}

كارمه‌ندانی كه‌رتی تایبه‌ت خانه‌نشین ده‌كرێن

کوردستان 06:37 PM - 2022-06-15

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا، هه‌مواری یاسای خانه‌نشینی به‌جۆرێك بێت كه‌  كارمه‌ندانی كه‌رتی تایبه‌تیش به‌هه‌مان شێوه‌ی كارمه‌ندانی كه‌رتی گشتی خانه‌نشین بكرێن.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا  15ی حوزه‌یرانی 2022 كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و نووسینگه‌ی ئابووری سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێوه‌چوو، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران رایگه‌یاند: یاسای خانه‌نشینی ده‌بێت به‌ جۆرێك هه‌موار بكرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێویستییه‌كانی سه‌رده‌م و ره‌وتی گه‌شه‌كردنی كه‌رتی تایبه‌تدا بگونجێت.

وتیشی: هه‌مواری یاسای خانه‌نشینی ده‌بێت له‌چوارچێوه‌ی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تدا بێت سه‌باره‌ت به‌ هاوتاكردنی ماف و ئیمتیازاتی كارمه‌ندانی كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌رتی گشتی، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌كه‌وه‌ یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت له‌ گه‌شه‌كردن و به‌هێزبوونی كه‌رتی تایبه‌ت و زیادكردنی هه‌لی كارو له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ هانده‌ر ده‌بێت بۆ هاووڵاتیان له‌بری ئه‌وه‌ی ته‌نها چاوه‌ڕوانی دامه‌زراندن له‌حكومه‌ت بكه‌ن، به‌ هه‌مان ئیمتیازاتی كه‌رتی گشتی ده‌توانن له‌كه‌رتی تایبه‌ت دابمه‌زرێن.

جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ده‌بێت پڕۆژه‌ی هه‌مواری یاساكه‌ به‌ جۆرێك ئاماده‌ بكرێت كه‌ قابیلی جێبه‌جێكردن بێت و له‌گه‌ڵ بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان بگونجێت.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ستایشی هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی كرد له‌ئاماده‌كردنی ڕه‌شنووسی هه‌مواری یاساكه‌، ئه‌وه‌شی به‌ئاماده‌بوان راگه‌یاند، پێویسته‌ له‌هه‌فته‌ی داهاتوودا كۆبوونه‌وه‌كان له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌رده‌وام بن تاكو هه‌مواری یاساكه‌ ته‌واو بكرێت.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket