riklam

یاساناسان و پەرلەمانتاران: پرۆژە یاسای تاوانە ئەلیكترۆنییەكان زۆر مەترسیدارە

تەکنەلۆجیا 09:52 PM - 2020-11-24
.

.

ژمارەیەك پەرلەمانتار و یاساناس و چاودێری سیاسی دژی هەوڵەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانن بۆ تێپەڕاندنی یاسای تاوانە ئەلیكترۆنییەكان و یاساكە بەترسناك و مەترسیدار لەقەڵەم دەدەن كە كپكردنی دەنگەكان و ئازادی دەربڕینی لێدەكەوێتەوە.

لەو بارەیەوە، رێزان شێخ دلێر ئەندامی لیژنەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ PUKmedia رایگەیاند: گەلی عیراق پێویستی بە خزمەتگوزاری و باشتركردنی دۆخی ئابوورییە نەك ئەو بڕیارانەی كە ئازادییەكانییان كۆتوبەند دەكەن.

راشیگەیاند: بڕگەكانی یاسای تاوانە ئەلیكترۆنییەكان یەكجار ستەمكارانەن و ترسناك و مەترسیدارن بۆ سەر كۆمەڵگا.

ئەندامەكەی لیژنەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی نوێنەران، ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد كە زۆربەی بڕگەكانی یاساكە پێشتر لەیاساكانی تردا هەبوون، ئەم بڕگانەی ئێستا لەیاساكەدا هەن پەیوەندیان بەلایەنی ئەمنییەوە هەیە نەك كۆمەڵایەتی، جەختیشی كردەوە، لە ئەگەری جێبەجێكردنی یاساكەدا، كۆتایی بەهەموو ئازادییەكان دێنێت.

لای خۆشیەوە، تارق حەرب شارەزای یاسایی لەمیانی لێدوانێكی تایبەتدا بۆ PUKmedia یاساكە بەترسناك و مەترسیدار ناوەزەند دەكات.

راشیگەیاند: تا ئێستا و لەوەتەی دەوڵەتی عیراق دەمەزراوە یاسایەك نەبووە بەناوی (یاسای تاوانە ئەلیكترۆنییەكان)، روونیشی دەكاتەوە، سەرجەم یاساكان (بەرەنگاربوونەوە)ی لەخۆ گرتووە نەك (تاوانەكان)، بۆ نموونە،  یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، حەرب لایەنی دەرچوواندنی یاساكە و نووسینەوەی و دەقەكەی بە ناشیرین وەسف دەكات.

لەبارەی رەخنەگرتن و ناوزڕاندنی كەسایەتییە سیاسییەكان لەلایەن میدیاكاران و نووسەرانیشەوە، ئەو شارەزایەی بواری یاسا روونیكردەوە كە لە پیشە گشتییەكاندا رەخنە دەگیرێت، خەڵك قسە دەكەن و رەخنە دەگرن و سووكایەتی دەكەن و پێویستە لەسەر بەرپرسان و كەسایەتییە سیاسییەكان ئەم جۆرە بابەتانە پەسەند بكەن، جەختیش دەكاتەوە كە دەبێت بەرپرسان و لێپرسراوان پیرۆز نەكرێن.

تارق حەرب پێداگریش لەسەر ئەوە دەكات كە پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران واز لە یاساكە و پەسەندكردنی بهێنێت، چونكە بۆ ئەم یاسایە بۆچوونی حكومەت و گەل وەرنەگیراوە و  تەنها خزمەت بە ئەنجومەنی نوێنەران دەكات نەك گەل.

هەر پەیوەست بەم بابەتە، عەلی بەیدەر چاودێری سیاسی لەمیانی لێدوانێكی تایبەتدا بۆ PUKmedia رایگەیاند: هەوڵی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پەسەندكردنی یاسای تاوانە ئەلیكترۆنییەكان، ئامانجی نادیاری لەپشتەوەیە و مەبەست لێی دەمكوتكردنی گەل و بێدەنگ كردنیەتی، بۆئەوەی نەتوانێت رەخنە لەهیچ كەسایەتی و رابەرێكی سیاسی بگرێت و بەرامبەری بوەستێتەوە.

بەیدەر راشیگەیاند: یاساكە بە هاتنەپێشەوەی دیكتاتۆرێكی نوێ‌ دەچێت، بەڵام بەدیكۆر و دەموچاوێكی جیاواز كە چەكی پێ نییەو دەیەوێت یاسا جێبەجێ‌ بكات و لەژێر ئەو ناوەدا رووبەڕووی هەر ناڕەزایەتییەكی میللی ببێتەوە كە دێنە سەر رێگای، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە عەقڵییەتی یاسادانان لەم وڵاتەدا كەموكورتی هەیە و كەمتەرخەمە، وتیشی: هەوڵەكان بۆ پەسەندكردنی ئەم یاسایە لەو كاتەدایە كە هاووڵاتییانی عیراق گاڵتەی زۆریان بە یاساكان دێت.

ئاماژەشی دا بەوەی لە وڵاتدا كار گەیشتۆتە ئەو رادەیەی كە بەرپرس و سیاسیی و كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكانی وەك پیاوانی ئاینی و سەرۆك عەشیرەتەكان زۆر پیرۆز كراون، وایان لێهاتووە ئەڵێی لە هەسارەیەكی ترەوە هاتوون، یاساكە رێخۆشكەر دەبێت بۆ هاتنەپێشەوەی دۆخێك لە قەشەیەتی، كە بەسەردەمی قۆناغی كەنیسە لە ئەوروپا دەچێت و هەلومەرجی چینایەتی و پیرۆزكردنی درۆزنانە بەرهەم دەهێنێت.

لەبارەی كاریگەری یاساكەش بەسەر ئازادی رادەربڕینەوە، بەیدەر ئاماژەی بەوە دا گومانی تێدا نییە یاساكە كۆتوبەندی زۆر لەسەر ئازادییە كەسییەكان دروست دەكات و هاووڵاتی عیراقی وا لێدەكات چیتر نەتوانێت رای ناو دڵی خۆی بەئازادی دەرببڕێت و بیروبۆچوونی خۆی بەرامبەر پرسە سیاسی و كەمە نەتەوایەتییەكان ئاشكرا بكات، وتیشی: ئەوە دەمانگەیەنێتە دۆخێك لە پاوانخوازی دەسەڵات و كاركردن بۆ لاوازكردنی بەشەكانی راگەیاندن و میدیا، وەكو لایەنەكانی رۆژنامەوانی و ئەدەب و هونەر و لاوازكردنی هۆشیاری  گشتی لە وڵاتدا.

رۆژی دووشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2020، ئەنجومەنی نوێنەران كۆتایی بەخوێندنەوەی دووەمی یاسای تاوانە ئەلیكترۆنییەكان هێنا، نوێنەران لە گفتوگۆكانیاندا داوایان كرد پێویستە لەیاساكەدا رەچاوی هاوسەنگی لەنێوان پارێزگاریكردن لە ئازادییەكان و پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی بكرێت و هەروەها رەچاوی پێویستی هاوڕێژەیی لەنێوان تاوان و ئەو سزایەی بۆی دیاریكراوە بكرێت.

نوێنەران ئاماژەشیان بەوەدا كە نابێت یاساكە وا بەكاربهێنرێت لەلایەك مەترسی لەسەر ئازادییە گشتییەكان دروست بكات و لەولاشەوە سزای گەورەی بۆ دانرابێت.

نوێنەران داواشیان كرد یاساكە بەشێوەیەك بێت كە پارێزگای لەشكۆی وڵات بكات و تایبەتمەندییەكانی ئازادییە گشتییەكان بپارێزێت، رێگە بەو بەرەڵاییە نەدات كە ئێستا لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەیە،پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران داوای هاوكاری لە شارەزایانی بواری تاوان و ئەنجومەنی باڵای دادوەری بكات و لەسەر پرسی سزا یاساییەكان راوێژییان پێ بكرێت.

هەروەها نوێنەران دژی چەند بڕگەیەك بوو لە پرۆژە یاساكەدا كە هیچ پەیوەندییەكیان بە تاوانە ئەلیكترۆنییەكانەوە نییە.

PUKmedia هامیار عەلی

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket