riklam

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان: 730هەزار دەنگی پووچەڵ هەبووە

عیراق 06:10 PM - 2021-11-11

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی 11ی 2021 حەختیكردەوە كە تانەو راسپاردەكان لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە سەیر دەكرێت و یەكلایی دەكرێنەوە ئاماژەشیدا زیاتر لە نیو ملیۆن دەنگی پووچەڵ هەبووە.

لەو بارەیەوە جومانە غەلای وتەبێژی رەسمی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەمیانی لێدوانێكی تایبەتدا بۆ PUKmedia رایگەیاند: زیاتر لە 730هەزار دەنگی  پووچەڵ هەبووە و ئەوەش بەهۆكاری جیاواز لەوانە بەشێكیان بێ‌ مۆر بوون یاخود چەند مۆرێكیان لەسەر بووە وەیان لەشوێنی ناڕاستدا مۆركراون.

راشیگەیاند: كۆمسیۆن سەرجەم ئەو ئەركانەی لەسەر شانی بووە جێبەجێی كردوون و ماوەتەوە سەر تانەو بەڵگەنامەكان كەچاوەڕوان دەكرێت لەلایەن دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكانەوە رەوانەی دەستەی دادوەری بكرێت بەمەبەستی سەیركردن و یەكلایی كردنەوەیان.

جەختیشی كردەوە دوای ئەوەی دەستەی دادوەری كۆتایی بەكارەكانی لەبارەی بەتانەكان دەهێنێت كۆمسیۆن دەرئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی 10ی 10ی 2021 ی پەرلەمان رادەگەیەنێت.

لەلایەكی ترەوەو هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ماوەی سەیركردنی تانەكان لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە دیاریكردو ئاماژەی بەوەشدا لەتوانای دەستەكەدا هەیە جارێكی تر ئەژماركردنەوەی دەستی بۆ دەنگەكان بكات.

لەو بارەیەوە عیماد جەمیل بە ئاژانسی هەواڵەكانی عیراقی راگەیاندووە كە بەپێی یاسا چاوخشاندن بەتانەكان لەدوای 10 رۆژ دەبێت لەكۆتا ئەو تانەیەی كە بۆ دەستەی دادوەری نێردراوە و ئاماژەشیدا كە بڕیارەكان لەسەر هەردوو لا پابەند كراوە چ لایەنی پێشكەشكاری تانەكەكان بێت یاخود كۆمسیۆن بێت.

روونیشی كردەوە، ناتوانرێت تانە لە ئەنجامی تەواوی پارێزگایەك بدرێت بەڵام دەكرێت تانە لەئەنجامەكانی بازنەیەك بدرێت چونكە ئەوە پاڵێوراوەكانن تانەیان پێشكەش كردووە، ئاشكراشیكرد دەستەی دادوەری لەتوانایدا هەیە بریار لەسەر ئەژماركردنەوەی دەستی لە بازنەیەك یاخود چەند ناوەندێكی دەنگدان یان چەند وێستەگەیەكدا بدات.

عیماد جەمیل راشیگەیاند: دەبێت هەمووان پابەندی بڕیارەكانی دەستەی دادوەری بن و ناشتوانرێت تانەیان لێبدرێت چونكە ئەوە بە بەشێك لەدادگای تێهەڵچوونەوە دادەنرێت و تانەدان لەدەستەكە دەبێت لەبەردەم دادگای فیدڕاڵیدا بێت ئەوەش نابێت چونكە دادگای فیدڕاڵی دادگایەكی دەستوورییەو ئەركی سەیركردنی ئەو پرسانەیە كە دەستووریین و سەیركردنی ئەو پرسانە نییە كەپەیوەندییان بەهەڵبژاردن و پرسەكانی ترەوە هەیە.

وتیشی: پێشتر تانە لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان درابوو بەڵام بەهەند وەرنەگیرابوون و یاساكە لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی پێدراوەو دەبێت هەمووان لەسەر جێبەجێكردنی پابەندبن.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket