}

شرۆڤه‌كاران: سوپا و پێشمه‌رگه‌ توانای به‌رگرییان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ داعش

کوردستان 07:39 PM - 2021-09-14

هاڤریل هاینز، به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری نیشتمانی ئه‌مریكا پێیوایه‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌لایه‌ن تیرۆری نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی، له‌وڵاتانی یه‌مه‌ن و سۆماڵ و سوریاو عیراقه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ نه‌ك ئه‌فغانستان، به‌شێك له‌شرۆڤه‌كارانی سیاسی عیراقی جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ لێدوانی ئه‌مریكییه‌كان په‌یامی سیاسییان تێدایه‌.

هاڤریل له‌واشنتۆن و له‌میانی كۆنگره‌یه‌كدا له‌باره‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی راشیگه‌یاند: سه‌رباری ئه‌وه‌ش كاربه‌ده‌ستانی هه‌واڵگریی ئه‌مریكا له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن كه‌ئاخۆ گرووپه‌ تیرۆرستییه‌كان جارێكی تر له‌ئه‌فغانستان ده‌رده‌كه‌ونه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌داڵده‌دانی تیرۆرستان و بتوانن هێرش له‌ناو ئه‌مریكادا ئه‌نجام بده‌ن، سه‌رچاوه‌ی نیگه‌رانی نییه‌.

راشیگه‌یاند: به‌لای ئێمه‌وه‌ ئه‌فغانستان له‌پێشه‌وه‌ی لیستی ئه‌وله‌ویاتدا نییه‌، به‌ڵكو یه‌مه‌ن و سۆماڵ و سوریاو عیراق به‌هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌ترسیدارتر ده‌بینین.

لای خۆیه‌وه‌، هه‌یسه‌م خه‌زعه‌لی، شاره‌زای بواری ئه‌منیی له‌لێدوانێكدا بۆ PUKmedia رایگه‌یاند: ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌پرسی پۆلێنی تیرۆر به‌راورد به‌وڵاتانی دیكه‌ی جیهان، رای جیاوازی هه‌یه‌و ئه‌و بزووتنه‌وه‌ به‌رگرییانه‌ی  له‌هه‌ندێ وڵات سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و به‌گوێره‌ی یاساكانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دان پێدانراون، ئه‌مریكا به‌تیرۆر ناویان ده‌بات و رای گشتی جیهانی پێی چه‌واشه‌ ده‌كات، دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی رێكخراوی داعش له‌ عیراق و سوریا جێی مه‌ترسی نییه‌، هه‌ندێك گرووپ و شانه‌ی نوستووی داعش له‌سوریاو عیراق هه‌یه‌ به‌ڵام توانا هه‌یه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنیان، ئاماژه‌شیدا له‌سوریا كۆتایی به‌داعش ده‌هێنرێت و ئه‌وه‌ش ته‌نها په‌یوه‌سته‌ به‌كاته‌وه‌، و گه‌ڕانه‌وه‌ی تیرۆر به‌دوور ده‌زانرێت مه‌گه‌ر هه‌بێت بیه‌وێت ئه‌و دۆسیه‌یه‌ بجووڵێنێت و په‌لكێشی گرووپه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی عیراق وسوریا بكه‌ن و بیانگلێننه‌ ناو شه‌ڕه‌وه‌.
راشیگه‌یاند: ئه‌مریكا له‌قۆناغی داهاتوودا به‌نیازه‌ هێزه‌كانی له‌ناوچه‌كه‌دا بكشێنێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق له‌ئاماده‌باشیدا بن، دووپاتیشی كرده‌وه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌توانایاندا هه‌یه‌ رووبه‌ڕووی رێكخراوی تیرۆرستی داعش ببنه‌وه‌، بۆیه‌ له‌ دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا رۆڵی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر زیاتر له‌هه‌رچ لایه‌نێكی تر له‌ ئه‌ستۆی هێزه‌ عیراقییه‌كان ده‌بێت.

لای خۆیه‌وه‌، عه‌دنان سه‌ڕاج، شرۆڤه‌كاری سیاسی وایده‌بینێت لێدوانه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی ئه‌مریكا له‌به‌رژوه‌ندی رای گشتی ئه‌مریكا ده‌كه‌وێته‌وه‌.

سه‌ڕاج له‌میانی لێدوانیدا بۆ PUKmedia راشیگه‌یاند: لێدوانه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی باڵوێزی ئه‌مریكا و به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگریی ئه‌مریكا له‌به‌رژه‌وه‌ندی رای گشتی ناوخۆیی ئه‌مریكا ده‌كه‌وێته‌وه‌، پرسی ئه‌فغانستان ته‌واو رای گشتی ئه‌مریكای به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵكردووه‌، كشانه‌وه‌ی كتوپڕی هێزه‌كانی ئه‌مریكاو گرتنه‌وه‌ی كابول به‌و خێراییه‌ سیاسه‌تی ئه‌مریكای تووشی سه‌رلێشێوانی كردو ده‌یانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌و لێدوانانه‌وه‌ كه‌شه‌كه‌ خۆش بكه‌نه‌وه‌.
سه‌ڕاج راشیگه‌یاند بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان درێژكراوه‌ی گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ تیرۆرو په‌یوه‌ندی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ قاعیده‌دا هه‌یه‌و یه‌كێك بوون له‌وانه‌ی تیرۆریان له‌جیهاندا به‌رهه‌مهێناوه‌، تا ئه‌م ساته‌ش هه‌ڵگری عه‌قیده‌یه‌كی توندڕه‌وی تیرۆرستین، ئاماژه‌شیدا بڕیاردان له‌سه‌ر مه‌ترسی تیرۆر له‌ئه‌فغانستان پێویست ده‌كات بزانرێت ئاراسته‌ی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان چییه‌و چه‌ند لێدوان و به‌ڵێنه‌كانیان به‌كرداری جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، ئه‌و كاته‌ش وێنه‌كه‌ روونده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌وترێت گوایا سه‌رچاوه‌ی تیرۆر له‌سوریاو عیراق و یه‌مه‌نه‌، ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ هه‌ڵه‌ی زۆری مه‌ترسیداری تێدایه‌.

سه‌ڕاج وتیشی له‌دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عیراق، سه‌ركردایه‌تی داهاتووی به‌گژداچوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ ده‌ستی هێزه‌ عیراقییه‌كان ده‌بێت و به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا، ئاماژه‌شیدا ئه‌نجامه‌ باشه‌كانی به‌رهه‌می هاوكاری نێوان هێزه‌كانی فیدڕاڵ و پێشمه‌رگه‌ هۆكار بوون بۆ له‌ناوبردنی داعش به‌و خێراییه‌و هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردوو لا ئه‌نجامی باشی هه‌بوو له‌ریشه‌ده‌رهێنانی داعش و ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك لیژنه‌ی هاوبه‌ش له‌نێوان هێزه‌كانی فیدڕاڵ و پێشمه‌رگه‌دا دروستكراون و هه‌ماهه‌نگی هه‌یه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌كانی نێوانیان كه‌ داعش ده‌توانێت سوودییان لێوه‌ربگرێت.

سه‌ڕاج ئاماژه‌شیدا سه‌رجه‌م ئه‌و لێدوانانه‌ی باس له‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكاو گرتنه‌ ده‌ستی سه‌ركردایه‌تی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی فیدڕاڵ و پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌مه‌به‌ستی ناردنی په‌یامی سیاسیه‌ كه‌ئه‌مریكا هێزه‌كانی له‌عیراق ده‌كشێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ها په‌یامێكه‌ بۆ رای گشتی ئه‌مریكا كه‌ كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا هه‌ر ده‌بێت و هێزه‌كانی فیدڕاڵ و پێشمه‌رگه‌ له‌دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا ته‌واوی شه‌ڕو رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ داعش ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ.

PUKmedia تایبه‌ت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو