riklam

زیاتر لە 52 هەزار دەرچوی پۆلی 12 بۆ زانکۆکان ناویان تۆمارکردوە

کوردستان 10:22 PM - 2021-10-14

وەزارەتی خوێندنی باڵا رایدەگەیەنێت دواى تەواوبونى پرۆسەى پێشکەشکردن لە ڕێگەى زانکۆلاین، (٥٢٥٣٣) خوێندکارى دەرچوى پۆلى دوانزە داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانى کوردستان پێشکەش کردوە.

ئەمڕۆ پێنجشەمە ڕێکەوتى (2021/10/14)  بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکان و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى تایبەتمەند، کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت لە سەرۆکایەتى زانکۆى چەرمو لە قەزاى چەمچەماڵ بەڕێوەچو.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت لە زانکۆى چەرمو، بۆ ئەمەش وتى: ئەرکمانە بە پێشکەشکردنى باشترین کواڵتى خوێندن خزمەت بە پایتەختى شەهیدان و خەڵکى ئەم ناوچەیە بکەین، چونکە ڕێبەرایەتى خەڵکێکى تێکۆشەرو بەش مەینەتى میللەتەکەمان دەکەن و سوپاسیشیان دەکەین بۆ هەوڵ و ماندوبونیان بەمەبەستى پێشخستنى زانکۆکەیان، وتیشى: باشترین پاداشت بۆ ماماندوبون و قوربانییەکانی خەڵکی ئەم ناوچەیە پێشکەشکردنی باشترین کواڵتی خوێندن و فێرکردنە بە ڕۆڵەکانیان.

 هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا باسێکى لەبارەى سیاسەت و کارنامەى وەزارەت و دامه‌زراوه‌كانی خوێندنى باڵا بەشێوەیەکى گشتى پێشکەشکردو دوپاتیکردەوە: ئامانج لەم کۆبونەوەیە گفتوگۆکردنە لەبارەى گەڕانەوەى دەسەڵاتەکانى خەرجى لەسەر داهات و پەسەندکردنى پلانى وەرگرتن لە زانکۆکان بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بە شێوەیەک پلانەکان هاوتەریب بێت بۆ سودى دەرچوان و پێداویستیەکانى بازاڕى کار، بۆ ئەمەش دوپاتییکردەوە: وەزارەتى خوێندنى باڵا بەڕەچاوکردنى کواڵتى خوێندن و لەچوارچێوەى جێبەجێکردنى پلانێکى تۆکمە، کار بۆ وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەکات، سەرەڕاى ئەو ژمارە زۆرەى دەرچوان کە داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان پێشکەش کردوەو ژمارەکەیان بریتیە لە (٥٢٥٣٣) دەرچو.

 

PUKmedia وەزارەتی خوێندنی باڵا 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket