riklam

ئەو گومڕاییەی بستێك چییە بڕ ناكات

بیروڕا 06:05 PM - 2022-12-06
ئەرسەلان مەحمود

ئەرسەلان مەحمود

نووسینی... ئەرسەلان مەحمود
سیاسەت و حزبی راستەقینەی نیشتمانی، ئەو سیاسەت و حزبەن خاك و خەڵك و حكومەت وەك ئەوەی خاك و خەڵك و حكومەت پێویستییەتی و دەیەوێت دەبینێت نەك وەك ئەوەی مەجازو میزاج و بەرژەوەندییە تایبەتە كەسی و سیاسی و حزبییەكانی سەرۆك و سەركردەكانی خۆی دەیانەوێت، خۆبژێوی كەسی و سیاسی و حزبی لەسەر كەوڵی ئەوانیتر جگە لەوەی مایەپووچی و نیشانەی بەتاڵییە لەهەگبەدا، چەواشەكارییەكە بستێك چییە بڕناكات لەدڵ و دەروونی خەڵك و گۆڕەپانی حەقیقەت و واقیعیدا.

ئامانج لەلێدوانە بەراوردكارییە زۆرو زەوەندەكانی بەشێك لەكەسە زەردو بۆرەكانی پارتی لەسەر شارو شارۆچكەو دێهاتەكانی هەرێم و كوردستان بەگشتی، رەنگڕێژ كردنی حزبیانەی كۆمەڵكەو جۆگرافیای كوردو كوردستانە، شێواندن و گۆڕینەوەی ناسنامە كوردی و كوردستانییەكەیە لەزیهنیەتی خەڵكدا بەشوناس و دیماگرۆفیاو دیماگۆگیەتی حزبی، لەوەش نزمتر چاندنەوەی تۆیی ناوچەگەرێتیی و پەرتكردنی یەكەی نیشتمانی و نەتەوەییە لەبیركردنەوەی تاكداو گشتاندنییەتی لەبۆتەی یەكەی دەستەجەمعی حزبی رووتدا، لێ‌ نەهەولێر پارتییەو نەدهۆك، نەسلێمانی زەرد دەبێ‌ و نەكەركوك، نەهەڵەبجە دەخەڵەفێ‌ و نەگەرمان سارد دەبێتەوە لەئینتیمانی نیشتمانی، نەشارەزور دەبەزێ‌ و نەڕاپەڕینش دەترازێ‌ لەشاڕێگە رەسەنە كوردستانییەكەی خۆی، لەبەر ئەوە حیكمەت لەم جكومەت و عەقڵیەتە گومڕاگەرە حكومڕانە چەندە، دەی ئەم جۆرە چەواشەكارییەش لەئەداو لێدوان و هەڵاتنە لەحەقیقەت و واقیعە هەر هێندە بڕ دەكات.

بستێك چییە بستێك لەم هەرێمی كوردستانە نادۆزیتەوە غەرقی كێشەو كێماسیە كۆمەڵایەتی و ئیداری و سیاسیەكە نەبووبێت، خەڵكی لەزاخۆوە تا خانەقین شاهێدی ئەم حەقیقەتە تاڵەن، كەواتا كرۆك لەكێشەكەدا ئەم شارو دەسەڵاتی خۆجێی لەو شاردا نییە، كێشە هەرە گەورەو بنەڕەتی و سەرەكییەكە حكومەت خۆیەتی، ئەم عەقڵییەتە كەڕو كوندەیە ناتوانێ‌ تێبگاو هیچ ببیستێت، ئەم سیستمە رەق و تەق و دەق پێگیراوە پەتی و پەتیارە هەرێمییەیە وەك با ئاوڕ لەهیچ بەهایەك ناداتەوە، جگە لەخۆی ناتوانێ‌ هیچ شتێك ببینێت، حكومەت كاتێك لەحكومەتی شارو شوێن و بانێدێكەوە دەبێت بەحكومەتی هەمووان و خەڵك، هاوسەنگ بێت لەبڕیار و راسپاردەو دەستەبەرى كەش و هەوای ئازادو ئاسایش و پێشكەشكردنی پڕۆژەو خزمەتگوزارییەكاندا، بەشارو شوێن و حزبیاوى كردنی كێشەكانی هەرێم و ئەم مشتومڕە چەوەشەكارو خراپەكارییە لەئەداو ئیدارەداندا، دۆخەكەو ژیانی خەڵك ناگەیەننەوە كەناری ئارامی و ئاوەدانی نیشتمانی، هەڵەن هەر زۆریش لەهەڵەدان ئەوانەی  ڕەتكردنەوەی تاكڕەوی و ڕەخناژۆكردنی ئەم حكومڕانێتییەی ئێستای هەرێم بەدژو دوژمنایەتی حزبی تێدەگەن و لەخواریخوارەوەی بیرێكەوە تاریك سەیری ئاسمانی شتەكان دەكەن.

ملنەدانی درێژخان و نەهاتنە ژێر بارەوەی دیالۆگ و نەدۆزینەوەی چارە بنەڕەتییەكان ڕێبەرێكی گۆمڕاگەرە لەبیركردنەوەو سەركردایەتیكردنى نەهێشتنی كێشەكاندا، هەزار هێندەی تر، تەنانەت تا قیامەت هەرچی ئامرازی چەواشەكار هەیە بەكارببرێت، بستێك چییە نەك هەر پاشەكشە بەكێشەو ئاریشەكان ناكات، هەزار ئەوەندەیتر قاڵ و قوڵتریان دەكاتەوە، ئەمڕۆ هیچ لەوە گرینگتر نییە تەواوی كێشەكان وەك كێشەی پەیوەست بەژیان و گوزەرانی خەڵك و نیشتمانسازى ببیندرێن، چونكە بنەماو ڕەگی كێشەكانيش هەر ئەوەن، داپۆشینی كێشەكان بەفرتوفێڵ و چەوەشەكارى سەرچیخ بردنی خەڵك كردارو كردەوەی گەمژانەو شاردنەوەی ژەهری كوشندەن لەژێر هەنگوینی شریندا، خەڵك خەڵەتاندن عاقیبەتەكەی دیارە، خۆ خەڵەتاندنە.


زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket