riklam

خەتا لە پایتەختی فیدڕاڵەوە تا پایتەختی رۆشنبیری

بیروڕا 09:48 AM - 2021-05-26
.

.

خەتای یەكێتی نییە ئێوە كێشەكانی خۆتان بە نرخی كێشەی كورد و كوردستان بەخەڵكی دەفرۆشنەوە؟ ، پسولەی ئاو و كارەبا و داھات و باجی دائیرەی مرور چی بكات كە ئێوە گومرگی برایم خەلیلتان كردۆتە مەتەڵی ئاڵۆز باڵۆز و كەس لێی تێناگات؟ 

بۆچی دەبێ خەتای كەشناسی سلێمانی و ھۆرەی گەرمیان و لاوكی بادینان بێت كە ئێوە دیلی دەستی رێككەوتنی پەنجا ساڵەن و بەندی دۆسێی ئیمپریالی ئیقلییمی و تەونی جاڵجاڵۆكەی ھەڵبەز و دابەزی نرخی نەوتن؟

گوێزی ھەورامان و گێوژ و مێوژی بەرھەمی خۆماڵی چی بكات كە فلاش میمۆرییەكەی ئاشتی ھەورامی سەد ڤایرۆس لێی داوە و كۆدەكەی بە سەد  ئانەپانە ناكرێتەوە؟!

خەتای ھەولێری پایتەختی ھەرێمی كوردستان چییە كە ئێوە رۆژێ خەتای پایتەختی بەغدای فیدڕاڵ دەگرن و رۆژێ ئێژن پایتەختی رۆشنبیری پارەی كەمی چاپی كتێب و كۆنسێرتی ھونەرمەندان نانێرێ بۆ خەزێنەی مەركەزی؟ ترسمانە سبەی تاوانەكە بخەنە ملی ھەڵەبجەی پایتەختی شارەزوور یان باڵەكایەتی پایتەختی 

بەرخودان و خوێنبەخشین؟

خەتای دیموكراسی بێ وەی و بێ  گوناھ ، رێڕەوی پێچاوپێچ و گەمارۆدراوی كوردستان چییە كە ئێوە كۆنگرەی حزبتان پێ ناكرێ و گرفتە ناوخۆیەكانی خۆتان ھەناردەی دەرەوە دەكەن؟

ھەمووجارێ وا دەكەن ، كاغەزەكان نەك تێكەڵ بەڵكو  لەتوپەتی دەكەن ، نەك دۆسێكان بەڵكو تەنانەت ماشێنیPaper shredder ورد و خاش دەكەن و دوایی دەڵێن وەك كاغەزەكانی سەفارەتەكان پێكیانەوە گرێ بدەن!! پێكەوە تیپ و كەتەر و سیكۆتینی لێ بدەن و بەخەڵكی بەش مەینەتی وڵاتی داماو بڵێن مەتەڵەكە ھەڵبێنە!

ھەموو جارێ وا دەكەن،  چارەنووسی سیاسەت و ناكۆكی و تێڕوانینە جیاجیاكان بە ھەڵوەر و تەلەبەی تەمبەڵ دەسپێرن بۆ ئەوەی بڵێن دیموكراسیی و داد و ماف و ئاواتەكان كەڵكی نییە و گەلەكەمان لە چاكەی گشتی و ئەگەری چارەسەری بچووكترین كێشە بێ ئومێد بكەن.

سەیری بكەن چی ھەڵلایەكیان دروست كردووە ، وەك رۆژگاری گوڵان و یەڵان و گومرگی برایم خەلیل، وەك زەمانی شۆی بێ تامی گۆدەلۆپی و ئەنتۆلێنا كە تەقەی خۆشی دەكرا گوایە منداڵی چاوگەش دۆزرایەوە و ئیتر خاتر جەم بن گرفت نەما خەمتان بداتێ.

ئەمە بۆیان چۆتە سەر كە ھەموو جارێ دۆ و دۆشاو تێكەڵ بكەن وەختێك بابەتەكە دەگاتە سەر قووت و موچەی خەڵكی و چارەسەرێكیان پێ نییە وەك تەمسیلی «خۆتان بگرن ئەوا ھات» كە سەماد و ئارد لە پایتەختەوە دێت و لەبەر بەشی كۆمپانیاكانی نەوت و كەشتییەكانی كەنار دەریای پسفۆر بەشی نانی سوتاوی خەلكی گێمەدەێ و قالاوە ناكات. بۆیان چۆتەسەر یان بۆیان سەر دەخەن چونكە دیزاینەكەیان بە دڵە؟!

بوختانە گەر بڵێین بۆیان چۆتەسەر چونكە میللەتەكەمان بێ دەنگ و رەنگ و بێ قسەیە، بڵێین شانی ئەم خەڵكە بێ باكە ھەر ئەوەندە ھەڵدەگرێ كە لە دووری دوورەوە سێبەری ھەڵك بانك و  ئۆپەراسێونی ھەرێمایەتی دیارە و ھەمووجارێ ڤیاگرای پایتەختەكان بە ھانایانەوە دێت. رۆژێ بە ناوی خۆشناوی نەتەوە و سەربەخۆییەوە و شەوێكیش بەناوی تیوری ھەر كەس لە ماڵی خۆی و نیوەرۆیەكی ناكاویش بە ناوی چاكسازی بە ھێنانەوەی داھاتی دەخیلەی ریعایە قاسرین و دایرەی خەڵوەتگەی پیری مەیسەر دەبێت.

نووسینی.. ستران عەبدوڵلا 

PUKmedia تایبەت

 

 

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket