riklam

لەبێ سەروبەریی کابینەی نۆیەمدا، مووچە نەبێت، یاساش جێبەجێناکرێت

بیروڕا 10:53 PM - 2025-12-22
هیوا محەمەد

هیوا محەمەد

ئەگەر مووچە نەبوو، یاساش جێبەجێناکرێت، چونکە جێبەجێکاری یاسا، ئەو کەسەیە کە مووچەخۆرە و کۆمەڵێک پابەندبوونی کۆمەڵایەتی و ئابووریی هەیە کە دەبێت بچێتە ژێرباری، لەوانە دابینکردنی خەرجییەکانی ژیانی خۆی و خێزانەکەیەتی، جا ئەگەر مووچەکەی نەدرێتێ، ئەوا قینی لەو سەرچاوەیەش دەبێتەوە کە مووچەکەی لێ داگیرکردووە یان بۆتە هۆکاری پێنەدانی مووچەکەی، لێرەشەوە تاقەتی جێبەجێکردنی یاساشی نابێت، لەڕیگەی ئەو پیشەیەوە کە پێی دراوە.

مامۆستایەک بە چ زەوقێکەوە وانە بڵێتەوە کە لەبیری چۆنێتی دابینکردنی پارەی تێچووی نەخۆشی منداڵەکەیدایە؟ ئەویش و کارمەندێکی فەرمانگەێک دەکرێت کەمووکووڕییان هەبێت لە کارەکەیاندا، چونکە لە ساڵێکدا لەبری 12 مانگ، 10 مانگ مووچەی دەدرێتێ، ئیتر با هەر گلەیی بکەین لەو کەمووکووڕی و سەرپێچییانەی رۆژانە بە زەقی دەیان بینین، چ لەسەر رێگاوبانەکان، چ لە فەرمانگەکان و ناوەندەکانی خوێندن.

کارمەندێکی هاتوچۆ، بەبەرچاوییەوە، دەیان سەرپێچی دەکرێت، بەڵام لەگەڵ هیچیان ئیجرائات ناکات، چونکە دەزانێت ئەو حکومەتەی کە پارێزەر و خاوەن سەرچاوەی داهاتی ئەوە، پێی قەرزارە و قووتی ئەوی داگیرکردووە، بەپێی هەواڵێک لە پیوک میدیادا، دەڵێت کابینەی نۆیەم لەماوەی شەش ساڵ و نیوی تەمەنیدا، 13 مووچەی مووچەخۆران قەرزارە. دەبێت بڵێین خواردوویەتی (چونکە کەس بە هیوای ئەوە نییە دوو مووچە بەسەر یەکەوە وەربگرێت، چ جا بەوەی 13 مووچەی داگیرکراوی بۆ بگەڕێندرێتەوە).

ئێستا لە دۆخێکداین، 14 مانگ تێپەڕیوە بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، وا نزیک بە مانگێکیش رەت دەبێت بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، ئێمە لە هەرێم نەمانتوانیوە وەک دوو حزبی سەرەکیی براوەی هەڵبژاردن، حکومەت پێکبهێنین، هۆکارەکەشی ئەوەیە پارتی دیموکراتی کوردستان، دەیەوێت، بەپێی بەرژەوەندیی خۆی هەژموونی خۆی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت، لەکاتێکدا باش دەزانێت کە نیوەی جوگرافیای هەرێم لەژێر هەژموونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندایە، بەڵام چاوی خۆی دەبەستێت لە ئاست ئەم راستییە.

ئاخر پارتی لە سلێمانی تەنها دوو کورسیی هێناوە، واتا لە ناو هەژموونی یەکێتیدا (زۆنی سەوز) نە پێگەی هەیە نە جەماوەر، ئەوەی هەیەتی لە دهۆک و هەولێرە، لە شەش ساڵ و نیوی تەمەنی کابینەی نۆیەمیشدا جیاکاریی بەرچاو لە پێشکەشکردنی خزمەتگوازارییەکان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم کراوە، هەرچی باشە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان کراوە و ئەم زۆنە پشتگوێخراوە، ئیتر چۆن دەیەوێت لە رێگەی پۆستەکانی ناو حکومەتی نوێوە هەر خۆی باڵادەست بێت؟، بۆنموونە وەزیری ناوخۆ کە نەتوانێت دەسەڵاتی بەسەر یەکە ئیدارییەکانی ئەم زۆنەدا هەبێت، بۆچی هەر لای پارتی بێت؟ باشتر نییە وەک تاقیکردنەوە، ئەم پۆستە بدرێتە یەکێتی و وەزیرەکەی بێ جیاکاریی مامەڵە لەگەڵ هەموو کونجێکی هەرێمدا بکات؟ خۆ بە نۆبەش بێت، نۆبەی یەکێتییە وەک هاوبەشی راستەقینەی حوکمڕانی.

چی دەبێت ئەگەر دەسەڵاتەکانی جێگری سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت زیاتر بکرێن و لەسەری رێککەوتن بکرێت؟ ئەمە چ رێککەوتنێکی شەراکەتی راستەقینەیە کە هەرچی پۆستە باڵاکانە لای پارتی بێت و ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی نەتوانێت یەکێک لەو پۆستا باڵایانەی هەبێت؟ ئەوان قسە لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکەن کە لای یەکێتی بێت، کام پەرلەمان؟ ئەوەی ماوەی دوو ساڵ بە فەرمانی ئەوان دەرگاکەی داخراو حکومەتیش بەردەوام بوو؟

پێویستە هەرچی زووتر حکومەت پێکبهێندرێت بە تەوافوقێک کە سەرچاوەکەی لە دڵسۆزییەوە بێت بۆ هەرێم و خەڵکەکەی، لەپێناوی پاراستنی سەروەریی هەرێم و مانەوەی بە بەهێزی، چونکە ئەم ناکۆکی و دوورییەی نێوان هەردوو حزب، کەس سوودی لێنابینێت تەنها نەیاران و دروستکەرانی کێشەکانمان نەبێت.

ئەگەر رۆڵی وەزارەتەکان دیاریکراو و ئەرک و مافەکانیان دەستنیشان کران، ئیتر کێشەی تاکڕەوی و دەستخستنە ناو کارەکانی وەزارەتەکانەوە بە فەرمانی تاکەکەس، روونادات و خەڵک سوودمەندی یەکەم دەبن.

ئیتر کاتی پشتکردنە گەندەڵی و خستنەڕووی داهاتەکانە بە شەفافی، رێککەوتنی یەکێتی و پارتی دەبێتە هێزێکی باش بۆ چوونە پێشەوە لەگەڵ حزبە عیراقییەکانی براوەی هەڵبژاردن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی فیدراڵی و کوردیش لەم رێگەیەوە بەشداریی کردەیی و کاریگەری دەبێت تێیدا. با دڵسۆزی بۆ خاک و نەتەوە و گرنگیی مانەوەی هەرێم لەسەر پێی خۆی تەنها دروشم نەبێت! بەڵکو بکرێتە کردار.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket