}

سەرۆك كۆمار كێ‌ بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ رادەسپێرێت؟

عیراق 07:41 PM - 2021-10-25

پسپۆڕان بواری یاسا جەختیان لەوە كردۆتەوە كە سەرۆك كۆمار بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی فیدڕاڵ گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی بۆ ئەو مەبەستە رادەسپێرێت و لەو بارەیەشەوە بۆچوونی جیاواز لەبارەی گەورەترین فراكسیۆن هەیە.

لەو بارەیەوە، مونیف شەمەری راوێژكاری یاسایی لەسەرۆكایەتی كۆمار ئەمڕۆ دووشەممە لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵەكانی عیراق رایگەیاندووە كە دەستووری عیراق پاڵێوراوی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی دەستنیشانكردووە تاوەكو سەرۆك كۆمار بۆ پێكهێنانی حكومەت رایسپێرێت، روونیشی كردەوە كەئەوان لەسەرۆكایەتی كۆمار چاوەڕوانی ئەوەن گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی پێكبهێنرێت، راشیگەیاند، ئەگەر هاتوو گەورەترین فراكسیۆن پیكهات ئەوا فراكسیۆنەكە ناوی پاڵێوراو بۆ سەرۆكایەتی وەزیران دیاریدەكات و پێویستە لەسەر سەرۆك كۆمار بەگوێرەی دەستوور متمانەی پێبدات.

هەر سەبارەت بەو پرسە، تاریق حەرب پسپۆڕ لەبواری یاسا وایدەبینێت بابەتی گەورەترین فراكسیۆن لەئێستادا یەكلایی بۆتەوەو سەرۆك كۆمار پاڵێوراوی فراكسیۆنی سەدر بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو رادەسپێرێت.

تاریق حەرب  تایبەت بە PUKmedia راشیگەیاند:  سەرۆك كۆمار هەر دەبێت پاڵێوراو لەگەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی بۆ پێكهێنانی حكومەت راسپێرێت و ئاماژەشی بەوەدا ئەمجارەیان گەورەترین فراكسیۆن دیارەو فراكسیۆنی رەوتی سەدرە كە بەپێی ئەنجامە بەراییەكان كەلەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە بڵاوكراوەتەوە 73 كورسی چنیوەتەوە.

تاریق حەرب راشیگەیاند: یاسای هەڵبژاردنەكان رێگە بە كاندیدە سەركەوتووەكان نادات سەنگەر گواستنەوە لەنێوان فراكسیۆن و پارتە سیاسییەكاندا بكەن، ئەمەش بەمانای ئەوەیە گەورەترین فراكسیۆن ئەوە دەبێت كە زۆرترین دەنگی لەهەڵبژاردنەكاندا هێناوە كە بریتیە لە فراكسیۆنی رەوتی سەدر، ئاماژەی بەوەشدا سەرۆك كۆمار پاڵێوراوی فراكسیۆنی رەوتی سەدر بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەسپێرێت كە زۆرترین دەنگی لەهەڵبژاردنەكاندا بەدەستهێناوەو ئەم پرسە یەكلایی بۆتەوەو جێی مشتومڕ نییە.

هەروەها لای خۆیەوە ئەمیر دەعمی پسپۆڕ لەبواری یاسا جەختیكردەوە پێدەچێت لایەنە سیاسییە جیاوازەكان بۆ ساغكردنەوەی ئەوەی كێ‌ دەبێتە گەورەترین فراكسیۆن پەنا بەرنەبەر دادگای فیدڕاڵی.

دەعمی لە لێدوانێكدا بۆ  PUKmedia راشیگەیاند: یەكتربڕین هەیە لەنێوان ئەو دەقەدا كەلەیاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2020ی هەڵبژاردنەكان هاتووە لەمادەی (45) كە تایبەتە بە گەورەترین فراكسیۆن و لێكدانەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی لەبارەی مادەی (76)ی دەستوور كە جەختیكردۆتەوە لەسەر ئەوەی گەورەترین فراكسیۆن ئەوە دەبێت كەلەناو هۆڵی پەرلەماندا دروست دەكرێت، بڕواشی وایە كە لایەنە سیاسییە جیاوازەكان پەنا بۆ دادگای فیدڕاڵی دەبەن و چاوەڕێ‌ دەكەن بزانن ئەو دادگایە بڕیاری چییەو كێ‌ گەورەترین فراكسیۆن دەبێت؟ ئاخۆ گەورەترین فراكسیۆن ئەوە دەبێت كە دادگای فیدڕاڵی بەگوێرەی لێكدانەوەكانی دیاریدەكات یاخود ئەوە دەبێت كە مادەی (45) لەیاسای هەڵبژاردنەكان دیاریكردووە، دووپاتیشی كردەوە كەدوا بڕیار لەلای دادگای فیدڕاڵی دەبێت و گەورەترین فراكسیۆن ئەو یەكلایی دەكاتەوە، لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ دیاریكردنی گەورەترین فراكسیۆن، سەرۆك كۆمار پاڵێوراوی ئەو فراكسیۆنە بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەسپێرێت.

دەعمی واشیدەبینێت ئەم مشتومڕە دادگای فیدڕاڵی ناویەتییەوە بەهۆی ئەو لێكدانەوەیەی بووە كە لەساڵی 2010دا بۆ مادەی (76)ی دەستوور كردویەتی و تائێستاش ئەم مشتومڕە بەردەوامی هەیە، ئاماژەشیدا ئەوەی زانراوە لەسەرجەم وڵاتانی جیهان گەورەترین فراكسیۆن ئەو فراكسیۆنە دەبێت كە زۆرترین دەنگ لەهەڵبژاردنەكاندا بەدەستدەهێنێت و فراكسیۆنە پەرلەمانییە پاڵێوراوە سەركەوتووەكە حكومەت پێكدەهێنێت.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket