}

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌: هه‌ڵبژاردن ببێته‌ هۆی شادكردنی رۆحی شه‌هیدان

کوردستان 06:34 PM - 2021-09-15

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ١٥/٩/٢٠٢١ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ له‌باره‌گای مه‌كته‌بی ناوه‌نده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌شاری سلێمانی به‌ئاماده‌بوونی ئارام ئه‌حمه‌د لێپرسراوی ناوه‌ندی ئیتاڵیا و داره‌وان حامید لێپرسراوی ناوه‌ندی فه‌ره‌نسا پێشوازیكرد له‌ ئاسۆ رۆژبه‌یانی وپۆلێك له‌هه‌ڤاڵانی تێكۆشه‌ره‌ دێرینه‌كان و نه‌وه‌ی تێكۆشه‌ره‌ دێرینه‌كانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات . 

له‌دیداره‌كه‌دا سه‌ره‌تا هه‌ڤاڵ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئاماژه‌ی به‌ زه‌ڕوره‌تی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ كرد وه‌ك ده‌رچه‌یه‌ك بۆ رزگاربوون له‌قه‌یرانه‌ سیاسییه‌كانی عیراق كه‌ یه‌كێك بوو له‌ داواكارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خۆپیشانده‌رانی عیراق وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ هه‌ڵبژرادنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی عیراق ته‌واو جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ شێوازه‌كانی پێشووی هه‌ڵبژاردن ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ هه‌ڵمه‌تێكی هۆشیاری گه‌وره‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌نگده‌رانی پێ ئاشنا بكرێت، هاوكات ئامرازێك و شێوازێكی باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌نگ و سه‌نگی راسته‌قینه‌ی خۆیان بۆ ده‌ربكه‌وێت له‌ ئه‌نجامی ئه‌م شێوازی هه‌ڵبژاردنه‌دا .

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئێمه‌ش وه‌كو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ك له‌پێشتردا ئامانج و ستراتیژو سیاسه‌ت و به‌رنامه‌مان ئاشتی و ته‌بایی و پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لان بوه‌ له‌سه‌ر خاكی عیراق و رێزگرتن له‌مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان، ئێستاش و له‌داهاتووشدا ده‌رگامان هه‌میشه‌ كراوه‌ ده‌بێت بۆ هه‌ر هێزو لایه‌نێك كه‌ ڕێز له‌ ئیراده‌ی گه‌ل بگرێت و ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانی به‌لاوه‌ گرنگ بێت.

له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا هه‌ڤاڵ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ هیوای خواست ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ببێته‌ هۆی شادكردنی رۆحی شه‌هیدان و به‌شێوه‌یه‌ك بێت له‌ ئاست خه‌بات و قوربانی و تێكۆشان و سه‌روه‌رییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان بێت له‌ ناوچه‌كه‌.
دواتر هه‌ڤاڵ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ له‌گه‌ڵ ئاسۆ رۆژبه‌یانی و پۆلێك له‌هه‌ڤاڵانی تێكۆشه‌ره‌ دێرینه‌كان و نه‌وه‌ی تێكۆشه‌ره‌ دێرینه‌كانی  یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات سه‌ردانی مه‌زاری خوالێخۆشبوو سه‌رۆك مام جه‌لال-یان له‌ده‌باشان كردو تاجه‌گوڵینه‌ی رێزو وه‌فایان له‌سه‌ر مه‌زاره‌كه‌ی دانا.

PUKmedia ده‌رباز ستار

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو