riklam

گومان بەسەر ئاگرەكەی قەیسەریدا زاڵ دەبێت

کوردستان 03:40 PM - 2024-05-06
ئاگرەکەی قەیسەری هەولێر PUKMEDIA

ئاگرەکەی قەیسەری هەولێر

هەولێر

بەگوێرەی زانیاری ئەو لیژنەیەی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان كە سەردانی قەیسەری هەولێری كردووە"ئاگرەكەی قەیسەری" بەهۆی كارەباوە نەبووە و لیژنەكە ئاشكرایدەكات "هیچ بەڵگە و ئاماژەیەك نییە" كە هۆكاری ئاگرەكە كارەبابێت كە بەهۆیەوە 370 دوكان و كۆگا سوتان، كاسبكارانی لەنگەی هەولێر كە "دووجار لە ئەمساڵدا سووتا" گومانیان هەیە و سووتانەكە بە ئەنقەست دادەنێن.

 

پارێزگای هەولێریش لە نوێترین راگەیەندراویدا دەڵێت: "لە كۆی 4 هەزار دوكانی قەیسەری 232 دوكان و كۆگا سووتاون و تیمەكان ئاگرەكەیان كۆنترۆڵكردووە".

 

هێشتا لیژنە پەیوەندیدارەكان كە بۆ لێكۆڵینەوە و خەمڵاندنی زیانەكان پێكهێنراون، هیچ زانیاریی و سەرەداوێكیان لەسەر هۆكاری ئاگرەكە و زیانە مادییەكان ئاشكرانەكردووە، بەڵام راگەیەندراوی رەسمی وەزارەتی كارەبا لەسەر رووداوەكە دەڵێت:" هیچ بەڵگە و ئاماژەیەك نییە كە بەهۆكاری شۆرتی كارەبا قەیسەرییەكە سووتا بێت".

 

شەوی 5ی5ی2024 جارێكی دیكە ئاگر لە قەیسەری هەولێر كەوتەوەو بەهۆیەوە كاسبكاران زیانێكی زۆریان بەركەوتووەو بەگوێرەی راگەیەندراوێكی پارێزگای هەولێر 132 ئەفسەر و كارمەندی بەرگریی شارستانی و پۆلیس و ئاسایش و كاسبكار و هاوڵاتی لەشوێنی رووداوەكە برینداربوون و لەو ژمارەیە 15 كەس رەوانەی نەخۆشخانەكراون بۆ چارەسەر".


 كارەبا هۆكاری ئاگرەكەی قەیسەری نییە

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەسەر فەرمانی وەزیری كارەبا لیژنەی لێكۆڵینەوەی ڕوداوە نەخوازراوەكانی وەزارەتی كارەبا، بەسەرپەرشتی حوسێن حەمەد قادر، ڕاوێژكاری وەزارەت سەردانی شوێنی سوتانی قەیسەری هەولێری كرد، دوای لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان هیچ "بەڵگەو ئاماژەی وا لەبەر دەستدا نەبو بەوەی كە هۆكاری سوتانەكە پەیوەندی بە كارەباوە هەبێت".


بەوتەی  قائیمقامی هەولێریش كە 6ی5 لە  كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئاگرەكەوە كردی: "هێشتا بەتەواوی لیژنەكە كارەكانی وەك رێكخستنەوە و هەژماركردنی زیانەكان تەواو نەكەن هاوڵاتیان رێگەیان پێنادرێت بچنە ژورەوە و داواش لە هاوڵاتیان دەكەین هاوكاربن و فشار لە هێزەكان نەكەن".

 

"شوێنی زەڕەنگەرەكان كە مەزەندە دەكرێت بە دەیان ملیۆن دۆلار زێڕ و پارەی لێبوە پارێزراو بوە و هیچ حاڵەتێكی دزی نەبوە كە شایانی باسكردن بێت و توانرا هاوكاری خەڵك بكرێت كەلوپەلەكانیان بگوازنەوە و تیمەكان یارمەتیان دەدان بۆ رزگاركردنی كەلوپەلەكانیان" قائیمقام وایوت .


بەگوێرەی بەدواداچوونە سەرەتاییەكەی وەزارەتی كارەبا بێت، كە "هۆكار و بەڵگە و ئاماژە" نییە كە ئاگرەكەی قەیسەری بەهۆی كارەباوە بوو بێت، ئەوا ئەو گومانە بەهێز دەبێت، كە دەستێك هەبێت بۆ "ئاگرەكانی" هەولێر كە زەرمەندان تەنیا كاسبكارانن.

 

پێشتریش دوو جار بازاڕی لەنگەی هەولێر سووتان و بەوتەی كاسبكاران :" سووتانەكان بە ئەنقەستە" و كۆگایەكیش سووتا دواتر دەركەوت كە بەئەنقەست سوتێنراوە.

 

گومان لەسەر سوتانی بازاڕەكە هەیە

بایز سدیقی تەمەن 45 ساڵ كە شاگردە لە دوكانێكی فرۆشتنی پێڵاوی ئەوروپی بەكارنەهاتووی بازاڕ‌ی لەنگەی هەولێر  "لەئاگرەكەی پێشوودا" بە PUKMEDIA  ی وت: "بۆ وەرزی نوێ چەند رۆژێكە كالە و پێڵاوی ماركەمان هێنابوو، هەمووی سووتان هیچمان بۆ دەرنەچوو، كە بەهای زیانەكەمان زیاتر لە 25 هەزار دۆلارە".

 

"زۆربەی دوكاندارەكان گومانیان هەیە و قسەی ئەوە دەكرێت كە بە ئەنقەست ئاگر لەبازاڕەكە بەربدرێت كە لە ئاگرەكەی پێشوودا زیاتر لە 800 دوكان زیانیان بەركەوت "، بایز سدیق وایوت.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە نزیكەی 650 دوكان سوتاون

لە سەرەتای ئەمساڵەوە چوار ئاگری گەورە لە بازاڕەكانی شێخەڵڵا و لەنگە و قەیسەری و ناوچەی پیشەسازی باكوور كەوتوونەتەوە، كە نزیكەی 650 دوكان سوتاون و زیاتر لە 1000 دوكانیش زیانیان بەركەوتووە.

 

لەمساڵدا دووجار ئاگر لە بازاڕی لەنگەری هەولێر كەوتووەتەوە كە بازاڕێكی گەورەیە، هەروەها ئاگر لە كۆگاكانی ناوچەی پیشەسازی باكوور كەوتووەتەوە، نوێترین ئاگریش لە بازاڕی قەیسەری هەولێر بووە.

 

رۆژی 17ی 2ی 2024 ئاگر لە دوكانێكی بازاڕی رووناكی كەوتەوە و تەواوی دوكانەكە سوتا، لە هەمان مانگدا لە رۆژی 23ی 2 دا، ئاگر لە چەند كۆگایەكی ناوچەی پیشەسازی باكوور كەوتەوە و زیانی زۆر بە خاوەن كۆگاكان گەیشت، هەروەها رۆژی 27ی 2 ئاگرێكی گەورە  لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر كەوتەوە كە بەهۆیەوە 166 دوكان سوتا، دواتریش لە رۆژی 9ی 3 دا كۆگایەكی نزیك ناوچەی پیشەسازی باكور سوتا، ئەمەش لەكاتێكدایە لە رۆژانی 13 و 27ی 3ی 2024 لە دوو رووداوی جیادا چەند دوكانێكی بازاڕی فەرمانبەران و چوار كۆگا نزیك لە قوشتەپە سوتان، دواتریش لە رۆژی 8ی 4ی 2024 دا جارێكی دیكە ئاگر لە بازاڕی لەنگە كەوتەوە و 48 دوكان سوتان، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆر دوكانیش زیانیان بەركەوت، هەر لە مانگی نیساندا و لە 23ی ئەو مانگەدا، ئاگر لە چەند دوكانێكی بازاڕی شێخەڵڵای هەولێر كەوتەوە، نوێترین ئاگریش، ئاگرەكەی شەوی رابردوی 5ی 5ی 2024 بوو لە بازاڕی قەیسەری هەولێر كە بەهۆیەوە نزیكەی 400 دوكان سوتان.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket