riklam

سەرۆکی یەکێتی و هەڵوێستێکی نیشتمانيی

بیروڕا 10:09 AM - 2026-07-20
لەتیف نێروەیی

لەتیف نێروەیی

دوای بڵاوبوونەوەی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەلایەن بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیران، نووسەران، میدیاکاران، دەستەبژێری سیاسی بێلایەن و سەربەخۆوە پشتگیرییەکی زۆر لێکرا.

هەروەک لە ڕێگەی میدیای نوێوە، ڕایەکی گشتی ئەرێنی و فراوان و سەرتاسەری هاتەکایەوە و بە هەڵوێستێکی نیشتمانیانە، بەرپرسیارانە، ئازایانە و مێژوویی هەڵسەنگێنرا، بەڵام پرسیار ئەوەیە، کە بۆچی ئەوەی کە کەمترین قسەی لەسەر ئەو پەیامە کردبێت کادر و دەستەبژێری سیاسی و ڕۆشنبیری یەکێتی بوو؟

هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە سەرۆک بافڵ تاڵەبانی خۆی پێ باش نییە شیکردنەوە و ڕاڤەکردن بۆ پەیامەکانی بکرێت و قسەی زیاتر لەسەر بکەن، چونکە پەیامەکانی زۆر بە ڕوونی بڵاودەکرێنەوە و پێویستی بە دوبارە روونکردنەوە و ڕاڤەکردن نییە، بەڵام کاتی ئەو هەموو پەیام و هەڵسەنگاندن و پشتگیرییە فراوانانە دەبینین، کە لەسەر ئاستی دەرەوەی یەکێتی لە پەیامەکە کرا، بە باشم زانی بەکورتی لەسەر پەیامەکە بدوێم و بە شێوەی خاڵ دیدگای خۆم بخەمەڕوو:

ـ لە زۆر وێستگە و قۆناغی دژواردا سەرکردەی سیاسی لە کەشتیوانی دەریا دەچێت، کاتێ باهۆز و گەردەلوولێکی بەهێز ڕێرەوی شەپۆلەکانی دەریا پێچەوانە دەکات و مەترسی نوقمبوونی کەشتییەکە دروست دەکات، ئەوکاتە هەموو کەشتیوانێک پێویستی بە بڕیارێکی سەخت و بوێرانە هەیە بۆ راستکردنەوەی رێرەوی کەشتییەکە .بەڵام لەو کاتەدا هەموو کەشتیوانێک ناتوانێت ئەو جۆرە بڕیارانە بدات، بەوەش کەشتیوانی لێهاتوو لە کەشتیوانەکانی دیکە جیا دەکرێتەوە.

لە جیهانی سیاسەتیشدا دەقاو دەق بەهەمان شێوەیە، کاتێک کارەساتێک، جەنگێک، قەیرانێک، ڕووداوێکی مەترسیدار ڕوودەکاتە وڵاتێک، لەوکاتەدا سەرکردەی ڕاستەقینە دەردەکەوێت، کە بتوانێت بڕیارێکی سەخت بدات و هەوڵی دوورخستنەوەی مەترسییەکان بدات لەسەر گەل و نیشتمانەکەی خۆی بەبێ ئەوەی بیر لە مەترسییەکانی ئەو بڕیارە بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی خۆی بکات و پێشەنگی هەڵدەبژێرێت، ئەگەر ئەنجامەکەی هەرچییەکیش بێت، بەرپرسیاریەتیەکەی هەڵدەگرێت. ئەمەش خەسڵەتی سەرکردەی ڕاستەقینەیە، کە لە قۆناغە دژوارەکاندا لە سەرکردەکانی دیکە جیادەکرێتەوە یان جیادەبنەوە.

بەم شێوەیە کاتێک سەروەری و ئاسایشی نەتەوە و نیشتمانەکەمان کەوتە بەر مەترسییەوە، سەرۆک بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی زۆر راشکاوانە بڵاوکردەوە، کە بەشێک بۆ دەرەوە و بەشی دووەمیش بۆ ناوخۆی هەرێم بوو، بەشێک نەرم، بەشەکەی دیکە توند، بەشێک دیپلوماسی و بەشێکی دیکە نیگەرانی، بەشێک خستنەڕووی مەترسییەکان، بەشی دووەمیش چارەسەر.

پەیامەکە زۆر ڕاشکاوانە بە ڕای گشتی کوردستانی، ئیقلیمی ، جیهانی دەڵێت:
ـ ڕاستە ئێمە هەر لەسەرەتایی جەنگەوە بێلایەنی خۆمان ڕاگەیاندووە و نامانەوێ ببینە بەشێک لە شەڕەکە و باشترین بژاردە ئەنجامدانی دانوستان و چارەسەرکردنی کێشەکانە بە ئاشتی.

ـ هیچ لایەنێک بە شەڕ سەرکەوتوو نابێت و هەموو لایەنەکان بە ئاشتی بەرژەوەندیەکانیان پارێزراو دەبن.

ـ هەموو هەوڵێکمان بۆ دوورخستنەوەی شەڕەکەیە لە ناو ماڵی خۆمان، بەڵام کاتێک ئاسایش و سەروەری وڵاتەکەمان بکەوێتە مەترسییەوە، ئەو کاتە ناتوانین بێدەنگ بین و هەڵوێستی جیدیمان نەبێت.

ـ ڕاستە لە ناوخۆی هەرێم کێشە و ناکۆکیمان زۆرە، بەڵام کاتێ هەوڵێک بۆ نوقمکردنی کەشتییەکەمان هەبێت، ئەوکاتە چاو لە ناکۆکییەکان دەپۆشین، هەموومان بە یەکەوە هەوڵی پاراستنی کەشتییەکە دەدەین لە نوقمبوون، چونکە لە کاتی نوقمبوون تەنها کەسێک یان لایەنێکی سیاسی تووشی خنکان و زیان نابێت، بەڵکو هەر هەموومان، هەر هەموویان، گەلەکەمان بە یەکەوە دەخنکێن. بۆیە دەبینە کەشتیوانێکی ئازاو بریار دەدەین کە شەپۆلەکانی دەریای مەترسی ببڕین و بگەینە کەنارێکی ئازا .

ـ ڕاستە ناکۆکیمان هەیە، بەڵام وڵاتەکەمان یەک وڵاتە، گەلەکەمان یەک گەلە، هەرێمەکەمان یەک چارەنووسی هەیە، لە هەر شوێنێکی وڵاتەکەمان سەقامگیری تێکبدرێت بۆ ئێمە وەکو یەکە و هیچ جیاوازییەک لە نێوان شار و شارۆچکەکانی کوردستان ناکەین و ئەرکی هەموومانە بە یەکەوە هەرێمەکەمان بپارێزین.

ـ ڕاستە لەناوخۆمان ناکۆکی هەیە، بەڵام کاتێک ئاسایشی نیشتمانیمان بکەوێتە مەترسییەوە، ئەو کاتە پێویستە ناکۆکییەکان وەلا بنێین و بە یەکگرتوویی، یەک هەڵوێستی، یەک خیتابی ڕێگری لەو مەترسیانە بکەین و ڕووبەڕووی ئالنگارییەکان ببینەوە و دەرفەتەکان لە ناو ئاڵنگاریەکاندا بدۆزینەوە.


ـ ڕاستە سنوری سلێمانی بۆردومان کرد، بەڵام تەنها ناوی سلێمانی ناهێنین، بەڵکو نیگەرانی خۆمان بۆ بۆردومانکردنی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەردەبڕین.

کاک بافڵ لە ڕێی ئەم پەیامەوە بە هەموو لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەڵێت: لەم قۆناغە سەخت و دژوارەدا چاومان لە بەرژەوەندی شەخسی و حزبی نییە، بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی، سەروەری وڵات، سەقامگیری گەلەکەمان، لەسەروی هەموو بەرژەوەندییەکی دیکەوەیە و لەو پێناوەدا ئامادەم بڕیاری سەخت و دژوار بدەم.

بەم هەڵوێستە نیشتمانییە، سەرۆکی یەکێتی، مێژوویەکی پرشنگداری بۆ خۆی و حزبەکەی تۆمارکرد و پشتیوانییەکی بەهێز و فراوانی نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیری و میدیایشی بەدەستهێنا و سەلماندی کە لەسەر ڕێبازەکەی سەرۆک مام جەلال بەردەوامە.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket