riklam

خێزان یەکەمین بناغەی بنیاتنانی کەسایەتی منداڵە

پەروەردە 07:51 PM - 2021-11-10

خێزان یەکەمین بناغەی بنیاتنانی کەسایەتی منداڵە، ژینگەیەکی گونجاو و باوەشێکی گەرمە کە تیایدا دەتوانێت هەست بە ئاسودەیی بکات و کەسایەتی و  متمان بەخۆ بوونی تیادا دروست بکرێت. هەڵسوکەوتی دایک و باوک کارگەری هەیە لەسەر دروست بوونی کەسایەتی منداڵ.

بۆ ئەم مەبەستە PUKmedia گفتوگۆی کرد لەگەڵ دەروونزان و نووسەری پەروەردەیی، عەزیز ئالانی، لە وەڵامی پرسیارەکاندا بۆ PUKmedia وتی:

دەقی گفتوگۆ کردنەکە:

پرسیار: گرنگی و بایەخی ژینگەی خێزانی چییە لە پەروەردەی منداڵا؟

وەڵام: عەزیز ئالانی
ژینگەی خێزانی، تەنها بریتی نییە لەو خانوەی کە خێزانێک پێکەوە تیایدا دەژین، هەروەها بریتی نییە له تەنها ژوورەکانی ئەو خانوە و کەل و پەلەکانی ناو ژورەکان و حەوشە و سەربان و باخ و بەرهەیوان، بەڵکو ژینگەی خێزانی، واتە دەیان ژینگەی بەناو یەکدا چوو، کە وەک دەستەیەک پیاڵە هەموویان پێکەوەن و لێک جیاناکرێنەوە، ئەم هەموو ژینگانە هەموویان پێکەوە، کار لە یەکتری دەکەن، هاوکات کار دەکەنە سەر یەک بە یەکی تاکەکانی خێزان، هەروەها یەک بە یەکی تاکەکانی خێزانیش لەنێوان خۆیاندا کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەیە و کاریگەریشیان هەیە  لەسەر ئەو دەستەو ژینگەیە و، دەستە ژینگەکەش کاریگەری هەیە لەسەر هەریەکەیان. دەستە ژینگەی خێزان واتا چەپکەیەک ژینگەی پێکەوە بەستراو، کە ئەمانە هەندێکیانن:

1ـ  ژینگەی کۆمەڵایەتی خێزان
2ـ ژینگەی هزر و بیری ئەندامانی خێزان
3ـ ژینگەی ڕۆشنبیری خیزا.
4ـ ژینگەی زانستی خێزان.
5ـ ژینگەی تەندروستی خێزان.
6ـ ژینگەی دەروونی خێزان بە تاک و بە کۆی گشتی.
7ـ ژینگەی دارایی و دەستکەوت و خەرجی خێزان.
8ـ ژینگەی گفتار و گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕ و دیالۆگی خێزان.
9ـ ژینگەی بەڕێوەبردن و سیاسەتی خێزانداری.
10ـ ژینگەی کولتور و نەریتی خێزان.
11ـ ژینگەی ئاین و پەیڕەوی ڕەوتی ئاینی خێزان و کۆمەڵگە.

ئەمانە و چەندین جۆری ژینگە هەموویان پێکەوە  لە تاکەکەسدا دەبنە ژینگەی تاکەکەس و لە خێزاندا دەبنە ژینگەی خێزان و لە کۆمەڵگەدا دەبنە ژینگەی کۆمەڵگە و وڵات.
بەکۆی گشتی ئەم هەموو ژینگانە دەگوترێت ( ناوەندی ژینگەیی)، ئەم ناوەندی ژینگەییە لە  چ ڕوویەکەوە بۆی بڕوانیت، ئەوا ئەو ناوە وەردەگرێت، بۆ نمونە ئەگەر لە ڕووی پەروەردەییەوە، بۆ تاکەکەس بۆی بڕوانی لە خێزانەکەیدا ئەوا پێی دەگوترێت ( ناوەندی ژینگەیی پەروەردەی تاکەکەس لە خێزانەکەیدا).

ئیستا کاتی وەڵامدانەوەی پرسیارەکەیە: 
منداڵ وەک هەموو ئەندامانی تری خێزانەکەی، ئەندامێکی ناو بازنەی ژینگەی پەروەردەی خێزانەکەیەتی، ژینگەی پەروەردەی خێزانەکەشی وەک پێشتر باسمان کرد، چەندین جۆر و لقی هەیە، هەموویان کاریگەری هەیە لەسەر منداڵەکە و منداڵەکەش کاریگەری هەیە لەسەر هەموویان. لەبەر ئەوەی منداڵ هێشتا لە چوارچێوەی ماڵەکەی خۆیان نەهاتۆتە دەرەوە و بۆ هەموو شتێک پەیوەستە به خێزانەکەی و نەریت و یاساکانی ناو ماڵیان و بڕیارەکانیان، بۆیە هەموو ئەندامانی خێزان دەبنە پێکهێنەری دروستکردنی  ( ژینگەی پەروەردەیی خێزان) بۆ منداڵەکە. تاکە سەرچاوەی هەموو فێربوون و وەرگرتنێکی زانست و زانیاری بریتییە لە خێزانەکەی.لەبەر ئەوە پەروەردەی خێزان گەورەترین کاریگەری لەسەر کەسێتی منداڵەکەیان بەجێ دەهێڵێت. خێزانەکە چۆن و بە کام ئاڕاستەدا بڕۆ، منداڵەکەش وادەکات و وادەبێت. بیرمان نەچێت لێرەدا و لەم سەردەمەدا هەر لەناو ماڵ و خێزاندا شتێکی تر هەیە، کە هێندەی خێزان کاریگەری لەسەر منداڵ هەیە، ئەویش ( شاشەکان)ە، وەک شاشەی کەناڵەکانی TV و مۆبایل و ئەنتەرنێت. دەبێت خێزان پلانی هەبێت بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانی، ئەگینا کارتێکەره دەرەکییەکان کاریگەرییان زیاتر دەبێت و منداڵەکە دەبێته پەروەردەکراوی ئەو کارتێکەرانە.

پرسیار: ئەو پەروەردەیەی دایک و باوکی منداڵ ئاڕاستەی منداڵی دەکەن، لە پێناوی منداڵە یان لە پێناوی خودی خێزانە؟
 
وەڵام، عەزیز ئالانی: دایک و باوک پەروەردە ئاڕاستەی منداڵ ناکەن، بەڵکو هەر خودی خۆیان وەک مرۆڤ دەژین. دەبێت ژیانی ئاسایی خۆیان پەروەردەییانە بێت. نەک لەبەر خاتری منداڵ سیناریۆ بکەن، چونکە خێزانی وا هەیە هەر منداڵیان نییە، بەڵام بەرپرسن لە پەروەردەی خودی خۆیان و پەروەردەی کەسانی دەوروبەری و هاوکات فێرخوازە و خۆیشی  بەردەوام لە خەڵکەوە پەروەردە وەردەگرێ. بۆیە ئەو پەروەردەیەی دایک و باوک هەیانە، ڕەنگدانەوەی کۆی گشتی پەروەردەی کۆمەڵگەیە. نە لەپێناوی خێزانە، نە لەپێناوی منداڵە. بەڵکو ئەرکێکی سروشتییانەی مرۆڤبوونی هەموومانە. چونکە هەموو مرۆڤەکان (بونەوەرێکی پەوەردەیین) و دەبێت هەمیشە پەروەردەییانە بژین، جا بە تاک بن یان بە کۆ، سەربەخۆ بن یان لە خێزاندا بن، مندڵیان هەبێت یان نەیان بێت.

پرسیار‌: فێرگە و خێزان تا چەند هەماهەنگن لە گەیاندنی پەروەردەدا؟

وەڵام، عەزیز ئالانی:

ئەگەر مەبەستتان لە فێرگە، باخچەی منداڵان و قوتابخانە و ئۆرگانە فێرکاری و پەروەردەییەکانە، ئەوا نەخێر لە ئێستادا هیچ هەماهەنگییەک نابینم لە نێوان خێزان و ئەو ئۆرگانانەدا. نەک هەر هەماهەنگی نییە، بەڵکو هەر هیچ جۆرە پەیوەندییەکیشیان لەگەڵ یەکتردا  نییە، چونکە پەیوەندی ئەوە نییە کە دایک و باوک بەردەوام سەردانی خوێندنگا  منداڵەکەیان بکەن و لەگەڵ مامۆستایان و توێژەردا گفتوگۆ بکەن دەربارەی دۆخی منداڵەکەیان،

هەروەها ئەوەش  نییە کە ماموستاکان منداڵەکە فێری زانست بکەن و باش فێری پەروەردەی بکەن، یان بەردەوام سەردانی ماڵی خوێندکارەکە بکەن و بە تەلەفۆن هەمیشە لەگەڵ دایک و باوکەکە لەسەر خەت بن و گفتوگۆ بکەن لەسەر پەروەردەی منداڵەکە و کێشەکانی و چارەسەرکردنیان. بەڵکو پەیوەندی بریتییە لە  پەیوەندی نێوان سیستەمی پەروەردەی وڵات و فەلسەفە و ئامانجی ئەو پەروەردە نیشتیمانییە و ستراتیژی پەروەردەی وڵات بۆ کۆی گشتی هاڵاتیان، کە تاکە کەسەکان و خێزانەکانیش بەشێکن لەو هاوڵاتیانە. لە ئێستادا هەرێمی کوردستان فەلسەفەیەکی پەروەردەی دیار و ئامانج و مەبەست و ستراتیژی ڕوونی نییە.

بۆیە پەروەردە لە بازنەیەکی  بەتاڵدا دەخولێتەوە و سیستەمی پەروەردەکە هیچ پەیوەندییەکی نییە بە خەڵک و هاوڵاتیانەوە. ئەگەر  خێزان و فێرگەکانیش هەماهەنگیان هەبێت هیچ سودێکی نییە، لە کاتێکدا سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەمسەرو ئەوسەری دیار نییە. نە دەسەڵات دەزانێ چ جۆرە پەروەردەیەکی کۆمەڵگەی پێویستە لە ئێستادا و دەبێ چی بکات و کام میگانیزم بگرێتە بەر و کەی و چۆن؟ چ جۆرە کەسێتییەک لە کۆمەڵگەدا و لەو هاوڵاتیانەی خۆی دروست بکات، نە خەڵکیش دەزانێت ئەو پەروەردەیە کامەیە کە دەبێت بە سیستەم پابەندی بن و بە ئەرکی مرۆڤانە و نیشتیمانیانەی خۆیانی بزانن. بۆیە ئەوەی هەیە فێرگەکان خەڵک و منداڵی خەڵک لە  نەخوێندەوارەوە  دەکەن بە خوێندەوار و هیچی تر. خێزانەکانیش چ جۆرە پەروەردەیەکی میراتییان لە باوانیانەوە بۆ ماوەتەوە ئەوەش دەگوازنەوە بۆ منداڵەکانیان.

جا یان وەکو خۆی، یان بە دەستکاریکردنێکی ئارەزوومەندانەی خۆیان، بە شێوەیەکی نازانستیانە و ناسەردەمیانە و بەبێ زانستی پەروەرووەیی و بەبێ شارەزایی و بەبێ پلان و بەبێ ئامانجی درێژ خایەنی یەکانگیر. لەبەر ئەوە لە ئێستادا هەر خێزانێک بە ئارەزوو و میزاجی خۆی منداڵەکانی پەروەردە دەکات، تا ئەو کاتەی منداڵن و لەناو ماڵدا، لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندان، دواتر کە منداڵەکان گەورە بوون و لەماڵ هاتنە دەرەوە و کەوتنە ناو خەڵک و کۆمەڵگەوە، ئەوا پەروەردەی گشتی کۆمەڵگە پەیڕەو دەکەن، ئەگەرچی لەماڵیشەوە وا پەروەردە نەکرابن، چونکە مرۆڤ هەمیشە ئەو پەروەردەیە پەیڕەو دەکات کە بەکرداری بۆ ژیانی خۆی بەکەڵکی دێت، بەڵام پەروەردەی کۆمەڵگەش سیستەماتیک و یەکانگیر نییە و بریتییە لە کۆی پەروەردە خێزانییە هەڕەمەکی و گۆترەییەکانی خەڵکەکە. کەواتە منداڵەکەش کاتێک دەبێتە هەرزەکار و دێتە ناو کۆمەڵگەوە،

هەر وەکو زۆرینەی ئەو خەڵکە درۆ دەکات و دەست دەکات بە دەستبڕین و سەودا و مامەڵەی خراپ و نەشیاو، چونکە پەروەردەی وڵات سیستەماتیک و سەرتاسەری نییە و ژینگە پەروەردەییەکانی کۆمەڵگە نەسازێنراون. واتە بوونی تاسەیەک لە شەقامێکدا، نەبوونی ئاو و کارەبا لە وڵاتدا، نەشیاوی گوزەرانی خەڵک و دواکەوتنی مووچە و ..... هتد، هەموویان پەروەردەی تاک و خێزان لە کۆمەڵگەدا وێران دەکەن و بە تەنها بە فێرگە و وەزارەتی پەروەردە و خێزان چارەسەر ناکرێت. دەبێت سەراپای وڵات پابەندی یەک سیستەمی پەروەردەی دیار بن، لەناو ژینگەیەکی پەروەردەیی ئارام و ئاوەدان و ئاسودە و هاوچەرخدا.

PUKmedia ئامادەکردنی: چنار عەزیز

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket