تەعزیم سەلام
بیروڕا 02:18 PM - 2025-12-31
میمكە (فەهیمە ئەمین حەسەن)
دایكی شەش شەهید و خوشكی دوو شەهیدە.
یانی وایە كە دایكی شەهیدانی یەكێتی و شۆرشەكەیەتی، وایە كە دەبێ ناو بنرێ دایكی شەهیدپەروەر. وایە كە ئیتر هیچ منەتێكی خەبات شان لە شانی نادا و دەبێ لە ناوهێنانیا خۆی وەشارێ.
ژنێكی كورد و كوردستانی كە هەشت جار خورپە لە دڵییەوە بەرپا بووە..
دوو جار بۆ برای گیانی بە گیانی و شەش جار بۆ جەرگ و دەرماری خوێن : كوڕەكانی ئەم ژنە ئەفسانە بووە لەسەر ئەرز و لە ناو شار و ئاوایی ئێمە. رۆمانێكی هەشت جڵدی هەزاران لاپەڕەیی كە هەر بەرگێكی ناونیشانێكە: یەكەم كسپەی دڵ، یەكەم ژوان لەگەڵ خەم و خەفەت، ئازار دێتەوە و پەژارە ناسرەوێ، خوێنیان خەڵات و بەراتی ئازادییە، هیچ شتێك بەهای خوێنی رژاوی نییە و مەشقی یۆگا لەگەڵ سەبر و شەكیب.. هتد.
ئیتر وایە سەد ناوی تری بۆ هەڵدە
ئەمە ژنێكی ئازا و بە ئازاری كوردە دەڵێی ناتوانێ بە شیعر و پەخشان و دەربڕین بە كوردستان بڵێ :خۆشم دەوێی ئەی وڵات ، بۆیە بە زمان و ئیماچی سوور گوزارشت دەكات.
فەهیمە خان دوێنێ فەوتی كردووە و هەواڵی مەرگی یەكجارەكی هێشتا قوڵپ ئەدا لێ رۆژنامە و دەفتەر و دیوانی كوردی بێ چارە لە مێژە هەیە و كەسمان كەرەممان نەكرد تۆماری ئازارێكی گلدەینەوە، بۆ وەفا و رێزگرتن و ئەمەك نا ، كە هیچ شتێك قەرەبوو نییە بۆ ئازاری شەهادەت و بەهای دیار نەمانی ئازیزان، بەڵكو بۆ پەند و بۆ وانەی ژیان و بۆ نەفرەتی زیانی شەخسی و كوێربوونەوەی كانیاوی ئاوەدانی و چرای داهاتوو لەماڵێكی كوردەواری .
نەوەكان لە كوێن و نەبەردییەكانی مانەوەی فەهیمە خان لە چ پریاسكەیەك توند گرێدراون و لە ناو كام قوژبن و سندوقی بوراقی یادەكان هەڵگیراون؟
شەش كوڕە شەهید و دوو برای فەرماندە و تەمەنێكی كۆڵنەدان كە دواجار بڕیاری كۆتایی وابوو حیساب پاكتاو بكا، دەفتەری رزیو دابخا و هیچ قەرزێك بە ساڵی ٢٠٢٦ نەسپێرێ.
ئەفسانەیەك بە جلوبەرگی كوردی و خۆڕاگریەك بە ناونیشانی گەرمیان و كوردستان و دەشتی پان و فراوانی زەنگەنە كە قاموسێكی دەوڵەمەندی شەهادەت و شەهامەت ، گیانبازی و مانەوەیە.
ئەم دایكە چەندین دەیە زۆرانبازی لەگەڵ مەرگ و خوێن و برین كردووە و چەند جار بەزاندویەتی تا دوا جار عەساكەی فڕێدا و گوتی دیداری ئازانم پێ خۆشترە لە ژیانی پڕ مەینەتی سەر زەمین و رۆژی بە منەتی زەمانی ئێستا.
رۆیشت و گوتی :بەسە ! خۆ كوردستان هەر تاپۆی خزمەتی من و كوڕ و براكانم نییە؟!
رۆیشت و زمانی
حاڵی وایە ئەم نیشتمانە قەدیمە ، لە زەمانی گەزنفۆنەوە هەیە و لێی مەترسن ، هەر هەیە و هەر دەمێنێ.
خوێنی شەهید ئاوی دەدا و مانەوەی گەش و سەوز دەكاتەوە.
لەمەی هێمن، شینگێری شەهیدان جوانتر نییە بۆ ئەم تەعزیم سەلامە:
(نایەڵێ دوژمن بە ڕەنگە زەردەكەی من پێكەنێ
تا دەمی مردن ئەمن مەمنوونی فرمێسكی گەشم)
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
لەسلێمانی دابەشکردنی نەوت بەردەوامە
03:09 PM - 2026-02-07 -
کۆسرەت رەسوڵ عەلی پیرۆزبایی لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەکات
01:19 PM - 2026-02-07 -
ئەمریکا تۆمەتبارێکی دیکەی هێرشەکەی بەنغازی دەستگیر کرد
11:40 AM - 2026-02-07 -
باران بارین بەردەوام دەبێت
10:25 AM - 2026-02-07
زۆرترین خوێنراو
-
پارێزگاره كوردهكهی حهسهكه: بێ جیاوازی خزمهتی ههموو پێكهاتهكان دهكهین
کوردستان 02:36 PM - 2026-02-07 -
کۆسرەت رەسوڵ عەلی پیرۆزبایی لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەکات
کوردستان 01:19 PM - 2026-02-07 -
کوردێک دەبێتە ناوبژیوانى یاری کۆتایی کاسی ئاسیا
کوردستان 12:27 PM - 2026-02-07 -
ئەمریکا تۆمەتبارێکی دیکەی هێرشەکەی بەنغازی دەستگیر کرد
جیهان 11:40 AM - 2026-02-07 -
له ساڵوهگهڕی نهمریی نهجمهددین بیوككایادا
بیروڕا 11:03 AM - 2026-02-07 -
ئەم هەفتەیە دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت
کوردستان 10:33 AM - 2026-02-07 -
باران بارین بەردەوام دەبێت
کوردستان 10:25 AM - 2026-02-07 -
دوو منداڵ لە ڕانیە بەهۆی دووکەڵەوە خنکان
کوردستان 10:14 AM - 2026-02-07




دابەزێنە

