}

کۆریای باشوور لە وڵاتێکی دواکەوتووەوە بۆ پەرەسەندنێکی بەرچاو

جیهان 08:01 PM - 2021-10-31

کە باسی کۆریای باشوور دەکەین، یەکسەر چەند وێنەیەکی جوانی ئەم وڵاتە دێتە پێشچاومان. وڵاتێکی گەشەسەندووی ئابووریی و مۆدێرن، لە پەنا ئەمەشدا کۆمەڵێک پاڵەوانی درامای تەلەفزیۆنی، کۆمەڵێک ئامێری ئەلکترۆنی دەبینین. ئەمانە هەموو ئەو وێنانەن کە لەبەردەم چاوی ئێمەدان. لەراستیدا بۆ من کۆریای باشوور جگە لەو وێنانە، کۆمەڵێک وێنەی جوانی تری لە پێش چاومە و وایکردووە کە ئەم وڵاتەم خۆشبوێت و گرنگی پێبددەم.
کاتێک سەیری مێژووی ئەم وڵاتە دەکەین، دەبینین کە ئەمیش وەکو زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە پاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە، بەدەست برسێتی، هەژاریی، دواکەوتوویی وکۆمەڵێک کێشەی ناخۆیی و دەرەکییەوە ناڵاندوێتی. بەڵام ئەم گەلە بڕیاریداوە کە خۆی رادەستی ئەم کێشانە نەکات و کار بۆ جیهانێکی باشتر بکات، بەم شێوەیەش سەرکەوتوو بووە.
بە بڕوای من گەلی کۆریای باشوور لەم 50 ساڵەی پێشوودا، 3 شۆڕشی ئێجگار گەورەی کردووە، یەکەمیان: شۆڕشێكی ئابووریی، کە ئەم وڵاتەی لە هەژاریی و برسێتیی و دواکەوتوویی رزگار کرد و کردیە زلهێزێکی ئابووریی جیهانی. دووەم شۆڕشێکی سیاسی بوو، بەتایبەتی لەم 30 ساڵەی دواییدا، توانییان بە هێمنی و بەبێ رژانی خوێن و پشێویی نائارامی، کۆتایی بە سیستمی دیکتاتۆریی و سەربازیی بهێنن و سیستمێکی ئازاد و دیموکرات بنیات بنێن.
سێیەمین شۆڕشیش، دەتوانم بە شۆڕشێکی کەلتووریی وەسفی بکەم، لەم 30 ساڵەی دواییدا، کۆریای باشوور لە بواری پێشخستنی دراما و فیلمی کۆریدا گەشەی گەورەی بەخۆوە بینی، جگە لەوەش لە بواری سیستمی پەروەردەییشدا، بەهەمانشێوە بووە پێشەنگی وڵاتانی جیهان. بەهۆی ئەم سێ شۆڕشەوە، گەلی کوریای باشوور توانیی، نەفەسی ئازادی هەڵمژێت و قۆڵی لێهەڵماڵێت و لە هەموو کەرتەکانی تردا پێشكەوتن و داهێنانی گەورە دروست بکات.
لێرەدا هەوڵدەدەم تیشکێکی بچووک بخەمە سەر ئەم وڵاتە و چەند زانیارییەکی سنووردار لەبارەیەوە بڵێم. گرنگی ئەزموونی ئەم وڵاتەش بۆ ئێمەی کورد دەربخەم، هەرچەندە لە وتارێکدا ناتوانین باسی تەواوی ئەم ئەزموونە بکەین، کە ئێستا لە تەواوی جیهاندا، لێکۆڵینەوەو کتێبی هەمەجۆری لەبارەوە چاپ و بڵاودەکرێتەوە.

ئەوپەڕی ئاسیا
کۆریای باشوور دەکەوێتە ئەوپەڕی رۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیاوە، لە چاو وڵاتانی تر، هێندە گەورە نییە و کۆی گشتی رووبەری دەگاتە 99 هەزار کم چوارگۆشە، ژمارەی دانیشتوان 51821 ملیۆن کەس.
مێژوو
کۆریا خاوەنی مێژووییەکی دێرین و پرشنگدارە و خاوەنی شارستانییەتێکی جوانە، بەتایبەتی ساڵانی فەرمانڕەوایەتی « شیلا Shilla کە لە نێوان ساڵانی676 تا935 حوکمیان کردووە، هەروەها فەرمانڕەوایەتی Koryo کە لە ساڵانی 935 تا 1392 حوکمیان کردووە، دواتریش فەرمانڕەوایەتی Choson 1392 تا 1910 حوکمیان کردووە. کۆرییەکان رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە پێشخستنی شارستانی مرۆڤایەتی. ئەم مێژووە پرشنگدارەش رۆڵی گەورەی هەیە بەسەر کۆمەڵگەی ئێستا و داهاتووی ئەم وڵاتەوە.
داگیرکاری ژاپۆن
هەمیشە ژاپۆن گەورەترین مەترسی بووە بۆ گەلی کۆریی ، ژاپۆنییەکان چاوی تەماعکارییان لە کۆریا بووە. دواجار ساڵی 1910 بەیەکجاری ژاپۆن کۆریای داگیرکرد و هەتاوەکو کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی لە ساڵی1945 ، کۆریا لە ژێر حوکمی داگیرکاری ژاپۆنی بوو.
داگیرکاری ژاپۆنی بە یەکێک لە قۆناغە ترسناک و ناخۆشەکانی کۆریا دادەنرێت و ملیۆنان کەس بوونە قووربانی حوکمی تۆقێنەرو نامرۆڤانەی ژاپۆنییەکان. زیاتر لە2.5. ملیۆن کۆری ، وەکو کۆیلە لە کارگەکان و سەربازگەکاندا بەزۆرەملێ کاریان پێدەکرا، جگەلەوەش ژنانیش وەکو کۆیلە لە سەربازگەکان لەلایەن سەربازی ژاپۆنییەوە پەلاماردەدران و ئەتک دەکران، هەربۆیە ساڵانی حوکمی ژاپۆنی لە کۆریا، ئازارێکی گەورەی لە ناخی هەموو کۆرییەکدا بەجێهێشتووە.

کەرتبوونی کۆریا
لەپاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە گەلی کۆریی کەمێک هەوای پاکی ئازادیی و سەرفرازی هەڵمژیی و لە کۆت و بەندی داگیرکارێکی دڵڕەق و خوێنمژی ژاپۆنی رزگاری بوو کە دۆزەخێکی گەورەیان بۆ گەلی کۆری دروست کردبوو. بەڵام بەداخەوە هەر لەپاش کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی، جەنگێکی نوێی جیهانی دەستیپێکرد کە ئەویش جەنگی سارد بوو لە نێوان ئەمریکا و روسیادا. بەڵام ئەم جەنگە لە کۆریادا سارد نەبوو بەڵکە گەرم بوو، ئەوەبوو کۆریا بووە یەکەم مەیدانی ئەم جەنگەی نێوان ئەم دوو زلهێزە، جەنگی سۆڤێتی و ئەمریکی لە نێوان کۆرییەکاندا هەڵگیرساو لە ساڵی 1950 وە دەستیپێکرد هەتاوەکو ساڵی 1953 ی خایاند، لەم جەنگەشدا بەشێکی زۆری خاکی کۆریا وێران و خاپوور بوو، جگە لەوەش بووە هۆی کوشتنی نزیکە 5 ملیۆن خەڵکی مەدەنیی و سەرباز، هەروەها ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، لە هەمووشی خراپتر خاک و گەلی کۆریا بەسەر دوو کۆریادا دابەشبوون، کۆریای باکوور و کۆریای باشوور، کە هەتاوەکو ئەمڕۆش ئەم دابەشبوونە بەردەوامە.

ئابووری
هەتاوەکو کۆتایی ساڵانی شەستەکانی سەدەی پێشوو، کۆریای باشوور یەکێک بوو لە وڵاتە هەژارەکانی جیهان، ساڵی 1970 کۆی گشتی داهاتی نیشتمانی تەنها 6 ملیارد دۆلار بوو لە ساڵێکدا، بەڵام لەم پەنچا ساڵەی دواییدا بەتایبەتی لە کۆتایی هەشتاکانەوە، ئەم وڵاتە هەنگاوی گەورەی بەرەو پێشەوە دەنێت، دیارە کۆمەڵێک هۆکاری سیاسیی و ئابووریی و ئیداری رۆڵی گەورەیان لەم بازدانە گەورەیە و گەشەسەندنە خێرایەی کۆریای باشووردا بینیووە. لەپێش هەمووشیانەوە، بوونی نەخشەیەکی بەهێزی دەوڵەت، بۆ پێشخستنی کەرتەکانی پیشەشازیی، کشتووکاڵ، گەشتیاریی. جگە لە باشکردنی و مۆدێرنکردنی سیستمی بانکیی و بازرگانی. لەپەنا دەوڵەتیشدا کەرتی تایبەتیش، رۆڵی بەرچاوی هەبوو لەم گەشەسەندنەدا و چەند کۆمپانییایەکی گەورەی کۆریش لەدایک بوون لەوانە: سامسونگ، هیواندای، ئێل جی» و چەند کۆمپانیاییەکی تر، کە رۆڵیان لەپێشخستنی ئەم وڵاتەدا هەبووە.
ئێستا گەشەی ساڵانەی دەگاتە 2٪ ، پلەی 17 هەیە لە جیهاندا. لەرووی هەناردەشەوە ساڵانە 543 ملیارد دۆلار شمەک هەناردە دەکات و پلەی 7 هەیە لە جیهاندا،لەرووی هاوردەشەوە پلەی 9 هەیە لە جیهاندا،ساڵانە 503 ملیارد دۆلار شمەک هاوردە دەکات. بەرهەمی گشتی ساڵانەی 1646 ملیارد دۆلار، پلەی 10 هەیە لە جیهاندا. هەموو ئەمانەش وایکردووە کە داهاتی تاک 31850 دۆلار لە ساڵێکدا، پلە10 ی هەیە لە جیهاندا.
ئەزموونی کۆریا لە بواری گەشەسەندنی ئابووریدا، بووە قوتابخانەیەک بۆ زۆر وڵاتی تری ناوچەکە، بەتایبەتی چینییەکان، زۆر سوودیان لە ئەزموونی کۆری وەرگرتووە.

لە دیکتاتۆرییەوە بۆ دیموکراسی
ماوەی پەنچا ساڵە کۆریاش وەکو زۆرێک لە وڵاتە ئاسیاویی و تازەپێگەیشتووەکانی تر، لەلایەن هێزی سەربازییەوە حوکم دەکرا سیستمێکی دیکتاتۆری هەبوو، بەڵام لە پاش ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی پێشوو، ئەم وڵاتە بوو بە وڵاتێکی دیموکراسی، ئەزموونی ئەم وڵاتە لە رووی هەنگاونان بۆ دیموکراسی و دامەزراندنی حوکمێکی مەدەنیی و پلورالیستی و ئازادیی، نموونەیەکی جوانە لە جیهاندا، کە دەکرێت زۆر لە دەوڵەتانی تری جیهان سوودی لێوەربگرن بەتایبەتی وڵاتانی تازەگەشەسەندوو.

نەرمە هێزی کۆریا
کۆریا جگە لە چەکی ئابووریی و سەربازیی، خاوەنی چەکێکی مەزنی تریشە کە ئەویش دەتوانم بە چەکی کەلتووری یان نەرمەهێزی کۆریا وەسفی بکەم. پێمخۆشە لەم وتارەدا تیشکێکیش بخەمە سەر ئەم لایەنە جوانەی کۆریا.

جیهان سەیری درامای کۆری دەکات
لەماوەی پێشوودا درامایەکی کۆری تەواوی جیهانی بەخۆوە سەرقاڵ کردووە و لە تەواوی میدیاکانی جیهاندا باسی لێوەدەکرێت کە ئەویش درامای Squid Game، هەندێکیش دژی دراماکەن چونکە رۆحی توندوتیژیی زۆری تێدایە. بەپێی هەواڵێکی سکای نیوز بێت، تەنها لەماوەی 28 رۆژی یەکەمدا، نزیکەی 111 ملیۆن بینەری هەبووە. لە ئەمریکا کە خاوەنی هۆڵیودە، ئەم درامایە یەکەم بووە. ئەم درامایە لە 94 دەولەتی جیهاندا پەخش دەکرێت و لە زۆربەی وڵاتانیشدا یەکەمە.
دیارە پیشەشازیی دراما و فیلمی کۆریی لەچاو وڵاتانی تری جیهاندا گەنجە، سەرەتاکانی بەرهەمهێنانی دراما دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1961 کاتێک بۆیەکەمجار کەناڵی تەلەفزیۆنی لە کۆریای باشوور کرایەوە. سەرەتا زۆربەی بەرنامەکانی تەلەفزیۆن و دراماکان، سیمایەکی سیاسیی و دژی کۆمۆنیست و کۆریای باکوور بوون،بەڵام لەپەنا سیاسەتی رەسمی دەوڵەتدا، تەلەفزیۆن رێگەی خۆشکرد بۆ لەدایکبوونی درامای کۆریی.
هەتاوەکو سەرەتاکانی ساڵی 1990 یش، زۆربەی دراماکانی کۆریا زیاتر قاڵبێکی سیاسییان هەبوو، کەمتریش رۆمانسیی و کۆمەڵایەتیی بوون، بەڵام لە دوای ساڵانی نەوەتەکانەوە، ئیتر درامای کۆریی لە چنگی دەسەڵاتی دەوڵەت دەردەچێت و دەبێتە پیشەسازییەکی بەهێزی ئەم وڵاتە. ساڵ لە دوای ساڵیش گەشەی زیاتر دەستێنێت و ئەمڕۆش بۆتە کەرتێکی زۆرباشی ئابووری ئەم وڵاتە.
ساڵی 2013 داهاتی کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمی فیلم و دراما گەیشتە نزیکەی 3.5 ملیارد یۆرۆ، بۆ ساڵی 2019 گەیشتە نزیکەی 6.5 ملیارد یۆرۆ. ساڵ لە دوای ساڵیش گەشەی زیاتر دەستێنێت.
جگە لە سوودی ئابووری، سوودێکی گەورەی تری درامای کۆری، گەیاندنێکی پەیامی کەلتوورییە، جگە لە زاڵبوونی هەژموونی کۆریی بەسەر وڵاتانی تردا ئەویش لەرێگەی دراماوە، ئەمەش چەکێکی ترە بەدەست ئەم وڵاتەوە.

سیستمی پەروەردە
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی تری کۆریای باشوور بوونی سیستمێکی پەروەردەو خوێندنی زۆر پێشکەوتووە کە لە جیهاندا بە یەکێک لە سیستمە پێشكەوتووەکانی بواری خوێندن و پەروەردە دادەنرێت. دیارە بۆ دانانی ئەم سیستمەش، ماوەی چەندین ساڵی پێچووەو کۆمەڵێک سیمای تایبەتی هەیە. لە ساڵانی 1950 تا 1955 نزیکەی 80% ی کۆرییەکان نەخوێندەوار بوون، بەڵام پاشان حکومەتی کۆریای باشوور چ لە سایەی رژێمی دیکتاتۆری سەربازیی یان دیموکراسیدا، گرنگییەکی ئێجگار گەورەیان بەکەرتی پەروەردەو فێرکردن داوەو ساڵانە نزیکەی 20%ی بودجەی دەوڵەتی بۆ دانراوە. ئەمەش وایکردووە کە ئێستا سیستمی پەروەردەی کۆریای باشوور لە لیستی 10 باشترین سیستمی جیهان بێت. ئەمڕۆ لە کۆریای باشوور 191 زانکۆی هەمەجۆر هەیە. 10 پەیمانگەی بواری پەروەردە، 40 پەیمانگەی هەمەجۆر کە بواری زانستیی و ئیداریی و تەکنیکی و تەکنۆلۆجی دەگرێتەوە. ساڵ لە دوای ساڵیش کەرتی پەروەردەو فێرکردن و لێکۆڵینەوەی زانستی، لەم وڵاتەدا پێشدەکەوێت، ئەوەش بە پلەی یەکەم بەهۆی پشتگیریی دەوڵەت و بە پلەی دووەمیش بە پشتگیریی کۆمپانیا ئەهلییە گەورەکان.

ئەزموونی بۆ کورد
ئەزموونی کۆریای باشوور بۆ ئێمەی کورد لە چەندین رووەوە زۆر گرنگە، چونکە ئەم وڵاتەش وەکو ئێمە، پێشتر وڵاتێکی پاشکەوتووبو لە هەموو روویەکەوە وڵاتێکی هەژار بوو، بەڵام پاشان توانی ببێتە زلهێزێکی ئابووری گەورەی ئاسیا و جیهان. لەرووی سیاسیشەوە ئەزموونی ئەم وڵاتە گرنگە، چونکە پاش چەندین ساڵ لە حوکمی سەربازیی و دیکتاتۆری، دواتر بووە نموونەی وڵاتێکی ئازادو دیوکراسی، ئەزموونی کۆریاش لەرووی دیموکراسیەتەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. خۆشبەختانە ئێستا لەناو نووسەران و دەزگا و میدیای کوردیدا گرنگی باش بە ئەزموونی کۆریای باشوور دەدرێت، یەکێکیش لەو هەوڵانە کەمایەی دەستخۆشی لێکردنە، وەرگێڕانی کتێبی « ئەزمونی کۆریای باشوور» کە لە لایەن کاک سابیر عەبدوڵڵا کەریمەوە کراوە بە کوردیی و دەزگای ئایدیا چاپیکردووە. ئەم کتێبە کۆمەڵێک زانیاریی باشی تێدایە لەبارەی ئەزموونی ئەم وڵاتە، کە بۆ خوێنەری کوردی زۆر گرنگە.

دوا قسە
بەدڵنییایەوە ئەزموونی کۆریای باشوور یەکێکە لە ئەزموونە پێشكەوتوو سەرکەوتووەکانی جیهان لە بواری گەشەسەندنی ئابووریی و و سیاسی، هیوادارین هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی گەلی کۆریای باشوور وەربگرێت بەتایبەتی لە رووی گەشەسەندنی ئابووریی و هەنگاونان بەرەو سیستمێکی ئازادیی و دیموکراسیی و سەروەری یاسا و دژایەتییکردنی گەندەڵیی و دانانی سیستمێکی باشی پەروەردەو فێرکردن و پشتگیرییکردنی کەرتی درامای و فیلمی کوردیی.
سەرچاوەکان:
1/ئەزموونی کۆریای باشوور. وەرگێڕانی سابیر عەبدوڵڵا کەریم. دەزگای ئایدیا. 2020
Sudkoreas Schuler buffeln bis tief in die Nacht. www.suedkurier.de/2
Kultur als Wirtschaftsmacht am Beispiel der Koreanischen Welle. www.grin.com/3
/4مسلسل كوري يحطم الأرقام القياسية.. رغم خطورة مشاهدته.. www.skynewsarabia.com
Sudkorea: Bildung und Wissenschaft. www.daad.de/5
http://koreakulturhaus.at/korea-geschichte/6/

PUKmedia ئا / ئەردەڵان عەبدوڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket