riklam

راگەیەنراوێك لە لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی سلێمانییەوە

کوردستان 05:02 PM - 2020-04-05
.

.

بەناوی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، سوپاسی خۆپارێزیی و پابەندیی و خۆڕاگریی و گیانی بەرپرسیارانەی هەموو هاونیشتمانیانی هۆشمەندو دانشمەندی پارێزگای سلێمانی و كوردستان و دامودەزگاكانی دەوڵەت و لایەنە سیاسییەكان و كەرتی تایبەتی نیشتمانیی و مێدیاكان و ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان دەكەین.

بەرنامەی پێویست و فریادڕەسی نوێمان وەك پارێزگای سلێمانی، پەرەپێدانی كەلتوری خۆپارێزیی و تاكپارێزییە، بەو مانایەی هەریەكێكمان ببینە پزیشكی خۆمان و لە هەر كات و دۆخ و شوێن و كارێكدا بین، هەركەسەمان لەسەر بنەمای (پاراستنی خۆم؛ پاراستنی هەموومانە، پاراستنی خۆت؛ پاراستنی هەموو جیهانە)، ڕەفتار بكەین.

بۆ ئەوەی ژیان ئاسایی بكەینەوەو ژینگەی كارو چالاكیی ڕۆژانە دەستپێبكاتەوە، وادەخوازێت، تاك بە هۆشیاریی و هەستیارییەوە، خۆی خۆی بپارێزێت، دەوروبەرو كۆمەڵگایش سەرزەنشت و لێپرسینەوە لەگەڵ هەركەسێكدا بكات، كە سەرپێچی و سەركەشی و بێباكی لە خۆپارێزیی خۆیدا دەكات و، رێگە نەدەین هیچ كەسێك بەبێ ڕێكارو رێنماییە تەندروستییەكان، بەبێ دەستكێش و دەمامك، گوزەر بكات، كار بكات.

دەبێت خۆمان لە دروستكردنی قەرەباڵغی و بەریەككەوتن و تێكەڵاوبوون، بپارێزین، بۆئەوەی خۆمان و مرۆڤایەتیش بپارێزین.

هەر لێرەوە، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین، لەم پەیام و پلانە تەندروستییە مرۆییە نیشتمانییەدا پشتیوانمان بن و هانی ئەندام و لایەنگرو هەوادارو هەڵسوڕاوەكانیان بدەن بۆ (خۆپارێزیی و تاكپارێزیی)و پابەندبوونی تەواو بە ڕێنماییە تەندروستییەكانەوە.

پابەندبوونی ئێوە، ڕێگای دووری دەربازبوون لەم پەتایە، كورت دەكاتەوەو مەترسییەكانی سەر ژیانی هاووڵاتیان، بۆ دەرفەتەكانی ژیانەوەو بوژانەوەو ئاساییبوونەوەی بارودۆخەكان دەگۆڕێت.

بەهەمان شێوە داوا لە هەموو دەزگاو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەكەین پشتیوانیی تەواوی ئەم پەیامی (خۆپارێزیی و تاكپارێزیی)یە بن، بۆئەوەی بە هەموومان ژیان لە مردن ڕزگار بكەین.

لە بەشداریی و پشتیوانیی هەمووتان دڵنیاین،

چاوەڕوانی هیممەتی مەردانەتانین.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر

پارێزگاری سلێمانی

سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا

٥ / ٤ / 2020

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket