رۆژی شەهیدی یەکێتیی رۆژی قوسور و کەم رەنگی
بیروڕا 09:56 AM - 2025-11-21
رۆژی شەهیدی یەکێتیی و شەهیدی شۆڕشی نوێ .
بەو بۆنەوە دەکەوێتە بیرت چ ئەرکێکی قورسە ئەندامی ئەم بزووتنەوە پان و پۆڕە بیت کە ناوی یەکێتییە و مەسەلەکان بە ئاسایی و نۆرماڵ وەربگریت. دێتە فیکرت پەنجا ساڵ خوێن و فرمێسک ، رەنج وهیلاکی پێنج دەیە شەهادەتت لەسەر شانە و لە کۆڵ ناوەو دەتەوێت عاقیبەت خێر بیت بۆ گەلەکەت و لە ناو یەکێتییەکەت. حەی چەند خۆش باوەڕ و چەند گەشبینیت؟
رۆژەکەیە و لەو رۆژەدا جارێکی تر دەزانیت ئەندامێتی لەم کاروانە دوور و درێژە پێش ئەوەی شانازییەکی مەزن بێت لە ژیاندا پەتێکی زبرە لە گەردەنت کە ناکرێ بە ئەوەنتە و بە کلاوات و بە قۆنتەرات مامەڵەی بکەیت و بەرخوردی لەگەڵ بنوێنی. چارەنووسە و هەر ئەوەندەی خۆشە وتت بە گەردەنم . بۆ کوێ دەرۆی بەرپرسیارێتییە و لێپرسینەوە، دەفتەری قەرزە و کمبیالە کە خشتەبەند ناکرێ و ئاسانکاری قبووڵ نییە، روو لەهەر لایەک دەکەیت تەڵەیەکی تاقیکردنەوە هەیە و شەرمەزارت دەکا و لە ئاستی خوێنێکی کە رژاوە قوسوریت بۆ گشت عەلەم نیشان دەدات.
بەڵێ وایە رۆژی شەهید رۆژی سەربەرزی و سەرفرازییە بۆ ئەوانەی نرخەکەیان داوە و دڵنییان لەسەری قەرزار نەبونەتەوە ، بەڵام بۆ تۆ کە هێشتا دارەدارەتە و هیچ نیت لەم کاکێشانە فرە دوورەدا ، وەک ڕەهەندەی کۆسارانی ژیان و وتەتاری چینی لە کیشوەری ئیفرەنجدا ، وەک بەخشراوێکی لە کۆڵانی پێچاوپێچی خەباتدا و قەیناکە با تیایا بێت و زیانی نییە کە هەبیتت بە نسیب بووە.
چەند گەورەیە ئەم داستانە و چەند دژوارە ئەم باسە ؟ لەهەر زیندانێکی ئەم وڵاتە شایەتێک خوێنی قوڵپدەدا، لەهەر دۆڵ و شاخێک قوربانیدانێک پەخش و پەرێشانە، لەهەر دیواربەندێکی دروشمەکانی جاران لە جێی بۆیاخ و فڵچە رەنگی ئاڵی گیانبازییەک نمایانە.
وای لەم سیزیفە بێ ئامانە، داد لەم ئەرکە قورسانەی یەکێتیبوون کە بڕستی مانۆر و تاقەتی سیاسەتی لێ بڕیویت.
رۆژی شەهادەتە و کەمێک ڕاوەستانی دەوێت نەک هەر بۆ رێزگرتن لە خوێنی شەهید ، بەڵکو بۆ تێڕامان لەوەی باری سەرشانە و هێشتا شانت نەداوەتە بەر. رۆژی تێڕامانە لەوەی کەی کاروانەکە دەگاتە (مەنزڵی مەئمەن)بە جۆرێک خوێنی تری نەوێ و خوێنی روباری پەنجا ساڵە بەهای هەزاران دەسکەوت و ملێۆنەها ئازادی و سەدان سەدە یەکسانی و ماف بدات.
زانیت چەند قورسە؟ دیتت چەند ئاڵۆزە و چەند سەر بەتەمە کە سەدان و هەزاران سەری بەرزی دەوێت؟ سوپای کامڵ و تەیار و تاقمی مومتازی بێ شوماری گەرەکە.
خۆزگە تێفکرین لەم دیرۆکە کەڵەگەتە کەمێک تەوژمی کەم دەکردەوە و بریا ڕاوەستان بە دیار مەزاری شەهیدێکەوە هەر ساتێ وەستانی ناو مەراسیمێکی رێزلێنان دەبوو، شەڵڵا خاوەندارێتی لە خوێنی شەهید هەر واجبی شۆردنی تەرمی پیرۆز و درود و سروتی وەختی ماڵئاوایی کردن دەبوو.نا ئازیزان باسەکە لەوە گەورەترە ، ئیشەکە لەوە ئەستورترە بە ئاسانی شانی لێ خاڵی بکەیتەوە.
رۆژی شەهیدە و تەقویمی شەهادەت و شایەتی دانە لەسەر وەفاداری بەرامبەر گەل و بۆنەی گەڕانی گشتی و تایبەتە لە مانای شەهامەت و ئەبدەیتکردنەوەی سوێندی قەدیمە بەرامبەر عەزیزانی وەتەن: بە پەیمانێ کە تۆ دابووت بە کورد و خاکی کوردستان. پێت دەکرێ؟ پێم دەکرێ؟ پێمان دەکرێ؟
ستران عەبدوڵلا
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
لەسلێمانی دابەشکردنی نەوت بەردەوامە
03:09 PM - 2026-02-07 -
کۆسرەت رەسوڵ عەلی پیرۆزبایی لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەکات
01:19 PM - 2026-02-07 -
ئەمریکا تۆمەتبارێکی دیکەی هێرشەکەی بەنغازی دەستگیر کرد
11:40 AM - 2026-02-07 -
باران بارین بەردەوام دەبێت
10:25 AM - 2026-02-07
زۆرترین خوێنراو
-
پارێزگاره كوردهكهی حهسهكه: بێ جیاوازی خزمهتی ههموو پێكهاتهكان دهكهین
کوردستان 02:36 PM - 2026-02-07 -
کۆسرەت رەسوڵ عەلی پیرۆزبایی لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەکات
کوردستان 01:19 PM - 2026-02-07 -
کوردێک دەبێتە ناوبژیوانى یاری کۆتایی کاسی ئاسیا
کوردستان 12:27 PM - 2026-02-07 -
ئەمریکا تۆمەتبارێکی دیکەی هێرشەکەی بەنغازی دەستگیر کرد
جیهان 11:40 AM - 2026-02-07 -
له ساڵوهگهڕی نهمریی نهجمهددین بیوككایادا
بیروڕا 11:03 AM - 2026-02-07 -
ئەم هەفتەیە دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت
کوردستان 10:33 AM - 2026-02-07 -
باران بارین بەردەوام دەبێت
کوردستان 10:25 AM - 2026-02-07 -
دوو منداڵ لە ڕانیە بەهۆی دووکەڵەوە خنکان
کوردستان 10:14 AM - 2026-02-07




دابەزێنە

