riklam

هاوبەشی یان هیچ

بیروڕا 01:42 PM - 2025-11-20
ئەرسەلان مەحمود

ئەرسەلان مەحمود

قەیرانی حکومڕانێتی هەرێم، بنەماکانی دەگەڕێنەوە بۆ پرسیارێکی زۆر سادە بەڵام قووڵ لە واتادا: مەگەر شەراکەت چییە؟ پارتی لە وڵامدا کار بۆ ئەوە دەکات خەڵکی کوردستان باوەڕ بەوە بکەن شەراکەت جۆرێکە لە بەخشش، نەک پەیمانێکی دوولایەنە، ئەمەش لە خۆیدا تێکشکاندنی بنەڕەتیترین پرەنسیپی پەیمانی پێکەوە کارکردن و پێکەوەژیان و ئەو گوتار و تەوەرەیە پێیدەوترێ گوتار و تەوەری کوردستانی و نیشتمانیبوون.

لە فەلسەفەی سیاسیدا، جیاوازی زۆر هەن لە نێوان مافی هاوبەش و بەخشینی یەکلایەنە. کاتێک دوو لایەن مەحکومی رێککەوتن دەبن بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی وزاری، هیچ لایەنێک ناتوانێت بە تەنها حوکمی پێوە بکات یان بیەوێ بەتەنها یاسا و ڕێساکانی دابڕێژێ و بیگۆڕێت. ئەوەی پارتی ئێستا دەیکات، هەوڵێکە بۆ گۆڕینی ماهیەتی ئەو پەیوەندییە - لە پەیمانی ئیستحقاقی مافەوە بۆ پەیوەندی بەخشەر و وەرگر. ئەمەش لە بنەڕەتدا نەفیکردنی یەکسانی و ئینکاری حەققی نیوە زۆر زیاتری خەڵکی کوردستانە، پارتی لە زۆربەی هەرە زۆری شار و شارۆچکەکانی تری هەرێم بە کەرکوکیشەوە، حزبی ژمارە ٦ و ٧ی ڕیزبەندی دەرئەنجامەکانی دوا هەڵبژاردنە.

ستراتیژی پارتی، ستراتیژێکی دەرون سیاسی نەخۆشە و ناخۆشییەکەی ئەوەیە دەیەوێت گشتاندنی بۆ بکات، واتا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و خەڵکیش بخاتە ناو دۆخەکەوە، ئەو ملیۆنە موزەییەفەی باسیدەکەن، هێزمەندی جڤاکی نییە، تا وەک ئەوەی لە تێگە کۆنەکاندا هاتووە - هێز لە ژمارەدایە بە یەکێتی و بە خەڵکی بفرۆشنەوە، ناوچەییە و دهۆک تێناپەڕێنێت، هێزی ڕاستەقینە لە توانای تەفاعول و تێگەی واقیعبینانە و حەقیقەدایە.

پارتی، چیدەکات؟ خۆی لەهەر لایەک باشتر دەزانێ دووبارە کردنەوەی سیناریۆکانی ڕابردو کۆتایی هاتووە، ئەوەی تا دوێنێ بوو، دوێنێی دۆخی نەخوازراو بوو لە سایەی گەلەکۆمەکی ناوخۆیی و هەرێمیدا، لێرە گرنگە پارتی ورد لەمە تێبگات: کەس ناتوانێ دوو جار بچێتە ناو هەمان ڕووبار، چونکە نە ڕووبارەکە ئەو ڕووبارەی جارانە و نە ئەو کەسەش هەر ئەو کەسەی جارانە.

یەکێتیی ئێستا ئەو یەکێتییەی ٢٠١٨ و تەنانەت ٢٠٢١یش نییە. ئەزموونی ئەو چوار ساڵە و گوتاری ئێستای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕوونە، هاوبەشی لە حکومڕانێتیدا یانی هاوبەشی لە جومگە بە جومگەی مافی ئینتیخابی و هاوبەشی لە بڕیار و ڕاسپاردە و ئەدای حکومڕانێتیدا، خەڵک حکومەتێکی هاوسەنگ و شکۆداری دەوێت، حکومەتێکی خەڵک سەنتەر نەک تاکرەهەند و کەمینە سەنتەر. یەکێتی بە کەمتر لەمە ناچێتە ژێر بار و نابێتە بەشێک لە تەواوکاری ئامانج و ئەجێندای تایبەت.

هەر کردەیەک، هەر فشارێک، ئەنجامی هاوتەریب و بەرامبەری هەیە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو هێزە نییە گەمارۆ بدرێت، پارتی بە تاقیکردنەوەی سنوورەکانی ئەو یەکێتییەی ئەمڕۆ، لەبری ئەوەی دەیەوێ یەکێتی ناچار دەکات هەموو ئاڵتەرناتیڤە ئەگەرییەکانی بەکاربهێنێت. 

دواجار، ئەم قەیرانەی پارتی خوڵقاندویەتی و کار لەسەر قاڵ و قووڵ کردنەوەشی دەکات، لە بنەڕەتدا باسی هێزەکان ناکات وەک ئەوەی خۆی بگۆی دەکات - نا باسی فەهم و ماهیەتی هێز دەکات. هێزی ڕاستەقینە لە زانینی کەی دەبێت هاوبەش بیت و کەی دەبێت سەربەخۆ بیت، لە زانینی کەی دەبێت دەستکراوە و کەی دەبێت بەردەوام بیت. ئەوەی ئەم زانینەی نییە، لە ڕاستیدا نەعامەیە و خۆڵ بەسەر خۆیدا دەکات.

ئەرسەلان مەحمود
PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket