riklam

چی لەبارەی مەندەلییەوە دەزانن؟

بیروڕا 10:46 AM - 2025-10-06
عیماد ئەحمەد

عیماد ئەحمەد

مەندەلی لای ئێمەی خەڵکی گەرمەسێر پێیدەوترێت مەنەلی و بە خانەقین-یش دەڵێین خانەقی، مەندەلاوی عەشیرەت نییە، ناوچەیەکی دیاریکراوی جوگرافییە، زۆر عەشیرەتی کوردی و عەرەبی و تورکمانیی تێدایە.

مەندەلی لە وشەی (بندینک)ەوە هاتووە کە پایتەختی (بنی أمز) و ئیمارەتێکی کوردی بووە. مێژووی شاری مەندەلی زۆر کۆنە، دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئیسلام، لە سەردەمەکانی بابل و ساسانییەکاندا هەبووە.

مەندەلی لەڕووی ئیدارییەوە قەزایە و یەکێکە لە کۆنترین قەزاکانی عیراق، لە سەردەمی عوسمانیی و والی (مەتحەت پاشا)دا قەزا بووە، لە سەردەمی پاشایەتیدا سەر بە بەغدا بووە، لە دواییدا خراوەتە سەر لیوای دیالە، رووبەرەکەی (734)كم2، لە شاری (سۆمار)ی ئێرانەوە (5)کم دوورە و دەروازەی سنووریی هەیە لەگەڵ دەوڵەتی ئێران، گەڕەکی کۆن و شوێنی دیاری زۆرە، وەک بازاڕی گەورە و بچووک و قەڵاکانی بالی و بویاقی و...هتد.

مەندەلی شاری پێکەوەژیان و برایەتییە، بێجگە لە کورد کە زۆرینەیە، عەرەب و تورکمان لەڕووی پێکهاتە و شیعە و سوننە و کاکەیی لەڕووی مەزهەبییەوە تێیدا دەژین.

لەبەر سیاسەتی شۆڤینی رژێمی بەعس و شەڕی عیراق - ئێران لە ساڵانی (1980-1988)، کە لە سەرەتاوە شەڕەکە بە چڕیی کەوتبووە ناوچەکانی بەدرە و مەندەلی و خانەقین-ەوە، ئەم شارانە ببوون بە هێڵی پێشەوەی شەڕەکە، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە بەهۆی سیاسەتی دوژمنکاریی سەردەمی شاهەنشای ئێرانەوە و دروستکردنی بەنداو و گرتنەوەی ئاوی رووباری (کەنکیر)، مەنەلی دووچاری کەم ئاویی هات و زۆربەی باخەکانی وشکبوون.

دەرئەنجام (بەلەدروز) کە ناحیەیەکی سەر بە مەندەلی بووە، لە ساڵی (1987) کرا بە قەزا و مەندەلی-ش وەک ناحیە خرایە سەر قەزای بەلەدروزی تازە دروستکراو.

مەندەلی شارێکی رەسەنی کوردستانە و هاوشێوەی بەدرە و جەسان و خانەقین و پێنجوێن کەوتۆتە سەر سنووری ئێران، دەستی چەپی بە بەدرە و جەسان و دەستی راستیشی بە خانەقین-ەوەیە. لەڕووی نەریت و باری کۆمەڵایەتی و شێوازی زمانەوە لە بەدرە و خانەقین نزیکە. ژمارەیەکی دیار لە خەڵکی مەندەلی بۆ باخەوانیی و کاسبی هاتوونەتە خانەقین و لە شارەکە نیشتەجێبوون. مەرقەدی (باوەگورزەدین) لە مەندەلی، پایزانی هەموو ساڵێک دەبێتە مەنزڵگەی یاوەرانی شیعە و بە تایبەتی کاکەییەکانی خانەقین. 

جاران مەندەلی بە باخ و بەرهەمی کشتوکاڵی ناسرابوو، بێجگە لە میوەکانی دیکە زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار داری خورمای جۆراوجۆری تێدابوو.

لەڕووی سیاسییەوە، کوردی مەندەلی درێغییان لە بەشداریکردن لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا نەکردووە، بە سەدان شەهید و کەمئەندامی سەنگەر و زیندانی سیاسییان هەیە.
لەبەر هەڵکەوتەی جوگرافی و نزیکبوونی لە بەغدای پایتەختی عیراق، زووتر کەوتۆتە بەر شاڵاوی نەگریسی (تەعریب) و (تەهجیر) و (تەبعیس) و قەڵاچۆکردن.

دوای نسکۆی ساڵی (1975) زیاتر لە چوار هەزار خێزانی کورد لە مەندەلی دەرکران و رەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق کران.

پیاوی تێکۆشەر و قارەمانی زۆر لەم شارە کوردستانییەدا هەڵکەوتوون، وەک مولازم جوامێر و حەمید شەفی و مامۆستا بەندەر و مولازم جەمال و سەلمان و حاجی داود و خاڵو سایەمیر و سەعدون  و مەدحی و زۆری تر.

مەندەلی شارێکی رەسەنی کوردستانە

PUKMEDIA




زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket