riklam

پانۆرامای بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە كوردستان

جینۆساید‌‌ 10:09 AM - 2021-03-16
.

.

پاش هەڵگیرسانی شەڕی عیراق – ئێران 22/9/1980 كە ماوەی هەشت ساڵ بەردەوامی بوو لە 8/8/1988 كۆتایی هات، بەهۆی لایەنگیری زۆربەی وڵاتانی زلهێز لە عیراق دژ بە ئێران، ئەویش بە مەبەستی بەربەست دانان لە گەشەسەندنی دەوڵەتی ئیسلامی و هەناردەكردنی فكری ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنورەكەی، لەم ڕوانگەیەوە زلهێزەكان بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی تەواویان بۆ عراق جاڕدا بوو، هاوكات زۆربەی وڵاتانی عەرەبیش پشتیوانی عیراق بون بێجگە لە (سوریا و لیبیا) كە هاوكاری ئێران بوون.

بەهۆی بەرگەگرتنی ئیران دژ بە هەموویان، بیریان لە بەكار هێنانی چەكی كۆكوژ كردەوە ئەویش چەكی كیمیایی بوو، سەرباری ئەوە عیراق لە ڕیزی ئەو 120 وڵاتە بوو واژۆی پەیماننامەی جنێڤی ساڵی 1925 كردبوو كە باس لە قەدەغەەكردنی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دەكات، پاش ئەوەی عیراق چەكی كیمییای و مادەكانی بەرهەم هێنانی دەس كەوت، گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكرا بۆ بەكارهێنانی، كە بە پێی یاسا نێو دەوڵەتیەكان نابێت چەكی كۆكوژ بەكار بێت لەجەنگدا، هەروەها نابێت دژی خەڵكی سڤیل بەكاربێت، بەڵام زۆر بە ئاشكرا و بێ دەربەس لەبەرەكانی جەنگی نیوان سەربازانی عیراق و ئێران بەچڕی بەكاریان هێنا، تەنانەت سەربازی عیراقیش بەردەكەوتن.

لێرەدا نامەوێ باس لە بەكار هێنانی چەكی كیمیایی بكەین دژ بە سوپای ئێران بەڵكو دێینە سەر تەوەرەكەی خۆمان ئەویش بەكار هێنانی چەكی كیمییایە دژی گەلی كورد.

زۆربەمان لامان ئاشكرایە كە ڕژێمی بەعس بیری شۆڤێنیەت بەسەری دا زاڵ بوو، دەیویست كورد لە بۆتەی عەرەبدا بتوێنێتەوە و نەیهێڵێت، بۆ ئەم مەبەستەش چەندەها ڕێگای گرتە بەر لەوانە: راگواستن، بەزۆر بە بەعسی كردن، تەعریبكردنی ناوچە كوردیەكان، كۆتا هەنگاویشی بەكار هێنانی چەكی كۆكوژی كیمیایی بوو ، تازۆرترین ژمارەی كورد لە ناو ببات بەتایبەت نەیارەكانی.

لەم ڕوانگەوە ڕژێم هەركەس لەژێردەسەڵاتی ئەودا نەبوایە بە قورسترین شێوە لێێ دەدا بەئاگر و ئاسن و چەكی كیمیایی، بڕیاری تایبەتی دەركرد بۆ شوێنە ئازاد كراوەكان كە بە ناوچەی قەدەغەكراو ( مناگق محرمە ) ناو زەندی كردن، هەر بۆیە لەسەرەتای ساڵی 1987 وە زۆر دڕندانە كەوتە بۆردومانی كیمیایی ناوچە ئازاد كراوەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە و دەستی لە مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندەش نەدەپاراست .

بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی كەدەست كەوتوون ڕژێم لە تشرینی دووەمی ساڵی 1983 دا چەكی كیمیایی دەستكەوتووە، بەڵام بەهۆكاری نەزانراو بە كاری نەهێناوە لە بەرەكانی جەنگدا، ( یان گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵنەكراوە، یان بە كەمی لە بەردەستدا بووە)، دەركەوتوە یەك جار لە بەرەی جەنگی باكوور دژ بە ئیران بەكاری هێناوە لە ناوچەی حاجی ئۆمەران.

پێشتر لە ساڵەكانی 1937-1938 دەوڵەتی تورك دژی كورد لە شۆڕشی دەرسیمدا چەكی كیمیایی بەكار هێناوە وەك لەساڵنامەی دەولەتی عوسمانیدا هاتووە.

ڕژێم هەموو جۆرەكانی چەكی كیمیایی دژ بە گەلی كورد بەكارهێنا، لە ڕێگای فڕۆكەی جەنگی و موشەك و بۆمبی گەورە، تۆپی دوورهاوێژ، راجیمە ، تێبینی دەكرێت زۆربەی هێرشە كیمیایەكان بەشەو دەیكردن، تا خەڵك نەبینێت و زۆرترین كوشتار بدات.

مەبەست لە دروست كردن یان ئامادەكردنی ئەم بابەتە بە چەند شێوازێك ( ڕۆژمێر ، كتێب، فلیكس، برۆشور، وێنەی قەبارەگەورەی سەرتەختە) ئەوەیە تاكو تاوانەكانی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بە شێوازێكی ئاسان تۆمار و بەدۆكیومێنت بكرێن، جیهان و نەتەوەی كورد و نەوەی نوی لێی ئاگادار بێت، وەك سەرچاوەیەك سودی لێ وەربگیرێ لە كاتی پێوستدا.

لەم پانۆرامایەدا دەمانەوێت بە تێر و تەسەلی ڕۆژی بۆمبارانی كیمیایی ناوچە و شوێنەكان و ژمارەی قوربانیەكان بەپێی توانا دیاری بكەین:

1. لە ڕۆژی 15/4/1987 دا لە پارێزگای سلێمانی گوندەكانی (هەڵەدن، چاڵاوە، كانی توو، سەرگەڵو، بەرگەڵو، ئاوەژێ، سێڕوان، نوڵچكە، چنارنێ، شاخی گۆجاڕ)بۆمبارانی كیمیایی كران، ژمارەی قوربانیان، بەركەوتووبوونی دەیان كەسی مەدەنی و پێشمەرگە بوە.

شایانی باسە ئەم بۆردومانانە لەكاتی ئەنجامدانی هێرشێكی گەورەی پێشمەرگەكانی یەكێتی نیشتمانی بوو بۆ سەر ناوچەكە بە ناوی داستانی ڕزگاری، سەرەڕای ئازادكردنی چەندین گوندو ناوچەو بە سەدان ڕەبایەو سەربازگەی ڕژێم، بەڵام داستانەكە بەپێی ئەو نەخشەیەی كە بۆی دانرابوو نەگەیشتە ئەنجام. چونكە ڕژێم چەكی كیمیایی بەكار هێنا دژی پێشمەرگە و هاوڵاتیان. بۆمبارانی كیمیایی ڕۆژانی دوایش بەردەوامی هەبوە زیاتر لە 30 هاوڵاتی بەركەوتن ،لە نەخۆشخانەی شۆڕش لەبەر گەڵو خەوێنراون و چارەسەر كران .

دەتوانین بلێێن ئەمە یەكەم هێرشی كیمیایی بۆ بۆسەر ناوچە ئازاد كراوەكان و پێشمەرگە ،داستانی ڕزگاری لە شەوی 12 لەسەر 13/4/1987 دەستی پێكرد و ماوەی سێ هەفتە بەردەوام بوو،زیاتر لە 105 پێشمەرگە گیانیان بەخشی بە كوردستان، بەڵام نەزانراوە ئایا چەندیان بە چەكی كیمیایی شەهید بوون. ئەوەی تێبینی دەكرێ ڕژێم چەكی كیمیایی زۆرتر دژی گوندەكان بەكار هێناوە تاكو ژمارەیەكی زیاتر خەڵكی بێ دیفاع شەهید بكات.

2. لە ڕۆژی 16/4/1987 دا لە پارێزگای هەولێر گوندەكانی (بالیسان، شێخ وەسانان، كانی بەرد، زنجیرە چیای دەرەشیر، زینی بەڵاڵوكاوە، ناوچەی ساوسێوكان) بۆمباران كران بە 12 فرۆكە ی جەنگی چەكی كیمیایان وەشاند . دیارە ئەو شوێنانە ناوچەی ئازادكراو بوون و لە ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەدا بون بارەگای مەڵبەندی سێ ی (ینك) ی لێ بوو، لە ئەنجامی كیمیاباراندا تا ئیستا ئەوەی ئاشكرابووە زیاتر لە 280 هاوڵاتی شەهید بوون، سەرەتا ژمارەی شەهیدان كەمتر بوو بەڵام بەهۆی بەركەوتنیان و كەمی لە چارەسەر كردندا ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەی شەهیدان زیاتر دەبن، تائیستا مووچە بۆ 256 بەركەوتووی كیمیایی بڕاوەتەوە و نزیكەی 320 كەسی تر بەركەوتووی چەكی كیمیاین.

( لەكاتی بۆمبارەنەكەدا و ساڵی 1987 نزیكەی 109 كەس شەهید بوون، زیاتر لە 281 بەركەوتووی ئاشكرا هەبوو دواتر وردە وردە كاریگەری چەكی كیمیایی دەركەوت قوربانیەكان زیاتر بوون) بەركەوتوانی ئەم تاوانە ڕویان لە هەولێر و شەقڵاوە و رانیە و شارەكانی تر كرد بۆ چارەسەر بەڵام ڕژێم زۆربەی هەرە زۆری دەسگیركرد و زیندە بەچاڵی كردن بەتایبەتی ئەوانەی چوون بۆ نەخۆشخانەكانی هەولێر، پیاوەكانیان لە ژنەكان جیاكردوە و لە سەربازگەی ڕشكین پاش دەیان ڕۆژ دەسبەسەركردن ژنەكانیان ئازاد كرد و پیاوەكان زیندە بەچاڵ كران لە دوای راپەڕین تەرمی زیاتر لە 66 كەسیان لەو سەربازگەیە هێنایەوە، هەروەها 150 خانوو دروست كراوە بۆ كەسوكاری قوربانیانی چەكی كیمیایی بالیسان و شێخ وەسان.

3. لە ڕۆژی 17/4/1987 / لە پاریزگای سلێمانی گوندەكانی (قزلەر، بیركێ، سنگر، مێولاكە) كیمیا بارانكران، چەندین كەس بەركەوتن، بە هۆی ئەوەی بۆمبارانەكە لە سەروبەندی داستانی ڕزگاریدا بوو، زۆربەی شوێن و گوندەكان و بەرەكانی جەنگ بۆردومان دەكرا، خەڵك خۆیان حەشار دابوو و لە ئامادەباشی دابوون، بۆیە ژمارەی قوربانیان كەمە.

4. لە ڕۆژی 18/4/1987 لە پارێزگای سلێمانی،شاخ و گوندەكانی (قەیوان، كۆرەنگ،خەجەلەرزۆك، قەواڵ، قوڵەجاخ، چۆخماخ، كۆڵەردی) بەچەكی كیمیایی بۆردومانكرا 50 هاوڵاتی بەركەوتوە.

5. لە ڕۆژی 19/4/1987 دا لە پاریزگای سلێمانی گوندەكانی(ماوەت قەیوان، پیرەمەگرون) بە چەكی كیمیایی بۆردومان كران، دەیان كەس بەر چەكی كیمیایی كەوتن .

6. لە ڕۆژی 20/4/1987 دا هەمان ناوچەكانی ڕۆژانی پێشوو بۆمباران كران و دەیان كەس بەركەوتن.

7. لە ڕۆژی 21/4/1987 دا ناحیەی قەرەداغ و گوندەكانی دەوروبەری لە پاریزگای سلێمانی، بە چەكی كیمیایی بۆردومان كران، لە ڕۆژی 19/4/1987 دا هێزی پێشمەرگەی كوردستان ( ینك، حشع، پدك،حسك) بە هاوكاری هێزی پشتگیری ناوچەكە لەهێرشێكدا دەستیان گرت بەسەر تەواوی ناحیەی قەرەداغدا، هەموو سەربازگە و فەرمانگەكانی حكومەت كەوتنە بندەستی پێشمەرگە، بۆیە لە تۆڵەی ئەم شكستە، ڕژێم بە چەكی كیمیایی، ناحیەكە و دەورووبەری بۆمباران كرد، بەڵام بە هۆی وریایی و ئامادەباشی هێزی پێشمەرگە، كاریگەری نەبوو تەنها چەند پێشمەرگەیەك بەركەوتووبوون، ئیتر لەو كاتە بە دواوە ناوەندی ناحیەی قەرەداغ ئازاد كرا.

8. لە ڕۆژی 21/4/1987 دۆڵی بالیسان لە پارێزگای هەولێر، كیمیا بارانكرا.

9. لە ڕۆژی 1/5/1987 لە پارێزگای دهۆك گوندی (زێوە) بۆردومانی كیمیایی كرا چەندین پێشمەرگە شەهید بوون.

10. لە ڕۆژی 22/5/1987 لە پارێزگای هەولێر گوندەكانی (مەلەكان، گۆڕە شێر، كەندۆك، بلێ، بردون) كیمیا بارانكران.

11. لە ڕۆژی 22/5/1987 لە پارێزگای كەركوك گوندەكانی ( تۆمار، گورگان، قەمەر) كیمیاباران كران.

12. لە ڕۆژی27/5/1987 لە پارێزگای هەولێر گوندەكانی (مەلەكان، بلەی خواروو، بلەی سەروو،تارینا، كەندۆك، گۆڕە شێر، نازەنین، دۆڵی سماقۆلی) كیمیابارانكران لە ئەنجامدا هەشت 8 شەهید و 23 بەركەوتوو، بە پێی هەواڵەكان فرۆكە جەنگیەكان بیست 20 هێرشیی كیمیایان ئەنجام داوە لەو ڕۆژەدا.

13. لە ڕۆژی 5/6/1987 لە پارێزگای دهۆك گوندەكانی قەزای ئامێدی بۆمباران كران یەك شەهیدو سەد بەركەوتوو.

14. لە ڕۆژی 27/6/1987 لە پارێزگای سلێمانی گوندی (زێوێ) بناری شاخی پیرەمەگرون كیمیاباران كراوە، 35 كەس بەركەوتن .

15. لە ڕۆژی 28/6/1987 رژێمی بەعس لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان شاری سەردەشت بۆردومانی كیمیایی كراو زیاتر لە 130 كەسی مەدەنی شەهید و 8025 بەركەوتن ، فڕۆكەكان بۆمبەكانیان لە قەرباڵخترین شوێنی شاردا فڕێدایە خوارەوە ، لەو كاتەدا سەردەشت وەك بەرەیەكی دواوەی جەنگی لێهاتبوو لەشەڕی عیراق-ئێراندا.

16. لە ڕۆژی 3/9/1987 لە پارێزگای سلێمانی گوندەكانی ( بەرگەڵو، یاخسەمەر) بەچەكی كیمیایی بۆردومان كران، لە ئەنجامدا 4 پێشمەرگە شەهید و چەندین كەس بەركەوتن.

17. لە ڕۆژی 14/9/1987 لە پارێزگای سلێمانی ناوچەی( مێرگەپان ) بۆمبارانی كیمیایی كرا چەنین كەس بەركەوتن.

18. لە ڕۆژی 25/2/1988 لە پارێزگای سلێمانی گوندەكانی ( سەرگەڵو، یاخسەمەر، هەڵەدن، گوێزیلە) بۆردومانی كیمیایی كران، چەندین كەس بەركەوتن.

19. لە ڕۆژی 26/2/1988 لە پارێزگای سلێمانی، هەمان ناوچە و گوندی ڕۆژی پێشو (سەرگەڵو، یاخسەمەر، هەڵەدن، گوێزیلە) بۆردومان كران 8 شەهید و 201 كەس بەركەوتن.

20. لە ڕۆژی 27/2/1988 لە پارێزگای سلێمانی گوندەكانی( تەكیە، بەلەكجاڕ، بەڵخە، گومەتە) لە ناوچەی قەرداغ، لەلایەن فڕۆكە جەنگیەكانی ڕژێمەوە كە ژمارەیان نزیكەی 6 فڕۆكە دەبوو، بە ژەهری خەردەل بۆمبارانكران و دەیان پێشمەرگە بەركەوتوو بوون كە وا مەزندە دەكرا 40 كەس بن، بەهۆی كاریگەری برینەكەیانەوە 2 كەسیان شەهید بوون كە چەكداری ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بەڕەگەز عەرەب بوون .

نیشانەكانی برینداربوون بە چەكی كیمیاویی بریتی بوو لە سوتانەوەی چاو قورگ لوت و ئاو هاتنە خوارەوە پژمین و كۆكە، كزبونی بینایی و كوێر بوون، سوتانەوەی پێستی شوێنە هەستیارەكانی لەش،(خۆم شاهید حاڵی ئەو بۆمبارانە بووم لەوێ پێشمەرگە بووم)

بۆمبارانی ئەمجارە تایبەت بوو بە بارەگاكانی مەڵبەندی یەك (ینك) لە گوندەكانی تەكیە و بەلەكجاڕ كە هەموو بەركەوتووەكان لەوێ بوون.

21. لە ڕۆژی 9/3/1988 لە پارێزگای سنە گوندی قەڵاجێ (ڕۆژی 19 اسفند ی 1366 بۆمباران كرا)، بە گازی خەردەل، 3 شەهید و زیاتر لە 30 بەركەوتوو.(زریوار خبر).

22. لە ڕۆژی 16/3/1988 پارێزگای هەڵەبجە، ناوەندی قەزای هەڵەبجە و شارەدێ و گوندەكانی دەوروبەری بە چەكی كیمیایی بۆمباران كران ( 5000 هەزار شەهید) و دەیان هەزار كەس بەركەوتن و ئاوارەی ئێران بوون.

لە پاش هێرشێكی بەربڵاوی سوپای پاسدارانی ئێران و بەهاوكاری پێشمەرگەكانی بەرەی كوردستانی بۆ سەر قەزای هەڵەبجەی ئەوكاتە، لەچەندین قۆڵەوە لە ڕۆژانی 14/3 /1988 بە دواوە، پاش داگیر كردنی ناوچەكە بەتەواوی و ڕژێم دەستیكرد بە بۆردومانی ناوشاری هەڵەبجە، سەرەتا بە بۆمبی ئاسایی كاتژمێری 11.35 دەستی پێ كرد، تا خەڵك بە زۆرترین ژمارە خۆی حەشار بدات و كۆ ببنەوە، لە ژێر زەمین و حەشارگەكاندا. ئینجا دەستی كرد بە بۆمبارانی كیمیایی لە ڕێگای فرۆكەوە، مەزەندە ئەكرێ هەموو جۆرە گازەكانی بەكار هێنابێ وەك تاقیگەیەك( خەردەل، فۆسجین، سارین، تابون، سیانید، ڤی ئیكس)،بۆمباران بەردەوام بوو تا خەڵك لەشار هەڵهات و ئینجا لەوێش لە ڕێگادا بەردەوام بۆمباران دەكران، مەبەستی رژێمی بەعس ئەوەبوو، خەڵكی بەتەواوی لە ناوببات، ڕێگاكانی دەرچونی لە شار هەموی بۆردومان دەكران، ڕۆژانی دواتریش بۆمبارانی كیمیایی بەردەوام بوو،( ڕێگای عەنەب، بیاویڵە، خەرپانی، جەلیلە، عەبابەیلێ، شنروێ، سازان، بالامبۆ، ناوچەی نەورۆڵی، گولان، ڕێگای ھاوار، بیارە، ئەحمەداوا و چەمی زەڵم …ھتد) .

23. لە ڕۆژی 17/3/1988 لە ناوچەی هەورامان شارەدێی( نۆدشە) سەر بە پارێزگای كرماشان، كەوتە بەرهێرشی كیمیایی،(104) شەهیدو زیاتر لە 700 كەس بەركەوتن، هەروەها لە رۆژی 24/3/1988 دا جارێكی تر و لە 2/4/1988 بۆ جاری سێهەم بۆردومان كرا. شاندێكی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆمەبەستی لێكۆڵێنەوە سەردانی ئەم شارەیان كرد و سەلماندیان كە چەكی كیمیایی لەجۆری خەردەل لەو شارە دراوە.

24. لە ڕۆژی 17/3/1988 ڕۆژانی دواتریش لە پارێزگای سنە گوندەكانی ( دەرەناخێ ،زەكەریا، ڕێگای نیوان مەرزی دزلی و بیەكەڕە) كە ڕێگای هاتوچۆی خەڵكی ئاوارەی هەڵەبجە و هەورامان و ناوچەكانی تر بوو، ڕژێم جارێكی تر لە ڕێگاوە بۆردومانی كردن، چەندین كەس بەركەوتن و كەسێك شەهید بوو بە ناوی ( زۆراب ئازیز گوڵپی).

هەر لەو ڕۆژنەدا لە 22/3/1988 و دوای كیمیا بارانی هەڵەبجە گوندەكانی (نژمارو بالك، نێ ،دەگاشێخان) لە نزیك مەریوان بۆردومانی كیمیایی كران، سەرچاوەكانی دەولەتی ئیران و حزبە كوردیەكان باسی نەكردووە، زیاتر لە 50 شەهید و سەدان بەركەوتووی هەبووە ( سابیر چەوساوە- http://kurdistannet.org/2005/7-2005/17-7/kurdu.htm

سەرچاوەكەی كوردستان نێت) دەڵێت: ڕۆژی 16/3 بوە، ژمارەی شەهیدەكان زیاترە لە 300 شەهیدە و لە گۆڕستانی گوندی چۆڕ ئەسپەردە كراون، بەڵام كاك سابیر و سەرچاوەیەكی تر ئاماژە بە چوار تا پێنج ڕۆژ دوای هەلەبجە ئەم بۆردومانە بوە.

25. لە ڕۆژی 22/3/1988 لە پاریزگای سلێمانی ناوچەی قەرەداغ، گوندی(سێوسینان)، ئێوارە دوای بانگی مەغریب (كاتژمێری 6.30) كاتی پشودان و نان خواردنی خەڵكی گوندەكە، لەگەڵ تاریك بونی هەوا ڕژێم لە نزیك دەربەندیخانەوە لە گوندی كانی ساردەوە بە ڕاجیمەی چل چل و بەچەكی كیمیایی جۆری دەمار(سارین و تابون) بۆردومانی ناو دێی سێوسێنانی كرد، دەس بەجێ 68 كەسی سڤیل لە ژن و مناڵ و پیر شەهید بوون، یەك كەسیان پێشمەرگە بوو،دواتر ژمارەی شەهیدەكان بوە بە 71 بەهۆی گیان لەدەستدانی بەركەوتووەكانەوە، سەدان كەسیش بەركەوتن، زیاتر لە 70 كەسیان بەهۆی تراكتۆرەوە لەلایەن تیمی فریاكەوتنی نەخۆشخانەوە گەیەنران و چارەسەریان بۆ كرا، بەهۆی هەوڵ و كۆششی دكتۆر و یارمەتیدەری دكتۆر و پێشمەرگەكانی نەخۆشخانەی مەڵبەندی یەك(ینك) توانرا گیانی هەموو بەركەوتوەكان ڕزگار بكرێت، پاش كەمتر لەنیو كاتژمێر و گەیشتنی دوو بەركەوتوو لە گوندەی بەردێ و خوار گوندی سێوسێنان، بۆمان پشت راستكرایەوە كە گوندی سێوسێنان بە چەكی كیمیایی بۆردومان كراوە ،یەكسەر تیمی پزیشكی لە نەخۆشخانەوە دەسبەجێ ڕۆیشتن بۆ گوندەكە كە نزیكەی 30 دەقیقە بەپێ ڕۆشتن دوور بوو لێمان، توانرا بەركەوتووەكان بهێنرێنە نەخۆشخانە و چارەسەریان بۆ بكرێ لەماوەی 2-3 ڕۆژ. لە ئێستادا مەزارگەی شەهیدانی كیمیاباران لەو گوندە 68 كێل و روفاتە، 24 خانوش بۆ كەسوكاری قوربانیانی ئەو تاوانە دروست كراوە.( خۆم وەك شایەت حاڵی زیندوی تاوانەكەم لە نەخۆشخانەی مەڵبەند دكتۆر بووم).

ئەمەش چەند وێنەیەك لە مەزاری شەهیدان و مۆنۆمێنتی سیوسێنان.

26. لە ڕۆژی 23/3/1988 لە پارێزگای سلێمانی گوندەكانی، ناوچەی قەرەداغ(دوكان، دوكەرۆ، ولیان جافەران) بەشەو بۆمبارانی كیمییایی كرا. بەڵام كەس شەهید نەبوە و دەیان كەس بەركەوتن، بەهۆی ژەهراوی بوونی هەوای ناوچەكە. گوند نشینان كەوتبونە خۆیان و هۆشیار بوبونەوە، بۆیە گوندەكانیان جێ هێشتبوو لە شاخ و ئەشكەوتەكان دەمانەوە تا بەر چەكی كیمیایی نەكەون.

27. لە هەمان ڕۆژدا 23/3/1988 لە پارێزگای سلێمانی گوندی (شاناخسێ) لە ناوچەی شارباژێر بەچەكی كیمیایی بۆردومان كرا 22 پێشمەرگە شەهید بوون و زیاتر لە 720 كەسی مەدەنی و پێشمەرگە بەركەوتن. لەو كاتەدا گوندی شاناخسێ یەكێك بوە لەگوندە ئاوەدانەكان و پڕ لە خەڵك و پێشمەرگە، نزیك سەر سنور بوو بۆیە ڕژێم بە چەكی كیمیایی و بەفرۆكە بۆمبارانی كرد، بەپێی بەدواداچونەكانم ئەم گوندە ڕۆژانی 21 و 22 ،23/3/1988 بۆردومانی كیمییایی كراوە.(كاروانی جیهاز یەكێك لەپێشمەرگە بەركەوتووەكان ی ئەو گوندە بوو، هەروەها شایەت حاڵی دادگای بالای تاوانەكان بوو، كە لە ڕۆژی 26/11/2015 گیانی بەخشی لە نەخۆشخانەی خرونگن لە هۆڵاند).

28. لە ڕۆژی 24/3/1988 لە پارێزگای سلێمانی گوندی( بەلەكجاڕ) ناوچەی قەرەداغ ، كە بارەگا سەرەكیەكانی مەڵبەندی یەكی « یەكێتی نیشتمانی كوردستانی» لێ بوو، لە كاتژمێری نۆی شەو بەتاریكی، چەكی كیمییایی جۆری گازی دەمار بۆردومان كرد، كە گازێكی بێ بۆن و بێ ڕەنگە، ناودێ و دەوروەبەری بارەگاكانی پێشمەرگە، لەئەنجامدا تەنها یەك پێشمەرگە بەناوی هۆشیاری جیهاز شەهید بوو، جچندین پێشمەرگەش بەر ژەهری كیمیایی كەوتن.

29. لە ڕۆژی 3/5/1988 لە پارێزگای سلێمانی گوندەكانی( گۆپتەپە، عەسكەر، چەمی ڕیزان، شونكە، ماهیلە، سەدی، چنار، شێخان، گڵەشێر، حاجی ژیرە بەرە، كوچبڵاخ، زرزی، كڵێسە) بۆمبارانی كیمیایی كران، رۆژی دواتریش 4/5/1988 ڕژێم هێرشی كرد، گوندەكانی هەموو تەختی زەوی كرد. لە ئەنجامدا سەرەتا زیاتر لە 200 كەس بەهۆی ژەهرەوە گیانیان سپارد، سەدانی تریش بەركەوتن، تاكو ئیستا ژمارەی شەهیدەكانیان كە بەهۆی بەركەوتووی چەكی كیمیایەوە گیانیان سپاردوە گەیشتۆتە 560 شەهید.

لە گۆپتەپە مەزارێكی شەهیدانی هەیە كە رووفاتی 105 شەهیدی تێدایە، سەرباری ئەوەی كە زیاتر لە 305 ئەنفالكراوایان هەیە.

30. لە ڕۆژی 15/5/1988 لە پارێزگای هەولێر ئەم گوندانە بە چەكی كیمیایی بۆردومان كران (قۆناخی چوارەمی ئەنفال بوو) ( كاموسەك، سپیندارە، عەلیاوە، بەرەكە، كەوەكیان، حەریر، سماقولی ،مەلوك)، ئەم هێرشە بۆتە هۆی بەركەوتنی سەدان كەس .

31. لە ڕۆژی 15/5/1988 بە دواوە 18/5/ لە پارێزگای سلێمانی، ڕانیە گوندەكانی( وەرێ، گوڵان، بۆتێ) بۆردومانی كیمیایی كران، پێچەوانەی شوێنەكانی تر ئەم سێ گوندە لەژێر دەسەلاتی ڕژێمدا بون، لە گوندی وەرێ زیاتر لە 35 بەركەوتوو گەینراوەتە نەخۆشخانەی مەڵبەندی سێی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەخەتێ، بۆئەوەی چارەسەریان بۆ بكرێت، بەڵام ژنێك پاش گەیشتنی بە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دەدات. هەروەها ژمارەی شەهیدانی كیمیابارانی ئەم گوندە 36 كەسە تۆمار كراون، لە گوندی بۆتێ(23) پێشمەرگەی كۆمەڵەی زەحمەت كێشان /ڕۆژەهەلاتی كوردستان شەهید كەوتن بەهۆی بۆردومانی كیمیایی، زیاتر لە 60 پێشمەرگەش بەركەوتوو بوون، لە كاتێكدا ئەم گوندە لە ژێڕدەستی پێشمەرگەدا نەبوو، بریندارەكان سەردانی نەخۆشخانەی حكومەتیان نەدەكرد، چونكە دەترسان رژێم ئەنفالیان بكات .

32. لە ڕۆژی 20/7/1988 لە پارێزگای هەولێر بۆردومانی كیمیایی گوندەكانی( سەرو چاوە، سماقولی، گەناو، شارستێنە، خەتێ، دەراش، بالیسان، نازەنین، گەرەوان) بەهۆی هێرشی بەردەوام و بۆمبارانی كیمیاییەوە لەم كاتەدا زۆربەی گوندەكانی ناوچەكە چۆڵ كرابوو، ئەوەی مابویەوە لە چیا و پەناگاكاندا خۆیان حەشار دابوو، بە تەنها هێزی پێشمەرگە لە ناوچەكەدا مابوو ئەوانیش لەشەڕدا بوون، بەهۆی شاڵاوی ئەنفالی(5 .6.7.) 7 شەهیدو چەندین بەركەوتوو .

33. لە ڕۆژی 22/7/1988 لە پارێزگای كرماشان، ناوچەی( داڵاهۆ گوندی زەردە ) بۆمبارانی كیمیایی كرا ،لەئەنجامدا زیاتر لە 300 كەس شەهید بوون، نزیكەی هەزار كەسیش بەركەوتوو بوون، جێگەی ئاماژەیە لەوكاتەدا دانیشتوانی گوندەكە 1700 كەس بووە، تا ئیستاش ئەو گوندە بە كاریگەری ئەو چەكەوە دەناڵێنن و چەندین حاڵەتی شێرپەنجە سەری هەڵداوە.

34. لە ڕۆژی 31/7/1988 لە پارێزگای هەولێر گوندەكانی( سماقولی، بالیسان، هیران، گەرەوان) بۆردومانی كیمیایی كرا، لە ئەنجامدا 5 شەهید و چەندین كەس بەركەوتن .

35. لە ڕۆژی 2/8/1988 لە پارێزگای هەولێر گوندەكانی( ئاری،سێرو، زەڕوا، هەدن، كەكلە،خێرزوكا، خەروان، بلێ) بەچەكی كیمیایی بۆردومان كراوە و( 6 ) پێشمەرگە شەهید و 117 كەس بەركەوتن، هەڵبەت ئەم بۆردومانانە لە ڕۆژەكانی پێشوتر و داوتر بەردەوامی هەبووە لەسەر ناوچەكە بەتایبەت لەو كاتەدا، شەڕێكی قورس لە ئارادا بوو لە ناوچەی سێ سنور كە بەشەڕی (خواكورك) ناوبانگە.

36. لە ڕۆژی 24/8/1988 لە پارێزگای دهۆك چیای گارە و گوندی (زێوەشكان) بۆمبارانی كیمیایی كرا و 10 پێشمەرگە شەهید بوون.

37. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای دهۆك قۆناغی هەشتەم و كۆتایی ئەنفال دەستیپێكرد و بۆمبارانی كیمیایی بۆ سەر ناوچەی ئامێدی و بەرواری باڵا، گوندەكانی ( وەرمیلی ،باپیری، گەرەگوە، هیسی، ئیكمالا، ئاسهی، بازێ، میسكا، توشمبیك، مێرگا چیا، كانی بەلاڤ ،بریجینی، توێكا) دەستیپێكرد و لە ئەنجامدا 5 شەهیدو 75 بەركەوتوو بوون. هەر لەم ڕۆژەدا لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان دا، چەندین پەلاماری تری كیمیایی ئەنجام دراون.

38. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای دهۆك، ناوچەكانی ئامێدی، سەری گارە و گوندەكانی ( ئیكمالا، كیری، بەلیتی، باوەكا، بەركەڤری، گركا، كۆڤلینك، ڕدینیا، ساركی، زێوكا، شێرانە، بلێجانی، بانێ) كیمیا بارانكرا و لە ئەنجامدا 2 شەهیدو 40 بەركەوتن. هەر لەم شاڵاوەدا زیایر لە 46 گوندی دەڤەری ئامێدی تەختی زەوی كران.

39. لە ڕۆژی 25/8/1988 پارێزگای دهۆك ناوچەی ئامێدی، بەرواری ژێری (خوارو) گوندەكانی (سپینداری، سواری).

40. لەڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای دهۆك، گوندەكانی ( كانیا، باسكا، ئاڤۆكێ، بیمنانش) بۆردومانی كیمیایی كرا و چەندین كەس بەركەوتن.

41. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای دهۆك، گوندەكانی( پریسە، جزگیرا، چەمچاڵی، چەمشرتی، چەم ڕەبەتكی، میروكی، بلمباس) بۆردومان كران و چەندین كەس بەركەوتن.

42. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای دهۆك، گوندەكانی( تویكا، بلیجان، زرهەوا) بۆردومانكران، لە ئەنجامدا 14 شەهیدو 15 بەركەوتن.

43. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای دهۆك، بۆردومانی كیمییایی كرایە سەر گوندەكانی (بریجینی، درگەلا شێخا، زیناڤا، دبانكێ) و لەئەنجامدا ، كۆمەڵێك كەس بەركەوتووبوون.

44. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای هەولێر، ناوچەی( بەڕۆژ، بارزان، مزوری بالا) بۆردومانی كیمیایی كران، بەڵام لەبەر سەختی ناوچەكە، ژمارەی قوربانیان نەزانروە.

45. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای هەولێر، گوندەكانی(هیران و نازەنین) بۆردومانی كیمیایی كراون، بەڵام زیان نەزانراوە، ئەوكاتە دوا ڕۆژەكانی ئەنفال بوە لەو ناوچەیەدا.

46. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای هەولێر، گوندەكانی(خەتێ ، وەرتێ ) بۆ دواجار بۆمبارانی كیمییای كراون، قوربانیەكان نەزانراوان.

47. لە ڕۆژی 26/8/1988 لە پارێزگای دهۆك، ( سەری ئامێدی، سپێر، سینیا، نێروە، خەرەگول كوجرزكا، خراپ، زێوە، بەرچی، كانی، دیری، دەرگەنی، سیری، سكیری، سەركەلی، فیرستەك، چیاڕەشك) بۆردومانی كیمییای كراوان، قوربانیەكان نەزانراوە.

48. لە ڕۆژی 27/8/1988 لە پارێزگای هەولێر، مزوری بالا ناوچەی( زێی ڕوشین) بۆردومانی كیمیایی كراوە، ژمارەیەك شەهیدو بەركەوتە هەبووە.

49. لە ڕۆژی28/8/1988 پارێزگای دهۆك، لە نێرەوە و ڕێكان گوندەكانی (شیڤی، هیتوت، كانیا پینك، باشی، سەرنی، گارە، گەرو، باوانكێ، زێوە، گەلی كوتكێ) بوردومانی كیمییای كراوان، ژمارەی قوربانیان نەزانراوە.

50. لە ڕۆژی 29/8/1988 لە پارێزگای دهۆك ناوچەی بەرواری باڵا گوندی ( بازێ و گەلی بازێ) بۆردومانی كیمیای كران و 2980 كەس شەهید بوون و سەدان بەركەوتە. ناكۆكی لەسەر ژمارەی شەهیدەكان هەیە، پێ دەچێت ئەم ژمارەیە(بێ سەروشوێن و ئەنفال كرابن).

51. لەڕۆژی 29/8/1988 پارێزگای دهۆك، گوندی (بانكێ) كیمیاباران كراوە، زیاتر لە 1000 شەهید و سەدان بەركەوتوو هەبوە.

لە سەروەختی شالاوی ئەنفالدا ڕژێم هەموو گوندەكانی بادینانی بە بۆمبی كیمیایی بۆردومان كردووە، نەمانتوانیوە ناوی هەموو گوندەكان بهێنین. بە پێی بەڵگەنامەكانی سوپا لە ئەنجامی بۆردومانی كیمیایی و هێرشی بەرفراوانی سوپا لە قۆناغی هەشتەمی ئەنفال ،زیاتر لە 160000 كەس لە سنور پەڕینەوە و چونە ناو خاكی باكوری كوردستان و لە وڵاتی توركیا بوونە پەنابەر و 664 گوند وێران كران و و زیاتر لە 1700 كەس بێ سەروشوێن كراون.

تێبینی: وشەی بەركەوتووم بەكار هێناوە لەجیاتی بەركەوتووی چەكی كیمیایی. هەروەها بەهۆی نەشارەزایم لە ناوی گوندەكانی بادینان، ئەگەر هەڵەیەك هەبێ داوای لێ بوردن دەكەم، بەهیوام بەهەوڵی دڵسۆزانەی ئێوەی خوێنەر ڕاست بكرێنەوە

سەرچاوە:

• گۆڤاری پێشەنگ ژمارە (16) كانونی دوەمی ساڵی 1989دەرچوە. وەك بناغەو بیرۆكەی نوسینەكەم سودم لێ وەرگرتوە.

• لەتوێشوی پزیشكێكی پێشمەرگەوە (د.فایق گوڵپی)

• پانۆرامای تاوانەكانی سەدام (عەدالەت عومەر).

• شایەت حاڵەكانی دادگای باڵای تاوانەكان لەبەغدا،دۆسیەی ئەنفال (تەها سلێمان)

• یادەوەریەكانی خۆم.

• ماڵپەری مەڵبەندی ڕیكخستنی پێشمەرگە (ئەمڕۆ لە مێژوودا)

PUKmedia ئامادەكردنی: دكتۆر ناجح گوڵپی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket