riklam

كتێبی ئه‌لبوومی زیندانیه‌ سیاسییه‌كان بڵاوكرایه‌وه‌

کوردستان 05:01 PM - 2021-10-09

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 9-10-2021، له‌ هۆڵی شه‌هید ئارام له‌ باره‌گای مه‌ڵبه‌ند، به‌ئاماده‌بوونی شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌رپه‌رشتیاری مه‌ڵبه‌ندی ١ی رێكخستنی سلێمانی(ی.ن.ك) و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و كه‌سایه‌تی و نووسه‌ر و زیندانیانی سیاسی و كادرانی یه‌كێتی، كتێبی ئه‌لبوومی زیندانیه‌ سیاسییه‌كان بڵاوكرایه‌وه‌، خاتوو شاناز له‌ پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا نوسیویه‌تی: یه‌كێتی حزبی زیندانیانی سیاسی و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانه‌، به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدان و خۆڕاگری قاره‌مانانه‌ی زیندانیانی سیاسی گه‌یاندویانین به‌ ئێستا. 

به‌شی دووه‌می كتێبی ئه‌لبوومی زیندانیه‌ سیاسییه‌كان له‌ نووسین و ئاماده‌كردنی لیژنه‌ی زیندانیه‌ سیاسییه‌كانی مه‌ڵبه‌ند و پێداچونه‌وه‌ی شێخ فه‌تاح و له‌سه‌ر ئه‌ركی شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌چاپدراوه‌.
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌رپه‌رشتیاری مه‌ڵبه‌ندی ١ی رێكخستنی سلێمانی(ی.ن.ك)، له‌ پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا له‌باره‌ی ژیانی زیندانیانی سیاسی و خه‌م و كێشه‌كانیانه‌وه‌ نووسیویه‌تی: ژیانی زیندانیانی سیاسی له‌ كاتی زیندانیكردنیان هه‌ر یه‌كه‌یان رۆمانێكی تراژیدی به‌چه‌ندین چیرۆكی جیاجیاوه‌ له‌ خۆگرتووه‌، كه‌ پێكهاته‌كه‌ی له‌و ئێش و ئازاره‌ قورسه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی جه‌لاده‌كانی به‌عسی فاشیی بۆ گیانی ئه‌م قاره‌مانانه‌ی زیندان بنه‌مای ئه‌فكاره‌ دڕندانه‌كه‌ی حوكمی به‌عس نیشان ده‌دات.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی نووسینه‌كه‌یدا، ئاماژه‌به‌وه‌ده‌دات، ژیانی تێكۆشه‌ره‌كانی زیندان له‌ یه‌ككاتدا ئازاره‌كه‌یان دوولایه‌نه‌ بوو، ئازاری جه‌سته‌یی زیندانیكراو كه‌ خۆی له‌ ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازاری جۆراو جۆری رۆژانه‌ی به‌رده‌وام ده‌بینێته‌وه‌، لایه‌كیتر خه‌م و ئازاری ده‌روونی كه‌س و كاره‌ سه‌ربه‌رزه‌كانیان و هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رانیانه‌ كه‌  به‌رده‌وام له‌بیری چاره‌نووسی زیندانیكراودا بوون و چاوه‌ڕێی ئازادبوون و تامه‌زرۆی شادبونه‌وه‌یان بوون.

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، ئه‌وه‌ش دووپات ده‌كاته‌وه‌، ئه‌م حزبه‌ حزبی زیندانیانی سیاسی و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانه‌، به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدان و خۆڕاگریی قاره‌مانانه‌ی زیندانیانی سیاسی گه‌یاندویانین به‌ ئێستا، نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌یان ده‌كه‌ین و به‌ڵێن دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ داكۆكیكاری سه‌رسه‌ختیانین.

له‌كۆتایی مه‌راسیمه‌كه‌شدا، پوخته‌ی پێشنیاز و داواكانی زیندانیانی سیاسی كه‌ ئاڕاسته‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كراوه‌ ئاڕاسته‌ی خاتوو شاناز كرا، بۆئه‌وه‌ی كاری له‌سه‌ر بكرێت.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket