کورتە باسێک سەبارەت بە سنە و فەتانەی وەلیدی
بیروڕا 10:06 AM - 2025-09-10
درەنگ وەختانی شەوە و خەوم لێناکەوێت، چاو دەنوقێنم و برژانگەکانم وەک لاولاو باوەش بەیەکدا دەکەن، ئەوسا هەزار و یەک رووداو و بیرەوەریی دێن بە خەیاڵمدا کە چاویش دەکەمەوە دونیا تاریک دەبینم!
نازانم چی بکەم، بۆ ئەوەی دەهری نەبم، ناچار پەنا دەبەم بۆ حەزێکی خاڵی رەوانشادم مامۆستا موحسین، کە مەست دەبوو بە دەنگی پەریئاسای فەتانەی وەلیدی خێرنەدیو سەبووریی دەهات. منیش لەوکاتەدا مەستبووم بە دەنگی زوڵاڵی فەتانە و گۆرانیی (ههركهس عاشق بێ)
ههركهس عاشق بێ ههرسهرگهردانه
یارم نهدیوه ماڵم وێرانه
لهژین بێزارم عاشقی دڵدارم
رهحمێکت ههبێ بۆ دڵهی غهمبارم
تۆ گوڵی ژیانمی، ئاواتی گیانی منی
ئارهزووی ژیانمی، ئارهزووی گیانمی
بە راستی کەوتمە دونیای سحراویی خۆمەوە، تا رۆژ وردە تیشکی باراندە سەر تاریکیی شەو!
فەتانەی وەلیدی ژنێکی دەنگخۆش و هونەرمەندی باڵای سەردەمی خۆی و رێچکەشکێن بوو، لەدایکبووی ساڵی (1953)یە لە شاری سنەی مەڵبەندی مرۆڤدۆستی و هونەر و رۆشنبیریی. فەتانە لە سەردەمانێکدا گۆرانیی پڕ سۆز و هەستی لە رادێوی سنە و کرماشان دەچڕی، کە لەو زەمانەدا گۆرانیی وتن تەنانەت بۆ پیاوانیش تاڕادەیەک لای هەندێ کەس بە عەیبە حیساب دەکرا.
فەتانە لە بنەماڵەیەکی هونەردۆست بوو، بە پشتیوانیی باوکی و حەسەنی کامکار، بوو بە چرایەک لە ناو تەلاری گۆرانیی کوردی رەسەندا، بە هۆی عەشقەوە لە دوا رۆژەکانی ژیانیدا تووشی نەخۆشی دەروونی بوو، کەوتە دونیای شەیدایی خۆیەوە، بە بێدەنگی تەنها گۆرانی بۆ خۆی دەچڕی!
فەتانەی وەلیدی بە دەنگە زوڵاڵ و نایابەکەی دڵی زۆر کەسی خۆش دەکرد، بەڵام بەداخەوە کەس نەیتوانی دڵە حەسرەت کێشەکەی ئەو شاد بکات.
بۆ عەشق ژیا و بە عەشقیشەوە بۆ هەتاهەتایە سەری نایەوە.
دەنگی بەسۆز و ژیانی فەتانەی وەلیدی ناچاریان کردم، ئەم چەند دێڕە بە کورتی و پوختی بنووسم.
لە زستانی ساڵی (1987)، لەگەڵ جەمالی حەمەی خواکەرەم و دکتۆر قادر و تارای هاوسەرم و هانەی کچە دوو ساڵەکەمان، دوو شەو و دوو رۆژ لە ماڵی نادری شەریفی لە سنە میوان بووین. شەوان حسێنی شەریفی بە دەنگە خۆش و دەم بەپێکەنینەکەی و دەف و سەنتور و ئامادەبوونی کەسوکاریان، بە خۆشی شەومان بەسەر دەبرد.
ئاشکرایە خۆر چۆن لە رۆژهەڵاتەوە هەڵدێت و ژیان دەبەخشێت و گشت کوردستان رووناک دەکاتەوە، ئاوها سنەش لە رووی هونەر و رۆشنبیرییەوە هەمان رۆڵ دەبینێت، بەتایبەتی بۆ کوردستانی باشوور.
ســـنە(ســــەنـــەنـــدەج - کـــــــــوردســـــــــــــتان) لــــــە دێــــــرزەمــــــانەوە، روونــــــــــــاککــــــەرەوەی ئاســــــمانی کــــــوردایەتی و شارێکی دێرینی کوردستان و پایتەختی میرنشینی ئەردەڵان بووە، یەکێکە لە شارە گەورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و دەستە خوشکی شاری سلێمانی و ڤیەننایە. لە رووی ئیدارییەوە، سنە ئوستانی کوردستانی پێ دەوترێت، بەردەوام خەڵکی ئەم شارە، نشتیمانپەروەر و میواندۆست و بەئەمەک بوون.
سنە بە سەیرانگای ئاویەر و حەمامی خان و مزگەوتی جامیعە و بازاڕی گۆزەر ناسراوە. شاری سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی و کامکارەکانە، شارێکە دەستی باڵای هەیە لە هونەر و وێژە و مۆسیقا و گۆرانیی کوردیدا.
لە رۆژی 30/10/2019 لەلایەن رێکخراوی یونیسکۆوە وەک شاری داهێنەری مۆسیقا تۆمارکرا.
نازانم بۆ رۆژ لە دوای رۆژ، تا عومرم زیاتر هەڵبکشێ بەرەو ژوور و بەرەو پیریی، یاد و یادەوەرییەکانم شۆڕ دەبنەوە بۆ خوارەوە، بۆ سەردەمی منداڵیم!؟
ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو مێردمنداڵ بووم، لە سەربانی خانووە قوڕەکەی نەنکم (هاجەر) لە جەلەوەی شاری خانەقین، ئێوارانی هاوینان لەڕێی رادیۆ مسیوبیشییەکەی خاڵو شەهابە شال-ەوە، گوێمان لە رادیۆی کرماشان دەگرت، ئای لەو رۆژانە چەند بە دەنگی حەسەن زیرەک و ماملێ و حشمەتوڵای لوڕنەژاد و مەزهەری خالقی و عەباسی کەمەندی و فەتانەی وەلیدی و شەهێن تاڵەبانی و شوکروڵڵای بابان، دڵخۆش و مەست دەبووین.
دەنگی ئەوان و هاژەی ئەڵوەن و تەقەتەقی ئاشەکەی عومەر ئاغا و بۆنی باخەکانی جەلەوە، هەموو ئەمانە بەیەکەوە دەبوون بە سەمفۆنیای ژیان و هیوا بۆمان!
شوکر بۆ خوا، شارەکەی ئێمەش (خانەقین) مەڵۆیەکی لە گۆرانیی رەسەن، لەڕێی هونەرمەندان خوداداد عەلی و خەلیل وەندی و ئازاد خانەقینی و بەرزان وەهاب و ستار دەشتی و حەسەن هەیاس و سەعدون کاکەیی و هەڤاڵ خانەقینی و دەنگخۆشانی تری شارەکەمەوە، خستۆتەسەر خەرمانی گۆرانیی و هونەری کوردی.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
بەریتانیا چەند بڕیارێک دژی پەنابەران دەردەکات
11:27 AM - 2025-11-17 -
پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە
10:32 AM - 2025-11-17 -
عیراق توانای بەرگری خۆی بەهێز دەكات
08:09 PM - 2025-11-16 -
هەزاران حەبی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا
11:02 AM - 2025-11-16
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆك بافڵ سەرەخۆشی لە سەرۆككۆمار دەكات
عیراق 07:54 PM - 2025-11-16 -
بڕیار لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگی 9ی هەرێم دەدرێت
کوردستان 07:22 PM - 2025-11-16 -
قائیمقامی کۆیە: تهواوكردنی پڕۆژهكان لهسهر ئهركی ئیدارهی گشتی یهكێتی بهردهوامه
کوردستان 03:06 PM - 2025-11-16 -
وتەبێژی كۆمسیۆن بۆ PUKMEDIA: ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەنین
کوردستان 11:47 AM - 2025-11-16 -
هەزاران حەبی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا
عیراق 11:02 AM - 2025-11-16 -
مووچهخۆرانی ههرێم مهترسی دووبارهبوونهوهی سیناریۆكانی ساڵی رابردوویان ههیه
کوردستان 10:17 AM - 2025-11-16 -
سەرکەوتنی پەرلەمانی و ئەرکی نیشتیمانی
بیروڕا 10:15 AM - 2025-11-16 -
تیروپشکی 89 هەزار کەس بۆ فەریزەی حەج بەڕێوەدەچێت
کوردستان 10:05 AM - 2025-11-16




دابەزێنە

