riklam

هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان رێكده‌كه‌ون

عیراق 08:59 PM - 2020-06-28
.

.

شرۆڤه‌كار و شاره‌زای سیاسی هشام هاشمی ئه‌مڕۆ 28-6-2020، دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ تێگه‌یشتن، ئه‌ندامێكی نوێنه‌رانی عیراقیش رایگه‌یاند: كه‌ گفتوگۆكانی نێوان وه‌فدی هه‌رێم و عیراقی فیدراڵ به‌باشی به‌ڕێوه‌ده‌چن.

جێی ئاماژه‌یه‌ وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌مداوییه‌ سه‌ردانی به‌غدایان كرد و زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ و دیدارییان به‌مه‌به‌ستی دانوستاندن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سراوه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ئه‌نجامدا،  له‌نێویاندا پرسی مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم و نه‌وت و ووزه‌ و چه‌ندین پرسی دیكه‌.

حه‌سه‌ن ئاڵی ئه‌ندامی نوێنه‌رانی عیراق له‌فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ PUKmedia راگه‌یاند وتووێژه‌كانی نێوان هه‌ردوو وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم و فیدڕاڵی  به‌باشی به‌ڕێوه‌ ده‌چن، هه‌ردوو لاش پابه‌ندن به‌وه‌ی گفتوگۆكان درێژه‌یان هه‌بێت و سه‌ركه‌وتوو بێت.

سه‌باره‌ت به‌ پرسی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، ئه‌ندامه‌كه‌ی نوێنه‌ران رایگه‌یاند، پرسی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان یه‌كێكه‌ له‌دۆسیه‌كانی دانوستاندنه‌كه‌، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و پرسه‌ سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان ده‌گرێته‌وه‌، له‌ ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌ تا فاو ده‌گرێته‌وه‌.  

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق سه‌باره‌ت به‌ گه‌نده‌ڵی له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كاندا رایگه‌یاند، ئاڵانگارییه‌كیی گه‌وره‌مان له‌پێشه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵێك چه‌ته‌ و رێگر ده‌سه‌ڵاتییان به‌سه‌ر ئه‌و ده‌روازانه‌دا گرتووه‌، له‌سه‌ر حسابی خه‌زێنه‌ی وڵات ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، ساڵانه‌ عیراق ملیاره‌ها دۆلار زیانی پێگه‌یشتووه‌، له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا شكۆ بۆ ئه‌م دۆسییه‌ ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌.

له‌لای خۆشیه‌وه‌، شرۆڤه‌كار و شاره‌زای سیاسیی هشام هاشمی به‌ PUKmedia  ی راگه‌یاند، دانوستانه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ تێگه‌یشتن، له‌میانی سه‌ردانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا، له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی ژماره‌یه‌ك پرس له‌نێویاندا پرسی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان رێككه‌وتوون.

هاشمی جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌رئه‌وه‌ رێككه‌وتن كه‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان به‌هاوبه‌شی به‌ڕێوه‌ببرێن، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ له‌ رۆژانی داهاتوودا سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و به‌نده‌ره‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان له‌ژێر ده‌ستی مافیا و چه‌ته‌كان ئازاد ده‌كرێن، سه‌ره‌ڕای ئاشكراكردنی ناوی گه‌نده‌ڵكاران و ئه‌وانه‌ی دزییان له‌ هێڵه‌كانی ئینته‌رنێتدا كردووه‌.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket