riklam

دەرفەتی مێژوویی و تەڵەی ئەزەلی

بیروڕا 07:11 PM - 2025-11-24
ئەرسەلان مەحمود

ئەرسەلان مەحمود

ئەرسەلان مەحمود

مێژوو، وەک ڕووبارێک وایە، بە خێڕایی دەڕوا و ئاوڕ لە هیچ ناداتەوە، ئەوانەی بە دیارییەوە وەک تەماشاکارێک وەستاون، دەرفەتی ئەوەیان بۆ نامێنێتەوە پێبخەنە ناوییەوە، تێپەڕیوە، ئێستا لەم ساتە مێژووییە نادرەدا، ڕژیمەکان کەوتووەتە ژێر گەورە فشاری ناوخۆیی و دەرەکی، قەیرانی ئابووری و سیاسی و جڤاکی قووڵتر یەخەی گرتوون، دۆخەکەیان تادێ نامۆتر دەچێ و عیراقیش لەم نێوەندە دەوڵەت و نا دەوڵەتیبوونیەدا، دیار نییە ئێستای بە کوێ دەگات، کوردیش لە بندەست ئەمان و بە دەست خۆیانەوە، سەیرتر دەچەرخێن و کەوتوونە دۆخێکی دوو دەمەوە.

لە شیکاری سیاسیدا، قسەیەکی بڵاو هەیە دەڵێت: قەیرانەکان دەرفەت دروستدەکەن، بەڵام ئەمە نیوەی ڕاستییەکەیە. نیوەکەی تری ئەوەیە دەرفەتەکان تەنها بۆ ئەوانە کراوەن لە ئامادەباشیدان. کاتێک دەرگەیەک دەکرێتەوە، ئەگەر تۆ لە ماڵەوە نەچووبیتە دەرەوە، دەرگەکە ناکرێتەوە، ئەگەر بە ئاراستەیەکی هەڵەدا ڕۆیشتبیت، دەرگەکە دادەخرێتەوە و وەک هەمیشە دەبێ دەرە ماڵی وەک دەرە سیستەمی مەنزڵت بێت. ئەمە دیمەنی ئێستای کوردە، لە باشوور، دەسەڵاتێکی فیدراڵی هەیە، لەسەر کاغەز باشە، بەڵام لە واقیعدا هەمیشە لە ژێر فشاری بەغدا، ئەنقەرە و تارانە. لە ڕۆژئاوادا، دەسکەوتێکی نیزامی هەیە، بەڵام هێشتا بەفرێکی بەهارییە. لە باکوور سیاسەتی ڕێگەپێدراو و زیندانی ڕێگەپێدراو هێشتا لە کاردایە. ڕۆژهەڵات لە ناو دڵی قەیرانێکی نەتەوەییدا هەمووان لەمسەر بۆ هەتا ئەوسەری دنیا دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

ئەوەی گرنگە، ئەوە نییە لە کوێین، ئەوەیە بەرەو کوێ دەچین. ئیشی مێژوو ئەوە نییە تۆڵە بۆ ئەوانە بکاتەوە دواکەوتوون، بەڵکوو لە بەرژەوەندی ئەوانە دەچەرخێ بەردەوامن. کاتێک سەیری دۆخەکە دەکەی، دوو مەترسی گەورە وەک دوو نەخۆشی لە جەستەی سیاسەتی کوردیدا دەبینی. مەترسی یەکەم دابەشبوونی ناوخۆییە. کەس قسەی لەگەڵ کەسدا نییە، کەس قسەی کەس ناخوێنێتەوە، ناکۆکی حزبەکان بووە بە شای هەموو شتێک. حزبی کوردی هێشتا قۆناغی منەمنی تێنەپەڕاندوە، سوننەکان بوون بەیەک، شیعەکان بوون بەیەک، کەچی بازاڕ بازاڕی لادان و بادان و ترازانە لە ناو کورددا، هەر یەکە خۆی بە دنیایەکی جیاواز دەزانێ. باشوور، باكوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە هەر کوێ نزیکترن تا یەکتر. ئەمە واقیعێکی ترسناکە و دەبێت بە دەنگێکی زۆر بەرز و دلێر باسی بکرێت، ئەو یەکێتییە نەتەوەیی و ئەو کوردستانیبوونەی مناسەبە و بێمناسەبە، بووەتە وێردی سەر زوبانی ئەحزای کوردی، موزەییەفە و دەبێت لە واقیع و حەقیقەتدا بە مانا بکرێتەوە، ڕاستبکرێتەوە.

سەردەمی ئەوە نەماوە، بە زمانی دوێنێ موخاتەبەی ئەمڕۆ و ئاڵەنگارییەکانی ئێستا بکەین. هێشتا بە چاویلکەی سەدەی بیستەم، بیست و یەکەم دەبینین. هێشتا باوەڕمان بە سەرکەوتنی نیزامی وەک تەنها ڕێگەی دەسکەوتی سیاسی هەیە، لە جیهانی ئەمڕۆدا سەرکەوتنی نیزامی بەبێ دیپلۆماسیی زیرەکانە دەبێتە بارێکی قورس و باجی قورستر بە دوای خۆیدا دەهێنێت. هێشتا باوەڕمان بە کاریزمای تاکەکەس هەیە وەک جێگرەوەی دامەزراوەی بەهێز، لە کاتێکدا ئەوەی دەمێننەوە دامەزراوەکانن. ئایا حزبەکان خەریکی دانانی ستراتیژییەکی هاوبەشن؟ ئایا پلانێکی درێژخایەنمان هەیە بۆ ئەوەی هەنگاوی سیاسی بنێین بێئەوەی بکەوینە ناو تەڵەی کۆمەڵکوژی مۆدێرنەوە؟ ئایا ئەم دۆخە بکەنە دەستکەوت و سەروەری بەردەوام؟ وڵامی ئەمانە دوو شتە: یەکگرتوویی ستراتیژیک و دیپلۆماسیی زیرەکانە. یەکگرتوویی ستراتیژیک بە واتای ئەوەنا هەموو حزبەکان ببنە یەک حزب، بەڵکوو بە واتای ئەوەی سەرەڕای جیاوازییەکان، لەسەر بەرژەوەندییە گشتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، هیچ نەبێ لە ژوورە تاریکەکاندا بگەینە یەک، هەمووان لە یەک بەرەی کوردستانیدا یەکبخات و ئاراستە بکات.

دیپلۆماسیی زیرەکانە واتای ئەوەیە دەزانی کەی بڵێی بەڵێ و کەی بڵێی نەخێر. واتای ئەوەیە دەزانی چۆن لەگەڵ تاران پەیوەندی بەڕێوەببەی بەبێ ئەوەی دوژمنی ئەنقەرە بیت، چۆن لەگەڵ ئەنقەرە پەیوەندی بەڕێوەببەی بەبێ ئەوەی دوژمنی تاران بیت. واتای ئەوەیە تۆ دەزانی چۆن لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا و ئەوروپا پەیوەندی دروستبکەی بەبێ ئەوەی خۆت بدەی بەدەستەوە و ببەستیتەوە. ئەمە بە عەقڵ و مەنتق و واقیعبینی دەکرێت، نەک دڵگەرمیی نەتەوەیی جێگەی ئامادەیی سیاسی بگرێتەوە. کاتی داواکردن و شێوازی ستاندنەوەی ماف، زۆرینەیجار، تایبەت لەم سەردەمەدا، لە خودی داواکەش گرنگترە. مێژوو بڕیاری خۆیداوە: ئەم دەیەیە، دەیەی گۆڕانکارییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕێژیمە کۆنەکان بەردەبنەوە، بەڵام ئەوەی کێ شوێنیان دەگرێتەوە، هێشتان ڕوون نییە. لەم دۆخەدا، کورد دوو ڕێگەی لەبەردەمە: یان دەبێتە بەشێک لە دروستکردنی داهاتوو، یان جارێکی تر دەبێتەوە قوربانی نیوکۆڵونیالیزم و کەسانی تری خێڵەکی. بڕیار هی ئێمەیە. کات بەسەردا دەچێت

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket