riklam

هەولێر.. لەنۆ مانگدا 678 منداڵی ئیشكەر و سواڵكەر دەستنیشانكراون

کوردستان 10:22 PM - 2022-06-18

دیاردەی كاركردن و سواڵكردنی منداڵان لەشاری هەولێر بەڕێژەیەكی زۆر بڵاوبۆتەوە بەتایبەتی بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری لەو شارە بەهۆی قەیرانی دارایی و لایەكی تر هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی عەرەبی ناوچە جیاوازەكانی عیراق و وڵاتی سوریا كە رۆژانە بەسەدان منداڵ و تەنانەت مێردمنداڵیش لەسەر شەقام و بازارو ترافیك لایتەكان بۆ سواڵكردن و شتن فرۆشتن دەبینرێن و بوونەتە هۆی بێزاربوونی خەڵكی شارەكەش بەتایبەتی شوفێرانی ئۆتۆمبێل ئەو دیاردەیەش رۆژ لەدوای رۆژ زیاد دەبێت و تائێستا چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە.

یوسف كەریمی 11 ساڵان یەكێكە لەو منداڵە عەرەبانەی ناوچەی (ریسالە) ی شاری موسڵ كە ئێستا لەبازاری سەیداوەی شاری هەولێر كاری فرۆشتنی ئاوی دەكرد دەیوت: هۆكاری كاركردنم بۆ هەژاری دەگەڕێتەوە كە جگە لەمن ، باوكیشم كاری كرێكاری دەكات پێشتر خوێندكاری پۆلی چوارەم بووم لەموسڵ كەچی وازم لەخوێندن هێنا ئێستا لەو بازارە كاری فرۆشتنی ئاو دەكەم رۆژ هەیە نزیكەی 5 هەزار دینار دەسكەوتم بووە ، بەڵام تووشی سەختی پلەی گەرما بووینەتەوە حەزیش ناكەم ئەو كارە بكەم ، بەڵام بۆ ئەوەی یارمەتی باوكم بدەم بەناچاری ئەنجامی دەدەم.

لەبارەی رێگری كردنەكانیان لەكارەكانیان ، ئەو منداڵە عەرەبە دەیوت : ئەو ماوەیەی لەشاری هەولێر لەسەر شەقام و بازاری سەیداوە ئاو دەفرۆشم هیچ لایەنێكی وەكو پۆلیس و رێكخراوەكان نەهاتوون رێگری كاركردنمان لێبكەن و بڵێن كارمەكەن.

یەكێكی تر لەوان مێردمنداڵێكی تەمەن 16 ساڵان بوو كە بەهەمان شێوە خۆی و خێزانی ئاوارەی شاری هەولێر بوونەو لەئێستادا كاری باركردنی كەلوپەلی خەڵكی بەعەرەبانەی دەستی لەبازاری سەیداوەی هەولێر ئەنجام دەدات دەیوت : باوكم تەندروستی خراپەو تووشی پەكەوتەبوون بووە ، بۆیە من ئەو كارە دەكەم چەند رۆژێكە هاتوومەتە ئێرە بۆ كاركردن ، بەڵام كارەكەشمان خراپەو داهاتمان كەمە بەهۆی نەخوێندەواریشمەوە تائێستا نەچوومەتە بەر خوێندن.

سەمیر عەزیز یەكێك بوو لەو هاووڵاتیانەی شاری هەولێر كە رۆژانە لەبازاری سەیداوەی هەولێر پێداویستی خانەوادەكەی دەكڕێت یەكێك لەو منداڵە عەرەبانەی بەكرێ گرتبوو بۆ ئەوەی بەعەرەبانەی دەستی كەلوپەكانی بۆ بگوازێتەوە نرخی هەر گواستنەوەیەك تەنیا هەزار یا دوو هەزار دینارە ئەو دەیوت : ئەو كارەی ئەو منداڵانە دەیكەن زۆر خراپە بۆ ژیانیان ، بەڵام ئەوانیش هەژارن لەناچاری دەیكەن ئەو كارە بۆ ئەوان زۆر سەختە ، چونكە رۆژانە كەلوپەلی قوڕس دەگوازنەوە ، بۆیە زۆر گوناحن و دڵم پێیان دەسووتێت.

وتیشی : هەر جارێك روو لەو بازارە دەكەم شتومەك دەكڕم ئەو منداڵانە داوام لێدەكەن شتەكانم بۆ بگوازنەوە منیش دڵم پێیان دەسووتێت و بەناچاری بۆ شتەكانم بەكرێیان دەگرم و بڕێكی كەم پارەیان پێدەدەم كە ئەو دیاردەیە بەلای منەوە شتێكی هەڵەیە.

مەسعود سابر دوكاندارێكی بازارەكە بوو سەبارەت بەكاركردنی ئەو منداڵانە دەیوت : ئەو منداڵە حەماڵ و شت فرۆشانە بوونەتە هۆی بێزاركردنی خەڵكی كڕیارو دوكاندارو كاسبكارە خاوەن مێزەكانی بازاری سەیداوە زۆربەی منداڵەكان لەنەتەوەی عەرەبن زانیارم هەیە هەندێكیان باوكیان كارناكەن لەچایخانەو قاوەخانەكانی شارەكە دانیشتوون كاتێك منداڵەكان كاردەكەن و دێن پارەی كارەكانیان لێدەسەنن ، زۆركات روویداوە پۆلیس دەستگیری كردوون ، كەچی یەكێك دەچێت و دەڵێن ئەوانە هەژارن ، بۆیە ئازادیان دەكەن بەڕای من هیچیان هەژارنین و باوكی زۆربەیان مووچەیان هەیە سەرەمانگان دەچنە شوێنی خۆیان مووچەكە وەردەگرن و منداڵەكانیشیان خستۆتە سەر شەقامەكانی هەولێر.

نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی ناوەندی هەولێر رایگەیاند : بۆ ئەو كێشەیە ئێمە لەڕێگای لیژنەیەكی تایبەت كە پێكهاتووە لەپۆلیسی نەوجەوانان و پۆلیسی رێككاری و رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان كاری لەسەر دەكەین كە رۆژانە ئەو لیژنەیە چەندین منداڵ لەسەر شەقامەكان كۆدەكەنەوە كە بەشێوەیەكی نایاسایی لەلایەن بەخێوكەرەكانیان یا هەر كەسێكی تر رەوانەی سەر شەقامەكانی هەولێر كراون ئەو منداڵانە بۆ بەرژوەندی خۆیان دەقۆزنەوە.
وتیشی : لەماوەی رابردوو لێپرسینەوەمان لەگەڵ چەند كەسێك بۆ ئەو دیاردەیە كردووە رێوشوێنەكان ئەوەیە كەیسەكانیان رەوانەی دادگا كراون ، بەڵام زۆر بەتوندی هەوڵ دەدرێت كە ئەو منداڵانە لەسەر شەقامەكان دووربخرێنەوە هۆكاری زۆر بوونی ئەو دیاردەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەهەزاران خەڵكی بیانی و ئاوارە لەهەولێر دەژین بەهۆی ئەو جەنگ و بارودۆخی ئابووری و ئەمنی و سەربازیەی هەیە لەئێستادا لەهەولێر نیشتەجێبوونە.

لەبارەی چارەسەرنەكردنی یەكجارەكی ئەو دیارەدەیە قایمقامی هەولێر وتی : دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندارەكان بێنە سەر خەت بەتایبەتی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كە ئەوان لایەنێكی سەرەكی ئەو كێشەیەن هەروەك رێكخراوەكانی منداڵپارێزیش ، بەڵام وەكو قەزای هەولێر توانیتمان تاڕادەیەكی باش ئەو دیاردەیە كەمبكرێتەوە ئەگەر منداڵ لەسەر شەقام كاریش بكات هەر بەسواڵكردن ئەژماری دەكەین ، چونكە هەر شتێك بفرۆشن مەبەستەكەی سواڵكردنە.

محەمەد گۆمەشینی توێژەری كۆمەڵایەتی دەربارەی كاركردنی منداڵان لەهەرێم وتی : كاركردنی منداڵان لەبنەڕەتدا پێچەوانەی بنەماو یاسا نێودەوڵەتیەكان و رێككەوتنامەی مافەكانی مرۆڤە سادەترین مافی منداڵ بریتیە لەوەی بخرێتەبەر خوێندن و پارێزگاری و چاودێری بكرێت ترسی گەورەی كاركردنی منداڵان لەدوو خاڵی سەرەكی خۆی دەبینێتەوە یەكەم بەشی زۆری ئەو منداڵانەی كاریان پێدەكرێت كاری لەخۆیان قورستریان پێدەكرێت جا چ كاركردن بێت یا سواڵكردن لەبەر ئەوەی ئەو منداڵان بەگەرماو سەرماو لەبەر خۆر بۆ ماوەیەكی زۆر دەمێننەوە كاریگەری لەسەریان هەیە ، خاڵی دووەم بریتیە لەمەترسی هەراسان كردن و ئیستغلال كردن هەیە لەسەریان كە بۆ مەرامی تر بەكاردەهێنرێن كە ئەمانە وادەكەن ئایندەی ئەو منداڵانە ناڕۆشن بێت و لەگەڵ خەڵكی تر تێكەڵ بن زۆرجاریش بینیومانە كە ئەو منداڵانە لەلایەن گروپە مافیاكانی سواڵكردن و دزیكردن بەكاردەهێنرێن.

نایف سلێمان بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان لەبارەی ئەو دیاردەیە رایگەیاند : دوو جۆر منداڵی ئیشكەر هەیە یەكێكیان پێی دەڵێن كاركردنی منداڵی رێكخراو كە ئەوانە لەشوێنكارەكان ئیش دەكەن وەكو كافێ و كارگەكان و شوێنی تر ، كارپێكردن و ئیستغلالكردنی منداڵی ناڕێكخراویش هەیە كە بریتیە لەكاری دەستگێڕی ترافیك و بازارەكان و شوێنە گشتیەكان یا ئەوانەی سواڵ دەكەن.
وتیشی : بەپێی یاسای عیراقی هەر منداڵێك لەخوارەوەی تەمەنی پانزە ساڵی بێت بۆی نیە كاربكات ئەوەی لەسەرووی ئەو تەمەنش كاربكات ئەوە مەرجدارە كە نابێت كارەكە مەترسیدارو قورس بێت ، ئێمە ئەمساڵ بەهاوبەشی قایمقامیەت و پارێزگای هەولێرو وەزارەت كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و پۆلیسی رێككاری و پۆلیسی نەوجەوانان لیژنەیەكمان بەناوی پاراستنی منداڵ پێكهێناوە بەمەبەستی دیاریكردنی ئەو منداڵانەی پێشێلكاریان بەرامبەر دەكرێت و بەڕێوەبردنی كەیسیان بۆ دەكرێت هەروەها ئەگەر سەرپێچی یاسایی تێدابێت لەلایەن كەسانی گەورە بەكاردەهێنرێن ، ئێمە پارێزەری بەخۆڕاییمان بۆیان دابین دەكەین بۆ داكۆكی لەمافی منداڵەكە.

بەڕێوبەری ئەو رێكخراوە روونیشی كردەوە كە ئەو لایەنانەی باسكران تیمی هاوبەشیان لەهەرسێ پارێزگای هەولێرو دهۆك و سلێمانی هەیە كە لەكوردستان رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان دایهێنا كە پێكهاتووە لەتوێژەرانی كۆمەڵایەتی و پشكنەری كارو لەپۆلیس.
سەبارەت بەبنبڕنەكردنی ئەو دیارەدەیە لەهەرێم ، نایف سلێمان وتی : هۆكارەكان بریتین لەبارودۆخی  ئابووری و توندوتیژی گشتی و هاتنی پەنابەرو ئاوارە كە سەرووی 85% یان منداڵی ئاوارەن هەروەك 11% یان پەنابەرن و رێژەكەی تریش منداڵی خانەخۆن ، ئێمە پڕۆسیسەرێكمان دەستپێكردووە بەتایبەتی ئەوانەی لەترافیكەكان كاردەكەن كە تائێستا ئێمە بەهاوبەشی لەگەڵ قایمقامیەتی هەولێر دووجار لیستمان بەرزكردۆتەوە بۆ داواكاری گشتی و پارێزەرەكەش بەدواداچوونی بۆ دەكات دۆسیەیان بۆ كراوەتەوە بۆ دادگای تایبەت كە ئەوانیش بۆ بنكەكانی پۆلیس كە ئەوانیش بانگی دایك و باوكیان كردووەو رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر.

سەبارەت بەئاماری رێكخراوەكەیان وتی : لەشەش مانگی كۆتایی ساڵی 2021 تیمەكانمان دەستنیشانی 492 حالەتی كاركردنی منداڵی لەهەولێر كردووەو لەسێ مانگی یەكەمی 2022 شدا دەستنیشانی 186 حالەتی كاركردنی منداڵی لەو شارە كردووە كە زۆربەی ئەو منداڵانەی كە ئێمە دەستنیشانمان كردوون كە كاردەكەن ژیانیان لەمەترسیدایە كە كاری توندوتیژیان بەرامبەر بكرێت.
PUKmedia   هەولێر – رەوەست نەوزاد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket