riklam

له‌ڕۆژی ئاڵای كوردستان دا

kurdistani 11:40 AM - 2014-12-17
شه‌هاب عوسمان

شه‌هاب عوسمان

له‌ڕۆژی ئاڵای كوردستان دا 17Dezember 2014

ئاڵای ئێستای كوردستان ئاڵای هه‌موو كوردستانه‌.. یان ئاڵای باشوری كوردستانه‌؟ ئایا كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ یه‌ك ئاڵامان بۆ هه‌موو كوردستان هه‌بێت؟

ئاڵا بۆ هه‌ر وڵات و میللـه‌تیك مانای سه‌روه‌ری و بوون و پێناسیه‌تی.. ئاڵا زۆره‌و هه‌موو دامه‌زراوه‌و ته‌نانه‌ت شارو كه‌شتیه‌كیش، كۆمپانیایه‌كیش ده‌كرێ ئاڵاو لۆگۆی خۆی هه‌بێت.. به‌ڵام (ئالا)ی وڵات جیا له‌ هه‌موو ئاڵاكانه‌و ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی یاساو سه‌روه‌ری و به‌پێی ره‌مزه‌كانی له‌ ره‌نگ و دیزایندا ماناكانی دیاری ده‌كرێ.. دیاره‌ كورد به‌ درێژایی مێژوو خه‌باتی بۆ ئازادی و سه‌رفرازی و هه‌ڵكردنی ئاڵاكه‌ی كردووه‌ به‌ڵام ئه‌و ئاڵایه‌ش وه‌ك ئاڵای عیراق و میللـه‌تانی تر به‌پێی قۆناغه‌كان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌ بۆیه‌ راست نییه‌ كاتێك ده‌وترێ ئه‌م ئاڵایه‌ی ئێستا ئاڵاكه‌ی سه‌رده‌می كۆماری كوردستانه‌، چونكه‌ ئه‌م ئاڵایه‌ نه‌بووه‌ مه‌به‌سه‌تم دیزاینه‌كه‌یه‌تی..!! ده‌ڵێن گوایه‌ ئه‌م ئاڵایه‌ واته‌ ئه‌مه‌ی ئێستا ساڵی 1946 كه‌ له‌ مهاباد هه‌ڵكراوه‌ قازی محه‌مه‌دی نه‌مر له‌ روخانی كۆماری مهابادا داوێتی به‌ خوالیخۆش بوو مه‌لا مسته‌فای بارزانی وه‌ك ده‌ستێكی ئه‌مین.. ئه‌مه‌ بۆیه‌ ده‌ڵێم كاتی خۆی له‌ یه‌كێك له‌ كه‌ناله‌كانی لای خۆماندا من خۆم بینیم براده‌رێك وتی ئه‌م ئاڵایه‌ واته‌ ئه‌مه‌ی ئێستا قازی ته‌سلیمی ئه‌و زاته‌ی كردووه‌ له‌كاتیكدا ئه‌و ئاڵایه‌ له‌وسه‌رده‌مه‌دا نه‌بووه‌و هه‌موو دیكۆمێنته‌كانیش ده‌زانن كه‌ ئالای كۆمار چۆن بووه‌ بۆ راستی و دروستی سه‌رنج بده‌نه‌ ئه‌و ئاڵایه‌ی كه‌ له‌ سه‌رده‌می كۆماردا هه‌ڵكراوه‌ ئه‌و راستییه‌ ده‌سه‌لمێ و له‌ وێنه‌كه‌دا دیزاینه‌كه‌ی ده‌یبینن.. واته‌ ئاڵای ئێستای كوردستان ئاڵاكه‌ی سه‌رده‌می كۆماری مهاباد نییه‌و له‌ مێژووی دوورتریشدا ئاڵای ده‌سه‌ڵاتی ماده‌كان، ئاڵای سه‌رده‌می مه‌مله‌كه‌تی خوارووی كوردستانی سه‌رده‌می شێخ مه‌حمود نه‌بووه‌، هه‌روه‌كو چۆن ئاڵای باكورو رۆژئاواش نه‌بووه‌ ئێستاشی پێوه‌بێ.. ئه‌مه‌ هیچ له‌ پیرۆزی ئاڵای كوردستان له‌ باشوری كوردستان كه‌مناكاته‌وه‌و ئه‌م ئاڵایه‌ی ئێستا كه‌ له‌ باشوری كوردستان هه‌ڵكراوه‌ به‌ یاسا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رێكخراوه‌و چۆته‌ ناو لیستی ئاڵاكانی دنیاشه‌وه‌و ره‌نگه‌كانیشی مانای خوێن و قوربانی و ژیانه‌وه‌و هه‌ڵهاتنی خۆری ئازادی و ئاشتی و برایه‌تی و پێكه‌وه‌ ژیانه‌.. له‌ پێناوی ئه‌م ئاڵایه‌دا هه‌زاران كه‌س شه‌هیدبوون و دواجار له‌ به‌رهه‌می ئه‌و خه‌باته‌دا ئاڵا له‌سه‌ر په‌رله‌مان و قوتابخانه‌و ناو دڵی كوردا هه‌ڵكراو ئه‌زموونی باشوری كوردستان له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و ئاڵایه‌دا بنیاتده‌نرێ و له‌ ئێسته‌شدا له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و ئاڵایه‌دا هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان نه‌ك هه‌ر به‌رگری له‌ كوردستان ده‌كات بگره‌ به‌رگری له‌ هه‌موو جیهان ده‌كات و سێبه‌ری ئاڵاكه‌ی خه‌ریكه‌ ده‌گاته‌ هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان و به‌و ئاڵایه‌شه‌وه‌ له‌ كۆبانی داستانی قاره‌مانێتی ده‌نوسنه‌وه‌و له‌بری هه‌موو جیهانیش شه‌ڕده‌كه‌ن.. بێگومان بوونی چه‌ندین ئاڵای كوردستان له‌ پارچه‌كانی تر ئه‌مه‌ش ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و داگیركاری و دابه‌شكردنه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ داگیركه‌ران كاریان له‌سه‌ر كردووه‌ دامانبڕن له‌یه‌كتری..!! راسته‌ ئاڵای كوردستان له‌ باشوور جێی شانازی هه‌موو تاكێكه‌و له‌ دڵ و ده‌روون و هزرو بیری مرۆڤی كوردا چه‌سپاوه‌ به‌ڵام ناشكرێ ئه‌م ئاڵایه‌ بسه‌پێنین به‌سه‌ر هه‌موو پارچه‌كانی تردا به‌بێ ئه‌وه‌ی پرسمان پێكردبێتن.. له‌كاتیكدا ئه‌وان هه‌ریه‌كه‌و ئاڵایان به‌جۆریك هه‌ڵكردووه‌ بۆیه‌ با له‌ رۆژی ئاڵای كوردستاندا هه‌وڵ بده‌ین ئاڵاكه‌مان بكه‌ینه‌ ئاڵای هه‌موو كوردستان.. یان ئاڵایه‌كی یه‌كگرتوو بۆ هه‌موو كوردستان دابنێین ڕاسته‌ كه‌س ناتوانێ بڕیاری جۆره‌ ئاڵایه‌ك به‌سه‌ر پارچه‌یه‌كی تر یان تاكی كوردا فه‌رزبكات چونكه‌ ئاڵای یه‌كگرتوو بڕیاری نه‌ته‌وه‌یی ده‌وێ و ده‌بێ هه‌موان له‌سه‌ری رێككه‌وین..! راسته‌ ئاڵا پرسێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌.. بۆیه‌ ده‌سه‌ڵات و یه‌كێك ده‌بێ له‌ ئه‌جنده‌ گرنگه‌كانی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كه‌ ئه‌گه‌ر جاران داگیركه‌ران دیواره‌كانیان به‌ كاره‌باو گاردو جه‌ندرمه‌ ته‌نیبوو به‌ڵام ئێستا ئه‌و سنورانه‌ كاڵبوونه‌وه‌و سه‌نگه‌ره‌كان بوون به‌یه‌ك بۆیه‌ هه‌لومه‌رجه‌كه‌ واده‌خوازێ كه‌ خه‌ونه‌كانمان بێنینه‌دی و هه‌مووان پێكه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌م ئاڵایه‌ یان ئاڵایه‌كی یه‌كگرتوو بده‌ین.. هه‌روه‌كو چۆن ئه‌ی ره‌قیب بۆته‌ مارشی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌موان له‌سه‌ری كۆكن بایه‌ك ئاڵای كوردستانیش هه‌بێت و له‌سه‌ر سه‌رمان بشه‌كێته‌وه‌و بیده‌ین له‌ یه‌خه‌ی پڕشانازیمان و له‌سه‌ری كۆك بین.

شه‌هاب عوسمان - ئه‌ڵمانیا

 

28391117122014_33 (1).jpg

34391117122014_33 (2).jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket