دیاریە بەنرخەکەت گەیشت: سپاس و پێزانین
بیروڕا 09:58 PM - 2025-09-23
ئەمڕۆ ژمارەیەک
لە کتێبەکانی هاوڕێی دێرین و تیکۆشەر کاک عیماد ئەحمەد م وەک دیاری بەدەست گەیشت بەخشینی کتێب وەک
دیاری، چەن مانایەک لە خۆیدا هەڵدەگرێت کە یەکێک لەوانە هەبونی یادگاری و بیرەوەریە
لەگەل ئەو کەسەی دیاری پێشکەشکراوە.
لەم خاڵەوە دەمەوێ
سەرباری سپاس و پێزانینم بۆ هاوڕێی بەڕێزم کە کتێبەکانی پێشکەش کردوم( پێنج بەرگ)،
سەرەتای ناسینی کاک عیماد و کەسایەتی ئەو بە
چەند پەرەگرافێک بۆ هاوڕێیان باس
بکەم.
ناوەراستی ساڵی 1986 من گەیشتمە شارۆچکەی «زێوە» ی ناوچەی مەرگەوەڕ لەنزیک شاری ورمێ ی خۆرهەڵاتی
کوردستان.
ئەوسا بارەگای سەرەکی
ریکخراوی ئاڵای شۆرش لە زێوە بو. ئەم بارەگایە پێکدەهات لە نزیکەی 60 تا 70 پێشمەرگەو ژمارەیەک کادری بنچینەو سەرکردایەتی کە کاک عیماد ئەحمەد یەکێک
لە دیارترین کەسایەتیەکانی بو.
ئەوسا کاک عیماد
لە هەرەتی گەنجی (31 ساڵ) و بەندەش تازە لە
قۆناغی لاوێتی دەرباز ببوم( 22 ساڵ).
دۆخی ئەوسای شەڕ
لە نێوان ئێران و عیراقدا، گیرانی هاوڕێیانی دامەزێنەر لە زیندان، ناکۆکی حزبە سیاسیە
سەرەکیەکانی کوردستان و، دژایەتی سەخت بەرامبەر بە گروپەکەی ئێمە، فەزایەکی پێکهێنابو
کە کەمکەس ئەیتوانی تارماییەکی هیوای تیا بەدیبکات.
سەرباری دۆخی
ئاوارەیی و فشاری ئێران بۆ سەر ئاڵای شۆرش و، بەردەوامی شەڕو، نەبونی و سەرمای سیبیریایی
زێوە، خۆشمان لە ناوخۆماندا تەباو یەکدەنگ نەبوین: جیاوازی دنیابینی و ئایدیۆلۆژی،
ئێمەی کردبوە دوو کەرتی جیا کە بە ناچاری لە ژێر کۆمەڵێک خانوەکۆن و جەمالۆنی ئۆردوگایەکی چۆڵکراوی ئاوارەکانی نسکۆی 1975دا گیرمان
خواردبو.
ئەوکات بەندە وەک
دنیابینی( تەقریبەن وەک ئێستە) کەسێکی چەپیی
دژە سۆڤیت بوم و بەزەحمەت ئامادەبوم سازش
لەگەڵ کەسانێکدا بکەم کە خەتی سۆڤیتیان بە مارکسی و سوسیالیست دائەنا، کاک عیماد ئەوسا
هەڵگری ئەو دیدگایەو تەنانەت سەرکردەی تیڕوانینی
پرۆ سۆڤێت بو.
بەڵام ئەوەی بۆ
گشت هاوڕێیان جێی سەرنج بو، لە کۆی ئەو سێ ساڵەی لە زێوەی ورمێ پێکەوە بوین و، هەمو
ساڵانی دوای ڕاپەڕینیش بە روداوە دراماتیکی و پڕ پێچ و ناکۆکیەکانیەوە، پەیوەندی
کاک عیمادو بەندە لە بەهێزی و باشیدا مایەوەو بەردەوام بو. بناغەی ئەوەش لە دیدی
منەوە ئەم هۆیانە بون:
یەکەم: کاک عیماد
ئەحمەد هەڵگری خەونی سیاسی گەورە بو. ئەو
هیچکات بێکار دانەئەنیشت، هەمیشە سەرقاڵی بیرکردنەوەو نەخشەدانان و کاری مەیدانی
بو. بروای قوڵی بەو شتانە هەبو کە ئیدیعای دەکردن و قەت هەستت نەدەکرد کاک عیماد لەو خەونانە دور بکەوێتەوە کە لە زەینی خۆیدا بەرنامەی
بۆ دانابون .
دوەم: کاک عیماد ئەهلی بیرکردنەوەو ئەندێشە بو. ئەو بێ پسانەوە ئەیخویندەوە، کتێب و نامیلکەی عەرەبی بەردەوام لە دەوری هەڵچنرابون ( بیرمە کتیبی «
اعمدە الحکمە السبعە» ی هەبو) ، لە هەمان کاتدا ئەهلی قەڵەم و نوسین بو ، کاتێکیش
ئەینوسی خۆی بە بابەتی لابەلایی و کەمبایەخەوە سەرقاڵ نەدەکرد.
سێهەم: کاک عیماد
مرۆڤی بەر کامێراو خۆبادان و نمایشی ئۆتۆریتەو ناوبانگ نەبو، ئەو وەک کاربەدەستە
ماندوەکانی حکومەتە تۆکمەو پێشکەوتوەکانی جیهان، بە بێدەنگی، شەوو رۆژی خستەسەر یەک لە پێناو بیناکردنی ئەو
شتەی ناومان ناوە « حکومەتی کوردستان»، بەداخەوە لە ناو ئەم حکومەتە خۆ- کردەی خۆماندا
، تا ئێستاش پرەنسیپی « پاداش و سزا» هەر لە فایلەکانی بنەوەدا دەستبەسەرە... دەنا دەکرا دەسگایەکی دیجیتال و وردەکاری شایستە، لە پێناو ناساندنی ئەو مرۆڤانەدا دابمەزرایە کە، بەدوور
لە شاشەو ، بەدەر لە پۆزلێدان و زیادەمەسرەفی،
کاری گەورەیان بۆ ئەم میللەتە ئەنجام داوە.
چوارەم : کاک عیماد پیاوی کاری مەیدانی و سیاسەتی
ستراتیژی و دپلۆماسی بو. راستە بۆ ماوەی چان مانگیک کاک سالار عزیز لە زێوە مایەوە(
کاتیک من گەیشتم - لە 1986- ئەو بڕیاردەری
ئالای شۆرش بو) و کارەکانی سەرپەرشتی دەکرد، بەڵام لە راستیدا سەرجەمی دیدار لەگەل سەرکردایەتی پارتی و ، حزبی
شیوعی و گروپ و ریکخراوەکانی تر و ، تەنانەت دەوڵەتی ئیرانیش هەر کاک عیماد بەڕیوەی
دەبرد. بیرمە کاتێک ئالای شۆرش بانگهێشتی
« مؤتمر نصرە الشعب العراقی» کرا لە تاران(
زستانی 1986) ، کاک عیماد راسپێرا
وتاری ئێمە بخوێنێتەوە و ، تێکستی وتارەکەی نارد بۆ من و چەن هاوڕێیەک بۆ وەرگرتنی
سەرنج و تێبینی.
بێگومان وتارەکە
لە ئەرشیفی کۆنگرەی تاراندا ماوەو ، یەکێکە لەو وتارە هەرە باشانەی لەوێ خوێندرایەوەو
کاریگەری خۆی لە نیشاندانی توانایی فکری و
سیاسی ئاڵادا بەرجەستەکرد، چونکە کۆنگرەکە ( بە پێچەوانەی بەیانەکەی کاک عیماد
و ئێمەوە) بە مسقاڵ لای لە مافەکانی گەلی
کورد نەکردبۆوە.
ساڵانی دواتر (
لە 1988 بەدواوە) ئێمە لێکدابڕاین. هەنێکمان
بۆ پاکستان و تورکیاو ئاوارەیی و ، ژمارەیەکیش لە ئێران و سنور مانەوە.
کاک عیماد
کوردستانی چۆڵنەکرد و بۆ یەک چرکەش لە کارو خەباتی مەیدانی و سیاسی دانەبرا. تا
توانی بەشداری و خزمەتی کردو ، جگە لە چالاکی سیاسی جدی، دوای ڕاپەڕین لە پۆستی جیاجیای
وەزاری و باڵاتریشدا توانایی پرۆفیشناڵ و دەوڵەتمەداری خۆی چەسپاند: بەدور لە هەر
وابەستەییەکی خێڵەکی و ئایدیۆلۆژی، بەدوور لە هەر دۆگمایەکی سیاسی لە پێشدا بریاردراو،
توانی تا ئەو جیگایەی شمشێری دەبڕێت لە ناو یەکیتی نیشتیمانی کوردستاندا و بە هۆی یەکێتی
نیشتیمانیەوە، پایەکانی حکومەتی دامەزراوەیی و تۆکمە( تا ئەو جێیەی بۆ ئەو ممکن
بو) بەهێزتر بکات.
کاک عیماد نوسینی
زۆرن، نەمزانی بۆچی هەر ئەم کۆمەڵە وتارەی بە جیا چاپکردونەوە، دڵنیام گەر هەمویان
وەک ئەم پاکجە پێنج بەرگیە کۆبکاتەوە، پێنج بەرگی تریشی لێ چاپ دەبێت.
هەر بۆ یادگاری
خۆشە ئەوەش تۆمار بکەم کە لەساڵی 1987 دا، من
نامیلکەیەکی درێژم سەبارەت بە یەکێک لە نوسینە فکری و تیۆریەکانی کاک عیماد
بە ناونیشانی « کام ڕێگا؟» ( 67 لاپەرە) نوسی و بڵاوکردەوە کە لەو سەردەم و فەزا سیاسیەی
ئەوسادا قڕەقڕو گرفتی زۆری لە نێوان هاوڕێکاندا دروستکرد، بەڵام پەیوەندی شەخسی ئێمەی
تیکنەدا، بە تایبەت کە وتارو نامیلکەکەی بەرێزیان بە عەرەبی نوسرابو و بەشێک لە
هاوڕێکانی هەردو « باڵ» هیچ سەرەودەرەیان لە ناوەرۆکی نوسینەکەی ئەو دەرنەدەکرد.
خۆزگە هاوڕێی دێرینمان
سەرجەم وتارەکانی لەچەن بەرگێکی جیاوازدا چاپ دەکرد تا گەنج و خوێنەری ئەمرۆش
بزانن بەشێک لە سەرکردەو کاربەدەستە باڵاکانی وڵات پێش چل ساڵ چۆنچۆنی بیریان کردۆتەوەو چیان خستۆتە سەر کاغەز
و بە چ میتۆدێک داکۆکیان لە ئەندێشەی خۆیان کردوە.
رەنگە هۆکاری بایەخنەدان
بە دنیابینی و تێفکرینی ساڵانی رابوردوی هەنێک
لە هاوڕێیان « کۆنبون» یان « لەمۆدێلکەوتن»
ی هەنێ لە ئایدیۆلۆژیەکان بێت بۆیە خۆی لێ بەدور دەگرن: جارێکیان لە هەڤاڵانی پارتی
کرێکارانم پرسی بۆچی کتێبی « مەسەلەی کەسایەتی
لە کوردستان و کەسایەتی مرۆڤی تیکۆشەر» ی ئوج @ ئالان چاپ ناکەنەوە؟ وەڵامیان ئەوەبو
کە کتێبەکەی ئا~ پۆ لە دیدی مارکسیەوە
نوسراوەو ئیستە ئیدی سەرۆک وا بیرناکاتەوە!!
بەهەر حاڵ
، ئێمە ئێستە هەرچۆنێک بیربکەینەوە بەشێکین
لەو رابوردوەو، رای من وایە ناتوانین لەو
پێشینە سیاسیەمان داماڵرێین یان پشتی تێبکەین، ئەگەر کارو خزمەتمان بە باشی ئەنجامدابێت میوەی ئەو دیدگا کۆنەین و،
ئەگەر خراپیش رەفتارمان کردبێت بە دڵنیایی کاریگەری فکرو ئەندێشە کۆنەکانمان تا
مردن لەسەرمان بەردەوام دەبێت.
دەتوانم بە دڵنیاییەوە
بڵێم کاک عیماد ئەحمەد یەکیکە لەو کەسایەتیە
سیاسیانەی کوردستان کە بەوپەری دلسۆزی و لێبڕاوی و بێلایەنیەوە کاری دەوڵەتی ڕاپەڕاندوەو ، ئەوەی لە توانایدا بوە لە باری
فکری و سیاسی و کارگێری و ڕێکخستنەوە بێدرێغ
پێشکەشی گەلەکەی کردوە.
لە کۆتاییدا بەدڵ هیوای لەشساغی بۆ برای زێدە هێژا ئەخوازم .
هیوادارم کتیب و نامیلکە کۆنەکانیش چاپ بکاتەوە و بە کۆمەڵی
کوردستانی بڵێ: ئێمە سەردەمانێک ئاوا بیرمان کردۆتەوە: جا ڕاست بوبێت یان چەوت.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
بەریتانیا چەند بڕیارێک دژی پەنابەران دەردەکات
11:27 AM - 2025-11-17 -
پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە
10:32 AM - 2025-11-17 -
عیراق توانای بەرگری خۆی بەهێز دەكات
08:09 PM - 2025-11-16 -
هەزاران حەبی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا
11:02 AM - 2025-11-16
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆك بافڵ سەرەخۆشی لە سەرۆككۆمار دەكات
عیراق 07:54 PM - 2025-11-16 -
بڕیار لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگی 9ی هەرێم دەدرێت
کوردستان 07:22 PM - 2025-11-16 -
قائیمقامی کۆیە: تهواوكردنی پڕۆژهكان لهسهر ئهركی ئیدارهی گشتی یهكێتی بهردهوامه
کوردستان 03:06 PM - 2025-11-16 -
وتەبێژی كۆمسیۆن بۆ PUKMEDIA: ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەنین
کوردستان 11:47 AM - 2025-11-16 -
هەزاران حەبی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا
عیراق 11:02 AM - 2025-11-16 -
مووچهخۆرانی ههرێم مهترسی دووبارهبوونهوهی سیناریۆكانی ساڵی رابردوویان ههیه
کوردستان 10:17 AM - 2025-11-16 -
سەرکەوتنی پەرلەمانی و ئەرکی نیشتیمانی
بیروڕا 10:15 AM - 2025-11-16 -
تیروپشکی 89 هەزار کەس بۆ فەریزەی حەج بەڕێوەدەچێت
کوردستان 10:05 AM - 2025-11-16




دابەزێنە

