riklam

میتی و من و دەواری قەرەجەکان

بیروڕا 09:49 AM - 2025-10-05
عیماد ئەحمەد

عیماد ئەحمەد

سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو، تەمەنم هەر پێنج شەش ساڵێک دەبوو، کە لە خانووە قوڕەکەی نەنکم هاجەر نیشتەجێ بووین. منداڵێکی بزێو و هاروهاج بووم، دایکم و نەنکم بە دەستمەوە گیریان خواردبوو.

ساڵانە لە بەهاراندا، ئەوانەی پێیان دەوترا (قەرەج) بە شێوازی سۆرانی و (کاولی) بەشێوازی خانەقینی، لە بان جەلەوە، دەواریان هەڵدەدا و چەند هەفتەیەک دەمانەوە، خەریکی کار و کاسبیی تایبەت بەخۆیان دەبوون، وەک: دانسازی و دانانی کیفی ددانی ئاڵتوون و خاڵ کوتان، بە زمانی ئێستا (تاتۆ) و حەفەی ژنان (واتە دەموچاو چاککردن) و فرۆشتنی گوارە و مستیلەی ژنان.

لە بیرمە دوو دەواری کاولی، لە بان جەلەوە و نزیکی باخی قەسرەکە هەڵدرابوون، چەند ژن و پیاو و منداڵێکیان تێدا بوو بە کولەمەرگی دەژیان. رۆژانە ژنەکانیان بۆ کەسابەت دەچوون بۆ گەڕەکەکانی دیکەی خانەقین، منداڵەکان و پیاوەکانیان لە خێمەکەدا دەمانەوە. وافێرکرابووین کە ئەمانە قەرەجن، منداڵ دەدزن و دەیانڕفێنن بۆ خۆیان، منداڵانی گەڕەک دەترسان لە نزیکبوونەوە لێیان.

نیشتمانی قەرج سەر پشتی ئەسپەکەیەتی
شاعیری گەورەی کورد عەبدوڵڵا پەشێو، لە هۆنراوەی “بۆ قەرەجێک”دا دەڵێت:-
ئاسمانی تۆ بەرپێی خۆتە 
سەرت شۆڕکە، 
ملت کەچ کە، 
چاو مەگێڕە
بۆ ئاسمان و ئەستێرە و خوا
ئەوەی بستێک خاکی نەبێ، 
خوا و ئەستێرە و ئاسمانی کوا؟!

هەر لەبارەی قەرەجەوە شاعیر و نووسەری ناسراوی روسی، ئەلیکساندەر پوشکین لە شیعرێکدا دەڵێت: (نیشتمانی قەرەج سەر پشتی ئەسپەکەیەتی). 

جارێکیان لە بەردەم دەرگای ژوورە بێ پەنجەرەکەمان، پاڵکەوتبووم و سەرم لەسەر رانی میم جەهانە دانابوو، ئەویش بە پەنجەکانی دەستی راستی سەری دەخوراندم، منیش جاروبار سەیری روومەتی و هەردوو چاوی رەش و سورمەکراویم دەکرد، لە پڕا پرسیارێک سەبارەت بە کاولییەکان هات بە خەیاڵمدا، وتم: میم جەهانە ئەم کاولییانە کێن و بۆ ئێمە نابێت لێیان نزیک ببینەوە؟ ئەویش وتی: کاولییەکان ترسناک و جادووگەرن، بێ وڵاتن و مافی هاووڵاتیبوونیان نییە، بەڵام ئازادن و دەتوانن گوزەر بە هەموو گۆی زەویدا بکەن، هەژارن و  بە کولەمەرگی دەژین، خاوەنی زەوی نین.

لەوکاتەوە بەردەوام بیرم لای وڵاتەکەم و کوردستانەکەمە بە جۆرەهای جۆر هەوڵمداوە لە قۆناغەکانی ژیانمدا ئەم وڵاتەم لە کیس نەچێت و خزمەتی بکەم، وەک بیلبیلەی چاوم بیپارێزم بۆ ئەوەی ئێمەش نەبین بە قەرەج!  میم جەهانە ژنێکی بە تەمەن، باڵا کورت و گەنم رەنگ و دەم و لووت باریک و قنج، بەردەوام جلی رەشی لەبەر دەکرد، سەری بە فۆتە و بۆیەمە دەپۆشی.
جارێکیان کاولییەکان هاتن لە تەنیشت باخی قەسرەکە، دەوارە شەقوشڕەکەیان هەڵدا و ماوەیەک مانەوە، کوڕێکیان هەبوو ناوی میتی بوو. میتی حەزی دەکرد تێکەڵاوی منداڵان ببێت و یاریی لەگەڵ منداڵانی گەڕەک بکات، خولیای مەلەکردنی هەبوو لە ئەڵوەن-دا، بەڵام منداڵانی گەڕەک پێیان خۆش نەبوو، لەبەر قسەی سواو و نەشیاوی خەڵکە بە تەمەنەکانی جەلەوە.
میتی لە تەمەنی خۆمدا بوو، منداڵێکی چڵمن و چڵکن، چاو رەش و ئەسمەر و قژ رەش و پڕ، دەست و پەنجە خۆڵاویی، نینۆک درێژ و ژێر نینۆکی رەش بوو، دشداشەی کورت و پینە کراوی لەگەڵ چاکەتی گەورە و درێژدا لەبەر دەکرد. من بە پێچەوانەی منداڵانی گەڕەک لەگەڵیدا دادەنیشتم و یاریی و مەلەم دەکرد لەگەڵی و بووبووین بە هاوڕێی گیانی بە گیانی. 

رۆژی جێهێشتنی جەلەوە و هەڵگرتنەوەی دەوار و بارکردنیان لەسەر وڵاخ و گوێدرێژ، میتی دەستی بە دەستی دایکییەوە بوو، منیش لە بەردەرگای ماڵەوەمان راوەستابووم، لە دوورەوە سەیری یەکترمان دەکرد، بە هەستێکی برایەتی دوا ماڵئاواییمان لەیەکتر کرد. لەپڕدا دەستی دایکی بەردا و بە راکردن هات بۆ لام، باوەشمان بەیەکدا کرد و فرمێسکمان تێکەڵاو بوو، بە خوڕ رژایە سەر روومەت و ملمان، دایکی هات و بە توندیی دەستی گرت و بردی و کەوتنە دوای وڵاخەکانیان، هەر ئەوجارە وەکو خۆر ئاوابوو، جارێکی دیکە هەڵنەهات و نەمبینییەوە، چونکە ئەوان وەک ئاوی رووبار وەهان، هەر جارێک لە شوێنێک گوزەر دەکەن، دووبارەی ناکەنەوە!

ماوەیەکی زۆر عەوداڵی هەواڵی میتی بووم، هەر لەو سەروبەندەدا، شەوێک بە گریانەوە خەبەرم بووەوە، دایکم  وتی: عیماد کوڕم چیتە؟ وتم: دایە خەوم بە میتی یەوە بینی، خەریکبوو لە گۆمی باوەگەزی-دا بخنکێت و منیش نەمتوانی رزگاری بکەم! ئەویش وتی: خەوی خێرت بێت و ئینشااللە میتی سەلامەتە. خوایە مەگەر هەر خۆت بزانی میتی برا و برادەرم چی لێ بەسەر هاتووە و ئێستا لە کوێیە؟ 

نهێنی خۆشەویستیم بۆ جەلەوە و خانەقین و کوردستان لە ژیان و بەسەرهات و درامای میتی-یەوە سەرچاوەی گرتووە، چونکە هەر لەوکاتەوە درکم بەوەکردووە، کە مرۆڤ وڵاتی نەبوو وەکو قەرەج و میتی لێیەت و ژیانی کولەمەرگیی دەبێت.

خاکی کوردستان، ئازیز و بەنرخ و پیرۆزە، نابێت کەموکوڕیی و نەبوونی حوکمی رەشید و خەڵکی ساڵح، وڵاتمان لەبەرچاو بخات و بێباک بین لە پاراستنی و چارەنووسیدا، ئەوان ئاون و وڵات زیخە! ئەوان رەفتەنین، بەڵام وڵات (دار القرار)ە.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket