riklam

بۆچی یەکێتی دەکرێتە ئامانج؟

بیروڕا 07:43 PM - 2025-09-19
ئەرسەلان مەحمود

ئەرسەلان مەحمود

پرسیارێک کە بەردەوام خۆی دووبارە دەکاتەوە: بۆچی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی نە تاکە هێزی سیاسییە و نە خاوەن دەسەڵاتی ڕەهای هەرێم و عیراقە، کەچی بەردەوام دەکرێتە ئامانجی تۆمەتبارکردنی بێمروەتانە،؟ ئەمە تەنها هەستێکی ساکار نییە، بەڵکوو ڕاستییەکە مەیدانییە کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و شیکارییەکی قووڵی سیاسی هەیە.

پێش ئەوەی بچینە ناو تیۆر و فەلسەفەی سیاسەتەوە، گرنگە سەیری سەرکەوتنە نوێیەکانی یەکێتی بکەین. دوای کۆنگرەی پێنجەم، دوو ڕووداوی گەورە شاهیدی بەهێزبوونی پێگەی یەکێتی دەدەن. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراقدا، یەکێتی نەک هەر شکستی نەهێنا، بەڵکوو توانی ببێتە هێزی یەکەم لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم. لە کەرکوک، ئەو شارەی کە وەک گرێکوێرەی سەرەکی کێشەکان ناسراوە، یەکێتی توانی ئیدارەیەکی سەرکەوتوو و کارا دامەزرێنێت کە ئێستا پارێزگارەکەی بووەتە نموونەیەک بۆ حوکمڕانی باش.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشدا، یەکێتی گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراوی بەدیهێنا. لە پلەی سێیەم بۆ پلەی دووەم، لە کاتێکدا دەنگەکانی لە سلێمانی بە ڕێژەی سەرسوڕهێنەر 90% زیادی کرد. ئەم سەرکەوتنانە لە کاتێکدا هاتن کە زۆرێک لەو پەلاماردەرانە کەوتنە بەشینەوەی نوقڵانەی شکست و پاشەکشەی یەکێتی.

لە زانستی سیاسەتدا، تیۆرییەکی گرنگ هەیە بە ناوی تیۆری پردی ئامانج، کە ئەم دیاردەیە باش ڕوون دەکاتەوە، بەپێی تیۆرییەکە، لە هەر سیستەمێکی سیاسیدا کە سێ هێز یان زیاتر دەکەونە کێبڕکێ، ئەو هێزەی لە ناوەڕاستدا دەوەستێت، دەبێتە ئامانجی سەرەکی هێرشی هەموو لایەنەکان. یەکێتی، بەهۆی مێژوو و پێگە و سروشتی جەماوەرەکەیەوە، دەکەوێتە ئەم پێگە ستراتیژییە هەستیارەوە.

یەکێتی نزیکە لە هەموو لایەنەکان، بەڵام هاوکات دوورە لەوەی ببێتە هاوشێوەی هیچ کامیان.  دەسەڵاتە بەڵام خاوەن دەسەڵاتی ڕەها نییە. لە یەکێتییدا خەڵک ئامانجە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی ڕادیکاڵ نییە. ئەم پێگە نێوانییەتی وا لە یەکێتی بکات ببێتە ڕکابەری سروشتی بۆ هەموو لایەنەکان.

کاتێک سەیری ئەزموونی سیاسی جیهانی دەکەین، نموونەی زۆری هاوشێوە دەبینین. لە هیندستان، پارتی کۆنگرەی نیشتمانی بۆ ماوەی شەست ساڵ (1947-2007) هێزی سەرەکی و میراتگری سەربەخۆیی بوو. کاتێک چەندین حزبی نوێ دروستبوون، هەموویان کۆنگرەیان کردە ئامانجی سەرەکی، نەک یەکتر. هۆکارەکەش ڕوون بوو، هەر حزبێک دەیویست خۆی وەک بەدیلی کۆنگرە پێناسە بکات، چونکە کۆنگرە خاوەنی شەرعیەتی مێژوویی و میراتی نەتەوەیی و نیشتمانی بوو.

لە بەریتانیاش پارتی کرێکاران بۆ چەندین دەیە هەمان ئەزموونی تاقیکردەوە. وەک هێزێکی ناوەڕاست لەنێوان کۆنەپارێزەکان و لیبراڵەکاندا، بەردەوام لەلایەن هەردوولاوە دەکرایە ئامانج. کۆنەپارێزەکان بە سۆشیالیستی ڕادیکاڵ تۆمەتباریان دەکرد، لیبراڵەکانیش بە کۆنەپارێزی نهێنی ناویان دەبرد. بەڵام کرێکاران ستراتیژییەکی زیرەکانەیان گرتەبەر، بەردەوامی، سەقامگیری و پابەندبوون بە پرەنسیپەکانیانەوە. ئەمڕۆ، پارتی کرێکاران یەکێک لە دوو حزبە سەرەکییەکەی بەریتانیایە و بەردەوام لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا دەگۆڕێت.

یەکێتی خاوەنی سەرمایەیەکی مێژوویی قووڵە کە ناکرێت بە ئاسانی لەبیر بکرێت یان نادیدە بگیرێت. میراتی شۆڕش، خەباتی چەکداری، ڕاپەڕین و بەتایبەتیش میراتی سەرۆک مام جەلال و 26 هەزار شەهید، هەموو ئەمانە پێکەوە بوونەتە سەرچاوەیەکی مەعنەوی بۆ گەورەیی و هێزمەندی یەکێتی. ئەم میراتە وا دەکات هەر لایەنێکی سیاسی پێیوابێت دەبێت یەکەم جار پەیوەندی خۆی لەگەڵ یەکێتیدا ڕوون بکاتەوە، پێش ئەوەی بتوانێت پێناسەی خۆی وەک بەدیلێکی سەربەخۆ پێشکەش بکات.

جۆزێف نای، تیۆریسیێنی بەناوبانگی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، باس لە جۆرێکی تایبەت لە هێز دەکات کە پێی دەڵێت هێزی نەرم. ئەم هێزە نە بە زۆر کار دەکات و نە بە ماددییەت، بەڵکوو بە کەلتوور، بیرۆکە و نموونەی باش کاریگەری دروست دەکات. یەکێتی خاوەنی سەرمایەیەکی دەوڵەمەندی هێزی نەرمە، کەلتووری سیاسی فراوان و فرەڕەنگ، تۆڕێکی بەرفراوان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کادری ئاستبەرز و ئەزموندار، پەیوەندی پتەو لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و نێودەوڵەتی.

لائۆ تزو، فەیلەسوفی کۆنی چینی، وتەیەکی جوانی هەیە، ئاو نەرمترین شتە لە سروشتدا، بەڵام دەتوانێت بەردی پتەو تێکبشکێنێت. ئەم وتەیە بە وردی لە فەلسەفەی بەردەوامی و سەبری ستراتیژی یەکێتی دەڕوانێ. کاتێک یەکێتی لە جیاتی وەڵامدانەوەی توند، وەڵامی نەرم و عەقڵانی دەداتەوە، لە جیاتی داکۆکیکاری تووند، کاری باش ئەنجام دەدات، لە جیاتی تۆمەتبارکردنی ڕکابەرەکانی، باسی پلان و پرۆژەکانی خۆی دەکات - ئەمە نیشانەی هێزمەندی ڕاستەقینەیە، نەک لاوازی.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket