riklam

هەولێر خاوەنی هەزار ناوچەی شوێنەواری كۆنە

شوێنەوار‌‌ 09:35 AM - 2021-03-15
.

.

هەولێر خاوەن مێژوویەكی هەزاران ساڵیە و چەندین شارستانییەت لەو شارە بوونی هەبووەو چەندین میرنشین و دەوڵەتی جۆراوجۆری كۆنیش قەڵەمڕەویان لەو شارە هەبووە، بۆیە لەئێستادا سەدان شوێنی ئاسەواری كۆن لەو شارە بوونی هەیە، بەرێوەبەری شوێنەواری پارێزگاكەش رایدەگەیەنێت، لەنێوان شاری هەولێرو كەركوك چەندین شاری گەورەی شوێنەواری هەن.

لەوبارەیەوە نادر بابەكر محەمەد بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر رایگەیاند: بەپێی ئەو رووپێوەی لەگەڵ چەند تیمێكی بیانی لەشاری هەولێرو دەوروبەری ئەنجاممانداوە نزیكەی 1000 شوێنەواری كۆنمان دەستنیشان كردووە، جگە لەناوچەی سۆران كە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری خۆی هەیەو ژمارەیەك شوێنەوار لەو ناوچەیەش هەیە .

باسی لەوەشكرد زۆربەی شوێنەوارەكانی ناو شاری هەولێر گردی شوێنەوارین كە  10 گردن ئێستا پارێزراون لەوانە (كلك مشك ، باخچان ، قالینچ ئاغا ، لەشكر ، گرد محەمەد ، سەركارێز ، گەزنە ، تەل قەصرا ، نادر ، مامۆستایان ) جگە لەهەندێك شوێنەواری تر لەهەولێر هەن وەك ئەو گۆڕە مێژووییەی كە لەگەڕەكی عەرەب دۆزرایەوە مێژووەكەی بۆ 700 ساڵ بەر لەزایینەو سەردەمی ئاشووری نوێیە ، وتیشی : ئێمە بەئامێری جیۆفیزیایی پشكنینمان بۆ زەوی دەوروبەری كرد شوێنەواری ئاسەواری لەوێنەكانی دەرچوو ، یا ئەو گۆڕەی بەرامبەر مزگەوتی شێخی چۆلی لەژێر زەمین دۆزرایەوە مێژووەكەی بۆ 1000 ساڵ بەر لەزایین دەگەڕێتەوە نزیكەی 160 پارچە گۆزەی جۆراوجۆری كۆنمان تێدا دۆزیەوە .

وتیشی: زۆربەی گردەكانی هەولێر لەهەموو شارستانیەتیەكان ژیانی تێدا هەبووە یەكێك لەوانە قەڵای هەولێرە كە 6 هەزار ساڵ پێش زایین مرۆڤ تێیدا ژیاوە كە چەندین پارچە شوێنەواری تێدا دۆزراوەتەوە هی شارستانیەت و ئیمپراتۆیەتی كۆنن ، گردی (قالینچ ئاغا) یش مێژووەكەی بۆ 4 - 5 هەزار ساڵ بەر لەزایینە كە هی بەر لەسۆمەریەكان و سەردەمی (سۆمەری) یەكان و شارستانیەتەكانی وەكو (حەسونە) و (عوبێد) و (بابل) و (ئەكەد) و (خوری) و (ئاشووری) و (ماد) و (ئەخمینی) و (ساسانی) و (سلوقی) و (رۆمانی) و پاشان (یۆنانی) یەكان دەگەڕێتەوە كە ئەسكەندری مەكدۆنی بەهەولێردا تێپەڕیوەو شەڕی (گۆگامێلا) ی ئەنجامداوەو زۆر رووداوی مێژوویی تریش لەو شارە روویداوە ، هەروەها شوێنەواری سەردەمی ئیسلامیش ماوە وەك ئەمەوییەكان و عەباسیەكان و عوسمانییەكان كە هەموویان لەهەولێر دەسەڵاتداریان كردووەو شوێنەواریان لەزۆر گردی ئاسەواری هەولێر هەبووە .

سەبارەت بەگردی (كلك مشك) ، بەرێوەبەری شوێنەواری هەولێر وتی : ئەو تیمەی كە لەوێ بوون هەڵكۆڵینیان ئەنجامدا گۆڕێكی سەردەمی ئاشووری ناوەڕاستیان تێدا دۆزیەوە كە لەخشت دروستكراوە بۆ هەزارەی یەكەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە ، بەڵام سەردەمی كۆنتریش لەو گردە بوونی هەیە كە شارستانیەتی (عوبێد) ە مێژووەكەی بۆ نزیكەی 5000 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە ، هەروەها لەگردی قالینچ ئاغا دوو گۆڕی گۆزەیی دۆزراونەتەوە كە دوو تەرمی منداڵیان تێدا ناشتووە ، ئێستا لەمۆزەخانەی شارستانیەتی هەولێر پارێزراوە .

 

مێژووەیەكی 8 هەزار ساڵ

سەبارەت بەگردی (نادر) كە دەكەوێتە شاری هەولێر وتی : تیمێكی یۆنانی كنەو پشكنینیان بۆی كرد ئاسەواری چەندین شارستانیەتی تێدابوو كە كۆنترینیان شارستانیەتی (حەسونە) بوو مێژووەكەی بۆ نزیكەی 6 هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە .

روونیشی كردەوە هۆكاری بوونی ئەو چەند شارستانیەتە لەیەك گرد دا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لەسەر رێڕەوی ئاو بووە ئەوكات لەسەر ئەو زەویانە ئاوی جۆگەو كانیاو هەبووە خەڵكیش بەهۆیەوە لەوێ ژیاون، بۆیە هەر ئیمپراتۆریەتێك لەوێ بووە دوای شكستهێنانی ئیمپراتۆریەتێكی تر هاتووە شوێنی گرتووەو دوبارە خانوبەرەیان دروستكردووەو ئەویش دواتر رووخاوە هی تر هاتووە یا بەهۆی نەخۆشی تاعون چۆڵكراوە یا بەهۆی شەڕەوە شارەكە تەخت كراوە ، زۆربەشیان شوێنی نیشتەجێبوون بوونن هەندێكیان گوند بوون هەندێكیشیان مەڵبەندی دەسەڵاتداری بوون بۆ نمونە (قەسڕی شەمامك) كە تیمی فەرەنسی لەوێ پشكنینیان دەكرد لەدوو چینی شوێنەواری خشتمان بینی كە فەرشكراوە لەدەوری قەسرەكەش شوڕا هەبووەو پارچە شوێنەواری نوسراومان دۆزیوەتەوە كە لەسەر خشت نوسینی بزماری نوسراوە كە بۆ سەردەمی سەنحاریبی پاشای ئاشووری دەگەڕێتەوە .

 

16 شاری مێژوویی لەنێوان هەولێرو كەركوك

سەبارەت بەگردی شوێنەواری (یدی قزلەر) كە دەكەوێتە ئەو گوندە نادر بابەكر وتی : ئێمە پێی دەڵێین (كوردستان قەبر) ئەو پشكنینەی ئێمە كردوومانە لەدەوری گردەكە ئاسەواری شورایەكی پتەو لەژێر زەویدا دۆزرایەوە ئێستا خەڵكی گەنم و جۆی لەسەر دەچێنن ، زەویەكەی سۆنەری جیۆفیزیاییمان بۆ كرد كە سكانی زەوی دەكات شوراكە دەركەوت ، هەروەك بورجیشی هەبووە لەكۆنیشدا شار بووە ، لەنزیك قوشتەپەش ناوچەی شوێنەواریمان هەیە لەگوندی (باشتەپە) كە بۆمان دەركەوت لەو دەشتە تا دەگەیتە شاری كەركوك نزیكەی 16 شاری گەورە هەبووە ، بەڵام تێكچوون و تەنیا ئەو گردانەیان ماوەتەوە ئەگەر بێت پشكنینیان بۆ بكرێت ئەو ئاسەوارە كۆنانە هەمووی بەدەردەكەوێت . 

20.jpg 

شوێنەواری هەولێرو مانگە دەستكردەكەی ئەمریكا

بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر ئەوەشی وت كە هۆكاری بوونی ئەو هەموو شارستانیەتیە لەهەولێر بۆ شوێنە ستراتیژیەكەی و بەپیتی زەویەكەی دەگەڕێتەوە بەپێی چەند زانیاریەكیش لەكۆندا لەدەرەوەی شاری هەولێر تا دەگەیتە قەڵا ، زیاتر لە 300 سەرچاوەی ئاوی كارێزی لە نەخشەی ساڵانی شەستەكانی هەبووە كە ئەوكات بەمانگێكی دەستكردی هەواڵگری ئەمریكی بە ناوی (كۆرۆنا) وێنەی گیراوە ، ئەنجامدانی پشكنین لەلایەن تیمە بیانیەكانیش بۆ ئەوە گرنگە كە ئێستا ناوبانگی هەرێمی كوردستان وەك بەهەشتی شوێنەواری باس دەكرێت ، چونكە ناوچەی شوێنەواری زۆرە كە دەتوانین بڵێین لەهەر كیلۆمەترێكی چوار گۆشە ناوچەیەكی شوێنەواری لەدەشتی هەولێر هەیە .

سەبارەت بەسێ گەڕەكە دێرینەكەی شاری هەولێر نادر بابەكر وتی : گەڕەكەكانی تەعجیل و عەرەبان و خانەقا هەندێكیان تەمەنیان بۆ 100 تا 120 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە كە ناچنە ریزی شوێنەوار ، بەڵكو كەلەپورین لەوانەیە چەند خانوویەكی كەمیان زۆر كۆن بن و بیخەینە ناو لیستی شوێنەوارەوە نزیكەی  48 خانووە ، بەڵام ئەوەی گرنگە ژێرەوەی ئەو گەڕەكانەیە كە زۆرجار كە زەویەكەی بەمەبەستی خزمەتگوزاری هەڵكەنڕاوەو كەلوپەلی كۆنی تێدا دۆزراوەتەوە ئێستا بەڕێوەبەرایەتیەكەمان بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر چەند مەرجێكمان داناوە بۆ ناوچەی (بەفەر زۆنی) ناوشار كە لیژنەی تایبەتی خۆی هەیە ، بەپێی رێنماییەكان هەندێكیان خانووی تازەن خاوەنەكەی دەتوانێت بیڕوخێنێت ، بەڵام كە دروستی دەكاتەوە دەبێت رووكەشی بیناكە لەگەڵ شێوەی كۆنەكە بگونجێت .

وتیشی : تائێستا ئەو سێ گەڕەكە پڕۆسەی ئیستملاكیان تەواو نەبووە كە زیاتر لە 2 هەزار خانووە ، بەڵام نۆژەنكردنەوەو پاراستنیان پارەیەكی ئێجگار زۆری دەوێت ، بەهۆی نۆژەن نەكردنەوەشیان خەریكە هەندێكیان لەناودەچن خەڵكێكی كەمیش لەو گەڕەكانە ماون ، هەندێك خانووشیان بازرگانین و خاوەنەكەی دەیەوێت ژێرزەمینی بۆ بكات بەپێی مەرجەكانمان لەكاتی هەڵكۆڵین دەبێت نوێنەری ئێمە لەوێ بێت ئەگەر پارچەی شوێنەواری تێدا دۆزرایەوە ، ئەوا كارەكە رادەگرین و پاشان تیمی شوێنەوارناسی بۆ پشكنین دەنێرین و ئەگەر پارچە شوێنەواریەكان بتوانرێت بگوازرێتەوە ، دەیگوازینەوە ئەگەر ژوور و خانوو و گۆڕیش بێت ، ئەوا دەبێت لەشوێنی خۆی و لەژێر بیناكە بپارێزرێت .

111111.jpg

 

دۆزینەوەی كارێزێكی سەدان ساڵی 

ئاشكراشی كرد لەبەرامبەر بینای شارەوانی هەولێر زەویەك قوڵكرابوو لەوێ كارێزێكی كۆنی ئاو دۆزرایەوە كە شوێنەوارناسەكانمان چەندین مەتر چوونە ناویەوە كە بەخشت دروستكراوە ، بەڵام تەمەنی دیارنیە چەندە كە لەوانەیە بۆ 400 – 500 ساڵ لەمەوبەر بگەڕێتەوە ، ئێستا لەناو گەراجی بیناكە پاراستوومانەو پلانمان هەیە لەداهاتوو بیكەین بەشوێنێكی شوێنەواری بۆ ئەوەی خەڵكی بتوانێت بیبێنێت.

 

دروستكردنی مۆزەخانەیەكی نیشتمانی

سەبارەت بەمۆزەخانەی شاری هەولێریش ، بەرێوەبەری شوێنەواری ئەو شارە وتی :  ئێمە پلانێكمان هەبوو بۆ دروستكردنی چەند جۆرە مۆزەخانەیەك لەهەولێر ، یەكێك لەوانە مۆزەخانەیەكی نیشتمانیە كە شیاوی پایتەختی هەرێمی كوردستان بێت بۆ ئەو مەبەستە لەساڵی 2012 – 2013 بڕە پارەیەك تەرخانكرابوو بۆ دیزاینكردنی بیناكەی دواتر بانگهێشتی چەند كۆمپانیایەكمان كردو پڕۆژەكە بۆ كۆمپانیایgms  ی ئیتاڵی دەرچوو شوێنمان بۆ دیاریكرد كە دەكەوێتە نێوان منارەی چۆلی و سایلۆ ، لەسێ هۆڵی سەرەكی پێكدێت كەلوپەلی شوێنەواری و كەلەپوری و شۆڕشەكانی كوردی تێدا نمایش بكرێت كە لەسەر ئاستی ستاندردی جیهانی بێت و پانتاییەكەی 11 هەزار مەتر چوارگۆشەیەو لەسێ نهۆم پێكدێت، بەڵام ئەویش بەهۆی قەیرانی دارایی نەتوانرا پارەی بۆ دابین بكرێت ، بەڵام ئێستا كۆمپانیاكە رایگەیاندووە كارەكانی دیزاینی تەواو كردووەو لیژنەیەكی تایبەت و پسپۆر لەوەزارەتی شارەوانی بۆ وەرگرتنی پێكهاتووە .

باسی لەوەشكرد كە چەندین گردی شوێنەواری لەهەولێر كراوەتە گۆڕستان و وتی : ئەو كارە ئێستاش بەردەوامە ئێمە داوامان لەوەزارەتی ئەوقاف كرد كە ئەو گردانەی تر كە نەكراونەتە گۆڕستان بپارێزرێن و نەكرێنە گۆڕستان بۆ نمونە گردەكانی (قەتەوی و پیرداود) كە زۆربەی ژێرزەویەكی شوێنەوارە .

سەبارەت بەئامێری (كاربۆن 14) بۆ پشكنینی كەلوپەلی شوێنەواری ، نادر بابەكر وتی : ئەو ئامێرە كار لەسەركردنی سەختە زانیاریەكم هەیە كە دەوترێت بۆ هەرێمیش هاتووە ، بەڵام كادیرەكانی ئێمە نەیانتوانیوە كاری لەسەر بكەن ،  بۆیە ئەو كەلوپەلە شوێنەواریانەی دەدۆزینەوە دەیاننێرین بۆ پشكنین لەتاقیگەكانی دەرەوە دواتر ئەنجامەكەمان بۆ دێتەوە ، جگە لەوەش ئێمە لەهەولێر تاقیگەیەكی بچووكمان هەیە بۆ خاوێنكردن و چاككردنەوەی كەلوپەلی ئاسەواری ، پەیمانگایەكی چاككردنەوەی شوێنەواریشمان لەهەولێر دامەزراوە كە خۆی عیراقیە بەنیاز بوو لەبەغدا دانرێت ، بەڵام بەهۆی باری ئەمنی هێنایانە ئێرەو لەلایەن پارێزگای هەولێر سەرپەرشتی دەكرێت بۆ ئەم مەبەستەش چەندین خولی بۆ كارمەندانی هەرێم و بەغدا كردۆتەوە.

 

پردە 600 مەتریەكەی سەنحاریب لەبەستۆڕە

ئاشكراشی كرد لەناوچەی (بەستۆرە) پردێكی شوێنەواری هەیە كە دەڵێن بەنداوە پشكنینمان بۆی كرد دەركەوت 600 مەتر درێژو 30 مەتریش پانە بە بەرد دروستكراوە كە باران دەبارێت پردەكە بەلم دادەپۆشرێت ، داوا دەكەم ئەو شوێنە خاوێن بكەینەوە كە تا نەبینرێت نازانین چەند گرنگە ، سەنحاریب پاشای ئاشووریەكان دروستیكردووە بۆ ئەوەی ئاوی سێ كانی بۆ قەڵای هەولێر بگوازێتەوەو مێژووەكەی بۆ 2700 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە ، ئەو دەیوت بەڕای من بەنداو نیە بەڵكو پردە كە لەوانەیە لەژێرەوە شێوەی كەوانەیی هەبێ بۆ پەڕاندنەوەی ئاوی خاوێن لەكانیاوەكانی ژێر چیای (پیرمام) ە بۆ شاری هەولێر ، هاوشێوەی پرۆژەی (جەروانە) لەشێخان لەسنووری پارێزگای دهۆك.          

PUKmedia هەولێر – رەوەست نەوزاد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket