riklam

وڵاتانی عەرەبی سەركۆنەی هێرشەكانی توركیا و ئێران دەكەن

جیهان 08:26 PM - 2020-06-18
.

.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وڵاتی بەحرەین بەتوندی هێرشە سەربازییەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر خاكی عیراق شەرمەزار دەكەن و داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن هاوكاری عیراق بكەن.

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە وڵاتەكەی بەتوندی هێرشە سەربازییەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەكی خاكی عیراق شەرمەزار دەكەن، ئەوەش بە بەزاندنی سەروەری عیراق و دەستێوەردان لە كاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتە دادەنێت.

جەخیش دەكاتەوە كە وڵاتەكە بە هەموو شێوەیەك سەركۆنەی ئەو هێرش و پەلامارە دەكات كە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ یاسا و پرنسیپە نێودەوڵەتییەكاندا یەكناگرێتەوە و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە رووبەڕووی هەڕەشە دەكاتەوە.

داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات سەركۆنەی هێرش و پەلامارەكان بكات و هەروەها پشتیوانی لەو هەوڵانە بكەن كە عیراق لەپێناو پارێزگاریكردن لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەكەی داویەتی.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە حكومەتی سعودیە سەركۆنەی هێرش و پەلامارەكانی توركیا و ئێرانی بۆ سەر خاكی عیراق دەكات، ئاماژە بەو مەترسییانەش دەكات كە رووبەڕووی ئاسایشی ناوچەكە دەبێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لەڕاگەیەنراوێكدا كە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردۆتەوە، هێرشەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر خاكی عیراق شەرمەزار و سەركۆنە دەكات، ئاماژەی بەوەش كردووە كە هێرش و پەلامارەكان دەچێتە چوارچێوەی دەستێوەردان و دوژمنایەتیكردن و بەزاندنی خاكی عیراق، ئاسایشی عەرەب و هەرێمایەتی رووبەڕووی هەڕەشە دەكاتەوە، هەروەها پێشێلكارییەكی ئاشكرایە بۆ سەر بەڵگەنامە و پرنسیپە نێودەوڵەتییەكان.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە پێداگری دەكات كە وڵاتەكەی بەهەموو شێوەیەك لەگەڵ عیراقدایە و لایەنگری ئەو رێوشوێنانەشە كە ئەو وڵاتە لەپێناو پارێزگاریكردن لەسەروەری و سەقامگیریی و ئاسایشی وڵاتەكەیدا دەیگرێتەبەر.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە چەند رۆژێكە توركیا ئۆپراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە و ناڕەزایەتی زۆریشی لێكەتۆتەوە.

لەلایەكی ترەوە، دوێنی چوارشەممە ئاژانسی هەواڵەكانی ئیمارات بڵاویكردەوە، وڵاتی ئیمارات دەستێوەردانەكانی توركیا و ئێران سەركۆنە و شەرمەزار كردووە، بۆردومانەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر خاكی عیراق، بەپێشێلكردنی سەروەری عیراق و بەزاندنی پرنسیپی یاسا نێودەوڵەتییەكان دادەنێت.

وەزارەتی دەرەوە و هاوكاری نێودەوڵەتی ئیمارات لە راگەیەنراوێكدا جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و پتەوی وڵاتەكەی كردۆتەوە، كە هەموو جۆرە دەستێوەردانێك لەكاروباری نێوخۆی وڵاتە عەرەبییەكان رەتدەكاتەوە، پێداگری وڵاتەكەشی راگەیاندووە لەسەر رێزگرتن لە سەروەری عیراق و پابەندبوون بە پرنسیپی دراوسێیەتی و دووركەوتنەوە لەو كارو رەفتارانەی كە دەبنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی و ئاسایش و ئاشتی ناوچەكە.

PUKmedia ئاژانسەكان 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket