باشی تەختەی شانۆ هەیە دەرهێنەر لەو پانتاییە بچووكەی كەلەبەر دەستی دابوو توانی بووی جوگرافیای تەختەی شانۆ بەشێوەیەكی زانستی و ئیستاتیكای دابەش بكات لە هەمان كاتدا لەرێگەی بەكارهێنانی سكرین چەند دیمەن و روداوی شانۆگەرییەكەی بەشێوەیەكی جوان نیشان داین.. هەڵبژاردنی رەنگی جلو بەرگی سەرجەم ئەكتەرەكان مەبەست دار و مانای فەلسەفی زۆر هەڵدەگرێت ،بۆنموونە ئەو كراسەی ئۆڤیلیا هەردوو رەنگی سور و رەش پۆشی بوو وەكو گوزرارشتكردن لە خۆش و ناخۆشی  لەهەمان كاتیش نابێ رۆڵی رووناكی و موزیك و سینۆگرافیا لە یاد بكەین كە فاكتەرو هاوكارێكی باشی سەركەوتنی نمایشەكە بوون ئەوەی گرنگ بوو شوێن پەنجە و دەسەڵاتی  هونەرمەند ئەرسەلان دەرویش وەك دەرهێنەر بەسەرنمایشەكەدا زاڵ بوو دەست خۆشی لە ستاڤی نمایش دەكەم.

 

شانۆگەری "هاملێت" نووسینی ولیام جۆن شكسپیر  و دەرهێنانی هونەرمەند ئەرسەلان دەروێش، بەسوود وەرگرتن لە هەردوو دەقی (هاملێت)ی (هادی  المهدی) و (ممدوح عدوان) .

 

وەرگێرانی دەق : شێرزاد حەسەن.

 

ئەكتەرەكان:

سەدیق حوسێن – هاملێت ،زیاد كەریم  - هۆراشیۆ، پشكۆ شێخ عەلی- پادشا ، ئاواز فەرهاد- شاژن، ریشوان ئەحمەد – پۆلۆنیۆس، وەیلان سەدیق- ئۆڤیلیا ، كارمەند خدر- لێرتس، ئەسەرلان دەروێش – تارمایی.

هەر بۆ مێژوو پێم باشە ئاماژە بەناوی  كارەهونەرییەكان بدەم كەرۆلیان  هەبوو لە شانۆگەرییەكەدا:

بەرێوەربەری بەرهەم- ئەندازیار بورهان سابیر، یاریدەری دەرهێنەر- دانا محەمەد، بەرێوەبەری هونەری – كارزان كەمال، لیژنەی بەرهەم – سەرهەنگ غەریب – دانامحەمەد، راگەیاندن – زیاد كەریم ، دەنگبێژی – تریفە كەریمیان، دانانی موزیك- د.ئەمیر بەكار- ئەمین فقیر، دیزاینی سینۆگرافیا- ئەرسەلان دەروێش، جێبەكردنی سینۆگرافیا –پشكۆ عەلی – بورهان سابیر –كارزان كەمال- كارمەند خدر- ریشوان ئەحمەد، بەرگ دروو- ئیبراهیم قوریشی، ماكیاژ- سەید حەسەن سەید پوور- لەیلا مەولوودی، دیزاینی پۆستر- دانا محەمەد، ڤیدیۆ سكرین- محەمەد مەرزانی ، پرۆمۆ و فۆتۆگراف- زانیار خۆشناو، ئیكسسوار- حسێن زارین ، شوكر عبدوڵڵا، جێبەجێكردنی دەنگ- كارزان كمال ، جێبەجێكردنی داتاشۆ- دانا محمەد، پەیوەدییەكان – بەدر سنجاوی ، هۆڵ- شیلان ئیبراهیم –سیروان رەسوڵ، هاوكاران سەدەردین عەبدوڵَڵا- هیلال ئیبراهیم – سیڤەر قەساب – سامی عومەر- ئیسماعیل خدر- پەیوەند بەسام.

شایانی باسە شانۆگەری (هاملێت) یەكەمین بەرهەمی دەزگای رۆشنبیری زانكۆكانی جیهان- تیپی شانۆی ئەكادیمی جیهان بوو، بە هاوكاری بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر بەرێوەبەرایەتی چالاكی قوتابخانەكان لە رۆژانی 28و29-5-2022 لە هۆڵی چالاكی قوتابخانەكانی هەولێر نمایش كرا. 

 

PUKmedia كامەران حاجی ئەلیاس 

   

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket