riklam

ئەو باخەی كە مێژووی هەولێر دەگێڕێتەوە

ڕیپۆرتاژ 09:26 AM - 2022-06-26

(باخی شار) یا (باخی خەلیل ئەفەندی) كۆنترین و بەناوبانگترین باخە لەشاری هەولێر كە مێژوویەكی دوورو درێژی هەیەو بیرەوەریەكی زۆری لەناو دانیشتوانە بەتەمەنەكانی ئەو شارە هەیەو چەندینجار ئەو باخە لەڕووی پانتایی و شێوەكەی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو تائێستا بۆتە سەنتەری خانەنشینان و شوێنی پشوودان و كات بەسەربردنی زۆربەی پیاوە خانەنشین و بەتەمەنەكانی ئەو شارە.

سەید موحسین محەمەد غەریب سەرۆكی سەنتەری خانەنشینانی باخی شار لەبارەی چیرۆك و مێژووی دروستكردنی ئەو باخە گەڕایەوە سەردەمێكی كۆنی ئەو شارەو وتی : لەساڵی 1937 هاووڵاتیەكی كوردی باكووری كوردستان واتا وڵاتی توركیا كە خەڵكی شاری (وان) دەبێت بەناوی خەلیل ئیبراهیم كە بە (خەلیل ئەفەندی) لەشاری هەولێر ناسرابوو بەهۆی شەڕی نێوان كوردەكان و ئەرمەنەكان لەگەڵ ژمارەیەك كوردی باكوور بۆ باشووری كوردستان كۆچ دەكەن  سەرەتا دەچێتە شاری رەواندوز ، بەڵام بەهۆی بچووكی رەواندوز لەوێ نەیتوانیوە بژیت ، بۆیە روودەكاتە شاری هەولێر ئەوكات هەولێر تەنیا قەڵاو هەرسێ گەڕەكی تەعجیل و خانەقاو عەرەبان هەبووە دەبینێت شارەكە هیچ باخێكی نیە كە خەڵكی بچن كاتی تێدا بەسەربەرن ، بۆیە خەلیل ئەفەندی دەچێتە لای پارێزگاری ئەوكاتی هەولێر كە پێیاندەوت (موتەسەریف) و خۆی پێدەناسێنێت و دەڵێت من لەشاری وانی توركیا هاتووم پیشەم باخەوانی بووەو دەپرسم ئێوەی خەڵكی هەولێر چۆن بەبێ بوونی درەختێك یا باخێك دەتوانن هەوایەكی خاوێن هەڵمژن.

سەید موحسین باسی لەگفتوگۆی خەلیل ئەفەندی و موتەسەریفی ئەوكاتی هەولێر دەكات و دەڵێت : خەلیل ئەفەندی پێشنیار بۆ موتەسەریف دەكات و دەڵێت ئەگەر بێتو من لەشارەوانی هەولێر دامەزرێنن و لەجێگایەك زەویەكم بۆ دیاری بكەن بۆتانی دەكەم بەباخێك ، دیارە موتەسەریفەكەی ئەوكاتی هەولێر پیاوێكی ئاقڵ بووەو خەڵكی شارەكەش بووە بەو پێشنیارە رازی بووە بۆ بەیانی فەرمانی بەسەرۆكی شارەوانی هەولێر كردووەو خەلیل ئەفەندی بەباخەوان لەشارەوانی دامەزراوە.

دوای بوونی بەباخەوان خەلیلە ئەفندی دەچێت لەناو شاری هەولێر بۆ دیاریكردنی زەویەكی گونجاو بۆ دروستكردنی باخەكە دەگەڕێت ئەو شوێنەی كە ئێستای باخی شار دەبینێت كە گۆڕستانێكی كۆنی جووەكانی شارەكە بووەو مێژووەكەی زۆر كۆن بووە، بەوتەی سەید موحسین ، موتەسەریف دەچێت كەسایەتیە ناودارەكانی شار كۆدەكاتەوەو پێیان دەڵێت كوردێكی باكوور هاتووەو دەیەوێت باخێك بۆ شارەكەمان دروست بكات ، بەڵام شوێنێكی گونجاومان نیە ئەگەر بێتو ئەو گۆڕستانە تێكبدەین ئێوە رازین ، لەبەر ئەوەی خەڵكیش پێیان باشبووە باخێكی گەورەیان هەبێت ، ئەوان لەوەڵامدا دەڵێن ئەو گۆڕستانە زۆر كۆنە تەنانەت ئێسكی مردووەكانیشی تێدا نەماوە ، بۆیە رەزامەند دەبن بەهۆی ئەوەی ئەوكات ئامێری هەڵكەندن نابێت ، لەبەر ئەوە چوار ئەسپ دەدەن بەخەلیل ئەفەندی و گاسنیان لێدەبەستن بەخۆی برایەكی و 10 كرێكار هەموو گۆڕەكان لادەبەن و زەویەكە رێكدەخەن كە رۆژانە 20 فلس كرێیان داوە بەكرێكارەكان.

سەرۆكی سەنتەری خانەنشینانی باخی شار درێژە بەچیرۆكی باخەكە دەدات و دەڵێت : باخی شار لەئێستا زۆر بچووكراوەتەوەو چەندین شتی لەسەر دروستكراوە ئەگینا لەكۆندا زۆر گەورە بووەو جێگای ئێستای ئاگركوژێنەوەو شوێنی ئێستای بازاری نیشتمان و بازاری داون تاون هەمووی باخی شار بوو كاتێكیش هەموو زەویەكان دەكێڵێت دەچێت لەگوندەكانی دەوروبەری هەولێر چەندین جۆر داری میوەی وەك سێوو خۆخ و ترێ و هەنار دەهێنێت و دەیانچێنێت و باخی شار دروست دەكات و زۆر بەباخەكە ماندو دەبێت كە ئەوكات یەكێك بوو لەباخە جوانەكانی شاری هەولێرو كوردستان ، بۆیە ئێستاش هەولێریە دێرینەكان ناڵێن باخی شار ، بەڵكو هەر دەڵێن (باخی خەلیلەفەندی) چونكە ئەوكات بەناوی ئەو ناوی باخەكە هاتووە كە ئێستاش نەوەكانی لەشاری هەولێر دەژین.

ئەو باخە ماوەیەك بێ شورا بوو ، بەڵام لەساڵی شەستەكاندا حكومەتی خۆجێی هەولێر شورایان بۆ دروستكرد بەئاسن وەكو موحەجەرە كە ئەوكات لەتەنیشت باخەكە عەلوەی فرۆشتنی سەوزەو میوە بووە.
ئەو باخە زۆركات گۆڕانكاری لەبەڕێوەبردنی بەسەردا هاتووە ، سەید موحسین دەڵێت : لەساڵی 1971 - 1972 یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئەو باخەیان كرد بە یانەی خۆیان تا ساڵی 1974 كاتێك شەڕی شۆڕشی كوردو حكومەتی عیراق دەستیپێكرد یەكێتی مامۆستایان نەمان و پەیوەندیان بەشۆڕش كرد ئەو باخە فەرامۆش كرا لەساڵانی هەشتاكاندا تا نەوەدەكانیش هەر بەفەرامۆشكراوی مایەوە خەڵكی بەئارەزووی خۆی دەهاتنە ژوورەوەو دەرگای نەبوو زیانیان بەباخەكە دەگەیاند ، بۆیە لەساڵی 2008 فاروق سەید حەسەن كە كەسایەتیەكی وەرزشی و مامۆستایەكی دێرینی كۆچكردووی شاری هەولێرە لەگەڵ چەند مامۆستایەكی وەكو مامۆستا تاهیرو مامۆستا جەمال هیدایەت و شێخ عەزیز هەستان بەپارێزگاری ئەوكاتی هەولێریان وت ئێمەی خانەنشین جێگایەكمان بۆ حەوانەوە نیەو هەموویان لەبەردەم مزگەوت و بندیوارەكان دادەنیشن و لەچایخانەكانیش جێگایان نابێتەوە ، بۆیە پارێزگاریش رەزامەندی لەوەزارەتی شارەوانی وەرگرت كە بكرێت بەو شوێنەو بەناوی خانەنشینان دیاریكرا ، چونكە پێشتر بڕیاردرابوو بكرێت بەدوكان و بەنرخێكی گران بفرۆشرێت ، بۆیە لەمانگی هەشتی ساڵی 2008 ئەو شوێنە كرایەوەو بووە سەنتەری خانەنشینانی هەولێر.

لەئێستادا جگە لەو خانەنشین و پیاوە بەتەمەنانەی هەولێر كە ناویان لەو سەنتەرەی باخی شار تۆماركردووە هیچ كەسێكی تر ناتوانێت بچێت لەو باخە دابنیشێت سەرۆكی سەنتەرەكە ئەوەی ئاشكراكرد كە لەئێستادا نزیكەی 3500 تا 4000 خانەنشین ئەندامی ئەو جێگایەن هەموویان خەڵكی بەتەمەنن بەقسەی سەید موحسین جگە لەخانەنشینانی هەولێر چەندین خانەنشینی شارەكانی وەكو تكریت و رومادی و موسڵ و سلێمانی و زاخۆو دهۆك لەو سەنتەرە ئەندامن و ئێستا چەندین ئەندامی پەرلەمان و دادوەرو وەزیرو كرێكاری شارەوانی خانەنشین ئەندامی سەنتەرەكەی ئەوانن كە رۆژانە لەسەعات حەوتی بەیانی تا حەوتی ئێوارە كراوەتەوە.

ماوەی چەند ساڵێكە باخی شار لەشەوانی رەمەزاندا ئاهەنگی گۆرانی وتن و یاری سینی و زەرفیشی تێدا دەكرێت ، لەوبارەیەوە سەرۆكی سەنتەری خانەنشینان دەلێت : ئەو ئاهەنگە ئێمە سازی ناكەین لایەنی تر هەن ئەنجامی دەدەن ، بەڵام ئێمە بەهۆی ئەوەی زیان بەباخەكەمان دەگات سازكردنی ئەو ئاهەنگەمان بەلاوە باش نیە كە پارێزگاری ئێستای هەولێر بەڵێنی پێمانداوە لەداهاتوو هیچ ئاهەنگێكی تێدا سازنەكرێت.
بەهۆی قەیرانی دارایی و نەمانی بودجە ماوەی چەند ساڵێكە هیچ بودجەیەك بۆ ئەو باخە دانەنراوە ، بۆیە لەلایەن خێرخوازێكە چەند پرۆژەیەكی بۆ باخەكە ئەنجامدراوە وەكو كتێبخانەو كابینەی شوێنی دانیشتن و چەند كارێكی تر.
لەئێستادا پانتایی رووبەری باخی شار بەهۆی دروستكردنی چەندین باڵەخانەو دوكان زۆر بچووك بۆتەوە كە نزیكەی 2 دۆنم و نیوەو موڵكەكەی خراوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پاركەكان و دەوترێت لەداهاتوودا هەر چوار دەوری باخەكە دەكرێت بەباخ ، بەڵام تائێستا ئەنجام نەدراوە. 

PUKmedia هەولێر – رەوەست نەوزاد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket