riklam

لەئەڵمانیا پرۆژەی پێگەیاندنی مامۆستای كورد دەدرێت بە وەزیری خوێندنی باڵا

تاراوگە‌‌ 02:00 PM - 2020-01-04
.

.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبەریی یەكێتی مامۆستایانی كورد لە ئەوروپا كۆ بوەوە، دوای تاوتوێكردن و گفتوگۆكردن لەبارەی پرۆژەی پەروەردەكردنی مامۆستای كورد بۆ ئەڵمانیا و دۆخی یەكێتی مامۆستایانی كورد و پێداویستییەكانیان بەڵین هاوكاری پێویستی پێدان.

د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی لە شاری دۆسێلدۆرف-ی ئەڵمانیا، لەگەڵ یەكێتی مامۆستایانی كورد لە ئەوروپا كۆ بوەوە و گوێی لێ گرتن و بەڵێنی هاوكاری پێویستی پێدان.

وەفدی یەكێتی مامۆستایانی كورد لە ئەوروپا پێكهاتبوون لە (عەبدولقادر ئولوماسكان- سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان كورد لە ئەوروپا، جاهید كاپلان، سەمیر خدر، یوسف بلگچ- ئەندامانی كۆمیتەی بەڕێوەبردنی یەكێتی مامۆستایان كورد لە ئەوروپا).

لە سەرەتای دانیشتنەكەدا حەمید ئەبوبەكر بەدرخان، بەرپرسی ئەكادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی رۆژنامەوانیی و كەلتوور، تیشكی خستە سەر گرنگی زمان و پەروەردەكردنی زارۆكی كورد و لەهەمبەر ئەوانەی لە دەرەوەی كوردستان دەژین، دواتر مامۆستا عەبدولقادر باسێكی كورتی یەكێتی مامۆستایانی كورد لە ئەوروپا و بایەخ و گرنگی مامۆستایان كوردی كرد لە ئەڵمانیا بە گشتی و هەرێی نۆردڕاین وێستفالن بە تایبەتی.

دواتر هەر یەك لە مامۆستایان یوسف بلگچ، جاهید كاپلان و سەمیر خدر باسی بارودۆخی خوێندنی زمانی زگماكیان بە گشتی بۆ وەزیری خوێندنی باڵا روونكردنەوە، تێیدا بە درێژی باسی یاسای خوێندنی زمانی زگماكی كرا لە ئەڵمانیا و بایەخی هەبوونی مامۆستای كوردی كرا.

هەروەها بەڕێوەبەرانی یەكێتی مامۆستایانی كورد لە ئەوروپا، بە شێوەیەكی تێر و تەسەل باسیان لە كەموكوڕیی و نەبوونی مامۆستای كورد كرد لە ئەڵمانیان، باسیان لەوەش كرد كە بۆ پێگەیاندن و پەروەردەكردنی مامۆستای كورد لە ئەلمانیان تووشی گیروگرفتی زۆری یاسایی و ئەكادیمی دەبنەوە، لە بەرانبەردا د. ئارام هاوڕابوونی خۆی بۆ گرنگی فێركردنی زمانی زگماكی لە دیاسپۆرا كرد و بەڵێنی ئەوەی پێدان كە بەجدی كار دەكات بۆ هاوكاریكردنیان بۆ پێگەیاندن و پەروەردەكردنی مامۆستایانی زمانی كورد لەپێناو گەیاندنی خزمەت بە منداڵانی كورد لە ئەڵمانیا بە گشتی.

لە كۆتایی دانیشتنەكەدا، وەفدی یەكێتی مامۆستایانی كورد لە ئەوروپا، پرۆژەیەكیان پێشكەشی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرد كە تێیدا میكانزم و قۆناغەكانی پێگەیاندنی مامۆستایانی زمانی كوردی و هاوكارییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵای روون كرابوەوە، هاوكات د. ئارام بەڵێنی پێدان كە لە گەشتی داهاتوویدا بۆ ئەڵمانیا، پرۆژەكە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەكانی پەروەردە و چەند زانكۆیەك بخاتە بەر باس و كار بكەن بۆ پێگەیاندنی مامۆستایانی زمانی كوردی.

فێربوونی زمانی دایك لەئەڵمانیا بە یاسا رێكخراوە، هەر خوێندنگەیەك زیاتر لە 10 خوێندكاری هەر زمانێكی جگە لە ئەڵمانی هەبێت، بەڕێوەبەرایەتی خوێندنگە ئەركیەتی كە مامۆستای ئەو زمانە بۆ ئەو خوێندكارانە دابین بكات، بەهۆی ئەوەی كە رەوەندی كوردی گرفتی كەمی مامۆستایان هەیە، خوێندكارانی كورد لە ئەڵمانیا وەكو پێویست ناتوانن بە زمانی دایك پەروەردە ببن.

PUKmedia تایبەت

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket