وەزارەتێك بۆ كارەسات و لێقەومان
بیروڕا 02:58 PM - 2025-12-22
كە منداڵ بووم، دەغیلەم هەبوو، لە قوتابخانە وا فێركرابووین كە خەرجی رۆژانەكەمان هەمووی خەرج نەكەین و بڕێكی پاشەكەوت بكەین بۆ كات و ساتی لێقەومان، بۆیە منیش وەك منداڵانی سەردەمی خۆم دەغیلەم دانا، چەندین جاریش داهاتەكەم دەخرایە خزمەت باوكی رەحمەتیم، بەناوی قەرزەوە لێی وەردەگرتم، هەندێكجار قەرزەكەم وەردەگرتەوە و زۆربەی جاریش هەر بە سەوزی دەخورا.
باشووری كوردستان ناوچەیەكی كارەساتبار نییە.. لەسەر هێڵی بوومەلەرزە نین، گڕكانمان نییە، لەسەر دەریا نین تا زریانمان هەبێت، شەپۆلی تسۆنامی نامانگرێتەوە، كێشەی بە بیابان بوونمان نییە، ئافاتی كشتوكاڵمان زۆر كەمە، زەوی رۆچوونمان نییە، ژینگەمان هێشتا پاكژە و زەنگی مەترسی لێنەدراوە، خۆڵبارین نەبووەتە دیاردەی بەردەوام و ساڵانە تەنها چەند جارێك خۆڵدەبارێت.
بەڵام وشكەساڵی و هەندێك ساڵیش لافاو لە وەرزی زستان و سووتانی دارستان و دەغڵودانەكانیش لە هاویندا لە كێشەكانی سروشتی كوردستانن.
لەبەرامبەر ئەم چەند جۆرەی كارەساتدا كە هەن، هەمیشە حكومەت دەستەوەستان لە رووداوەكان رادەمێنێت و راستەوخۆ پەنا دەباتە بەر خەڵك و رێكخراوەكان و سەرمایەدار و بابەتی خێر و سەدەقە و زەكات، لەكاتێكدا ئێمە پێویستمان بە بودجەی هەڵگیراو بۆ لێقەومان هەیە، حاڵەتی كتوپڕی چۆڵكردن و گواستنەوە و دروستكردنی چادرگەی كتوپڕ ئەركی حكومەت و مانگی سوورە، من نازانم ئەگەر هەرێم مانگی سووری هەبێت یان نا؟ كە مەرجە لە هەموو وڵاتە ئیسلامییەكاندا هەبن و خاچی سووریش لە وڵاتە كریستیانەكان، كەچی كە رووداوێكی سروشتی وەك لافاو لە چەمچەماڵ دەقەومێت، كۆمەڵێك سەرمایەدار شان دەدەنە بەری، ناوبانگیان دەردەكەوێت و لە بری باج و خەراج بڕێك پارە دەخەنە سەر ئەژماری خۆیان بۆ دنیای دووەم و لەناو خەڵك و مزگەوت و پیاوچاكاندا هێندەی تر ناوی باشە و خێرۆمەندیی و پیاوەتیان دەردەكەوێت، بەڵام ئەی ئەگەر لە مانگێكدا چەند كارەساتێك قەوما و لە چەند شارێكدا سروشت توڕەبوو؟
سیستمی بیمە لە وڵاتی ئێمەدا كاری پیناكرێت، كاتێك هاووڵاتی بە رووداوێك زەرەرمەند دەبێت نە حكومەت نە هیچ كەس، قەرەبووی زیانەكانی ناكاتەوە، چونكە هاووڵاتی مانگانە هیچ بڕە پارەیەك ناخەوێنێت، یان لە هیچ بەرنامەیەكی قەرەبووكردن بەشدارنەبووە، تەنانەت لای كۆمپانیا ئەهلییەكانیش، بۆیە تەماشاكەن كە ئۆتۆمبێلێك لەسەر شەقام گڕدەگرێت، راستەوخۆ رێبواران و خەڵكی خێرۆمەند و پیاوخوا و پیاوچاك، دەست بە كۆمەك و پارە كۆكردنەوە دەكەن بۆ خاوەنی ئۆتۆمبێلە سوتاوەكە، ئەم سیستمی چاكەكردنە و قەرەبووی زیانی بەرامبەر بەبێ پسووڵەی وەرگرتن لەلایەن هاووڵاتییەوە، لە هیچ شوێنێكی دنیادا نییە لەم كوردستانەی خۆماندا نەبێت.
پرسیار لێرەدا ئەمەیە:
بۆچی ئەم حكومەتەی هەرێم تائێستا بیری لە دانان و دروستكردنی وەزارەتێك نەكردووەتەوە بۆ كارەسات و لێقەومان، بۆچی ساڵانە سەرەمەقەستێكی بودجەی كوردستانی بۆ تەرخان ناكرێت!؟ یان بە شێوازێكی نزیكتر لە ئایین و بیروباوەڕی كۆمەڵگەكەمانەوە، سندوقی چاكە و زەكات هەبێت، كە ساڵانە هەر كەسێك لە چل بەشی زیاد و ناپێویست بەخۆی، یەك پشك لەو وەزارەتەدا دابنێت و لیژنەی عولەمای دین لێوەرگرتنی بۆ بكات، ئەوسا كە ئاگرێك لە ناوچەیەكی وەك هەڵەبجە دەكەوێتەوە، حكومەت بەو بڕە پارەیە قەرەبووی باخەوان و جووتیار بكاتەوە، هەر بەو بڕە پارەیەش هەوڵی سەوزكردنەوەی ناوچەی كارەساتبار بداتەوە.
ئەگەر سندوقی وەزارەتی كارەسات و لێقەومان بە هەمیشە بڕی (100) ملیار دیناری تێدا بێت، كاری ئەو خەڵكە مەیسەر و رایی دەبوو، ئەم حساباتی پارە و پولەش، سیستمی بانكی و دەستی ئەمین و پاكی دەوێت، چونكە پارەی خەوتووی هەر وەزارەت و بانكێك مەترسیی ئەوەی لێدەكرێت، بەدەردی دەغیلەكەی من بڕوات، واتە حكومەت بە قەرز بیبات، وەك ئەو بڕە پارەیەی كە لە سندوقی خانەنشینی
رۆژنامەنووساندا هەبوو، بڕەكەی 70ـ 80 ملیۆن دینارێك بوو، بەئێستاشەوە چەند ساڵێكە لەلای حكومەتی هەرێمە بە قەرز، دیارە قەرزیش كۆن دەبێت، بەڵام نافەوتێت.
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
شەڕ و پێکدادان لە حەلەب ژمارەیەک برینداری لێکەوتەوە
08:29 PM - 2025-12-22 -
پلە بەرزکردنەوەی مووچەخۆران دەستپێدەکاتەوە
06:58 PM - 2025-12-22 -
ڤاکسینی ڤایرۆسی کوشندەی نەخۆشی سەگ لەعیراق بەردەستە
04:57 PM - 2025-12-22 -
پێگاسۆس گەشتەکانی لە ئەستەنبوڵ بۆ سلێمانی دەستپێدەکات
04:14 PM - 2025-12-22
زۆرترین خوێنراو
-
ڕفعەت عەبدوڵا: دەستبەرداری مێژوو، خەباتمان نابین لە بادینان
کوردستان 02:33 PM - 2025-12-22 -
کاروان ئەنوەر: هێرشەئەلکترۆنییەکان بۆ میدیاکانى سنورى سلێمانییە
کوردستان 01:22 PM - 2025-12-22 -
قۆناغی یەکەمی هاوکاریکردنی زیانلێکەوتوانی چەمچەماڵ دەستیپێکرد
کوردستان 12:26 PM - 2025-12-22 -
داهاتی نانهوتی مانگی تشرینی یەکەم خرایه سهر ههژماری دارایی عیراق
کوردستان 10:54 AM - 2025-12-22 -
كابینهی نۆ 13 مووچهی مووچهخۆران قهرزاره
کوردستان 10:18 AM - 2025-12-22 -
دابەشکردنى هاوکارییەکان بەسەر خەڵکى لێقەوماوى لافاوەکەى چەمچەماڵ دەستپێدەکات
کوردستان 10:04 AM - 2025-12-22 -
نرخی زێڕ گهیشته بهرزترین ئاست لهمێژوودا
جیهان 09:48 AM - 2025-12-22 -
سبەى لە رانیە نەوت دابەشدەکرێت
کوردستان 09:29 AM - 2025-12-22




دابەزێنە

