riklam

هێزی تۆین لە بەغدا

بیروڕا 09:50 AM - 2025-10-07
ئەرسەلان مەحمود

ئەرسەلان مەحمود

لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا، دروشمەکان هیچ کات و لە هیچ سەردەم و قۆناغێکدا تەنها وشە نەبوون، بەڵکوو نەخشەڕێگە و بەڵێنن بوون، رەنگدانەوەی ئەو واقیع و حەقیقەتە بوون میللەتەکەمانی تێیدا ژیاوە، ئەمڕۆش لیستەکەی (222) بە دروشمی (هێزی تۆین لە بەغداد) دەچێتە ناو هەڵبژاردنی11ی تشرینی دووەمی 2025، دەرفەتێکی ترە بۆ خوێندنەوەی قووڵتری رۆڵی کورد لە سیاسەتی عیراقی فیدراڵدا.

هێزی تۆین لە بەغدا، لە بنەڕەتدا پرسیارێکی زۆر گرنگ دەورووژێنێت، دەنگ و پێگە و بڕیاری کورد لە بەغدا چۆن دەبێت بە یەکیەکی کاریگەر؟ ئەزموونی دوو دەیەی رابردوو پیشانیدا کە ژمارەی کورسییەکان بە تەنها بەس نییە، ئەوەی گرنگترە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو سەنگ و هێزەیە بۆ پێشخستنی دۆسیەی کورد و  دەستەبەری ماف و بەرژەوەندییەکانی خەڵکەکەی.

یەکێتی لەڕێگەی دروشمەکەیەوە و لەسەر زاری سەرۆکەکەی، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی دووقۆڵی دەنێرێت، یەکەم بۆ دەنگدەرانی کوردستان، کە دەڵێت ئێمە دەنگی ئێوەین لە ناوەندی بڕیاردا، دووەم بۆ هاوبەشە عیراقییەکان، کە دەڵێت ئێمە شەریکی راستەقینەین، نەک میوان لە عیراقدا.

دوای رووخانی رژێمی پێشووی عیراق، کورد هاتە ناوەند، بەغدایەکی پڕ لە تەحەددییات. مادەی 140، بودجەی هەرێم، پێشمەرگە، نەوت و غاز و چەندین پرس و بابەتی تری هەستیار، هەموو ئەمانە ئێستا لە هەر کات زیاتر پێویستیان بە هێزێکی کاریگەر هەیە لە بەغدا.

یەکێتی بە تێگە و خوێندنەوە بابەتی و بەرپرسیارانەکەی خۆی، بە درێژایی هەموو ئەم ساڵانە، پست بەست بە ئایدیاکانی سەرۆک مام جەلال، رۆژ لە دوای رۆژ رژدتر بووە لەسەر پەیڕەو کردنی سیاسەتی واقیعبینانەی تەژی لە دیالۆگ و جوڵەی سیاسی - دیپلۆماسی و هاوپەیمانێتی دروستکردن.

دروشمەکە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بەڵام ڕوون بۆ یەکێک لە گرفتە هەمیشەییەکانی سیاسەتی کوردی پێشکەش دەکات، چۆن دەتوانیت لە یەککاتدا نوێنەری بەرژەوەندی کوردستان بکەیت و بەشدارێکی کاریگەر بیت لە حکومەتی فیدراڵدا؟ یەکێتی وڵامی ئەم پرسیارە بە هێزی تۆین دەداتەوە - یەکێتی لە بەغدا بەهێزترینە، ئەوەی ئامانجی بووە، تەنها و تەنها خەڵک بووە، ئەوەی ئەمڕۆش پێداگری لەسەر دەکات تەنها هەر بە سەنتەرگرتنی هاوڵاتییە.

عیراقی ئەمڕۆ پڕە لە قەیران، ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، یەکێتی لەڕێگەی دروشمەکەیەوە دەڵێت کورد بەشێکە لە چارەسەر، نەک بەشێک لە کێشە، ئەمە زادەی تێگە قووڵە نیشتمانییەکەی یەکێتییە بۆ چۆن و چییەتی میکانیزمەکانی کارکردەی هێزە سیاسییە کوردی و عیراقییەکانی تر لە بەغدا، کە خۆی لە دروستکردنی هاوپەیمانێتییە جیاکانەوە بگرە تا توانای مانۆڕکردن لە نێوان ناکۆکییە ناوخۆیی و هەرێمییەکاندا دەبینێتەوە.

هێزی تۆین لە بەغدا، قووڵترە لە تەنها دروشمێکی هەڵبژاردن، بەڵێنێکە بۆ ئەمڕۆ بۆ کۆمەڵانی خەڵک لەڕێگەی لیستی (222) وە تا بێ پێچ و پەنا و سەفەقاتی هەرێمایەتی و حزبی رووت، دەنگیان بگاتە ناوەندەکانی بڕیار و  بڕیاردەر دەبن لە پایتەخت، ئەوە ستراتیژییە کە بۆ بەدیهێنانی ئەو کوردستانەی کە تێیدا مافەکان پارێزراون و خەڵکەکەی دڵنیابوون لە داهاتوویەکی روونتر.

سەرکەوتنی ئەم ستراتیژییە بەندە بە چەند فاکتەرێک، لەوانە: ئایدیای نیشتمانی، وەک ئەوەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕۆژی 6ی تشرینی یەکەمی 2025 لە پەیامە مێژووییەکەیدا روونیکردەوە، پەیوەستە بە پشتیوانی دەنگدەران، یەکگرتوویی ناوخۆیی کورد، توانای دروستکردنی هاوپەیمانی کاریگەر، لە هەموویشی گرنگتر، پابەندبوون بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی کوردستان لە چوارچێوەی عیراقێکی فیدراڵ و دیموکراتدا.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket