riklam

هەموومان وەک ئەستێرە لەدەوری مام جەلال بووین

بیروڕا 10:17 AM - 2025-12-28
عیماد ئەحمەد

عیماد ئەحمەد

هەڵپەڕکێ، هونەرێکە لە دێر زەمانەوە لەناو کوردەواریدا هەیە و لە جیهانیشدا، بەڵام هەر میللەتێک بە کەلتور و شوناسنامەی خۆی هەڵدەپەڕێت و بەوەش گوزارشت لە دەرهاوێشتەی ژیانی کۆمەڵگەکەی دەکات.

کورد لە خۆرهەڵات و لە کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵیدا دەژی، هەڵپەڕکێی کوردییش خۆی لە چوارچێوەی ئەو تایبەتمەندییەدا دەبینێتەوە،  هەڵپەڕکێی کوردی تایبەتمەندییەکی هەیە ئەویش ئەوەیە کە لە کاتی جەژن و خۆشی و سەرکەوتنەکاندا سازدەکرێت. 

لەم رۆژانەدا لە (تیک تۆک)، هەڵپەڕکێیەکی تایبەت بە ناوچەی پاوەم بەرچاوکەوت کە لە گوندی ژیواری رۆژهەڵاتی کوردستان سازکرابوو، لە شاییەکەدا شێوازی جووڵە و دیمەنی سەنعان هەورامی سەرنجی راکێشام، ئەو بە کراس و شەڕواڵێکی رەشەوە، لەناو کۆمەڵێک هاوشاریی خۆیدا بەتەنیا هەڵدەپەڕی، بە جۆرێک کە بەردی دەتواندەوە. 

بۆ غەمەکانی هەڵدەپەڕی

ئەوان بۆ خۆشیی هەڵدەپەڕین، ئەمیش بۆ غەم و کەسەرەکانی خۆی و بۆ خۆشی و بارینی زەردەخەنە و پێکەنین لەسەر لێوی  کچە (29) ساڵە نەخۆشەکەی.

دەستی چەپی لەسەر دڵی داناوە تا لە ئازاردا هەڵنەفڕێ! و جامانە رەشەکەشی وەکو شاخی بێستوون لەسەر شانی داناوە بۆ ئەوەی هەست بە قورسایی ژیان بکات!  هەر جووڵەیەکیشی نمایشی دنیا تایبەتەکەی خۆی دەکات.

کە ئەو دیمەنەم بینی، هاوارێکی عەرش هەژێن لە ناخمدا هەڵقوڵا و  چاوەکانم پڕبوون لە ئەسرین، جارجاریش وام هەستدەکرد ئەوە منم بەو شێوەیە هەڵدەپەڕم، بەڵام نازانم بۆ کێ؟ بۆ دایکە پەریئاساکەم، بۆ خوشکە پڕ حەسرەتەکەم، یان بۆ خاڵە خێر نەدیوەکەم، یان بۆ ناخی خۆم؟!

لەگەڵ بینینی سەنعانی ناخ سووتاو، بەو شێوەیە یەکسەر زۆربای یۆنانی، پاڵەوانی رۆمانە نایابەکەی (نیکۆس کازانتزاکی)م هاتەوەیاد، کە لە ساڵی (1946) نووسیویەتی و لە ساڵی (1964)دا کراوە بە فیلم و ئەنتۆنی کوین رۆڵی ئەلیکسیس زۆربا دەبینێت، پاڵەوانی فیلمەکە (ئەنتۆنی کوین) لەسەر مۆسیقایەکی ناخ و هەست هەژێن، سەمایەکی جوان و نایابی دەکرد، هەر ئەم سەمایەش بوو بە کۆدی ناوداربوونی یۆنان. 

رۆمانەکە باس لە پەیوەندیی لەنێوان گێڕەرەوەیەکی رۆشنبیر و ئەلیکسیس زۆربای سادە دەکات کە کەوتووەتە دوای خۆشییەکانی ژیان و بەردەوام بە سەما رووبەڕووی قورسی و ناڕەحەتییەکانی ژیان دەبێتەوە، ژیان وەکو خۆی بە خۆشی و ناخۆشییەکانییەوە دەبینێت، بە پێچەوانەی ئەوانەی بە ئارەزووی لۆجیکی رۆشنبیریی دەژین!

جووڵەیەکی هارمۆنی 

لەوکاتەدا و بەهەمان شێوە رەوانشاد دکتۆر ئەحمەد بامەڕنی باوەشی کرد بە یادەوەرییەکانمدا و ئەو رۆژەی دوکان هاتەوەیادم کە رەوانشاد مام جەلال، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەک لە سەرکردایەتی و کادرە پێشکەوتووەکانی یەکێتیی نیشتمانی لە دوکان بۆ یادی نەورۆز بانگهێشت کردبوو. 

نەورۆزی ئەو ساڵە، زۆر تەڕوبڕ و پڕ خێر بوو، لە رۆژێکی فێنک و ئاسمانێکی سایەقە و ساماڵ و دەشتێکی سەوزی نزیکی بەنداوەکە، هەموومان بە دەروونێکی پڕ ئومێدەوە، وەک ئەستێرە لە دەوری رەوانشاد مام جەلال دەخولاینەوە. ئەحمەد بامەڕنی، پیاوێکی قۆز، پڕ جووڵە، ناسک و خۆشمەعشەر و رەفیقدۆست و ئەندامی کۆمەڵە بوو، لە سەرەتای دامەزراندنی یەکێتییەوە لە ساڵی (1975)، بامەڕنی لە هەندەران کادرێکی چالاک و دڵسۆزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو. دوای رووخاندنی دیکتاتۆریی لە بەغدا لە ساڵی (2003)دا، ماوەیەک باڵیۆز بوو لە وەزارەتی دەرەوەی عیراق کاری دەکرد، دوای ئەوەش بوو بە راوێژکاری سەرۆک کۆماری عیراق، ئەو کاتەی مام جەلال سەرۆک کۆمار بوو. زۆر بە داخەوە ساڵی (2020)، کۆرۆنای نەگریس ئەمیشی لەگەڵ ژمارەیەک ئازیز، نوقمی عەدەم کرد و فڕی بۆ دنیای هەتاهەتایی. کەم کەسم بینیووە وەک بامەڕنی بە جوانی هەڵپەڕێت، بە شێوازێک هەموو جەستەی بە جووڵەیەکی هارمۆنی لەگەڵ ریتمی دەهۆڵ و زوڕناکەدا دەبوون بە ئەڵوەن و بە جەلەوەدا تێدەپەڕین. ئەو کە سەرچۆپی  دەگرت، بارانی خۆشیی و جوانیی دەباراند. 

هیوادارین ساڵی نوێ ببێتە ساڵی خۆشی و سەروەریی و دووربوون لە خەم و خەفەت بۆ  سەرجەم گەلی کوردستان، بەردەوام وەک زۆربا سەما بکەین و وەک ئەحمەد بامەڕنی لە بەهاری سەرکەوتن و هاتنەدیی خواستەکانی میللەتەکەماندا هەڵپەڕین.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket