riklam

لەكۆنفرانسی پاراستن و پەرەپێدانی شوێنەواردا چەندین راسپاردە دەخرێنەڕوو

شوێنەوار 06:09 PM - 2021-12-01

دروستكردنی مۆزەخانەی نیشتمانی و گۆڕینی پەیكەری ئیداریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شوێنەوار، بەشێكن لە خاڵەكانی راسپاردەی كۆنفرانسی پاراستن و پەرەپێدانی شوێنەوار و كەلەپوور، كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوارەوە لە ماوەی دوو ڕۆژدا بەڕێوە چوو.

ڕۆژی 29/11/2021 كۆنفرانسەكە بە وتاری وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەستیپێكرد و تێدا ئاماژەی بەوە دا كە سەرەڕای قەیرانی دارایی، بە بڕیاری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، ساڵانە بڕی 900 ملیۆن دینار بۆ شوێنەوار تەرخان دەكرێت و داهاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش لە كۆنفرانسی داهاتدا بڕیاری دا ڕێژەی 1%ی داهاتی شارەوانییەكان بۆ شوێنەوار و كەلەپوور خەرج بكرێت كە ئەمە بەڵگەی بایەخی زۆری كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بە كەرتی شوێنەوار.

دوێنێ سێ شەممە كەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، گۆشەنیگای حكومەتی بۆ برەودان بە كەرتی شوێنەوار روون كردەوە و رایگەیاند: وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وێڕای قەیرانە دارایییەكان، هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی ئەم كەرتە ببووژێتەوە، هەر بۆیە بە سەرپەرشتی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەم كۆنفرانسەمان ڕێكخست.

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار، ڕاسپاردەكانی كۆنفرانسەكەی خوێندەوە كە بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:

1. گۆڕینی پەیكەری ئیداری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەو شێوەیەی كە گونجاوبێت لەگەڵ سروشتی شوێنەوار و كەلەپور و یاسای نوێی شوێنەوار و كەلەپوری هەرێم لە لایەن وەزارەتی دارایی پەسەند بكرێت.
2. زیادكردنی چەمكی شوێنەوار بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و  بكرێتە شارەوانی و شوێنەوار و گەشتوگوزار .
3. بەستنەوەو گرێدانەوەی كۆمسیون و ئەو لێژنانەی لە دەرەوی ئیدارەی شوێنەوار پێك دەهێنرێن بە شوێنەوارەوە لە ژێر چاودێری ئیدارەی شوێنەوار بن.
4. دروستكردنی مۆزەخانەی نیشتمانی لە پایتەختی هەرێم كە دیزانیشی بۆ كراوە.
5. تۆماركردن و داتابەیسكردنی سەرجەم پارچە شوێنەواریەكانی مۆزەخانەكانی هەرێم لە ژێر كۆدێكی تایبەت كە لە هەر شوێنێك بێت بناسرێنەوە.
6. مۆزەخانەكانی هەرێم بكرێنە بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆ، و هەمواركردنەوەی یاسای بەڕێوەبردنی  شوێنەوارو كەلەپوری هەرێم ژمارە [5] ساڵی2021 دەركردنی یاسایەكی تایبەت بە مۆزەخانەكان، و كردنەوەی مۆزەخانەی تایبەت بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی مۆزەخانەیان نیە (هەڵەبجە، ڕاپەڕین، زاخۆ، ئاكرێ، سۆران) .
7. هەڵاوێركردنی (استپنا‌و) بیناو باڵاخانە كەلەپوریەكان و موڵكە شوێنەواریەكان لە بەكرێدان بە زیادكردنی ئاشكرا  پاڵپشت بە مادەی [34] لە یاسای بەكرێدانی موڵك و ماڵی دەوڵەت ژمارە [1]ی ساڵی 2021 لەبەربوونی تایبەتمەندی شوێنەوارو كەلەپوور، و دەسەڵات دراوە بە وەزیری شارەوانی.
8. تەرخانكردنی بودجەیەكی ساڵانە بۆ مەبەستی خۆماڵەكردنی بیناو باڵاخانە كەلەپوریەكان یان قەرەبوكردنەوەیان بە شێوازی عەینی لەسنوری شارەوانی خۆیان بە مەرجێك لایەنی سودمەند شوێنەوار بێت.
9. وەرگرتنی ڕەزامەندی ئیدارەی شوێنەوار لە بەكارهێنانی ناوناونیشانی شوێنەواری لە شوێنە بازرگانی و پیشەسازی و كومپانیاكان و  لە بەرامبەر پێدانی كرێی.
10. بەشداریپێكردنی كەرتی تایبەت بە نوێكردنەوە و دووبارە دروستكردنەوەی بیناو باڵاخانە كەلەپورییەكان لەبەرامبەر بەكارهێنانی لەلایەن ئەوانەوە لە ژێر چاودێری ئیدارەی شوێنەوار بە مەرجێك ڕەسەنایەتیان بپارێزێت .
11. دەركردنی ڕێنمایی تایبەت بەیاسایی بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و كەلەپوری هەرێم بۆ هەموو ئەو ماددە یاسایانەی پێویستیان بە ڕێنماییە.
12. دانانی چەند بنەمایەكی یاسایی لە یاساكانی وەبەرهێنان و بانەوانی بە هاوبەشی و ڕاوێژ لەگەڵ ئیدارەی شوێنەواری هەرێم تا بتوانرێت سوود لە پێگە  شوێنەواری و باڵاخانە شوێنەواریەكان وەربگیرێت .
13. گەڕاندنەوەی هەموو ئەو موڵك و بینا و باڵاخانانەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لە ژێر ناونیشانی شوێنەوارو كەلەپور خۆماڵەكراون، كە بە ناوی وەزارەت و دامەزراوەی تری حكومەتەوە تۆمار كراون بۆ سەر ناوی ئیدارەی شوێنەوارو كەلەپور.
14. دەستنیشان كردنی یەكەی پۆلیسی تایبەت بە پاراستنی شوێنەوارو كەلەپور لە لایەن پارێزگاكان وئیدارە سەربەخۆكان، و هاوئاهەنگ بكرێن لە گەڵ ئیدارەی شوێنەواری سنوری خۆیان بۆ پاراستن و ڕێگری كردن لە دەستدرێژیكردنە سەر ناوچە شوێنەواریەكان .
15. سەپاندنی باج لەسەر كۆمپانیا گەورەكان (بیناسازی، پیشەسازی، ووزە، ڕاگەیاندن، گواستنەوە، ئەنتەرنێت)  لەژێر ناوی باجی پاراستنی بوژانەوەی شوێنەوارو كەلەپور لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری بە ڕێژەیەكی دیاركراو لە لایەن وەزارەتی داراییەوە وەك پاڵپشتیەك بۆ بوژانەوەی شوێنەوارو كەلەپوور بخرێتە سەر ئەژمێری (حساب) شوێنەوار.
16. ئەو شوێن و ناوچانەی كە وەزراەتی ئەوقاف بەڕێوەیان دەبات كە شوێنەوارو كەلەپوورین بە پێی یاسای شوێنەوارو كەلەپووری هەرێمی كوردستان ژمارە (5) ی ساڵی 2021  مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت ، و ئەنجامدانی ڕووپێوی هاوبەش لە نێوان شوێنەوارو ئەوقاف.
17. تەرخانكرنی زەوی لە لایەن شارەوانییەكانی سنووری خاوەن بیناو باڵاخانە كەلەپوریە خۆماڵەكراوەكان، و ئەو باڵاخانانەی كە بە بینای كەلەپوری تۆماركراون بەڵام لەبەرنەبونی پارەی نەختینە بڕیاری خۆماڵەكردنیان بۆ دەرنەچووە لە لایەن دادگاوە بەگوێرەی یاسای خۆماڵەكردن .
18. مۆڵەتدان بە كەسانی ئاسایی و مەعنەوی بە كردنەوەی مۆزەخانەی كەلەپوری لە ژێر چاودێری و مەرج و ڕێنمایی تایبەتی ئیدارەی شوێنەوار لە بەرامبەر وەرگرتنی كرێی مۆڵەت .
19. دەركردنی گۆڤارێكی زانستی بە شوێنەوارو كەلەپور شەش مانگ جارێك و دابینكردنی بودجەی پێویست بۆ تەرخانكردنی ئەو بودجەیەش لەلایەن لێژنیەكی پسپۆری شوێنەوارو كەلەپور دەخەمڵێنرێت .
20. تەرخانكردنی ڕێژەیەك لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان بەڕێژەی 2٪ بۆ نۆژەنكردنەوەی بیناو باڵاخانە كەلەپوریەكان لە سنوری ئیدارەی خۆجیەتی شارەكان .
21. شوێنەوارو كەلەپور بخرێتە پڕۆگرامی خوێندنی لە وەزارەتەكانی پەروەردە لە سەرجەم قۆناغەكان بە باخچەی ساوایانەوە تا كو خوێندنی زانكۆیی و باڵا.
22. خوێندنی باڵا ساڵانە چەند كورسییەك لە بوارەكانی بكالۆریۆس و ماستەرو دكتۆرا بۆ فەرمانبەرانی  ئیدارەی شوێنەوار تەرخان بكات لە بوارەكانی (كارگێری و بەڕێوەبردن، شوێنەوارو كەلەپور، ئەندازیاری تەلارسازی و ئایتی، ژمێریاری)
23. دامەزراندن و دانانی شوێنەوارناس لە خاڵە سنوریەكان و فڕۆكەخانەكان هەروەها وەرگرتنیان لە پۆلیس و ئاسایش بۆ پاراستن و ناساسینەوەی شوێنەوارو ڕێگریكردن لە دەرچوونیان بۆ دەرەوەی هەرێم بەشێوەی نایاسایی .
24. وەزارەتی دارایی ڕێنمایی تایبەت بە شوێنەوار و كەلەپور دەربكات، بە ڕاوێژو هاوبەشی ئێدارەی شوێنەواری هەرێم بەشێوەیەك گونجاوبن لەگەڵ سروشتی كاری زانستی شوێنەواری .
25. خەرجكردنی دەرماڵەی ترسناكی مەیدانی [حقلی] بۆ شوێنەوارناسان و كارمەندانی بواری شوێنەوار و كەلەپور لە ماوەی كاركردن لە كنەو پشكنین، نۆژەنكردنەوە، چاككردنەوەو صیانەكردنی پارچەی شوێنەواری.
26. ڕێگەدان بە ئیدارەی شوێنەوار بۆ سوود وەرگرتن لە ناوچەی پارێزراوی شوێنەواری (محرمات) دوای دڵنیابون لە سەلامەتی پێگە شوێنەواریەكە و ئەنجامدانی كاری زانستی شوێنەواری .
27. دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بەهاوبەشی لەگەڵ ئیدارەی شوێنەواری هەرێم ڕووپێوی سەرتاسەری لە هەرێم ئەنجام بدەن، بۆ دیاریكردن و تۆماركردنی هەموو ئەو ناوچە شوێنەواریانەی كە شیاون بۆ گەشتوگوزار دواتر لەلایەن گەشتوگوزارەوە، كاری تێدابكرێت لەژێر چاودێری ئیدارەی شوێنەوار، بەمەرجێك لە هەموو دۆخێكدا ڕەسەنایەتیان پارێزراو بێت و نەشێوێندرێن .
28. بەدەركردنی هاتنە ژورەوەی نێردە شوێنەواریكانی بیانی بواری زانستی  شوێنەوار  لە باجی هاتنە ژوورەوە كە بڕەكەی 70 دۆلارە بۆ هەر ئەندامێك كە ئەمانە لە بواری زانستی شوێنەوارناسی لە هەرێم كاردەكەن، كە لە سەر بودجەی خۆیانن، كۆمپانیای قازانج بەخش نین، لە گەڵ ڕێگەپێدانیان بەهێنانە ژورەوەی ئامێرو كەلووپەلی پێویستی بواری ئەنجامدانی كاری شوێنەواری ئەو تیمانەی لە گەڵ وەزارتی شارەوانی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار مۆڵەت دراون .
29. دروستكردنی بینایەكی شیاو بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەواری هەرێم لە هەولێری پایتەخت بەجۆرێك شیاوی شوێنەوارو شارستانیەتی دێرینی نەتەوەكەمان بێت .
30. بەدەركردنی (استپنا‌و) بەڕێوەبەرایەتیەكانی شوێنەوارو كەلەپووری (هەڵەبجە، ڕاپەڕین، ئاكرێ، زاخۆ) لە مەرجەكانی دامەزراندن، تاكو میلاكی پێویستیان لەڕێگەی دامەزراندنی هەمیشەیی یان گرێبەست لە بوارو پسپۆڕییەكانی (شوێنەوار، ژمێریاری، ئەندازیاری، یاسایی، كارگێڕی، ئەندازیاری تەلاسارسازی كۆن، مێژوو و جوگرافیا) بۆیان دادەنرێت.

 PUKmedia بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوارو كەلەپوور

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket