riklam

گه‌نجێك له‌كوردستان له‌شه‌قه‌ی‌ باڵ ده‌دات

تەکنەلۆجیا 09:52 AM - 2018-01-25
.

.

گه‌مارۆی‌ ئاسمانی به‌غدا بۆ سه‌ر كوردستان ته‌نیا گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی‌ په‌كنه‌خستووه‌، به‌ڵكو رێی‌ له‌ خولیاكانی‌ گه‌نجێك گرتووه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت به‌توانا ساده‌كانی‌ خۆی‌ له‌ شه‌قه‌ی‌ باڵ بدات.

ئاری‌ كامیل (28) ساڵ، گه‌نجێكی‌ دانیشتووی‌ شاری‌ سلێمانییه‌و به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ ناوناوبانگی‌ ده‌ركردووه‌ كه‌ تائێستا ده‌یان فرۆكه‌ی‌ بێ فرۆكه‌وانی‌ دروستكردووه‌.

باس‌و خواسی‌ ئاری‌ له‌ناو خه‌ڵكی‌ كوردستاندا شتێكی‌ تازه‌ نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ نوێیه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێستا هه‌نگاوه‌كانی‌ له‌ دروستكردنی‌ فرۆكه‌ی‌ بێ‌ فرۆكه‌وانه‌وه‌ گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ دروستكردنی‌ فرۆكه‌یه‌كی‌ نه‌فه‌رهه‌ڵگری‌ بچووك‌ و له‌وه‌ زیاتریش ده‌یه‌وێت له‌رێی‌ باڵۆنێكه‌وه‌ بچێته‌ به‌رزییه‌كی‌ پێوانه‌یی‌.

ئاری‌ چه‌ند مانگێكه‌ فرۆكه‌یه‌كی‌ بچووكی‌ دروستكردووه‌ كه‌ توانای‌ هه‌ڵگرتنی‌ چوار نه‌فه‌ری‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا نه‌كه‌وتووه‌ته‌ فڕین‌و چه‌ند پارچه‌یه‌كی‌ ماوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زه‌حمه‌ته‌ دوای‌ ته‌واوبوونی‌ بتوانێت كاره‌كه‌ی‌ ته‌واو ئه‌زموون بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ نه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم مۆڵه‌تی‌ فه‌رمی‌ كاركردنی‌ داوه‌تێ‌، نه‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ به‌غداش رێی‌ پێده‌دات فرۆكه‌یه‌ك به‌بێ‌ مۆڵه‌ت به‌ئاسمانی‌ كوردستاندا بفڕێت.

له‌باره‌ی‌ ئه‌و فرۆكه‌یه‌ی‌ دروستیكردووه‌ ئاری‌ وتى "فڕۆكه‌كه‌ له‌ جۆری‌ (STOL-CH 750) دیزاینی‌ (كریس هانز)ی‌ ئه‌مریكییه‌ كه‌ له‌ ئه‌له‌منیۆم‌و پلاستیك‌و دارو فوم دروستكراوه‌، ته‌نیا بزیوَنه‌ره‌كه‌ی‌ ماوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات به‌ده‌ستم بگات، به‌ڵام باقی‌ پارچه‌كانی‌ دیكه‌ 95% خۆم دروستمكردوون".

به‌پێی‌ مه‌زه‌نده‌كان فڕۆكه‌كه‌ی‌ ئاری‌ توانای‌ هه‌یه‌ هه‌تا به‌رزی‌ كیلۆمه‌ترێك بفڕێت‌و 5 كاتژمێر له‌ ئاسماندا بمێنێته‌وه‌، ئاماده‌یشی‌ نیشانداوه‌ پاش ته‌واوبوونی‌ بیخاته‌ به‌رده‌م هه‌موو پشكنینه‌ ئه‌ندازه‌یی‌‌و میكانیكییه‌كان.

ئه‌زموونی‌ دروستكردنی‌ فرۆكه‌ بۆ ئاری‌ شتێكی‌ نوێ‌ نییه‌، به‌ڵام ئه‌و پێشتر ته‌نیا فرۆكه‌ی‌ بێ فرۆكه‌وانی‌ دروستكردووه‌، چیرۆكه‌كه‌ش له‌وكاته‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ پاریس به‌شداری‌ پێشانگایه‌كی‌ فرۆكه‌ی‌ بێ‌ فرۆكه‌وانی‌ كردووه‌و تێگه‌یشتووه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌توانێت ئه‌و ئه‌زموونه‌ تاقیبكاته‌وه‌، له‌مرووه‌وه‌ ده‌ڵێت "كه‌ فرۆكه‌كانم بینی‌ پێموابوو دروستكردنی‌ فرۆكه‌ی‌ بێ‌ فرۆكه‌وان مه‌حاڵ نییه‌".

دواتر له‌سه‌ر ئینته‌رنێت به‌دوای‌ دیزاین‌و شێوازی‌ دروستكردنی‌ فرۆكه‌دا گه‌ڕاوه‌و ئه‌زموونی‌ كردووه‌‌و چه‌ند فرۆكه‌ی‌ دروستكردووه‌ كه‌ هیچیان توانای‌ فڕینیان نه‌بووه‌، تا ئه‌وه‌ی‌ دواجار فرۆكه‌كانی‌ باڵیان گرتووه‌و وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت "تائێستا 120 فرۆكه‌ی‌ بێ‌ فرۆكه‌وانم دروستكردووه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆریان دیزاینی‌ خۆم بوون".

ئه‌وه‌ی‌ یارمه‌تی‌ ئاری‌ داوه‌ له‌مكاره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆی‌ له‌ وێنه‌كێشان‌و په‌یكه‌رتاشیندا به‌هره‌مه‌نده‌، هه‌رچه‌نده‌ تا قۆناغی‌ سێی‌ ناوه‌ندی‌ خوێندووه‌.

فرۆكه‌كانی‌ ئاری‌ له‌ فایبه‌ر گڵاس دروستده‌كرێن‌ و هه‌ر دانه‌یه‌كیان بڕی‌ (200 بۆ 500) دۆلاری‌ تێده‌چێت، بزوێنه‌ره‌كانیشی‌ له‌راستیدا بزوێنه‌ری‌ فرۆكه‌ نین، به‌ڵكو هی‌ چه‌ندین ئامێری‌ دیكه‌ن كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق ده‌یانكڕێت.

ئاری‌ سه‌رده‌مێكی‌ زۆر وه‌ستای‌ دارو ته‌خته‌و بیناسازی‌ بووه‌‌و بڕێك پاره‌ی‌ زۆری‌ كۆكردووه‌ته‌وه‌و هه‌رچی‌ ئه‌و سامانه‌ی‌ هه‌یبووه‌ به‌هاوكاری‌ دایكی‌‌و براكه‌ی‌ بۆ ئه‌و فرۆكانه‌ خه‌رجی‌ كردووه‌.

له‌ شه‌ڕی‌ داعشدا چه‌ندین به‌رپرسی‌ سه‌ربازی‌ داوایان له‌ ئاری‌ كردووه‌ سوود له‌ فرۆكه‌ بێ فرۆكه‌وانه‌كانی‌ ببینرێت، چونكه‌ توانای‌ ئه‌وه‌یان هه‌بووه‌ كامێرای‌ چاودێری‌‌و جۆره‌ چه‌كی‌ بچووكیان لێ‌ ببه‌سترێت، به‌ڵام ئه‌و ره‌تی‌كردووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ده‌ڵێت "داواكاری‌ ره‌سمی‌ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ نه‌هاتووه‌، بۆیه‌ نه‌مویستووه‌ ئه‌وكاره‌ بكه‌م".

ئه‌م هه‌وڵه‌ تاكه‌كه‌سییه‌ی‌ ئاری‌ هه‌موو شتێكی‌ پێنه‌كراوه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی‌ شاره‌زای‌ بواری‌ فرۆكه‌وانی‌ گروپێكیان پێكهێناوه‌ به‌ناوی‌ "ئاسمانی‌ پێشمه‌رگه‌" كه‌ به‌نیازبوون به‌پاڵپشتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كارگه‌یه‌كی‌ بچووكی‌ دروستكردنی‌ فرۆكه‌ دروستبكه‌ن‌ و راهێنان به‌ پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن له‌سه‌ر چۆنێتی‌ به‌كارهێنانی‌ فرۆكه‌كان، به‌ڵام تائێستا ئه‌و هه‌وڵه‌ سه‌رپێ‌ نه‌كه‌وتووه‌.

پاڤێڵ عوسمان ئه‌ندامی‌ گروپی‌ "ئاسمانی‌ پێشمه‌رگه‌" وتى "به‌داخه‌وه‌ تائێستا حكومه‌تی‌ هه‌رێم رێگرییه‌كانی‌ زیاتره‌ وه‌ك له‌ هاوكارییه‌كانی‌، بۆیه‌ پرۆژه‌كه‌مان شوێنی‌ خۆی‌ نه‌گرتووه‌".

راسته‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم هاوكاری‌ پرۆژه‌كه‌ی‌ ئاری‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵام چه‌ندین كه‌س له‌وانه‌ی‌ له‌بواری‌ فرۆكه‌وانیدا شاره‌زان پشتیوانی‌ ئه‌مجۆره‌ هه‌وڵانه‌ ده‌كه‌ن‌ و ئه‌وه‌نده‌ی‌ كاره‌كه‌ی‌ ئارییان بینیوه‌، پێیانوایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م گه‌نجه‌ پشتیوانی‌ بكرێت كاری‌ زۆر گه‌وره‌تر ده‌كات.

شۆڕش سه‌عید (58 ساڵ) كه‌ له‌ وڵاتی‌ روسیا چه‌ند خولێكی‌ دروستكردنی‌ فرۆكه‌ی‌ بچووكی‌ بینیوه‌ وتی‌ "ئاری‌ ترسی‌ نییه‌ ده‌یه‌وێ‌ هه‌موو سه‌ركێشییه‌ك تاقی‌بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ خاڵی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌و گه‌نجه‌یه‌".

ئێستا ئاری‌ شه‌و و رۆژی‌ خستووه‌ته‌ سه‌ریه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی‌ فرۆكه‌ چوار نه‌فه‌رییه‌كه‌ی‌ ته‌واوبكات، به‌ڵام ئه‌زانێ‌ ئاسته‌نگی‌ زۆری‌ له‌پێشه‌، چونكه‌ تائێستا رێی‌ پێنه‌دراوه‌ پارچه‌كانی‌ بزوێنه‌ری‌ ئه‌و فرۆكه‌یه‌ بهێنێت، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیش پێیانوتووه‌ كه‌ رێی‌ فڕینی‌ پێناده‌ن.

ئاری‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت پلانی‌ دوای‌ ته‌واوكردنی‌ فرۆكه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌رێی‌ دروستكردنی‌ باڵۆنێكه‌وه‌ ساڵی‌ داهاتوو خۆی‌ بگه‌یه‌نێته‌ به‌رزترین ئاست له‌ ئاسماندا كه‌ باڵۆنه‌كه‌ توانای‌ هه‌بێت، له‌وێوه‌ به‌ په‌ره‌شووت خۆی‌ فڕێبداته‌ سه‌ر زه‌وی‌.

ئێستا سات به‌سات ئاری‌ چاوه‌ڕێی‌ دواهه‌مین هه‌واڵه‌كان ده‌كات له‌باره‌ی‌ هه‌ڵگرتنی‌ گه‌مارۆی‌ ئاسمانی‌ سه‌ر كوردستانه‌وه‌، چونكه‌ ده‌زانێ‌ ئه‌و قۆناغه‌ زۆر نزیكی‌ده‌كاته‌وه‌ له‌ ته‌واوكردنی‌ ئه‌و پرۆژه‌ گه‌ورانه‌ی‌ له‌ خه‌یاڵیدان.


PUKmedia  نيقاش

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket