riklam

یانەی كوردی لە رۆتردام كۆڕێكی زانیاری بەخشین ساز دەكات

تاراوگە 10:49 AM - 2022-05-10

یانەی كوردی لە رۆتردام " میدیا" رۆژی 08 / 05 / 2022 لە دەستپێكی چالاكییەكانی ساڵی 2022 و بە بۆنەی رۆژی دایكەوە. كۆڕێكی زانیاری بەخشینی بۆ هەر یەك لە مامۆستایان ( دەرسیم زەند و بەهرە كوردە) ساز كرد .. كۆڕەكە دوو تەوەری گرتەخۆ تەوەری یەكەم مامۆستا ( بەھرە كوردە ) پێشكەشی كرد، كە بریتی بوو لە تیشك خستنەسەر: پەروەدەی دروست چیە؟ ئایا كلتور و سەردەم كار دەكەنە سەر پەروەردەی خێزانی ؟ پەروەردەكردن تەنها لە تەمەنێكی دیاری كراودایە یان بێ سنوورە؟ بۆ ئەوەی لەم گێژاوە دەربچێن و بگەینە ئەنجام، بە هاوكاری ئەزموونی ئێوە وەڵامی ئەم پرسیارە پەنگخواردوانە بەرجەستە بكەین.
تەوەری دووەم لە لایەن مامۆستا ( دەرسیم زەند ) پێشكەش كراو تیشكی خستەسەر ئەم بابەتە؛ "  گەشەپێدانی خودی لە نێوان پەرەپێدانی پەروەردەیی و سەردەم ". گەشەپێدانی خودی چیە؟ چۆن پەرەی پێدەدرێ؟ وشیاربوونی تاكە كەس بەرامبەر هێزو توانای خودی چۆنە؟ پەروەردە و تەكنەلۆژیای سەردەم چ سوودێ یان زیان بە گەشەپێدانی خودی دەدەن؟

 بەهرە خان بە تێروتەسەلی باسی لە كاری خێزان كرد لە پەروەردەدا، پەروەردەكردنی ناخی خۆتە. واتە دەبێت دایك ‌و باوك خاوەنی كەسایەتیی باش و هەڵسوكەوتی جوان و شیاو و ڕۆشنبیر بن، چونكە منداڵ زیاتر بە بینین و لاساییكردنەوە فێر دەبێت و وەردەگرێت و كاردانەوە دەنوێنێت. پەروەردەكردن بە پرۆگرام كردنی مێشكی منداڵە لە تەمەنی كۆرپەییەوە تا پێگەیشتن بە زانیارییەكانی وەك گەشە كردنی لایەنی كەسایەتییە جەستەیی و دەروونی و كۆمەڵایەتی و سۆزداری. سەركەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك، بەندە بە پەرەپێدان و چۆنێتیی وەبەرهێنان لە پەروەردەدا. ئامانجی سەرەكیی پەروەردە، بەرهەمهێنان و بونیادنانی مرۆڤی ئازاد و نەترس و میانڕەو و دیدگەكراوە و بەخشندەیە؛ ئامادەكردنی مرۆڤە بۆ ژیان تاكوو ژیانێكی مرۆیییانە بژی، شایستەی ژیانی هاوچەرخ بێت. پێوستە پەروەردە پرۆسەیەكی جوان بێت، لەسەر ڕەوتی جوانی بڕوات و تاكێكی پڕچەك بە ڕەوشت و بەها جوانەكان پێ بگەیەنێت و كۆمەڵگەیەكی جوان بونیاد بنێت لە نموونەی كۆمەڵگە پێشكەوتن خوازەكانی دونیای ئەمڕۆ. لەم كۆرەیدا تیشكی خستە سەر ئەو بەهایانەی پێویستە لە پەروەردەدا هەبێت و پەروەردە جوان دەكەن و دواجاریش بەرهەمی جوان پێشكەش بە كۆمەڵگە و مرۆڤایەتی دەكەن.

بەها جوانەكانی پرۆسەی پەروەردەی درووست: متمانە بەخۆبوون، متمانە بە بەرامبەر ،

بەهای ئازادی، بوێری، هەست بە بەرپرسیارێتی، لێبوردەیی ، بەهای ڕێزو خۆشەویستی.

پەروەردەی موڵكی هیچ ئایین وفكر ئایدۆلۆژیا و كلتورێك نیە، بۆ ئەوەی كلتوور كارنەكاتە سەری.، پێویستی بە پەروەردەیەكی تۆكمەو درووستە.

لە تەوەری دووەمدا دەرسیم خان باسی لە گەشەپێدانی خودی لەنێوان پەرەپێدانی پەروەردەیی و تەكنەلۆژیای سەردەم كرد و گوتی: گەشەپێدانی خودی چیە؟ وشەیەكە، ڕاهێنانێكە،ڕێگایەكە،گۆرانكارییەكە كە بەردەوام هێزو توانای تاك بەدەردەخات یانیش خاسیەتی كۆن و نابەجێ لەناو دەبات بۆیە گەشەپێدانی خودی بەكاردێ بۆ بەدی هێنانی ئامانجێكی دیاری كراو لە هەر بوارێكدا.

‎پەیوەندی نێوان پەروەردە و گەشەپێدانی خودی زۆر پتەوە و تەواوكەری یەكترن! چونكە پەروەردە نابێ بە پەروەردەیەكی دروست گەر گەشەپێدانی خودی لەگەڵدا نەبێ و گەشەپێدانی خودیش ناگاتە ئامانج گەر پەروەردەیەكی دروستی لەگەڵدا نەبێ!

‎لەهەربوارێكدا مرۆڤ دەكەوێتە نێوان دوو رێگا بۆ بریاردان:

١- ڕازی بوون بەوەی كە هەیەتی، تادوا تەمەن كە لە هەمان ئاست و هەمان بوار بمێنێتەوە.

٢_ هەوڵ و كۆشش بكات تا گەشە بكات لەهەر بوارێكی ژیانی هێزو توانای خۆی بەكاربێنێ.

‎رێگاكانی گەشەپێدانی خودی لەهەر بوارێك:

‎بە كورتی دەتوانی لە شەش خاڵ كۆیان بكەینەوە:

‎هۆشیاربوون، دیاریكردنی ئامانج، پلان دانان، كەوتن و هەستانەوە،متمانە بەخۆكردن ، خوێندنەوە. تەكنەلۆژیا بەبەردەوامی لەنوێ بوونەوەدایە بۆیە رۆڵێكی گرنگی هەیە لەسەر گەشەپێدانی خودی وەك هەموو شتەكانی سەردەم تەكنەلۆژیا چۆن سوودی هەیە ئاواش زیان بە گەشەپێدانی خودی دەدات.

‎لەكۆتاییدا باسی لەچەند یاسایەك كرد كە لە پرۆسەی گەشەپێدانی خودی پەیڕەو دەكرێ لە هەموو بەرچاوتریان یاسای چەخت كردنەوە، كە دەڵێ هەرشتێك كە بۆ ماوەیەكی زۆر بیری لێ بكەیتەوە ئەوا لە ژیانی راستیدا روودەدات.

شایانی باسە كۆڕەكە جێی رەزامەندی هەمووان بوو، داوایان كرد كە یانەی كوردی میدیا لە رۆتردام بەردەوام بێت لە سازدانی ئە دانیشتن و كۆڕە بە سوودانە. لەكۆتاییشدا بە خواردنی كوردی هەمەجۆر كۆڕەكە كۆتایی ھات.

PUKmedia هيوا سەرهەنگ

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket