چی لەبارەی مولازم جوامێرەوە دەزانن؟
بیروڕا 11:16 AM - 2025-10-07
(2)
بەڕاستی نابێت
و رەوای هەقیش نییە لە کاتی باسکردنی مەندەلی-دا، چەند قسەیەک لەبارەی جوامێریی
مولازم جوامێرەوە نەکەین!
جوامێر سایەمیر
ساڵی 1947 لە گوندی (جاریە)ی سەر بە قەزای مەندەلی، لە خێزانێکی جووتیار و
خانەوادەیەکی کوردپەروەر لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی
لە مەندەلی تەواوکردووە، لە دوای بەیانی ئازار، لە کۆلێجی سەربازیی عیراق
وەردەگیرێت و یەکەمین نیشانەشکێن دەبێت، هەروەها یەکەمینی هەردوو خولی مەغاویر
(صاعقة) و خولی (50)ی کۆلێجی سەربازیی بووە.
لە سەرەتای
لاوێتییەوە خولیای کوردایەتی بووە، پێش ساڵی 1970 پەیوەندیی بە پارتییەوە کردووە و
لەناو خوێندکاران، گەنجان و وەرزشکارانی مەندەلی-دا، رۆڵی بەرچاو و گرنگی هەبووە.
دوای
تەواوکردنی کۆلێجی سەربازیی و بوونی بە ئەفسەر، ماوەیەک لە لیوای 20ی لەشکری عیراق
لە خانەقین بووە، ساڵی 1973 پەیوەندیی بە شۆڕشی ئەیلول لە ناوچەکانی چۆمان و
گەڵاڵە کردووە، ئینجا هاتۆتە بەمۆ و بێلولە و باخ هەنارە لە ناوچەی گەرمیان و بووە
بە سەرلق لە بەتالیۆنی (6)ی خانەقین.
دوای هەرەس و
گەڕانەوەی مولازم جوامێر بۆ مەندەلی، پلەی سەربازیی نامێنێت و لە (کەرتی گشتی) له
بەغدا دادەمەزرێت. لە سەروبەندی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێ بە رابەرایەتی یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان، مولازم جوامێر پەیوەندیی بە شۆڕشەوە دەکات و دەبێت بە یەکێک
لە فەرماندە دیارەکانی شۆڕش لە ناوچەکانی قەرەداغ، سەگرمە، سورداش و دۆڵی
جافایەتی. لە ماوەیەکی کەمدا جێدەستی دیار دەبێت و خۆشەویستیی لە دڵ و دەروونی
ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی (76)دا بەجێدەهێڵێت.
کاک دلێری سەید
مەجید باسی ئەو رۆژانەی بۆ کردووم، کە ماوەیەک لە دۆڵی جافایەتی لە گوندی یاخسەمەر
لەگەڵ مولازم جوامێر و کاک حەمیدی خەڵکی یاخسەمەر، سێقۆڵیی و بەیەکەوە لە شاخی
ئاسنگەران بوون، کاک دلێر سەرسامی مولازم جوامێر بووە لە کاری رۆژانەیدا لەگەڵ
پێشمەرگەکان، باسی دەکات چۆن بەهیممەت و بەهێز و بەسەلیقە بووە بۆ کۆکردنەوەی دار،
چۆن بە هەردوو دەستی دەوەنی لە رەگوڕیشەوە هەڵکەندووە و پەلوپۆی داربەڕووەکانی
هێناوە بۆ پێشمەرگە.
شەهید مولازم جوامێر رەتیکردەوە داوای لێبووردن بکات، بۆ ئەوەی حکومەتی بەعس لێخۆشبوونی بۆ دەربکات
من لە کۆتایی
ساڵی (1976)دا مولازم جوامێرم لە بەغدا بینی، ئەو بۆ چالاکیی سیاسی و سەربازیی
هاتبوو بۆ پایتەخت، بەناوی نهێنی (مولازم هیوا). بەڕاستی پیاوێکی بە جەرگ و
چاونەترس بوو، کۆڵەکە و بزوێنەری رێکخراوی (هەڵۆی سوور) بوو. لەو رۆژگارە
سەختەدا من ئەندامی هەرێمی پێشڕەو و بازنەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی پێشڕەو و هەڵۆی
سوور بووم. زۆرجار لە (باب الشرقي) و (أبي نواس) و (شارع الجمهوري)، مولازم
جوامێرم دەبینی بۆ کاروباری رێکخراوەیی و سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
جوامێر پیاوێکی سپی رەنگ، چاو خڕ و رەنگ شینی فەیروزیی، برژانگی درێژ و رەش بوو،
بەژن و باڵابەرز، ناوشان پان و دەست و مەچەک ئەستوور بوو، بێجگە لە ئازایەتی و
رەوشتبەرزی، جوانیی (یۆنان)ی و (یوسف)ی هەبوو.
بەداخەوە بەهۆی
خۆفرۆشێکەوە زوو کەوتە داوی دوژمنەوە، لە ئەمنی عامە لەگەڵ هاوڕێکانی زیندانیکران.
ئەوان خاوەن بیروباوەڕ بوون، بروایان بە راستیی رێبازەکەیان هەبوو، بۆ شکاندنی
تەلیسمی دوژمن لە گەرمەی دەسەڵاتی بەعسدا، لەگەڵ هاوڕێکانی هەوڵی رزگاربوونی خۆیان
دەدەن، مولازم جوامێر لە زیندان و ئەمنی عامە رزگاری دەبێت و لە کۆڵانێکی بنبەست
لە بەتاوین لەلایەن شورتەی(موکافەحە)وە جارێکیتر دەستگیر دەکرێت، (سەلمان)یش لەسەر
دیواری ئەمنی عامە بریندار دەبێت و قاچی دەشکێت. جوامێر لەگەڵ هاوڕێکانی (سەلام،
سەلمان، عادل، جەمال و شێرۆ) لە بەهاری ساڵی (1978)لەسێدارەدران، بەداخەوە ئاواتەکەی
مولازم جوامێر نەهاتەدی و نەیتوانی بەشێک لە چالاکییەکانی شۆڕشی نوێ بگوێزێتەوە بۆ
بەغدای پایتەخت، بەڵام شوکر شۆڕشەکەی سەرکەوت و رژێمی بەعسیش رووخا.
لـــــە
کـــــاتی گفـــتوگۆی ساڵی (1984)ی نێوان یەکێتی و میرییدا، مام جەلال
دەیگێڕایەوە: دکتۆر فازیل بەراک، بــــــەڕێوەبــــــەری ئەوســــــای (ئەمنی
عامه)ی عیراق، لە دانیشتنێکی دووقۆڵیدا بە مام جەلال-ی وتووە: کەسێکی ئێوە کە زۆر
قارەمان و خۆڕاگر و ئازا بوو، ناوی جوامێر سایەمیر بوو لای ئێمە گیرابوو، سزاکەشی
ئیعدام بوو، داوام لە سەدام کرد، حەیفە ئەفسەرێکی وەها ئازا و بە جەرگ و خۆڕاگر لە
سێدارە بدەین، سەدامیش وتبووی: باشە لێیخۆش دەبین، بە مەرجێک داوای لێبووردن بکات،
داواکەیان خستبووە بەردەم جوامێر، ئەویش بە زەردەخەنەیەکەوە داواکەی سەرۆک کۆمار،
واتە داواکەی سەدام رەتدەکاتەوە و دروشمەکەی خاڵە شیهاب (کەم بژی و کەڵ بژی)
جێبەجێ دەکات.
هەزار سڵاو و
درود بۆ گیانی پاکی رەوانشاد مام جەلال و مولازم جوامێر و گشت شەهیدانی کورد و
کوردستان.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
سكرتاریهتی سهرۆك مام جهلال چهند خوێندنگایهك له شارباژێڕ نۆژهندهكاتهوه
12:37 PM - 2025-11-17 -
بەریتانیا چەند بڕیارێک دژی پەنابەران دەردەکات
11:27 AM - 2025-11-17 -
پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە
10:32 AM - 2025-11-17 -
عیراق توانای بەرگری خۆی بەهێز دەكات
08:09 PM - 2025-11-16
زۆرترین خوێنراو
-
پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە
کوردستان 10:32 AM - 2025-11-17 -
كارهبای سلێمانی: بەشێکی زۆر لەخاوەن موەلیدەکان گرێبەستیان لەگەڵ کردوین
کوردستان 10:20 AM - 2025-11-17 -
150هەمین هەفتانەی دیجیتاڵی ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە
جیهان 09:15 AM - 2025-11-17 -
عیراق توانای بەرگری خۆی بەهێز دەكات
عیراق 08:09 PM - 2025-11-16 -
سەرۆك بافڵ سەرەخۆشی لە سەرۆككۆمار دەكات
عیراق 07:54 PM - 2025-11-16 -
بڕیار لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگی 9ی هەرێم دەدرێت
کوردستان 07:22 PM - 2025-11-16 -
قائیمقامی کۆیە: تهواوكردنی پڕۆژهكان لهسهر ئهركی ئیدارهی گشتی یهكێتی بهردهوامه
کوردستان 03:06 PM - 2025-11-16 -
وتەبێژی كۆمسیۆن بۆ PUKMEDIA: ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەنین
کوردستان 11:47 AM - 2025-11-16


.jpg)

دابەزێنە

