riklam

ئێوە بە چی ئەخلاقێكی میدیایی كاردەكەن؟

بیروڕا 09:34 AM - 2022-10-20
خالد سلێمان

خالد سلێمان

نووسینی.. خالد سلێمان
ناوەندەكانی میدیای كوردی پەلەیان كرد لە گواستنەوەی هەواڵەكانی ڕووداوی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەك پێشمەرگە لە گەرمیان، بەبێ دڵنیابوونەوە هەواڵی شەهیدبوونی ئاكام عومەریان بڵاوكردەوە، كە لەڕاستیدا كاك ئاكام بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانە. 

لەو هەواڵە بێ بنەمایە ناخۆشترو ناپیشەییتر ئەم هەواڵەی ڕووداوە كە لێرەدا وێنەیەك و لینكەكەی دادەنێم. پێش ئەوەی هیچ قسەیەك بكرێت بفەرموون ئەم پەرەگرافەی هەواڵەكە وەك خۆی و بەبێ هیچ دەسكارییەك بخوێننەوە:

(شایەتحاڵێك لە نەخۆشخانەكە دەڵێت، "ئەوەندەی من ئاگادار بم كاژێر 12 بۆ 12:30 بوو ئەو بەڕێز ئاكام عومەرەیان هێنا، بارودۆخی خراپ بوو، چونكە مل و شان دڵ سكی بریندار بوو خوێنێكی زۆری لێ رۆشتبوو، لە كاژێر یەك بۆ 5ـی ئێوارە لە ژووری نەشتەرگەری بوو، چوار پێنج نەشتەرگەری بۆ كراوە، باشە بەس باشبوونەكەی ئەوەیە تەنیا رووحی هەیە و تەواو.").

ئەوەی لەم هەواڵەدا جێگەی تانەلێدانە لە ڕووی ئەخلاقی پیشەیی و ڕەچاونەكردنی باری دەروونی كەس و كاری ئاكام عومەرەوە، ئەوەیە كە ڕۆژنامەنووسەكە دەنووسێت: "باشبوونەكەی ئەوەیە تەنیا رووحی هەیە و تەواو". 

لێرەدا دەكرێ زۆر لەسەر ئەم ڕستەیە بوەستین و ئاوا بەئاسانی تێپەڕ نەبێت. یەكەم شت ئەوەیە كە دەستەواژەیەكی تر بۆ حاڵەتەكە هەیە دەنووسرێت: (باری تەندروستی ناجێگیرە). تەنها دكتۆریش دەتوانێت ئەم قسەیە بكات، بەڵام ڕووداو لەسەر زاری شایەتحاڵێكی نەناسراوەوە ئەم قسەیە دەكات. بەڕاستی میدیاییەكی دوواكەوتووی سەرەتاییش لێدوانی وا بڵاو ناكاتەوە، بەتایبەتی زانیارییەكە لەسەر سەركردەیەكی پێشمەرگەیە و ڕوویەكی ئەمنیی هەیە. لە ڕوویەكەی تریشەوە كاك ئاكام عومەر وەك هاووڵاتییەك، دوور لە پلە سەربازییەكەی، شایانی ئەوەیە بەزمانێكی تر باسی باری تەندروستی بكرێت نەك وەك ئەوەی لە هەواڵەكەی ڕووداودا هاتووە.

ئەو كەسەی قسەكەی كردووە، ئەگەر كەسی نزیكی بریندارەكە بێت یان بەرپرسێكی سەربازی یان فەرمانبەرێكی نەخۆشخانە بێت، مافی ئەوەی نییە بەم شێوەیە جارێكی تر دڵی خێزانی بریندارەكە و خەڵك داخورپێنێت، چونكە جاری یەكەم دڵیان بەهەواڵی ڕووداوەكە داخورپاوە. ئەگەر لە دەرەنجامی دڵتەنگی و نەزانیش قسەكەی كردبێت، ئەوا نابێت كەناڵەكە وەك خۆی بیگوازێتەوەو لای خۆیەوە بۆ جاری دووەم دڵی خەڵك داخورپێنێت. ئەم ڕستەیە دەرچوونە لە هەموو پرانسیپێكی كاری میدیایی.

باشە كەناڵێك كە خۆی وەك دەزگایەكی پیشەیی بواری میدیا پێناسە دەكات، فەرهەنگێكی نیە بۆ بەكارهێنانی دەستەواژەكان لە بواری ئەمنی و تەندروستی و سەربازی و دەروونیی...هتد بۆ ڕۆژنامەنووسەكانی؟ ئایا بەرپرسانی كەناڵەكە ئەوە نازانن كە ڕستەیەكی لەو شێوەیە لە زمانی كوردیدا بارگرانییەكی زۆر بەسەر باری دەروونیی خوێنەرو بینەرو بیسەرەوە دروست دەكات؟ ئەرێ ئێوە بەچی ئەخلاقێكی كاری میدیایی كاردەكەن؟
PUKMEDIA 


زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket