پانۆرامای ساڵی 2025
بیروڕا 12:07 PM - 2025-12-29
لە کۆتا رۆژەکانی ساڵێکی پڕ لە رووداوی دراماتیکیدا نزیک دەبینەوە و پێ دەنێینە ساڵێکی تازەوە بە ئومێدی ئەوەی بارودۆخی میللەت و وڵاتەکەمان جیاوازتر بێت لە ساڵەکانی پێشتر کە تژی بوون لە کێشمەکێش و ململانێی سیاسی لەسەر هەر سێ ئاستی هەرێم و عیراق و ناوچەکەشمان.
چاوخشاندن بە رووداوەکانی ساڵی تێپەڕیو تەنها بۆ ئەوەیە سەرکردایەتی سیاسی کورد عیبرەت لە ئەزموونە تفتوتاڵەکانی ئەو ساڵەدا وەربگرێ و ئەم واقیعە نابووت و ناشیرینەی بەرۆکی میللەتەکەمانی گرتووە لە پەرتەوازەیی و ململانێی ناڕەوای حزبی و پەکخستنی دامودەزگا شەرعییەکانی هەرێم و موعاناتی رۆژانەی خەڵک لە بێ مووچەیی و گرانی و هەڕەشەی دوژمنان لەسەر ژێرخانی ئابووری کوردستان بگۆردرێ و ساڵی تازە ببێتە ساڵێکی ئومێدبەخشی خۆشگوزەران و ئاسوودەگی بۆ میللەتەکەمان .
رووداوە دراماتیکیەکانی ساڵی رابردوو زۆرن ، هەوڵئەدەین لێرەدا بە شێوەیەکی واقیعیانە شیکردنەوەیان بۆ بکەین ، بە ئومێدی ئەوەی لەساڵی داهاتوودا چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەو ململانێکان بدۆزینەوە و ئەم واقیعە تاڵە کەڵەگەبووەی چەندین ساڵی رابردوو تیپەڕێنین .
لەسەر ئاستی ناوچەکە :
- شەڕی دوانزە رۆژەی ئیسرائیل و ئێران تاکو ئێستاش دەرهاوێشتەکانی ماون ، ئیسرائیل و ئێران جارێکیتر هەڕەشەکانیان دژی یەکتر دەستپێکردۆتەوە و دوور نییە گەڕێکیتری شەڕ لە ناوچەکەدا دەىستپێبکاتەوە، بە تایبەتیش نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە نیازە لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی چەند رۆژی داهاتوودا ئەم مەسەلەیە لەگەل سەرۆکی ئەمریکا یەکلایی بکاتەوە .
دۆخی نە شەڕ نە ئاشتی نێوانیان پێشهاتەکانی بە کراوەیی جێهێشتووە . ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە لەشەڕی پێشوودا سەرۆک وەزیرانی عیراق محمد شیاع سودانی توانی بە هەر شێوەیەک بێت عیراق بە دوور بگرێت لە تێوەگلان لەشەڕەکەدا ئەمەش قازانجێکی زۆری بۆ وڵاتەکەمان هەبوو ، ئێستاش وەکو سەرۆکی دەستەی دادوەری فایق زیدان ئاشکرای کرد کەوا بەشێک لە هێز و گرووپە وەلائیەکانی ئێران لە عیراقدا خەریکی چەکدانان و هاتنە ناو پرۆسەی سیاسیین ، ئەمەش گۆڕانکارییەکەی گەورەیە کە ئومێد دەکرێ تا ئاستێک کۆتایی بە ناسەقامگییری عیراق بێنێ .
لەسەر ئاستی ناوچەکەش گۆڕانکاریەکی گەورە بەڕێوەیە کە چەندین دۆسیەی گرنگی چەقبەستوو یەکلا دەبێتەوە ، لەوانەش ، دەستبەکاربوونی ئیدارەی نێودەوڵەتی لە غەززە بە سەرپەرشتی ئەمریکا ، رازیبوونی حزبوللای لوبنانی بە پرۆسەی ( چەک بە دەست دەوڵەتەوە ) ، پێشڕەوییەکانی هێزەکانی سەر بە حکومەتی شەرعی لە یەمەن و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حوسییەکان ، ئەمانە بەگشتی پێشهاتی ئومیدبەخشن بۆ زیاتر سەقامگییر بوونی ناوچەکە .
لەسەر ئاستی هەرێمایەتی :
- پرۆسەی راگەیاندراوی ئاشتی لە تورکیاش هێشتا نەکەوتۆتە سەر پێی خۆی . ئەگەر چی بەردەوام رێبەری پەکەکە عەبدوڵلا ئۆجەلان بانگەواز و دەستپێشخەری تازە دەخاتەروو ، بەڵام لێرەدا دوو ئالنگاری رووبەرووی پرۆسەکە بۆتەوە کە چاوەڕوان دەکرێ ئەوانیش لە ساڵی داهاتوو چارەسەربکرێن ، یەکەمیان دوودڵی دەسەڵاتی تورکیا لەسەر گۆڕانکارییە دەستووری و قانونییەکاندا کە پێویستن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ، لەمرۆژانەدا ئاماژەیەکی ئەرینی هەبوو ئەویش ئازادکردنی بەشێک لە گیراوە کوردەکانی هەوادارانی پەکەکە بە تایبەتیش ئەوانەی تاوانبار نین بە کاری چەکداری. لەلایەکی تریشەوە خەریکە کۆبوونەوەکانی بەرێوەبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوا بە سەرۆکایەتی مەزلوم عەبدی لەگەڵ دەسەڵاتی سوریا بگەنە سازانێک بۆ زیندووکرنەوەی رێکەوتنی 11ى ئازاری ساڵی رابردووی دیمەشق و رێکخستنەوەی پەیوەندیەکان و چارەسەری دۆزی ئیدارەی خۆسەری کورد لەم بەشەدا .
لەسەر ئاستی عیراق :
دوایین هەڵبژاردنەکانی عیراق گۆڕانکارییەکی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، کشانەوەی صەدرییەکان و سەرکەوتنی هێزێکی تازەی وەکو کوتلەکەی محمد شیاع سودانی تا ئاستێک نەخشەی سیاسی لە عیراق گۆڕیوە . هێشتا ناسنامەی حکومەتی داهاتووی عیراق نازانرێ ، بەڵام هەر وەکو عورفی سیاسی ئاشکرایە کەوا حکومەتی داهاتووش دیسان لەسەر هەمان شێوازی پشک پشکێنە ( محاصصە) دادەمەزرێ و دەسەڵات هەر لەلای شیعەکان دەبێ. وەکو ئاشکراشە کێشەی ئێمەی کورد لەگەڵ شیعەکان کێشەیەکی تازە نیە و لەساڵی 2010 ەوە دەستی پێکردووە کە بە پلەی یەکەم خۆی لە فشاری ئابووری بەسەر کوردستانەوە دەبینێتەوە . هەر چەندە سەرهەڵدانی کێشەکانیش لە راگەیاندنی ئابووری سەربەخۆوە دەستی پێکرد ، بەڵام دوو ساڵ بەر لەئێستا پرۆسەی هەناردەی نەوتی کوردستان بە بریاری دادگای پاریس وەستاوە .
لەم چەند مانگەی دواییدا ملیۆنان بەرمیل نەوتی هەرێم هەناردەکراوە و داهاتەکەشی چۆتە خەزینەی حکومەتەی عیراقەوە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کێشەی مووچە و بودجەی هەرێم چارەسەر نەکراوە بەڵکو هەموو ساڵێک دوو سێ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەفەوتێ و هیچ بوودجەیەکی هەرێمیش نەهاتووە ، ئەمەش وامان پێ دەڵێ کە دەسەڵاتی عیراق لەفشارە ئابووریەکانیدا دژی هەرێمی کوردستان نەوەستاوەو پێش ناچێ دەست لەم کارتی فشارە هەڵبگرێ . هەڵبەت هۆکاری سەرەکی زاڵبوونی ئیرادەی دەسەڵاتی بەغدا بەسەر کوردستان بێ ئیرادەیی کورد خۆیەتی . کورد ئێستا لەلاوازترین قۆناغەکانی پەیوەندیدایە لەگەڵ بەغدا ، بۆیە بەغداش ئەو دووبەرەکی و بێهێزییەی کوردەی قۆستۆتەوە بۆ زیادکردنی فشارەکانی بەسەر هەرێمی کوردستانەوە.
ئەگەر سەرنج بدەین لەو کاتانەی رەوانشاد جەنابی مام جەلال سەرۆک کۆماری عیراق بوو لەنێوان ساڵانی ( 2005-2012) کورد کێشەکی ئەوتۆی لەگەڵ بەغدا نەبوو ، ساڵانە بودجەیەکی گەورە و پارەیەکی زۆری پەرەپێدان دەگەیشتە کوردستان کە لەو ساڵانەوە خۆشگوزەرانی و ئاوەدانییەکی زۆر و سەدان پرۆژەی ژێرخانی ئابووری بنیاتنران . مام جەلال کە لە بەغدا بوو خۆی سەرپەرشتی کاروبارەکانی کوردی لە بەغدا دەکرد، نەک کوتلە و حزبە کوردستانییەکان لەژێر فەرمانی ئەودا بوون، بەڵکو سەرجەم هێزە سیاسیەکانی عیراقیش بە جیاوازی پێکهاتەکانیانەوە رێز و تەقدیرێکی زۆریان بۆ کەسایەتی و رێبەرایەتی مام جەلال هەبوو تەنانەت مەرجەعی باڵای شیعەکانیش بە ( صمام الامان) ی عیراق وەسفیان دەکرد . کاریزمایی مام جەلال لە بەغدا گەورەترین خزمەتی بە دۆزی کورد کردبوو . راستە کەسێک ناتوانێ بۆشاییەکەی ئەو پڕبکاتەوە ، بەڵام ئێستاش ئەگەر کورد یەکڕیز بێت و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەکەمان بخرێتە پێش بەرژەوەندی حزبی بێگومان کوتلەی کوردی لە بەغدا دەتوانێ پارێزگاری لە پێگەی خۆی لە پرۆسەی سیاسی عیراقدا بکات و رۆڵی خۆی بە هێزەوە ببینێ .
ئەوەی جێگای سەرنجە شیعەکان بە جیاوازی تیڕوانینیان بۆ سەرجەم پرۆسەی سیاسی عیراق و هاوکێشە دەولی و ململانێکانی ناوچەکە بەڵام ئەوان یەک چوارچێوەیان هەیە بۆ بڕیاری چارەنووسسازی سیاسی خۆیان لە رێگەی ( چوارچێوەی هەماهەنگی) کە دەسەڵاتداری فیعلیە لە عیراقدا . سوننەکانیش لەم ماوەیەدا لە چوارچێوەی ( ئەنجومەنی سیاسی عەرەبیدا) کۆبوونەتەوە و ئەوانیش هەڵوێستەکانیان یەکخستووە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا ، تەنها کوردە کە رۆژ لەدوای رۆژ رێزەکانیان پەرتەوازەتر دەبێ و خۆیان بە لاوازی پیشانی نەیارەکانیان دەدەن . سەیرە دەسەڵاتی سیاسی کورد هێشتا لەوە نەگەیشتووە کەوا یەکڕیزی هێزە سیاسەکانی زامنی بەهێزبوونیانە لە بەغدا و لە هاوکێشە و سیاسییەکانی ناوچەکەشدا .
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان :
سەرباری ئەوەی میللەتی کورد چەندین ساڵە متمانەی خۆی لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی دیموکراسییدا بە هێزە سەرەکییەکانی کوردستانەوە دەبەخشێ و شەرعییەتی قانونییان پێدەدات ، بەڵام بە داخەوە ئەو پرۆسە دیموکراتیەی دەیان ساڵە خەباتی بۆ کراوە و دەیان هەزار قوربانی لەپێناودا دراوە ، هێشتا وەکو تمووحی میللەت نەهاتۆتەدی. دواکەوتنی سەرکردایەتی کورد لە پێکهێنانی کابینەی نوێ حکومەتیش دەگەڕێتەوە بۆ کامڵ نەبوونی هزری دیموکراسی لەناو هەندێ لایەنی سیاسییدا . هێزیک کە خۆی داوای ( هاوبەشی و هاوسەنگی سازان ) لە بەغدا دەکات ، هەر خۆی ئەم چەمکانە لە هەرێمەکەی خۆیدا قبووڵ ناکات !.ئەو هێزە کە داوای هاوبەشی و هاوسەنگی لە بەغدا دەکات هەوڵئەدات هەر خۆی تاکە حزبی دەسەڵاتداری هەرێم بێت و ئەوانیتر پاشکۆی بن واتە ئەو ( سوارە) و ئەوانیتر ( پیادە ) .ئەوان هەرچەندە ژمارەی کورسیەکانیشیان زۆرینەی رەها نیە ، بەڵام زۆرینەی دەسەڵاتەکانیان بۆ خۆیان قۆرخکردووە .
سەرەرای قەیرانی سەختی بژێوی کە تەنگی بە خەڵکی کوردستان هەڵچنیوە بەهۆی نەبوون و بڕانی مووچەکانیانەوە بەڵام دەسەڵاتی کوردی هێشتا نەکەوتۆتە خەمی ئەم پرسە نیشتمانییە چارەنوسسازەوە بە دامەزاندنی حکومەتێکی شەرعی تازەی بەهێز کە بتوانێ لەگەڵ بەغدا بکەوێتە دانوستانێکی بەرهەمدار بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانە درێژخایەنە .
بەگشتی ئەزموونی چەند ساڵەمان بە رووداوە گەورەکانی ساڵی رابردووشمانەوە وامان پێ دەڵێ کە پێویستە سەرکردایەتی کورد بە هەڵەکانی پێشوویدا بچێتەوە و خۆی لەگەڵ گۆڕانکاریە گەورەکانی جیهاندا بگونجێنێ و مەلەی دژە تەووژم هیچکات خزمەت بە کورد ناکات، دەبێ ئێمەی کورد بە ئیرادەیەکی راستەقیینەوە هەوڵی یەکسختنی بڕیاری سیاسی و هەڵوێستە نەتەوەییەکانمان بدەین . لە مەحسەڵەدا هیچ حزبێک ناتوانێ بەرامبەرەکەی خۆی ئاوت بکات ، تەنها رێگەش بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە قووڵەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و پاراستنی بەشەکەشی لە پرۆسەی سیاسی عیراقدا تەنها ( هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان) ی سیاسییە یە ئەویش بە کردەوە نەک بە دروشمی چەواشەکارانە .
سەعدی ئەحمەد پیرە
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
هەولێر 29-12-2025
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
ھەسەدە: شكستمان بە هێرشەكانی سەر مەنسورە هێنا
09:51 PM - 2026-01-17 -
تەبقە.. بەرخۆدان بەردەوامە و هێزی هەسەدە لە شارەكەدایە
08:48 PM - 2026-01-17 -
یادی شەهیدانی رۆژاڤا بەرز راگیرا
07:56 PM - 2026-01-17 -
مەکتەبى سیاسى یەکێتى: کەناڵ 8 بووەتە جێگەی شانازیی لەناو میدیای کوردیدا
06:57 PM - 2026-01-17
زۆرترین خوێنراو
-
مەسەلەی کوردە و لە کورد قەوماوە
بیروڕا 04:03 PM - 2026-01-17 -
سەرۆک بافڵ: لەگەڵ نەوەی نوێ فراکسیۆنەکەمان کردووە بەیەک
کوردستان 01:10 PM - 2026-01-17 -
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کۆبوونەوە
کوردستان 01:00 PM - 2026-01-17 -
هەسەدە: دیمەشق مەرجەکانی رێککەوتنی کشانەوەی پێشێل کردووە
کوردستان 12:16 PM - 2026-01-17 -
هاوخەمی مەکتەبی سیاسی بۆ کۆچی دوایی خەڵات عومەر
پرسەنامە 11:25 AM - 2026-01-17 -
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: مەرسومە کۆمارییەکە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی گەلی سوریا نییە
کوردستان 11:12 AM - 2026-01-17 -
ئەمڕۆ و سبەى لە ناوچە شاخاویەکان بەفر دەبارێت
کوردستان 10:38 AM - 2026-01-17 -
كۆبوونهوهی بافڵ جهلال تاڵهبانی و محهمهدی حاجی مهحمود
کوردستان 10:19 AM - 2026-01-17


.jpg)

دابەزێنە

